(سبەی):
بەهۆى تەقینەوەى
گولـلە هاوەنێک لە گوندى سیتکانى سۆران هاوڵاتیەک گیانى لەدەستدا و سێ کەس برینداربون.
نیوەڕۆى ئەمڕۆ
چوارشەممە، ژمارەیەک هاوڵاتیى بۆ کۆکردنەوەى ئاسن چونەتە گوندەکەی خۆیان (گوندی سیتکان) لە ناحیەى دیانەى سەر
بەقەزاى سۆران، کە پێشتر شوێنى تەقاندنەوە و لەناوبردنى
چەک و تەقەمەنى بوە، گولـلە هاوەنێک پێیاندا تەقیوەتەوە و دەستبەجێ یەکێک لەو هاوڵاتییانە
بەناوى (محەمەد خدر) تەمەن (47) ساڵ گیانی لەدەستداوە و سێ کەسى دیکەش بریندار بون.
بەوتەی جومعە
عەبدوڵا، کە یەکێکە لە بریندارەکان و لە نەخۆشخانەى ئاشتى قەزاى سۆران چارەسەر وەردەگرێت، بە (سبەی) راگەیاند:
لە نزیک گوندەکەى خۆیان سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئاسن بون و لەناکاو گولـلە هاوەنێک بە مامیاندا
تەقیوەتەوە و ئەوانیش برینداربون.
وتیشی :"ئەو
شوێنە مین و تەقەمەنى لێ نییە و باوەڕیش ناکات مامى دەستکاریى گولـلە هاوەنەکەی کردبێت".
پەیامنێری (سبەی)
رایگەیاند: دوان لە بریندارەکان لە نەخۆشخانەى ئاشتى قەزاى سۆران چارەسەر وەردەگرن
و بارى تەندروستییان جێگیرە، بەڵام بریندارەکەى دیکە بەهۆی خراپیی بارى تەندروستییەوە
رەوانەى نەخۆشخانەى فریاکەوتنی رۆژئاواى هەولێر کراوە.
برای دوان لە
بریندارەکان راستى روداوەکەی بۆ (سبەی) ئاشکرا کرد و رایگەیاند: مام و براو ئامۆزاکەى
بەمەبەستى کۆکرکردنەوەى ئاسن چونەتە ئەو شوێنەو لەوکاتەدا ئەو گولـلە تۆپە پێیاندا
تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە مامیان گیانی لەدەستداوە و دو براکەى و یەکێک لەئامۆزاکانى
برینداربون.
سەبارەت بە
روداوەکەش، پۆلیسى سۆران رایگەیاند: بەهۆى تەقینەوەى گولـلە هاوەنێک کەسێک گیانی
لەدەستداوە و سێ کەسی دیکە برینداربون و هۆکاری روداوەکەشی گەڕاندوەتەوە بۆ ئەوەی
کە ئەو هاوڵاتییانە دەستکارییان کردوە.
بەپێی ئامارێکی
دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، ساڵی (2018) بەهۆی مین و تەقەمەنییەوە
(35) کەس بونەتە قوربانی لەو ژمارەیەش (21) كەس گیانیان لەدەستداوە و (14)ی دیکەش بریندار
و كەم ئەندام بون بەراورد بە ساڵی (2017) کە تەنها (23) قوربانیی هەبوە، ژمارەکە
زۆر زیادی کردوە.
سۆران/ ئامانج
ئەحمەد