جیهان 02:42 - 23/03/2019

وێنە؛ دو پارێزگاى ئێران لەبەردەم مەترسى ژێرئاوکەوتندان

+ -

(سبەى):
بەهۆى دروستبوى لافاوەوە ژیانى بەشێکى زۆرى دانیشتوانى هەردو پارێزگاى مازه‌نده‌ران و گوڵستان لە باكوری ئێران، كاریگه‌ری كردوه‌ته‌ سه‌ر ژیانی هاوڵاتیانی ناوچەکە و هەردو پارێزگاکەشى خستوەتە بەردەم مەترسى ژێرئاوکەوتن.

له‌ هه‌فته‌ی رابردوه‌وه‌ تائێستا، بارانبارینى بەخوڕ لە باکورى ئێران بەردەوامى هەیە و بەهۆیەوە (12) شارى پارێزگارى مازه‌نده‌ران و سێ شارى پارێزگاى گوڵستان لە باکورى ئەو وڵاتە لافاو دروستبوە و دەیان گوند و هەزاران خانوى خەڵکى ئەو ناوچانە ژێرئاو کەوتون و دۆخێکى نائاسایى هاتوەتە ئاراوە، بەهۆى بڕانى کارەبا و نەمانى خزمەتگوزارییەکانەوە.

بەپێى زانیارییەکان سبەینێ شەپۆلێکى دیکەى بارانبارین رو لەو ناوچانە دەکات و ئەوەش مەترسى ژێرئاوکەوتنى زۆرێک لە گوند و شارەکانى دروستکردوە و ترس و دڵەڕاوکێى لاى خەڵکى ناوچەکە دروستکردوە و رەخنەى ئەوەش دەگرن کە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک پێویست بەدەم خەڵکى ناوچەکەوە نەچون.