(سبەى):
سەرۆکایەتى پەرلەمان و
سەرۆکى فراکسیۆنەکان بەمەبەستى دۆزینەوەى میکانیزمێک بۆ بڕگەى خانەنشینى پلە باڵاکان کۆبونەوە و بە پێى زانیارییەکان ئەو بڕگەیە هاوشێوەى بەغداى لێدێت.
دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ
دوشەممە، سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان و سەرۆکى فراکسیۆنەکان، بۆ دۆزینەوەى
میکانیزمێکى تایبەت بە بڕگەى خانەنشینى پلە باڵاکان کۆبونەوە، ئەمەش دواى ئەوەى لە
نێوان فراکسیۆنە جیاوازەکاندا بۆچونى جیاواز لەسەر ئەو بڕگەیە دروست بو.
بە پێى زانیارییەکانى
(سبەى) لە کۆبونەوەکەدا، جەختکراوەتەوە لەوەى پێویستە ئەو بڕگەیەى کە تایبەتە بە
موچەى خانەنشینى پلە تایبەتەکان هاوشێوەى بەغداى لێبکرێت.
جەلال محەمەد، ئەندامى
پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان بە (سبەى) وت :"پێدەچێت خانەنشینى پلە
باڵا هاوشێوەى بەغداى لێبکرێت، واتا (15%)ى موچەى بنەڕەتى و بڕوانامە و ساڵانى
خزمەت بۆ خانەنشینى هەژمار بکرێت".
دەشڵێت:"وەک
فراکسیۆنى گۆڕان پێداگرین و جەخت لەوە دەکەینەوە کە بەم شێوازە ئەم بڕگەیە چارەسەر
بکەین، چونکە پێمان وایە دادگەرى زیاتر دەچەسپێنێت، نەک بەو شێوازەى کە لە
پڕۆژەکەى حکومەتدایە کە (25%)ى کۆى گشتى موچە هەژمار دەکات".
ئەو پەرلەمانتارەى گۆڕان،
ئاشکرایکرد، ئەگەر هاوشێوەى بەغداى لێبکرێت موچەى خانەنشینى پلە تایبەتەکان لە
(یەک) ملیۆن و (70) هەزارەوە دەست پێدەکات بۆ (دو) ملیۆن و کەمتر و زیاتر، ئەمەش
بە پێى ساڵانى خزمەت و بڕوانامە.
هەروەک وتیشى: زۆرترین موچەى
خانەنشینى هاوشێوەى بەغدا نزیک دەبێتەوە لە (چوار) ملیۆن، ئەمەش بۆ کەسێک ئەگەر
(30) ساڵ خزمەتى هەبێت و هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرا بێت.
بڕیارە پاش کەمێکى دیکە،
دانیشتى پەرلەمانى کوردستان لەسەر بڕگەى (حەوت) دانیشتنەکەى دەست پێبکاتەوە، کە
تایبەتە بە خانەنشینى پلە باڵاکان و تا ئێستاش خوێندنەوە بۆ (شەش) بڕگە کراون.