کوردستان 08:07 - 09/04/2019

پێنجوێن پێویستى بە خزمەتى زیاترە

+ -

(سبەى):
قائیمقامى پێنجوێن ئاماژە بەوە دەکات کە قەزاکە چەندین پێداویستى هەیە بەتایبەت لە روى رێگاوبان و گەشتیارى و دابینکردنى سوتەمەنییەوە و رایدەگەیەنێت؛ لە ماوەى رابردودا بەهۆى قەیرانى داراییەوە نەتوانراوە وەک پێویست خزمەتگوزارییەکان دابین بکرێن، بەڵام ئەوان لە هەوڵدان بەردەوامبون و تەنانەت بە پاڵپشتى کەسانى خێرخواز بەشێک لە کارەکان رایى کراون.

قەیرانى دارایى پرۆژەکانى پەکخست
زانا رەحمان، قائیمقامى قەزاى پێنجوێن، لەبارەى  دۆخى قەزاکە و دابینکردنى پێداویستییەکان بۆ پێنجوێن بە (سبەى) راگەیاند؛ لە ساڵى (2015) کە ئێمە دەستبەکاربوین دۆخى دارایى لەوپەڕى خراپیدا بو بەهۆى قەیرانى ئابورییەوە بۆیە بەشێک لە ئەرک و هەوڵەکانمان بۆئەوەبو کە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی رابگرین و کارەکانمان پۆلێنكرد بۆ تەواوکردنى ئەو پڕۆژانەی كە پێویستە بۆ پێنجوێن جێبەجێبكرێن  یاخود دەست بەکارکردن تێیاندا کرابون، بەڵام تەواو نەکرابون بۆئەوانەش چەندین یاداشتمان بۆ سەروخۆمان و ئەنجومەنى وەزیران بەزکردەوە و بەدواداچونمان بۆ کردون.

 

ئاماژە بەوەش دەکات بە پاڵپشتى خەڵکى خێرخواز رێگرییان لەوە کردوە وێستگەى کارەباى قەزاکە پەکى بکەوێت و کارمەندیان بۆ دابینکردوە تا دواتر کارمەندەکان لەلایەن حکومەتەوە کراون بە گرێبەست، جگە لەوەى بەشێك لە پێداویتسییەکانى بەڕێوەبەرایەتییەکان لەلایەن خێرخوازانەوە دابینکراون.

قائیمقامى پێنجوێن دەڵێت: "لە چەند ساڵى رابردودا کۆمەڵێک کارى گرنگمان کردوە لەوانە هەڵمەتى هۆشیار کردنەوە لە رێگەى ئەنجامدانى سیمینار بۆ خوێندكاران و گەنجانی سنورەكە، ئەنجامدانى كۆنفرانس بە هاوبەشی لەگەڵ زانكۆی سلێمانی ئەنجام داوە و ئەمساڵیش ئامادەكاری بۆ دوەم كۆنفرانس دەكەین لەگەڵ زانكۆی سۆراندا".

وەک قائیمقامى پێنجوێن باسى دەکات، پەیڕەوى سەلامەتی خۆراكیان کردوە كە یەكەمجارە لە كوردستاندا هەبێت و لە بازاڕیش پەیڕەوى ستانداردە جیهانیەکانمان کردوە بۆ هەڵگرتنی كەلوپەل بە کەمترین نرخ و پشت بەستن بە خۆبەخشان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان سیستمى (جی ئای ئێس)مان بۆ کەرتى كشتوكاڵ جێگیر کردوە کە سیستمێكی ئەلكترۆنییە و لە ئایندەدا زۆر کارئاسانى دەکات بۆ روپێویى بەدەستگەیشتنى تەواوى داتاكان کە لەلایەن کەسانى پسپۆڕ و مامۆستاى زانکۆوە سەرپەرشتى کراوە.

خەڵات و بە دۆکیۆمێنتکردنى مێژوى شارەکە
زانا رەحمان باس لەوە دەکات هەوڵیان داوە بۆ پاراستنى مێژوى شارەکە و بە دۆکیۆمێنت کردنیان و گرنگیدان بە کەسایەتییەکان لەو چوارچێوەیەشدا خەڵاتی مامۆستا مەلا عەبدولڕەحمانى گەورەی پێنجوین دروستکراوە و ساڵانە دەدرێتە ئەو کەسانەى جگە لە کارى خۆیان كاری خۆبەخشی دەكەن و بۆ یەكەمجاریش مێژوی راپەرینی پێنجوێنمان لە (19/7/1985 ) كردە كتێب.

کەرتى گەشتیارى و رێگاوبان
لەبارەى کەرتى گەشتیارى و رێگاوبانەوە کە بەهۆى هەڵکەوتەى ناوچەکە پێویستى بە خزمەتى زیاترە، قائیمقامى قەزاکە دەڵێت:"لە هەردو کەرتەدا گرفتمان هەیە و پێویستمان بە هاوکارى زیاترە، بۆ رێگاوبان بە سەروخۆمان و جێگرى سەرۆكی حكومەتمان  راگەیاندوە کە پێویستیمان بە دامەزراندنى بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانكردنەوە و كارگەیەكی قیرە بۆئەوەى راستەوخۆ ئەرکى سەرپەرشتى و جێبەجێکردنى کارەکانیان لەئەستۆبێت و خێرا پرۆسەى چاککردنى شەقامەکان بەڕێوەبچن".

هەروەک رونى دەکاتەوە کە لەروى گەشتیارییەوە تا ئێستا وەك پێویست ئاوڕ لە پێنجوین نەدراوەتەوە لەكاتێكدا "بە تێچویەكی كەم كاری باش دەکرێت، چونكە پێنجوین خاوەنی سروشتێكی جوانە".

 


 

سوتەمەنى دابین نەکرێت سروشتى پێنجوێن لە مەترسیدایە
بەهۆى دۆخى کەشوهەواى ناوچەکەوە پێنجوێن و دەوروبەرى ساڵانە پێویستى بە دابینکردنى بڕى زیاترى نەوت هەیە، سەبارەت بەو پرسە و دابینکردنى پێداویستى بۆ خەڵکى قەزاکە، زانا رەحمان دەڵێت: "ساڵانە هەر ماڵێک پێویستى بە دو بۆ چوار بەرمیل نەوت هەیە، کاتێک ئەوە دابین ناکرێت خەڵك پەنا دەباتە بەر بڕینی دار و درەختەكان و بەوەش ژینگەى ناوچەکە مەترسییەكی جدیی لەسەرە، بۆیە پێویستە حكومەت ئاوڕێکى زیاتر لە پێنجوێن بداتەوە بە دابینکردنى نەوت و زیادکردنى کارەبا".

قائیمقامى پێنجوێن دەڵێت:"پێنجوێن خاوەنى بەرهەمى باش و کشتوکاڵە، بۆیە داوامان كردوە روپێوێکى بۆ بکرێت و بەنداو و جۆگە دروست بكرێت بۆ پەرەدان بەم کەرتە گرنگە، چونکە جگە لەوەى خەڵک دەکەوێتە سەر کارى خۆى، دەبێتە پاڵپشتى بەرهەمى ناوخۆ و دابینکردنى بەرهەمى زیاتر بۆ شارەکانى دیکەش".