عێراق 03:19 - 08/10/2018

سەدر: ئیتر بەس نییە؟

+ -

(سبەى):
موقتەدا سەدر دەپرسێت ئیتر بەس نیە سودمەندبونى ناشەرعى حیزبەکان لە پۆست و داهاتى وڵات؟، دەشڵێت ئیتر کاتى ئەوەیە گەلى عێراق لە رێگەى کەسانى تەکنۆکرات و سەربەخۆوە خزمەت بکرێن.

ئەمڕۆ دوشەممە، موقتەدا سەدر رێبەرى رەوتى سەدر و سەرۆکى هاوپەیمانى سائیرون کە براوەى یەکەمى هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى عێراق لە سەروبەندى نزیکبونەوەى وادەى پێکهێنانى حکومەتى نوێى عیراق کە عادل عەبدولمەهدى بۆ ئەو ئەرکە راسپێردراوە لە تویتێکدا ئاماژەى بەوە کردوە کە حیزبەکان لەماوەى (15) ساڵى رابردودا پشکیان هەبوە لە پۆستەکان و بەدەستهێنانى پارەى زۆر لە داهاتى عێراق لە رێگەى مەشروع و نا مەشروعەوە و دەپرسێت ئیتر بەس نییە؟.

سەدر لەو تویتەیدا جەختى کردوەتەوە ئیتر کاتى ئەوەیە گەلى عێراق ماف و بەرکەوتەى خۆى بەدەستبهێنێت لە رێگەى کەسانى سەربەخۆ و تەکنۆکرات و گەیشتنى مافەکانە بە هاوڵاتییان بێ ئەوەى حیزبەکان دەسەڵاتیان هەبێت بەسەریدا و کاتى ئەوەیە نیشتیمان و هاونیشتیمانییان لە سەروى سەرجەم ئینتیماکانەوە بن و بەرژەوەندییە حیزبى و تائیفى و عەشایرى و خێزانى و کەسییەکان بەلاوە بنرێن.

ئەو تویتە لەکاتێکدایە پیشتر و دواى راسپاردنى عادل عەبدولمەهدى، سەدر رایگەیاند کە رەوتەکەى هیچ بەرپرسێکى باڵاى بۆ پۆستە وەزارییەکان کاندید ناکات و داواشیکرد کەسانى سەربەخۆ و تەکنۆکرات لە حکومەتى نوێدا بەشدارییان پێبکرێت.