جیهان 03:31 - 21/12/2019

مەسیحی یەکەم و ئیسلام دوەم زۆرترین پەیڕەوکارانیان هەیە لەجیهاندا

+ -

(سبەی):

بەپێی نوێترین ئاماری دامەزراوەیەکی ئەمەریکی، ئاینی ئیسلام لە پلەی دوەم و دوای ئاینی مەسیحیدا دێت، لە کۆتا پلەشدا ئاینی یەهودی دێت کە کەمترین پەیڕەوکارانی هەیە لەسەر ئاستی جیهاندا.

دامەزراوەی (World Population Review)ی ئەمەریکی کە تایبەتمەندە بە ئامار و سەرژمێریی جیهان لە هەمو روەکانی ژمارە و تەمەن و ئاین و گەشەندنەوە، دوایین ئاماری پەیڕەوکارانی ئاینەکانی بڵاوکردەوە بۆ ساڵی (2019)، کە بەپێی ئامارەکە ئاینی مەسیحی زۆرترین پەیڕەوکاری هەیە لەسەر ئاستی جیهان و رێژەی (31.5%) پێکدەهێنێت، دوای ئەو ئاینی ئیسلام دێت کە رێژەی پەیڕەوکارانی (23.2%)ی جیهان پێکدەهێنن.

ئەو کەسانەی کە پەیڕەوکار و شوێنکەوتوی هیچ ئاینێک نیین پلەی سێیەمیان گرتوە و رێژەی (16.3%)ی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، پەیڕەوکارانی ئاینی هیندۆسی پلەی چوارەمی گرتوە و رێژەی (15%) پێکدەهێنێت، بە پلەی پێنجەمیش شوێنکەوتوانی ئاینی بوزی دێت کە رێژەی (7.1%) پێکدەهێنن، ئاینە خێڵەکییەکان (5.9%) و کەمینە ئاینەکانی دیکەش (0.8%)، ئاینی یەهودییش کەمترین شوێنکەوتوانی هەیە لەسەر ئاستی جیهان و رێژەی (0.2%)ی دانیشتوانی جیهان پەیڕەوکارین.

بەپێی ئاماری دامەزراوە ئەمەریکییەکە، شوێنکەوتوانی مەسیحی کاسۆلیکی لە وڵاتانی ئەمەریکای باشور و ناوەڕاست و وڵاتی ئەوروپا (ئیسپانیا، ئیتاڵیا و فەڕەنسا) و وڵاتانی ئەفەریقا (ئەنگۆلا، کۆنگۆ و گابۆن) بڵاوبونەتەوە، شوێنکەوتوانی ئاینی مەسیحی ئەرسۆدۆکسیی لە روسیا و لاتیڤیا و پۆڵەندا و بیلاڕوسیا بڵاوبوەتەوە، هەرچی پرۆتستانتەکانیشن لە بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و باشوری ئەفەریقا و نامبیا و بۆتسوانا بڵاوبونەتەوە.

ئاینی ئیسلام، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفەریقا و چاد و نەیجیریا و مالی و پاکستان و بەنگلادیش و ئیندۆنیزیا زۆرترین شوێنکەوتوانی هەیە، ئاینی هیندۆسییش لە هیندستان و مەنگۆلیا بڵاوبوەتەوە، چین و تایلەند و بۆرماش زۆرترین شوێنکەوتوی ئاینی بوزیی لێیە.

ناوەندە ئەمەریکییەکە کە ئاماری شوێنکەوتوانی ئاینەکانی بڵاوکردوەتەوە، تیمێکی توێژەران و لێکۆڵەرانی نێودەوڵەتی سەرپەرشتیی دەکەن، خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای (داداکس) و بە باشترین ناوەند و پێگەی جیهانیی دادەنرێت کە خزمەتگوزارییەکانی ئامار و سەرژمێریی بڵاودەکاتەوە، زۆرترین نوسینگەی هەیە لە جیهاندا و ئامارەکانیشی لەلایەن زۆرترین دامەزراوەی جیهانییەوە پشتی پێدەبەسترێت و وەک سەرچاوەی باوەڕپێکراو بەکاردەهێنرێت.