راپۆرت 10:17 - 29/02/2020

تورکیا چى لە ئەوروپا دەوێت؟

+ -
شیکاریی: سبەى

دواجار تورکیا هەڕەشەى کردنەوەى سنورەکانى بۆ پەڕینەوەى پەنابەران بەرەو ئەوروپا خستە بوارى جێبەجێکردنەوە.

 دوێنێ هەینى بە هەزاران پەنابەر کە زۆرینەیان سوریین، لە وشکانى و دەریاوە بە ئاسانى و بێ هیچ رێگرییەک لە تورکیاوە گەیشتنە سنورەکانى یۆنان و بولگاریا.

حکومەتى تورکیا رێنمایی بۆ پاسەوانانى سنور و پۆلیس و هێزەکانى ناوخۆ دەرکردوە رێگە لە هیچ کەس نەگرن لە سنورە ئاوى وشکانییەکانەوە تورکیا بەرەو یۆنان و بولگاریا جێبهێڵن، ئەو دو وڵاتەش رایانگەیاند: رێگە بە هاتنە ناوەوەى هیچ پەنابەرێک نادەن".

هەنگاوەکەى تورکیا لە سەرانسەرى کیشوەرى ئەوروپا ترس و نیگەرانیى سەبارەت بە هەڵوەشانەوەى رێکەوتنى تایبەت بە پەنابەران دروستکردوە، یەکێتى ئەوروپا رەخنەى ئاراستەى تورکیا کرد کە رێککەوتنەکەى پێشێلکردوە، داواى کرد ئەنقەرە پابەند بێت بە رێککەوتنەکەوە، بەڵام ئایا تورکیا بەم هەنگاوە دەیەوێت چى لە ئەوروپا دەست بکەوێت؟ پشتیوانى دارایی، یان پشتیوانى سیاسی؟.

لێدانێکى جەرگبڕ لە تورکیا
کردنەوەى دەرگاکانى سنور بۆ تێپەڕینى پەنابەران بەرەو ئەورپا دواى ئەوە هات کە تورکیا لێدانێکى گەورە و زەبرێکی کوشندەی لە سوریا بەرکەوت.

لەیەک هێرشی فڕۆکەکانی سوریا (33) سەربازى تورکیا کوژران، ئەمە تورکیاى بەشێوەیەک بریندار کرد کە چاوەڕێى لێکرا دەست بۆ هەمو کارتەکانى هەڕەشە و کاردانەوە ببات، تورکیا لەنێو ئەو کارتانەدا کارتى پەنابەرانى بەڕوى ئەوروپادا راکێشا، لە کاتێکدا لێدانەکە لەلایەن روسیاو سوریاوە بەر ئەنقەرە کەوتوە، نەک ئەوروپا.

تورکیا پێیوایە هاوپەیمانى ناتۆ کە تورکیا بەشێکى سەرەکى ئەو هاوپەیمانێتیەیە لە کێشەکانى سوریادا بەتەنها جێیانهێشتوە و پشتیوانیى ناکەن.

یەکەمجار تورکیا هەڕەشەى کارتى پەنابەرانى بۆ داواکردنى پارە بەرزکردەوە، بەڵام ئەمجارە لە کێشەیەکى سیاسییدا کارتەکەى ڕاکێشا، کەواتە تورکیا کارتى پەنابەران بۆ خواستى دارایی و سیاسییش بەکاردەهێنێت.

تورکیا پێیوایە هەمو قورسایی پەنابەرانى سوریی لەسەر شانى ئەوە، لەگەڵ دروستبونى هەر ئاڵۆزیەک لە سوریا بە سەدان هەزار پەنابەر  رو لە تورکیا دەکەن، بەپێى لێدوانى فەرمى بەرپرسانى تورکیا تائێستا نزیکەی چوار ملیۆن پەنابەرى سوریی لە تورکیان.

دوای كردنه‌وه‌ی سنوره‌كان، ره‌جه‌ب ته‌یب ئەرردۆغان رەخنەى لە ئەوروپا گرت و رایگه‌یاند: پێویستە وڵاتانى ئەوروپا بەڵینەکانیان لە بوارى یارمەتیدانى ئاوارەکان جێبەجی بکەن، تا ئەوروپا ئەرکى سەرشانى جێبەجێ نەکات سنور داناخەین.

تورکیا چى دەوێت؟
چەند پسپۆڕێکى کاروبارى تورکیا دەربارەى کارتى پەنابەرانى تورکیا دژ بە ئەوروپا و چارەنوسى رێککەوتنى پەنابەران، قسەیان بۆ سایتى دوێچە ڤێللەی ئەڵمانى کردوە.

فادى حوڕە، پسپۆڕ لە کاروبارى تورکیا بۆ (DW) دەڵێت: تورکیا دەیەوێت لە رێگەى کارتى پەنابەرانەوە ئەوروپا ناچار بکات بێتە ناو کێشەى سوریاوە، بەمەش لەلایەک دەیەوێت پشتیوانیەکى سیاسی دەستبکەوێت بۆ چالاکییە سەربازیەکانى لە باکورى سوریا و ئیدلیب، هەروەها  دەیەوێت پشتیوانى داراییشى دەست بکەوێت.

کریستیان براکڵ، بەڕێوەبەرى دەزگاى هاینرش پولى ئەڵمانى هەمان راى هەیە کە ئەنقەرە دەیەوێت بە کارتى پەنابەران ئەوروپا ناچار بکات تەسلیمی بن و دەڵێت :"تورکیا دەیەوێت فشار لە ئەوروپا بکات، بەڵام ئەوروپا خۆى ئەم هەلەى داوەتە دەست تورکیا، چونکە ئەگەر زوتر وڵاتانى ئەوروپا لەسەر سیاسەتێکى هاوبەشى پەنابەریی رێکبکەوتنایە، تورکیا نەیدەتوانى بەم شێوەیە هەڕەشە بکات".

ئەو پسپۆڕە پێیوایە مەرج نیە هەڕەشەى پەنابەران بەو شێوەیەش قورس بکەوێتەوە وەک ئەوەى ئەردۆغان خەونى پێوە دەبینێت و لەوبارەیەوە وتی :"چاوەڕێ دەکات کۆچى بە کۆمەڵ دروست ببێت، بەڵام مەرج نیە ئەمە روبدات ئێمە دوێنێ تەنها ژمارەیەکى دیاریکراومان بینى تورکیایان بەرەو ئەوروپا جێدەهێشت".

ئەوەى دوێنێ بینرا تەنها سەرەتایەک بو، رۆژانى داهاتو دیمەنەکان دەگۆڕین ئەگەر ئەوروپا بەدەم تورکیاوە نەچێت.

سەمیر ساڵح، مامۆستاى پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆى کوجلى لە ئیستانبوڵ واى دەبینێت "هەڕەشەکانى تورکیا بۆ سەغڵەتکردنی ئەوروپا نییە، بەڵکو ئەنقەرە دەیەوێت ئەوروپا لە کێشەى سوریادا هاوکارى تورکیا بکات و فشار لە مۆسکۆ بکەن سیاسەتەکانى سەبارەت بە ئیدلەب بگۆڕێت، ئەمەش وادەکات رۆشتن بەرەو ئەورپا بوەستێت".

ناوبراو دەڵێت :"ئامانجێکى ترى تورکیا لەم هەڕەشانە بەدەستهێنانى پشتیوانیى ئەوروپایە بۆ بیرۆکەى دروستکردنى ناوچەى ئارام لە باکورى سوریا".

کریستیان براکل پێیوایە :"هەوڵەکانى تورکیا بۆ ئەوەی وڵاتانى ئەوروپا فشار لە مۆسکۆ بکەن سەبارەت بە ئیدلەب لۆژیکییە، بەڵام ئەگەر تورکیا بیەوێت ناتۆ راستەوخۆ بێتە مەیدانى جەنگەوە لەسوریا، ئەمە ئەستەمە".

رێککەوتنى پەنابەران چى بەسەر دێت؟
هەرچەندە تورکیا هەڕەشەکەى خستە بوارى جێبەجێکردنەوە و کارتى پەنابەرانى راکێشا، بەڵام هێشتا ئەنقەرە بەفەرمى هەڵوەشانەوەى رێکەوتنى پەنابەرانى رانەگەیاندوە، کەواتە هێشتا درەفەت لەنێوان تورکیا و وڵاتانى ئەوروپا ماوە بۆ دوبارە پابەندبون بە رێککەوتنەکەوە و داخستنەوەى دەرگاى سنورەکان، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندى هەردولایە.
چاودێران پێیانوایە لەئێستادا بەشێوەى پراکتیکى، رێککەوتنى پەنابەریى لەنێوان تورکیا و ئەوروپادا هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام ئەوروپا هەتا بۆى بکرێت هەوڵ دەدات رێککەوتنەکە کارا بکاتەوە، لەڕێگەى ناردنى پارەى زیاتر بۆ ئەنقەرە، چونکە مانەوەى رێککەوتنەکە لە قازانجى ئەوروپا و تورکیاشە.

حکومەتەکانى ئەوروپا لەهاتنى ژمارەى زیاترى پەنابەر دەترسن، چونکە ئەوە دەبێتە هۆى بوژانەوەى توندڕەوە راستڕەوەکانى ئەوروپا، کە سیاسەتەکانیان لەسەر دژایەتى پەنابەران دامەزراندوە و رۆژ بە رۆژ جەماوەرێتیان بەرز دەبێتەوە.

رۆشتنى ئەم شەپۆلەى پەنابەران بەرەو ئەوروپا هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلی ڤایرۆسى کۆرۆنا کە سات بەسات لە بەرزبونەوەدایە و وڵاتێکى وەک ئیتاڵیا کە رێڕەوى پەنابەرانە گیرۆدەبوە و حاڵەتەکانیش لە ئەڵمانیا گەیشتۆتە نزیکەى (60) حاڵەت.

دیمەنەکانى رۆشتنى پەنابەران بەرەو ئەوروپا تائێستا ئاسایین، بەڵام یۆنان و بولگاریا هەڕەشەیان کردوە سنورەکانیان بۆ کەس ناکەنەوە، چاودێرانى ئەوروپیش باس لەوەدەکەن وڵاتە ئەوروپییەکان پێویستە بەپەلە سیاسەتێکى یەکگرتو لەبەرامبەر پەنابەران بگرنەبەر، ئەمەش وادەکات دۆخى پەنابەران لە نێوان سنورەکانى تورکیا و ئەوروپا سات بەسات ئاڵۆزتر بێت.

ئەگەر بەزویی تورکیا و ئەوروپا نەگەنە رێککەوتنێک ئەوا لەو نێوانەدا جگە لە پەنابەران کەسى تر نابێتە قوربانیی، جیهان لە رۆژانى داهاتودا دیمەنى زیاتر لە سنورەکانەوە دەبینێت.