(سبەى):
مەسعود بارزانى رایدەگەیەنێت؛ بەردەوامبونی
شەڕ و ئەو دۆخە مەترسیدارە، هەڕەشەیەكی جدییە بۆ سەر ژیانی خەڵك و ئاسایش و "سەقامگیریی
كۆی ناوچەكە دەكاتە ئامانج".
ئەمڕۆ شەممە (12/10/2019)،
مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان راگەیەندراوێکى لەبارەى هێرشەکەى
تورکیا و دۆخى رۆژئاواى کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە؛ لە ماوەی رابردو هەوڵی
زۆرمان دا كە شەڕ و ناسەقامگیری لە گەلی كورد لە سوریا دور بكەوێتەوە و چیتر
نەهامەتی و كارەسات رو نەدەن، بەڵام بەداخەوە لە چەند رۆژی رابردو ناوچە
كوردنشینەكانی باكوری سوریا توشی پەلاماردان و دۆخێكی مەترسیدار بونەتەوە.
دەشڵێت: "بەردەوامبونی
شەڕ و ئەو دۆخە مەترسیدارە، هەڕەشەیەكی زۆر جدییە بۆ سەر ژیانی خەڵك و ئاسایش و
سەقامگیریی كۆی ناوچەكە دەكاتە ئامانج".
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕو؛
هۆكارەكانی ئەو شەڕە هەرچییەك بوبن و هەر لایەنێك كەمتەرخەم بوبێت یان دەستی لەم
دۆخە ترسناكە هەبوبێت، "ئێستا كات، كاتی موزایەداتی بێهودە و بۆچونی عاتیفی و
هەڵچون نییە، كاتی ئەوەیە كە هەمو لایەكمان هەرچی هەوڵ و توانامان هەیە بەكاری
بهێنین بۆ ئەوەی كۆتایی بەو شەڕە بێت و چیتر خەڵكی بێ تاوان باجی ئەو دۆخە
مەترسیدارە نەدەن و رێگەیش لە گۆڕینی دیموگرافیی ئەو ناوچەیە بگیرێت".