کوردستان 10:42 - 27/01/2019

نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا: رێوشوێنمان بەرامبەر ھێرشەکە گرتوەتەبەر

+ -

(سبەی):
ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی بڵاویکردەوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندوە، کە "هێرشەکەی شیلادزێ لە ئەنجامی گێرەشوێنی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە کراوەتە سەر بنکەیەکی سوپای تورکیا".

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردوە، مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، ئەوەش دوای روداوەکانی دوێنێی ناحیەی شیلادزێی سەر بە پارێزگای دهۆک.

وەک ئاژانسەکە ئاشکرایکردوە "لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندوە کە رێوشوێنی پێویستیان بەرامبەر ئەو ھێرشە گرتوەتەبەر کە لە ئەنجامی گێرەشوێنی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە کراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی سەر بە سوپای تورکیا لە باکوری عێراق و لێکۆڵینەوەیان لەمبارەیەوە دەست پێکردوە".

دژی بۆردومانەکانی سوپای تورکیاو کوژرانی ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی، ئێوارەی رۆژی شەممە (26/1/2019) ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ناحیەی شیلادزێ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان دەستپێکرد و چونە ناو بارەگایەکی تورکیا و تانکێک و ئۆتۆمبێلێکی سەربازییان لە کۆمەڵگەی سیرێ سوتاندو ژمارەیەک خۆپیشاندەر بە گولـلەی سەربازانی تورکیا شەهید بون و ژمارەیەک خۆپیشاندەریش بریندار بون.