کوردستان 08:34 - 07/11/2019

مەزڵوم کوبانێ: ئەمەریکا بەڵێنی داوە ئاوارەکان بە سەلامەتی بگەڕێنەوە

+ -

(سبەی):
فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە رایدەگەیەنێت؛ پێویستە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و ئەمەریکا و روسیا پابەندی بەڵێنەکانیان بن سەبارەت بە رێگریکردن لە گۆڕینی دیمۆگرافیای سەرێ کانی و گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان.

مەزڵوم کوبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی: مایک پێنس، جێگری دۆناڵد ترەمپ و مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختیان کردەوە لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکان بەشێوەیەکی ئارام بۆ ناوچەکانی خۆیان، بەبێ ئەوەی روبەڕوی مەترسی چاوەڕوانکراو ببنەوە لەلایەن هێزە توندەڕەوەکانەوە.

مەزڵوم دەشڵێت: پێویستە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و ئەمەریکا و روسیا پابەندی بەڵێنەکانیان بن سەبارەت بە رێگریکردن لە گۆڕینی دیمۆگرافیای سەرێ کانی و گرێ سپی و دەبێت ئەو لایەنانە پابەندبونەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.

بەهۆی هێرش و پەلامارەکانی تورکیاوە بۆسەر رۆژئاوای کوردستان زیاتر لە (300) هەزار هاوڵاتی ئاوارە بون و ماڵەکانی خۆیان جێهێشتوە و لەو ژمارەیەش تا ئێستا نزیکەی (14) هەزار ئاوارە رویان لە هەرێمی کوردستان کردوە.