کوردستان 09:42 - 28/01/2020

هەڵەبجە؛ (53) بەرکەوتوی چەکی کیمیایی رەوانەی ئێران دەکرێن

+ -

 (سبەى):
بڕیارە رۆژی هەینی داهاتو (53) بەرکەوتوی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە رەوانەی ئێران بکرێن بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە رایگەیاند: رۆژی ھەینی داھاتو (53) بەرکەوتوی چەکی کیمیایی بە مەبەستی چارەسەرکردن لە ھەرێمی کوردستانەوە رەوانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرێن و حکومەتی ھەرێم سەرجەم تێچوی چارەسەرکردنیان لە ئەستۆ دەگرێت.

لەو لێدوانە رۆژنامەوانییەیدا رایگەیاند: بڕیار بو پێشتر ئەو بەرکەوتوانە بۆ چارەسەرکردن رەوانەی دەرەوە بکرێن، بەڵام بە ھۆی ھەندێک رۆتینی کارگێڕییەوە دواکەوتوە و رۆژی ھەینی بریندارەکان رەوانەی ئێران دەکرێن.

لوقمان عەبدولقادر ئاماژەی بەوەکرد؛ ژمارەیەکی دیکەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی ماون، پێویستیان بە چارەسەرە لە دەرەوەی کوردستان و پێشتریش ژمارەیەکی دیکەی بەرکەوتوان لەسەر ئەرکی حکوومەتی ھەرێم بۆ چارەسەرکردن رەوانەی دەرەوە کراون.

ئەوە لەکاتێکدایە دوای چەندینی ساڵ چاوەڕوانی رۆژی (25/2/2019) وەزیری پێشوی تەندروستی هەرێ، بەیانی وزاریی ژمارە سێی دەرکرد بۆ کردنەوەی (نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە) سەر بە بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە، بەڵام تائێستا برینداران و بەرکەوتوان سودێکی ئەوەتۆیان لێ نەبینوە.

بەپێی بەدواداچونەکانی (سبەی) لە ساڵی (2003)ـەوە تائێستا زیاتر لە (112) بەركەوتەی چەكی كیمیایی گیانیان لەدەستداوە و دەیان بەرکەوتەی دیکە كێشەی هەناسەدانیان هەیە‌ و تا دێت بەهۆی چارەسەرنەکردنى پێویستەوە تەندروستی برینداران خراپتر دەبێت.

تا ئێستا زیاتر لە (900) برینداری چەكی كیمیایی لە كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە ناویان تۆمار كراوە ‌و (400) كەس لەو بەركەوتوانەش پێویستیان بە چارەسەری بەردەوام هەیە.