(سبەى):
سبەینێ وەفدێکى باڵاى
پارتى دیموکراتى کوردستان بە سەرۆکایەتى نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆبونەوە لەگەڵ بزوتنەوەى
گۆڕان دەگاتە شارى سلێمانى.
بەپێى زانیارییەکانى (سبەى)
کە لە سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە دەستى کەوتوە، بڕیارە سبەینێ سێشەممە (2019/1/15)
وەفدێکى باڵاى پارتى دیموکراتى کوردستان بە سەرۆکایەتى نێچیرڤان بارزانی سەردانى شارى
سلێمانى بکات و لە مەکۆى سەرەکى، لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان کۆببنەوە.
ئامانجى وەفدى پارتى لە
کۆبونەوەکە بۆ ئەنجامدانى گفتوگۆى چڕ و رژدە لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان بۆ تاوتوێکردنى
دوایین پێشهاتەکان و بەرەوپێشبردنى دانوستانەکان و دانانى وادەیەکى دیاریکراو بۆ پێکهێنانى
کابینەى نۆیەمی حکومەتى هەرێم.
تائێستا بزوتنەوەى
گۆڕان بڕیارى بەشداریکردن لە حکومەت یان بون بە ئۆپۆزسیۆنى یەکلایى نەکردوەتەوە و
جەخت لەوە دەکاتەوە؛ ئەولەویەت جێبەجێکردنى بەرنامەیەکى نیشتیمانییە کە لە
چوارچێوەیدا چاکسازى هەمەلایەن لە هەرێمى کوردستان ئەنجام بدرێت و هەنگاوى ئەرێنى
بگیرێتە بەر بۆ تێپەڕاندنى قەیرانى دارایى و چارەسەرکردنى کێشەى موچە و ئاساییکردنەوەى
پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و دروستکردنى متمانە لەنێوان لایەنە
سیاسییەکاندا.
ئەوە لەکاتێکدایە
ئەمڕۆش شاندى پارتى و یەکێتى لە هەولێر بە سەرۆکایەتى کۆسرەت رەسوڵ و نێچیرڤان
بارزانى کۆبونەوە و بڕیاریانداوە لیژنەیەک پێکبهێنن بۆ دروستکردنی لێکتێگەیشتنی
زیاتر لەنێوانیاندا.
ئا/بڕیار نامیق