کوردستان 09:25 - 23/03/2020

وێنە؛ نەخۆشخانەی (100) قەرەوێڵەیی تایبەت بە کۆرۆنا لە سلێمانی دەستبەکاربو

+ -

(سبەی):

نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ بە (100) قەرەوێڵەوە لە شاری سلێمانی تایبەتکرا بە کۆرۆنا.

نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر ئاسۆ تایبەت بە پسپۆڕیی چاو و مێشک و دەمار لە شاری سلێمانی، وەک نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە (100) قەڵەوێرەییە و کارەکانی تەواو بوە، لەمڕۆوە دەستبەکاردەبێت و سەرجەم نەخۆشەکانی بنکەی سەرچناری تایبەت بە هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبرێنە نەخۆشخانە نوێیەکە.

نەخۆشخانەی سەرچناریش کە بۆ یەکەمجار تایبەت بە هەڵگرانی کۆرۆنا کرایە، دەبێتە تاقیگەیەکی تایبەتی پشکنین بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لەئێستادا سێ نەخۆشخانەی تایبەت و تاقیگەیەکی پزیشکی پێشکەوتو لە سلێمانی تایبەت بە کۆرۆنا کراونەتەوە، ئەوانیش نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر ئاسۆ، نەخۆشخانەی (60) قەرەوێڵەیی ئاسا کە لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکرا، بنکەی عەلی ناجی تایبەت بە پشکینین ئەو کەسانەی گومانیان هەیە هەڵگری ڤایرۆسەکە بن، لەگەڵ تاقیگەی سەرچنار تایبەت بە پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

دوای وەرگرتنی چارەسەر و مانەوەیان لە ژێر چاودێریی پزیشکدا، تائێستا (13) هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی چاکبونەتەوە و نەخۆشخانەیان بە جێهێشتوە.

سلێمانی – بڕیار نامیق