(سبەی):
وەزارەتی
پەروەردەی عێراق، زمانی کوردی دەخاتە پڕۆگرامی خوێندنەوە لە سەرانسەری پارێزگاکانی
عێراق و لە ساڵی داهاتوەوە کاری پێدەکرێت.
بەپێی
گشتاندنێکی بەشی خوێندنی کوردی، وەزارەتی پەروەردەی عێراق کە ئاڕستەی سەرجەم
پەروەردەی پارێزگاکانی عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان) کراوە و ژمارە (ک238)ی (26/12/2018)ی لەسەرە، لە ساڵی
داهاتوەوە زمانی کوردی کە زمانی دوەمی فەرمی عێراقە، دەچێتە ناو پڕۆگرامەکانی
خوێندنەوە وەک مادەیەکی سەرەکی.
نوسراوەکە
ئیمزای سەنا گەرمیانی، بەڕێوەبەری گشتی خوێندنی کوردی لەسەرە و ئاماژەی بەوەکردوە،
لە پێناو چاندنی گیانی برایەتی لەناو گەلی عێراق و مامەڵەکردن لەگەڵ زمانی کوردی
وەک زمانی فەرمی دوەم لە عێراقدا ئەو بڕیارەیان دەرکردوە.
بەپێی دەستوری
عێراق کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی (2005) خرایە راپرسییەوە و دەنگی بەڵێی (78%)ی
هاوڵاتیانی عێراقی بەدەستهێنا، هەردو زمانی عەرەبی و کوردی، زمانی فەرمیی دەوڵەتن
و پێویستە لەسەرجەم بەڵگەنامە رەسمییەکاندا هاوشانی عەرەبی زمانی کوردییش هەبێت.