کوردستان
03:24 - 27/08/2019
سیستمی بایۆمەتری شکستیهێنا
(سبەی):
کابینەی نوێی حکومەت کار بە داتاکانی سیستمی بایۆمەتری
ناکات کە زیاتر لە سێ ملیار دینارى تێچوەو لەڕێی ژمارەیەک پڕۆژە یاساو بڕیاری نوێوە، هەوڵی نەهێشتنی دو
موچەیی و نەهێشتنی فەرمانبەری بندیوارو بێکار دەدات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەست
رۆژنامەی "زەمەن" کەوتوە، کابینەی نوێ سیستمێکی نوێ بۆ تۆمارکردنی ئەلیکترۆنیی
فەرمانبەران و نەهێشتنی فەرمانبەری زیادەو بندیوار ئامادە دەکات.
سەرەتا پڕۆژەیەک بۆ رێکخستنەوەی میلاکات و دابەشکردنی فەرمانبەری
زیادە دەداتە پەرلەمان و هاوشانی ئەوەش لە رێگەی دوبارە داڕشتنەوەی پڕۆژە یاسای
چاکسازیی لە موچەو خانەنشینی و دەرماڵەکان بۆ رێکخستنەوەی سیستمی وەزیفی هەرێمی
کوردستان رێکدەخاتەوە.
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای
کردوە؛ دوای پێداچونەوە بە میلاکی فەرمانبەراندا، پڕۆژە یاسایەک لەلایەن حکومەتەوە
ئامادەکراوەو دەنێردرێتە پەرلەمان بۆ نەهێشتنی فەرمانبەری بندیوار، ئەوانەی کە موچەی
مانگانە لە حکومەت وەردەگرن و دەوام ناکەن، یان وەک پاسەوان لەلایەن بەرپرسانەوە
دامەزراون و دەوامیان پێ ناکرێ.
سەرەتاى ساڵى (2017) حکومەتى هەرێم پڕۆسەى تۆمارکردنى
موچەخۆرانى لە سیستمى بایۆمەتریدا دەستپێکرد، بەپێى داتاکانى لیژنەى تۆمارکردنى بایۆمەترى
کۆى گشتى موچەخۆران و فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان یەک ملیۆن و (292) هەزار کەسە.
بەپێى زانیارییەکانى رۆژنامەی "زەمەن" کە لە
سەرچاوەیەکى تایبەتەوە دەستیکەوتوە، قۆناغى یەکەمى پڕۆسەى بایۆمەترى سێ ملیار دینارى
تێچوە.
هەمان سەرچاوە ئاشکراى کرد، بۆ جێبەجێکردنى هەردو قۆناغى
سیستمى تۆمارى بایۆمەترى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، لیژنەى باڵا داواى پێنج ملیۆن
دۆلار و (18) مانگ کاتیان کردبو، بەڵام تا ئێستا تەنها قۆناغى یەکەمى جێبەجێکراوە
و بۆ قۆناغى دوەمیش چاوەڕوانى بڕیارى کابینەى نوێى حکومەتن.
پەریخان نورى، بەڕێوەبەرى گشتیى بودجە لە وەزارەتى دارایی
بە سایتى فەرمى پارتى راگەیاندبو؛ تا ئێستا (840) هەزار موچەخۆر بایۆمەترییان کردوە،
بەڵام ژمارەى فەرمانبەران (621) هەزار فەرمانبەر
زیاتر نییە.
هەروەک بەپێى داتاکانى وەزارەتى دارایی و ئابورى، نزیکەى
یەک ملیۆن و (350) هەزار کەس وەک فەرمانبەر و موچەخۆر تۆمارکراون، بەڵام تەنیا
(840) هەزار کەس سیستمى بایۆمەترییان کردوە و دەرکەوتوە تەنیا یەک موچە وەردەگرن.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە ئەنجومەنى وەزیران بە رۆژنامەی
"زەمەن"ی وت: "سیستمى بایۆمەترى فەرمانبەران شکستى هێناوە و ئەگەرى
زۆرە کابینەى نوێ دوبارەی بکاتەوە، چونکە ئەوەى پێشوتر ورد نەبوەو کەموکورتى زۆرى
تێدابوە زیاتر لە خزمەت حیزبدا بوە، پڕۆسەکە تەنیا ئەوەندە بوە کە ئەوانەى موچە وەردەگرن
موچەکەیان داخڵى سیستمەکە بکرێت بەشێکى زۆرى ئەو موچانەش هى حیزبە و بەشێکی هى دەزگا
ئەمنییە زۆر هەستیارەکانە کە وردەکاریی داتاکانیان تۆمارنەکراوە".
لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک پارە مانگانە دەدرێتە هاوڵاتی کە
موچە نییە، بەڵکو هاوکارییە ئەوانەش بەشێکی داخڵ نەکراون.
سەرچاوەکە دەڵێت: "ئەو سیستمە نەیتوانى موچەخۆرى
بندیوار ئاشکرا بکات، تەنیا هەندێک دو موچە و زیاترى ئاشکرا کردوە، ئەو بانگەشەیەى
لە سەرەتاوە بۆ پرۆسەکە کرا بەو شێوەیە نەبو، چونکە هیچ میکانیزمێکى تێدا نەبوە بۆ
دۆزینەوەى خەڵکى بندیوار و فەرمانبەرى زیادە و ئەوانەى دەوام ناکەن و موچە وەردەگرن.
بەپێى سیستمى بایۆمەترى فەرمانبەران، یەک ملیۆن و (292)
هەزار کەس موچە وەردەگرن، بەشێوەیەک ژمارەى خانەنشینان (229) هەزارە، ژمارەى وارسى
شەهیدان و ئەنفالکراوان (91) هەزارە، ژمارەى موچەخۆرانى کەمئەندام و چاودێرى کۆمەڵایەتى
(190) هەزارە، ژمارەى موچەخۆرانى سەربازیی (292) هەزارە هەروەها ژمارەى فەرمانبەرانى
شارستانى (476) هەزارە.
بەپێى ئەو تۆمارەى پێشو، زیاتر لە (100) هەزار کەس هەن
دو موچە و زیاتر وەردەگرن، کە بەشێکیان یاساییە و موچەیەک و مینحەش وەردەگرن، وەک
کەسوکارى شەهیدان و زیندانیانى سیاسى و کەمئەندامان.
بەپێى سەرچاوە تایبەتەکەى "زەمەن" لە سیستمى
بایۆمەتریدا دەرکەوتوە، زیاتر لە (60) هەزار کەس لە دو موچە بۆ پێنج موچە وەردەگرن
و هەریەکە بە ناو و ناونیشانێکەوە تا ئێستاش هیچکام لەو موچانە نەبڕدراون.