راپۆرت 09:00 - 11/06/2019

‎پڵنگە رەشەكەی عومەر بەشیر

+ -
(سبەی):
راپۆرتی شیکاری: د.سەنگەر سەیدقادر - بەشی یەکەم

‎محەمەد حەمیدەتی، دەسەڵاتداری یەكەمی ئێستای سودانە و بە پڵنگە رەشەكەی عومەر بەشیر و عبدولفەتاح سیسیەكەی سودان ناسراوە چونكە بە هەمان شێوەی كۆتای پێهێنانی خۆپیشاندانەكانی ئیخوان، حەمیدەتیش بە هەمان سیناریۆی سیسی كۆتای بە خۆپیشانداناكانی سودان هێناو دەیەوێت بە زەبری هێز دەسەڵاتی سودان بگرێتە دەست.



‎پڵنگە رەشەكەی بەشیر كێیە؟
پڵنگە رەشەكەی بەشیر (محەمەد حەمدان دەقلو) لەدایكبوی ساڵی (1975)ی گوندی رزەیقاتی هەرێمی دارفورە و سەربە هۆزی رزەیقاتە كە یەكێكە لە گەورترین هۆزەکانی دارفور، محەمەد حەمیدەتی سەرەڕای ئەوەی دەرچوی هیچ ئەكادیمیایەكی سەربازی نیە، پلەی فەریقی یەكەمی هەیە و بەهۆی ئازایەتیەوە و توندیەوە لەشەڕی دارفوردا نازناوی پڵنگە رەشەكەی بەشیری پێدراوە.

‎حەمیدەتی لەسەرەتای گەنجیدا لەگەڵ باوكی بازرگانی حوشتری كردوە لە نێوان سودان و میسر و ئەسیوپیا و نەیجیریا بۆ لیبیا، دواتر گروپێكی چەكداری لە گەنجانی ناوچەكەی خۆی دروستكردوە بۆ پاراستنی كاروانە بازرگانیەكان لە چەتە و رێگر و هێرشی گروپە چەكداریە جودا خوازەكانی هەرێمی دارفور، لەبەرامبەردا باج و سەرانەی لە بازرگانان وەرگرتوە و بەو هۆیەوە گروپە چەكدارەیەكەی فراوانكردوە بە جۆرێك سەرنجی عومەر بەشیر و دەسەڵاتدارانی خەرتومی راكێشاوە.



‎سەرەتای یەكتر ناسینی بەشیر و حەمیدەتی
لە ساڵی (2003)بە هۆی شكستی سوپای سودان لەشەڕی دژی بزوتنەوەی داد و یەكسانی و بزوتنەوەی ئازادی دارفوردا، عومەر بەشیر بڕیاریدا هاوپەیمانی لەگەڵ میلیشیاكانی جەنجەویدی دارفور و ملیشیاكانی حەمیدەتیدا ببەستێت بۆ لەناوبردنی ئەو گروپە چەكداریانەی دارفور، لەو جەنگەدا حەمیدەتی و هێزەكانی كە ژمارەیان (17) هەزار چەكداربو بە پشتیوانی سوپای سودان توانیان هێزە چەكدارەكانی دارفور تێك بشكێنن، كە بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتوەكان لەو شەڕەدا میلیشیاكانی حەمیدەتی و جەنجەوید تاوانی كۆمەڵكوژیان ئەنجامداوە و زیاتر لە (300) هەزار هاوڵاتی دارفوریان كۆمەڵكوژ كردوە.

‎بەهۆی سەركەوتنی حەمیدەتی لەسەركوتكردنی گروپە چەكداریەكانی دارفوردا، بو بە دەستە راستی عومەر بەشیری سەرۆكی پێشوی سودان و بەخێرای دور لە پێوەرە سەربازیەكان پلەكەی بەرزكرایەوە، ساڵی (2010) ملیشیاكانی حەمیدەتی ناوەكەی گۆڕا بۆ هێزەكانی فریاكەوتنی خێرا و بە پشتیوانی عومەر بەشیر حەمیدەتی توانی هێزە چەكداری قەبیلەكانی دارفور لە چوارچێوەی هێزێكی رێكخراودا كۆبكاتەوە كە ژمارەیان زیاتر لە (30) هەزار چەكداربو، كە بە پێشكەوتوترین چەك پرچەكرابون، بە جۆرێك توانای سەربازی هێزەكانی حەمیدەتی لە سوپای سودان بەهێزتربو، بەڕێوبردنی ئەو هێزە لە دەرەوەی فەرماندەی سوپای سوداندا بو راستەخۆ لەلایەن حەمیدەتیەوە فەرماندەی دەكراو پەیوەست بو بە عومەر بەشیرەوە، ئامانجی عومەر بەشیر لە دروستكردنی ئەم هێزە بەسەرۆكایەتی حەمیدەتی بۆ ئەوەبو كە خۆی بپارێزێت لە مەترسی كودەتا و هێزەكانی فریاكەوتنی خێرای لەناو خەرتومدا بڵاو كردەوە، هەروەها لەكاتی راگەیاندنی جەنگی سعودیە لە دژی حوسیەكان لە ساڵی (2015)، حەمیدەتی و ملیشیاكانی بەهۆی شارەزاییان لە جەنگی گروپە چەكدارەكاندا بەشداری شەڕی یەمەنیان كردو لە ئێستاشدا بەشێك لە هێزەكانیان لە یەمەن شانبەشانی سعودیە دژی چەكدارانی حوسی دەجەنگن.



حەمیدەتی و رێكەوتنی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپادا:
ساڵی (2012) یەكێتی ئەوروپا بۆ رێگری لە كۆچی بە لێشاوی پەنابەرانی وڵاتانی ئەفەریقا بەرەو ئەوروپا، یەكێتی ئەوروپا ڕێكەوتنێكی لەگەڵ هێزەكانی حەمیدەتی ئەنجامدا بۆ پاراستنی سنورەكانی سودان و لیبیا و سودان و ئەریتریا و لەبەرامبەردا یەكێتی ئەوروپا هاوكاری مادی میلیشیاكانی حەمیدەتی دەكرد و چەك و پێداویستی سەربازی بۆدابین دەكردن.

‎تاوانەكانی حەمیدەتی:
حەمیدەتی جگە لە تۆمەتباركردنی بە كۆمەڵكوژی هاوڵاتیانی دارفور، لەساڵی (2013)دا و لەكاتی خۆپیشاندانەكانی خەرتومدا دژی عومەر بەشیر هێزەكانی حەمیدەتی سەركوتی خۆپیشاندەرانیان كرد و لە ئەنجامدا (250) خۆپیشاندەر كوژران و بریندار بون، لە دوای خۆپیشاندانەكانی كۆتایی ساڵی رابردوی سودانیش بە فەرمانی عومەر بەشیر ملیشیاكانی حەمیدەتی لەناو خەرتومدا بڵاوەیان پێكرا، چونكە عومەر بەشیر لە كودەتا دەترسا و باوەڕی بە سوپا نەبو، تەنها كەس جێگای باوەڕی بەشیر بو حەمیدەتی و میلیشیاكانی بو.

‎بەڵام لە دوای چوار مانگ لە بەردەوامی خۆپیشاندانەكان و كوژرانی (65) خۆپیشاندەر بەدەستی ملیشیاكانی حەمیدەتی، دۆخی سودان بەتەواوی ئاڵۆزبو و حەمیدەتی لەگەڵ سەركردەكانی سوپادا رێكەوتنی ئەنجامدا و كودەتایان بەسەر عومەر بەشیردا كرد و شەوی (10)ی نيسانى ئەمساڵ عومەر بەشیر لە ماڵەكەی خۆیدا دەستگیركراو و دەسەڵاتی سەربازی لە سودان راگەیەندرا.



‎بەڵام دەستگیركردنی عومەر بەشیر و راگەیاندنی دەسەڵاتی سەربازی خۆپیشاندەرانی رازینەكرد و بەردەوامبون لە خۆپیشاندان، لە سەرەتادا حەمیدەتی پشتیوانی لە داواكاری خۆپیشاندەران كرد و بەڵام كاتێك داوای رادەستكردنی دەسەڵات كرا بە حكومەتێكی مەدەنی، حەمیدەتی دژی ئەم داوایە وەستایەوە و سەرەڕای ئەوەی بەشێك لە سەركردەكانی سوپا لەگەڵ رادەست كردنی دەسەڵاتدابون بە حكومەتێكی مەدەنی، لە كۆتا رۆژی مانگی رەمەزاندا میلیشیاكانی حەمیدەتی هێرشیان كردە سەر خۆپیشاندەران و كۆتاییان بە خۆپیشاندانەكان هێنا، كە بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتوەكان لەئەنجامی بڵاوە پێكردنی خۆپیشاندەراندا زیاتر لە (100) خۆپیشاندەر كوژراون كە بە شێكیان بە برینداری فڕێدراونەتە ناو روباری نیل و دوای چەند رۆژێك تەرمەكانیان دۆزراوەتەوە. بەوهۆیەوە ئەمەریكا و ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتوەكانیش حەمیدەتی و ملیشیاكانی بە تاوانی كۆمەڵكوژی خۆپیشاندەران تۆمەتبار دەكەن و هەرەشەی سەپاندنی سزا دەكەن بەسەریدا، لە ئێستادا لەژێر فشارێكی زۆری ناوچەیی و نێودەوڵەتی دایە.

‎ بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە ئایا حەمیدەتی دەتوانێ هەمان سیناریۆی سیسی لە سودان دوبارە بكاتەوە؟