راپۆرت 10:01 - 20/03/2020

نەورۆز؛ جەژنێکی نەتەوەیی

+ -

(سبەی):

نەورۆز جەژن و داب و نەریتێکی دێرینى کورد و فارس و چەند نەتەوەیەکی دیکەیە، بە شێوە و ئاهەنگ و رێوڕەسم و دەربڕینى خۆشى جۆراوجۆر پەیڕەو دەکرێت.

ھەندێک سەرچاوەى مێژویى پێیانوایە زاڵبونی کاوەى ئاسنگەر بەسەر زوحاک-دا سەرچاوەی نەورۆزە، بەڵام هەندێک سەرچاوەى دیکە ئاماژە بەوە دەکەن کە نەورۆز زۆر لە "ئەفسانەی زوحاک"یش کۆنترە، شارەزایانی نەورۆز، بڕوایان وایە جەمشید کە یەکێک لە پاشاکانی پێشدادییەکان بوە، نەورۆزی داھێناوە‌.

کەوناراییەکان پێیانوابوە لە مانگی نەورۆزدا "گیانە پاکەکان" سەردانی کەس و کارەکانیان لەسەر زەوی دەکەنەوە و ئاگر ھەڵدەکەن و "خوانی حەوت سین" دەچنن و بەدەوریدا دادەنیشن.

بۆیە چەند رۆژێک پێش لە ھاتنی نەورۆز، خەڵک دەست دەکەن بە تەکاندنی کەلوپەل و ناو ماڵیان و جلی نوێ لەبەر دەکەن و بە ئاگر ھەڵکردنەوە دەچنە پێشوازی نەورۆز، دیارە نەورۆز لە ناوچە جۆر بە جۆرەکاندا بە شێوەی جیاواز ئەنجام دەدرێت و داب و نەریتەکانی نەورۆز لای گەلانی ناوچەکەش جیاوازیی ھەیە.

جەژنی نەورۆز پێشینەیەکی دورودرێژی هەیە و کۆنترین جەژنی مرۆڤە لە سەر زەوی، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەو بوارەدا کراون، کۆنترین مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی، ئەو کاتەی کە لە ئەشکەوتەکاندا ژیاون، رۆژی یەکەمی بەهاریان کردوە بە جەژن.

دکتور مەولود ئیبراهیم حەسەن لە وتارێکدا بەڵگە دێنێتەوە لەسەر ئەوەی کە ئەو جەژنە هەمان جەژنی (تەمموز و عەشتار)ە، کە سۆمەرییەکان پێش ئەوەی لە ئەشکەوتەکانی کوردستان بێنە دەر و بەرەو خواروی وڵاتی عێراقی ئێستا داگەڕێن، ئەو جەژنەیان بەڕێوە بردوە.

ئاگر سیمبوڵی نەورۆزی کوردان

نەورۆز تێکەڵ بوە بە کۆمەڵێک ئەفسانەی سەیرو سەمەرە، لە ئێرانی کۆندا لە یەکەم رۆژی بەهاردا واتە رۆژی نەورۆز، پاشای وڵات دەرگای خستوەتە سەر پشت بۆ دیدار لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەیدا و رۆژەکانی تەرخان کردوە بۆ چاوپێکەوتنی هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، هەر لەو رۆژەشدا خەڵات و دیاری پێشکەش بە دەست و پێوەندەکانی کردوە و دیارییشی لێیان وەرگرتوە.

ھۆنەری فارس، فیردەوسی دانەری پەرتوکی شانامە، بنەچەی نەورۆز دەباتەوە سەر کۆنە ئەفسانەیەکی بێ بنەما، واتە ئەفسانەی کاوە و زوحاک، ئەوەی فیردەوسی باسی دەکات هیچ بنەمایەکی مێژویی نییە، دیارە زوحاک یان (ئاستیاگ) هەبوە و دوایین پاشای مادەکان بوە، بەڵام نەوەک ئەو جۆرەی کە فیردەوسی باسی دەکات، فیردەوسی وەکو کابرایەکی خوێنخۆری مار لەشانی زاڵم باسی دەکات کە دەبو هەمو رۆژێک مێشکی دو گەنجی دەرخوارد بدەن، هەر بۆیە کاوەی ئاسنگەر لێی یاخی دەبێت و شۆڕشێکی لە دژی بەرپا دەکات و تەخت و بەختی لێ وەردەگێڕێت، لە حاڵێکدا هەر لەو وتارە بەڵگەمەندەی د.مەولود ئیبراهیم حەسەندا هاتوە، کە ئاستیاگ دوایین پاشای مادەکان، نەک زاڵم و شێت نەبوە، بەڵکو پیاوێکی تا بڵێی روخۆش بوە. بەڵام مێژوی پەیوەندیدار بەو کەسە تەواو پێچەوانە و شێوێندراوە، سەرکەوتنی هەخامنشییەکان، بەسەر دەوڵەتی ماددا و کۆتاییهاتنی تەمەنی یەکەمین دەسەڵاتی کوردی و سەرکەوتنی تیرەیەکی فارس و دامەزراندنی دەوڵەت لەلایەن ئەوانەوە، بوەتە هۆی ئەوەی کە لە کۆنەستی فارسەکان بە گشتی و لە نەستی کەسێکی وەک فیردەوسیدا بە تایبەتی، ئەفسانەیەکی لەو جۆرە (وێنا بکرێت) و روخساری ئەو دوژمنەی پێ ناشیرین و بکرێت.

دەڵێن: رۆژێک منداڵێک لە باوکی دەپرسێت: باوکە روخساری شەیتان لەو وێنەیەدا بۆچی ئەوەندە ناشیرین و دزێوە؟ باوکەکەی دەڵێ: چونکە ئەو وێنە بە دەستی دۆستەکانی شەیتان نەکێشراوە. مێژوی کوردیش هەتا ئێستا خۆی نەینوسیوەتەوە، بۆیە جگە لە لایەنی کەم و کوڕی شتێکی ئەوتۆمان لە مێژوی کۆن لەبەردەست دا نییە کە مۆرکی خۆمانی پێوە بێت، تەنانەت ئەو بۆنە پیرۆز و جێگە شانازییانەش کە هەمانبون، بە جۆرێک مۆرکە کوردییەکەیان لێ سڕیونەتەوە و بە ناو نەتەوە و گەلانی باڵادەستەوە کراون، بۆ ئەوەی ئێمە شتێکمان نەبێت کە وەک پاڵپشت و بەڵگەی مێژویی پاڵی پێوە بدەین، ئێستا کە بە پێی بەڵگە مێژوییەکانیش دەرکەوتوە کە نەورۆز جەژنێکی تەواو کوردییە و لە کوردستانەوە بە وڵاتان و ناوچەکانی دیکەی دەوروبەرماندا بڵاوبوەتەوە، هێشتا وەک پێویست دەڵێی لە رومان هەڵنایەت راشکاوانە بڵێین ئەو جەژنە جەژنێکی رەسەن کوردییە، ئێستاش لە کۆنەستی (ھزری) ئێمەدا ئەو رۆژە رۆژی سەرکەوتنی (کاوەی ئاسنگەر)ە بە سەر زوحاکی مار لەشاندا، لە حاڵێکدا ئەوە هیچ بنەمایەکی مێژویی نییە ئەفسانەیەکی سازکراوە. ئەگەر واشی دانێین کاوەیەک بوبێت و تەخت و بەختی زوحاکی "ماد"ی وەرگێڕابێت، ئەوا کورد چۆن شانازی دەکات بە کەسێکەوە کە کۆتایی بە یەکەمین دەسەڵاتی کورد هێناوە و دواتریش گەڕاوە بە قسەی فیردەوسی بە شاخ و کێواندا و لەوێ "فەرەیدون"ی دۆزیوەتەوە و کردویەتی بە پاشا، فەرەیدونیش کورد نەبوە.

نوێ رۆژ یان نەورۆز لە کوردەوارییدا

لە کەس شاراوە نییە کە کورد هەر لە بنەچەکدا (بنێڕا)، گەلێکی ئاژەڵدار بوە و بە دەم ئاژەڵداریشەوە کشتوکاڵیشی کردوە. کەوابو گەڕیانی وەرزەکانی و گۆڕانە وەرزییەکان، لە ژیانی ئەو گەلەدا گرینگی تایبەت بە خۆی هەبوە. بە تایبەتی کوردستان نیشتمانێکی کوێستانییە و وەرزی زستان لە کۆندا تەمەنێکی درێژتر لە ئێستای هەبوە و ئێستاش پیاوە بەتەمەنەکانی کورد باشیان لەبیرە کە جاران بەفرێکی قورس دەباری و جار هەبوە هەتا دو مانگ لە بەهاریش تێپەڕیوە و بەفر هەر نەتواوەتەوە و زەوی و رێ و بانی بەر نەداوە. لەو حاڵەتەدا کوردی ئاژەڵدار دەکەوێتە تەنگژەی بێ تفاقی و بێ ئازوقەیەیی، بە پێی هەمو ئەو ھۆکارانە، کە هەم سروشتی و هەمیش ھەرێمییە کورد تەواوبونی وەرزی توش و سەرمای (سەرما و سۆڵەی) زستانی کردبێتە جەژن.

مامۆستا هێمن موکریانی جەژنی نەورۆز دەباتەوە سەردەمی ئاژەڵداریی کورد و بە تایبەتی پێیوایە ئەو رۆژە رۆژی مەڕ زایینە. لەو سۆنگەیەوە کە مەڕداری کورد بەشێکی زۆری رانە مەڕەکەی لەو رۆژەدا دەزێ بۆیە رۆژەکەی کردوەتە جەژن.

لە مێژوی جەژنە ئێرانییەکاندا جەژنێکیش هەیە بە ناوی جەژنی مێهرەگان. ئەو جەژنە یەکەم رۆژی پاییز بوە. مەڕدار لەو رۆژەدا بەرانیان لە مێگەل بەرداوە. واتە ئەو رۆژە رۆژی بەرانگرتنی مەڕ بوە. بۆیە ئەو رۆژەش کراوە بە جەژن و بە مێهرەگان ناوی دەرکردوە و مامۆستا هێمن لەسەر ئەو باوەڕەیە کە هەر ئەو ناوی جەژنی مێهرەگانە دواتر بوەتە مێهرەجان و بە تایبەتی عەرەبەکان بە زۆربەی جەژن و کۆڕەکانی خۆیان دەڵێن مێهرەجان.

بە گشتی مەودای نێوان جەژنی مێهرەجان و جەژنی نەورۆز پێنج مانگە. "مەڕ بە پێنج مانگ دەزێ. پێشینیان دەڵێن بەرخ پاش سەد رۆژ روحی وەبەر دێ و مەترسیی بەرئاویتن کەم دەبێتەوە. جەژنی سەدە کە ئێستاش لە زۆر شوێنی کوردستان دەیکەن و پێی دەڵێن "بێڵن دانا"، پێوەندیی لەگەڵ ئەم باسە هەیە. دو مانگ پایز و سێ مانگ زستان دەکاتە پێنج مانگ و لە شەوی یەکەمی بەهاردا زەوی مەڕ دێ و جەژنی هەرە گەورەی مەڕدارە.

ئاگر وەک هێمایەکی کۆنی کورد

سەرەڕای ئەوەی کە لە هەندێ لە ئەفسانە کۆنەکاندا باس لەوە دەکرێ کە ئەو رۆژەی مرۆڤ بۆ یەکەم جار ئاگری تێدا دۆزیوەتەوە، دەکەوێتە کۆتا شەوی زستان و یەکەم رۆژی نەورۆز و هەمو ساڵێک ئەو رۆژەی وەک رۆژێکی ئەگەر نەشڵێین پیرۆز لانیکەم سەیر و سەمەرە سەیر کردوە، بەڵام بە گشتی ئاگر لە باوەڕی کۆنی کوردەواریی خۆماندا هێمایەکی لە مێژینەیە. کەس نکۆڵی لەوە ناکات کە بەر لە هاتنی ئایینی ئیسلام کوردەکان زەردەشتی بون. ئەوان ئاگرپەرست نەبون. بەڵکو ئاگر بەلایانەوە وەک هێمایەکی پیرۆز پارێزراوە.

هەر لە کۆنەوە مرۆڤ کە بیری لە پێکهاتەی جیهان کردوەتەوە، پێی وا بوە کە ئەم جیهانە لە چوار توخم پێک هاتوە:-
1. خاک
2. ئاو
3. با
4. ئاگر

سێ دانە لەو چوار توخمە واتە، "خاک و با و ئاو" پیس و ئاڵودە دەبن. هەر سێکیان هێزی کێشکردنی زەوی رایاندەکێشێت. لەو نێوەندەدا ئەوەی نەک پیس و ئاڵودە نابێت، بەڵکو شتە پیسەکانیشی پێ پاکژ دەکەنەوە، ئاگرە. ئاگر لەگەڵ ئەوەدا کە توخمێکی پاکژ کەرەوەیە، هێزی زەویش نەک پەلکێشی ناکات بەرەو خۆی، بەڵکو بەردەوام لە هەڵکشاندایە بەرەو ئاسمان. هەر لە کۆنیشەوە هەتا ئێستاش کە مرۆڤ پێیوایە خوا لەسەر عەرشی عەزیمە و لە حەوت تەبەقەی ئاسمانەکانە و ئەوەش لە (روداوی میعراجیشدا) باسی دەکرێت، کە بۆ وێنە پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بە سواری باڵی (بوڕاق) بەرەو میعراج دەڕوات، ئەو باوەڕە بە بونی خوا لە ئاسمان، شتێکی زۆر زۆر کۆنە. هەر بۆیەش هەڵکشانی بەردەوامی ئاگر وەک هێزێکی پاکژکەرەوە بەرەو ئاسمان نیشانەی هەڵچونی رۆحی پاک و بێ خەوش و بێ تاوانە بەرەو سەرچاوەی خۆی واتە خوا.

لە لایەکی دیکەشەوە، یەکێک لە بنەما باوەڕییەکانی ئایینی زەردەشت بونی دو هێزی دژ بە یەکە، واتە ئەهریمەن و ئەهورامەزدا. تاریکی هێمای ئەهریمەنە و روناکی هێمای ئەهۆرامەزدایە.

دەبینین، لە نێو چوار توخمە پێکهێنەرەکەی جیهاندا، سێیان تاریکن. تەنیا ئەوەی روناکە، ئاگرە. ئاگریش بەردەوام لەگەڵ تاریکیدا لە شەڕێکی نەبڕاوەدایە. هەروەک ئێستاش دەڵێن: ئەنگوستەچاوترین شەویش "ئەنگوستەچاو واتە: ئەو شەوەی کە روناکی زۆر کەمە یاخود ھەر نییە رادەی بینینیش بە قەد ئەنگوستێکە (پەنجەیەکە)" ناتوانێ تەنانەت تیشکی مۆمێک بشارێتەوە. ئاگر هێمای شەڕی دەسەڵاتی حەق و ڕاستییە بەسەر تاریکی و دزێویدا. لە شیعری ئەو شاعیرانەشدا کە باری نەتەوەیی و بەرەنگارییان هەیە، ئەوە رەنگی داوەتەوە و هەمیشە دەسەڵات بە شەوەزەنگ وەسف کراوە و لایەنی ئازادیخوازیش بە ڕوناکی و مزگێنیدەری ڕوناکی.

بە گشتی بەپێی هەمو هێماکان نەورۆز کۆنترین جەژنی کوردە و لە کوردستانیشەوە بە ناوچەکانی دیکەی ئاسیادا بەتایبەتی بە ناوچەکانی ئێراندا بڵاوبوەتەوە و ئێستا زۆر گەل و نەتەوە هەن، خۆیان بە خاوەنی ئەو جەژنە دەزانن. لەو نێوەدا ئەوەی زیاتر لە هەمویان بە هێما و باوەڕی کۆنەوە لە جەژنی نەورۆزدا بونی هەیە و مۆرکە مێژویی و کۆنەکانی کە بە روخساری ئەو جەژنەوە دیارن، کوردە.

نەورۆز لە شیعری شاعیرانی کورد

نالی:
تەشریفی نەوبەھارە کە عالەم دەکا نوێ
دڵ چونکە میسلی خونچەیە بۆیە دەپشکوێ

مەولەوی:
نیشانەی نەورۆز وادەی وەھارەن
یا نەشئەی ئامای نامەی نیگارەن

وەفایی:
نەسیمی بایی نەورۆزی شەمیمی عەبھەری ھینا
موریدی عاشقان دیسان پەیامی دولبەری ھێنا
نەوید ئەی عاشقانی دڵفگار یار ھاتە سەر خەندە
سەڵا ئەی بولبولان دیسان درەختی گوڵ بەری ھێنا

حاجی قادری کۆیی:
رۆژتە ئەی بایی نەورۆزی لەبن بەفری گران
کانی پێی سڕ بو چناریش دەستی چو پەنجەی تەزی
سونبولی زوڵف و گوڵی روخسار و سەروی قامەتی
مانگی نیسان و گوڵان نەیدی لە نێو باخی وزەوی

حەمدیی ساحێبقران:
نەورۆزە، جەژنە بۆیە چراغانی عالەمە
یا ئاگرە لە عومری شێتا کوژایەوە
عەرعەر لە لەنجەدایە، لە ڕەقسایە سەروەکان
بەرگی چەمەن لە ڕەنگی زومڕەد کرایەوە

حەریق:
ئەڵێن وا جەژنی نەورۆزە دڵم پڕ ئاتەش و سۆزە
وەرە ‌بۆ جەژنە پیرۆزە بدەم رۆحم لەبەر ماوم
وەرە سەر چاوەیی چاوم، دەڵێی دەریای عەممانە
تەماشای ئەشکی گوڵنارم لە سایەی چاوی خوێناوم

پیرەمێرد:
ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە ھاتەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بە ھاتەوە

قانع:
هەوای شنەی بای نەسیم دیاره
مەعلومه وادەی گوڵ و گوڵزاره

مامۆستا حەقیقی:
مزگێنی بێ ھات ساڵی نوێ
خۆشی دوای خۆشی جوێ بە جوێ
بڵێن بەخت چیدی نەنوێ
ئەستێرەی مەش سەری ناسوێ
وە بیرت دێ چمان دی دوێ
زو راپەڕن مەبن شلوێ
ئەوا ھات پەیکی ئازادی
بە روخۆشی و کەیف و شادی
کۆشێ گوڵی گەشی پێیە
مەعلوم بەشی مەشی پێیە

گۆران:
ئەی نەتەوەی کاوەی زنجیر قەف قەف بڕ
رۆژی نەورۆز دای بە ‌ھەوری زستان دڕ

دڵدار:
گوڵی سور ئەی ‌کچی نەورۆز ئەرێ کام دەس لەباغی ژین
لەبۆ یەک دەفعە بۆن کردن بەناکامی ئەتۆی ھێنا

ھەژار:
مزگێنی دا بە ‌سروە بای بەھاری
وا ھاتەوە نەورۆزی کوردەواری

عبدوڵڵا پەشێو:
ئەمساڵ بێ چیا نەورۆز ناکەم . بێ بۆنی گیا نەورۆز ناکەم .
نەورۆز ناکەم بێ بڵێسەی سوری ئاگر . نەورۆز ناکەم گەر ڕەشبەڵەک تۆز نەکات وبەخۆم نەبمە سەرچۆپیگر .