راپۆرت 04:44 - 24/01/2019

(سبەى) داواکارییە سیاسییەکانى گۆڕان ئاشکرا دەکات

+ -

(سبەى):

ئامادەکردن: سەنگەر کوردە


بزوتنەوەی گۆڕان داواکارییە سیاسییەکانى بە بەرنامەو پلان و وادەى جێبەجێکردنییەوە دەخاتە سەر مێزى گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، (سبەى) داواکارییە سەرەکییەکان ئاشکرا دەکات.

نزیکەى چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى هەرێمى کوردستان تێدەپەڕێت، هەرچەندە هێشتا حکومەت پێکنەهاتوە، بەڵام کۆبونەوەکانى چەند رۆژى رابردوى شاندى دانوستانکار بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ ئاماژەن بۆ رۆشنکردنەوەى نەخشە رێى ئەو کابینەیەى کە هێشتا دیار نییە درێژەپێدەرى هەشت کابینەى پێش خۆى دەبێت و میراتێک لە قەیران و بارگرانى و قاسەى بەتاڵ جێ دەهێڵێت، یان ئایندەى هەرێم تۆکمە دەکات.

 

گۆڕان دەیەوێت کارنامەیەک دابڕێژرێت کە چاکسازى کارى لەپێشینە و خەڵک سەنتەر بێت تێیدا

پارتى دیموکراتى کوردستان کە بەپێى ئەنجامى هەڵبژاردنى (30)ى ئەیلول براوەى یەکەمە، لەسەرەتاوە نیەتى خۆى نیشانداوە بۆ پێکهێنانى حکومەتێکى بەهێز و دەربازبون لە قەیرانەکان، ئەمە ئەو ویست و داخوازییەیە کە خەڵکى کوردستان و تەواوى لایەنەکانیش دەیانەوێت، بەڵام بەڵێن و ئەزمونەکانى رابردو وێنایەکى دیکە دەهێننەوە پێش چاو، بۆیە شاندى گۆڕان کە بەشدارێکى سەرەکى پرۆسەى دانوستانەکانە بە کۆمەڵێک داواکاریی سیاسى و دیاریکردنى"سەقفى زەمەنى" دەیەوێت کارنامەیەک دابڕێژێت کە چاکسازى کارى لەپێشینەو خەڵک سەنتەر بێت تێیدا.

گۆڕان داواى چیى دەکات؟
هەڵسوڕاوانى بزوتنەوەى گۆڕان و ئەندامانى شاندى بزوتنەوەکە لە گفتوگۆ و کۆبونەوەى دانوستانەکان، جەخت لەوە دەکەنەوە ئەولەویەت لاى بزوتنەوەى گۆڕان ئەنجامدانى چاکسازى و نەهێشتنى پاشەکەوت و حکومەتێکى خزمەتگوزارە، نەک پۆست و بەرژوەندیى حیزبى، بۆ ئەوەش کۆمەڵێک داواکارییان پێشکەش کردوە کە (سبەى) ناوەڕۆکەکانیان بڵاو دەکاتەوە.

پاراستن و بەهێزکردنى قەوارەى هەرێم
پاراستنى قەوارەى هەرێمى کوردستان یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانى بزوتنەوەى گۆڕان، گۆڕان جەختى کردوەتەوە لەوەى؛ هێز و لایەنە سیاسیەکانى بەشدار لە حکومەت بەجۆرێک ئاڕاستەى کابینەى نوێ بکەن کە هەرێمى کوردستان بپارێزن لە هەمو شەڕ و ململانێیەک لە ئایندەدا، "واتە نابێت ببنە بەشێک لە کێشە هەرێمى و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان".

گۆڕان بڕواى وایە؛ کارى لەپێشینە هێنانە کایەى سەقامگیرى و ئەمنییەتە بۆ ئەوەى ببێتە بنەماى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى و بوژاندنەوەى هەرێم و بەهێز کردنى.

قۆستنەوەى پەیوەندى لەگەڵ بەغدا
شاندى گۆڕان پێداگرى کردوە لەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ حکومەتى عێراق بکات کە لە خزمەت بەرەوپێشچونى ئابورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى و کەلتورى هەرێمى کوردستان بەکاربێت، ئەوەش لە چوارچێوەى بەدامەزراوەیى کردنى پەیوەندییەکان و یەکڕیزى.

سەروەرکردنى یاسا
یەکێکى دیکە لە داواکارییەکانى گۆڕان بۆ کابینەى نوێ، سەروەرکردنى یاسایە بەشیوەیەک دادگا و دەسەڵاتى دادوەرى سەروەر بکرێن و بێ لایەن بکرێت لە یەکلاکردنەوەى کێشەکان و دەسەڵاتى تەواوى هەبێت بۆئەوەى رۆڵى خۆى ببینێت.

چاککردنى بژێوى خەڵک
لە چەند ساڵى رابردودا خەڵکى کوردستان ماندو بون بەدەست بەردەوامى قەیرانى دارایى و سەپاندنى سیستمى پاشەکەوتى موچە، "دەبێت حکومەت ئەولەویەتى باشکردنى ژیانى خەڵک و باشکردنى بژێوى و نەهێشتنى پاشەکەوتنى موچە بێت".

متمانە بگەڕێنرێتەوە
بەهۆى سیاسەتى هەڵە و پەراوێز خستنەوە، متمانەیەکى ئەوتۆ لاى خەڵکى کوردستان نەماوە بە دامەزراوەکان و تەنانەت پرۆسەى سیاسی، کەمیى بەشداریى خەڵکى لە دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانى ساڵى رابردو ئەو پەیامەى بە توندى گەیاند.
بزوتنەوەى گۆڕان دەیەوێت بە ئەنجامدانى چاکسازیى و ئەو رێکارانەى پیشکەشى کرودن متمانەى چین و تویژەکان و تەواوى خەڵکى کوردستان بۆ حکومەت و دامەزراوەکانى هەرێم بگەڕێتەوە.

پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى
شاندى گۆڕان لە کۆبونەوەکاندا رونیکردوەتەوە، ئەوەى راستەوخۆ پەیوەندى بە ژیانى خەڵکەوەیە هاوکات لەگەڵ بژێوى، خزمەتگوزارییە، بۆیە داواى کردوە پلانێک دابڕێژرێت کە دابەزین و گۆڕانکارى لە نرخى نەوت و هەلومەرجە سیاسییەکان نەبێتە رێگر و پاساو بۆ ئەوەى حکومەت بژێوى و خزمەتگوزارى بۆ خەڵک دابین نەکات، بەڵکو حکومەت پابەند بکرێت بە بەردەوامیدان بە دابینکردنى خزمەتگوزارییەکان لە کەرتە جیاوازەکان.

حوکمى رەشید
داواکارییەکى دیکەى گۆڕان ئەوەیە کە حکومەت پابەند بکرێت بە جێبەجێکردنى پرەنسیپەکانى "حوکمى رەشید"، لە روبەڕوبونەوەى گەندەڵى و لێپرسینە و پەیڕەوکردنى شەفافیەت و هاوبەشیى راستەقینەى لایەنەکان.

بچوککردنەوە (تەرشیقکردن)ى حکومەت
هەمیشە بونى زۆرى ژمارەى زۆرى وەزارەت و فەرمانگەکان جگە لەوەى رۆتینیان زیاد کردوە، بونەتە بارگرانى دارایى، گۆڕان پێیوایە بەڕێوەبەرایەتى و وەزارەت هەن کە رۆژگارێک لەبەر ویست و رازیکردنى کەسانێک یان لایەنێک دروست کراون، بۆیە داوا دەکات کابینە بچوکبکرێتەوە و بەجۆرێک بەرهەمهێن بێت نەک وەک شوێنێک بۆ دەستکەوتى تاکە کەس و حیزب تەماشا بکرێت.

دیاریکردنى کات "سەقفى زەمەنى"
بزوتنەوەى گۆڕان ئەوەى لە کۆبونەوەکانیدا جەختى لێکردوەتەوە جیاواز لە داواکارییەکانى پێشو دیاریکردنى وادە و خشتەى زەمەنییە بۆ جێبەجێکردنى پلانەکان لە تەواوى بوارەکانى چاکسازى و باشکردنى بژێوى و پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریى.

شەفافیەت لە دۆسیەى نەوت 
گۆڕان داواى کردوە دامەزراوەیەک بۆ فرۆشتن و بەبازاڕکردنى نەوت دابمەزرێنرێت و سندوقى داهاتە نەوتیەکان کارا بکرێتەوە و کۆمپانیا بۆ پرۆسەى دۆزینەوە و دەرهێنان و شەفافییەتى داهاتەکەى، بەشێوەیەک؛ لە ساڵی یه‌که‌مى کابینەى نوێدا حکومەت هه‌مو دامه‌زراوه‌کانی (سندوقی داهات، کۆمپانیای فرۆشتنی نه‌وت، کۆمپانیای تایبه‌ت به‌ دۆزینه‌وه‌و به‌رهه‌مهێنان و کۆمپانیای تایبه‌ت به‌ پاڵاوتن و پاشکۆکانی) دروستبکرێت و ئەو دامه‌زراوانه‌ له‌ ژێر چاودێری په‌رله‌مان و دیوانی چاودێری دراییدا بن. 


گۆڕان بە راشکاوانە بە بەرامبەرەکانى گەیاندوە کە ئامادەیە قوربانی بە بەرکەوتە و پۆست بدات، بەڵام پێداگرى لەو داواکارییە سیاسیانە دەکات

عەبدوڵا محەمەد، ئەندامى شاندى دانوستانکارى بزوتنەوەى گۆڕان لەوبارەیەوە بە (سبەى) راگەیاند؛ گۆڕان لە گفتوگۆکانیدا بۆ دانوستان و حکومەتى نوێ، بە راشکاوانە بە بەرامبەرەکانى گەیاندوە کە ئامادەیە قوربانی بە بەرکەوتە و پۆست بدات، بەڵام پێداگرى لەو داواکارییە سیاسیانە دەکات بۆئەوەى بکرێنە کارنامە و بەرنامەى حکومەت.

دەشڵێت: "هەمو ئەو داواکارییانەى گۆڕان پێشکەشى کردون لەپێناو بەرژوەندى میللەتدایە بۆئەوەى نیگەرانى خەڵک بڕەوێتەوە، چونکە خەڵکى کوردستان شایەنى ژیانێکى شایستەترن و هاوڵاتیان لە سیاسەتى گۆڕاندا سەنتەرن نەک بەرژوەندى تایبەت و حیزبى.

لاى خۆیەوە عەلى حەمە ساڵح سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان و ئەندامى شاندى گۆڕان دەڵێت:"دیدى گۆڕان بۆ دۆسیەى نەوت و ئابورى و بە نیشتیمانیکردنى هێزى پێشمەرگە و تەواوى کەرتەکان رونە و پلانى خۆشمان بۆ هەر یەکێک لە کەرتەکان بە دیاریکردنى سەقفى زەمەنی جێبەجێکردنیەوە دیارى کردوە، ئەگەر بەشدار بین یان بەشدار نەبین لە حکومەت لە چوارچێوەى ئەو بەرنامەیەدا نەخشەى کارى چوار ساڵى ئایندەمان داڕشتوە".

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان ئەوە دەخاتەڕو؛ پڕۆژەى گۆڕان بۆ حکومەت لە تێکڕاى داواکارى و پڕۆژە و پاکێجەکانى پێشوى بزوتنەوەکەوە گەڵاڵە کراوە بە زیادکردنى وادەى زەمەنى بۆ جێبەجێکردنیان.


داواکارییەکانى ئێمە بەشێکى زۆرى داواکارى سیاسین بەوەى کابینەى نوێ لە هەمو هەیکەلیەتى حکومەت و جومگەکان چاکسازى بکات و کات دابنرێت بۆ جێبەجێکردنیان

هاوکات ئاراس وەلى، ئەندامى جڤات و شاندى دانوستانکارى گۆڕان بە (سبەى) وت: "داواکانمان بەشێکى زۆرى داواکاریى سیاسیە کە کابینەى نوێ لە هەمو هەیکەلیەتى حکومەت و جومگەکان چاکسازى بکات و کات دابنرێت بۆ جێبەجێکردنیان، لەگەڵ پەیڕەوکردنى شەفافیەت لە داهات و دژایەتى گەندەڵى".

ئاراس وەلى ئەوە دەخاتەڕو کە لە کابینەکانى پێشودا کارنامە نەبوە، بۆیە جەخت لەوە دەکەینەوە حکومەت کارنامەى هەبێت بۆئەوەى ئەو لایەن و کەسانەى لە حکومەتدان و خەڵکیش بزانن دەبێت چى بکات و کەى ئەنجامى بەرنامەکانى دەربکەوێت.