ئابوری 10:40 - 13/07/2018

كۆمپانیا حیزبیەكانی پارتی و یەكێتی دەستیان بەسەر هەرێمدا گرتوە

+ -

(سبەی):
پارتی و یەكێتی هەر بە تەنها دەستیان بەسەر دەسەڵاتی سیاسیی و حكومڕانی هەرێمدا نەگرتوە، بەڵكو لە رێی كۆمپانیاكانیانەوە دەستیان بەسەر بازاڕی هەرێمیشدا گرتوە، هەر لە نەوت و كارەباوە بگرە تا دەگاتە دەرمان و جگەرە.

كاتێك تۆی هاوڵاتی پاكەتێك جگەرە دەكڕی، كاتێك پارچەیەك دەرمان دەكڕی، كەرەستەیەكی بیناسازی دەكڕی، یان بەنزین دەكەیتە ئۆتۆمبێلەكەتەوە، بە كورتی هەر كاتێك دەست بۆ گیرفانت دەبەی پارە خەرج بكەی، ئەوا راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پارە دەدەی بە كۆمپانیاكانی پارتی و یەكێتی.

لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی كۆمپانیاكانی نۆكان و قەیوان و هاوبەشەكانیان دەستیان بەسەر هەمو شتێكدا گرتوە‌و لە سنوری دەسەڵاتی پارتیشدا كۆمپانیاكانی كار، سەڵاحەدین هۆڵدینگ، سیدار ئەیجێنسی و ستێرهۆڵدینگ دەستیان بەسەر هەمو شتێكدا گرتوە.

لە سلێمانی گروپی كۆمپانیاكانی نۆكان، سەر بە ئیدارەی گشتیی یەكێتیە،  خۆیان نەبێت كەس نازانێت سەرمایەكەی چەند ملیار دۆلارە. تا ساڵی (2010) نزیكەی لە سەدا (12)ی روبەری شاری سلێمانی لەسەر ئەو كۆمپانیایە تاپۆ كرابو، زەوی حكومەت بە خۆڕایی یان بە نرخێكی رەمزی بۆ نمونە مەتری (20) دینار لەسەر كۆمپانیاكە تۆمار كراوەو كۆمپانیاكەش بە نرخێكی خەیاڵی بە خەڵكی فرۆشتوەتەوە، دەستی بە سەر زۆربەی بینا حكومییەكانی پارێزگای سلێمانیدا گرتوەو لە ئێستاشدا ئەو بینایانەی بە پارەیەكی زۆر بە كرێ داوەتەوە بە حكومەت.

بە درێژایی (20) ساڵی رابردو بەبێ ئەوەی پارە بدات، بە زۆری زۆرداری خۆی كردوەتە شەریكی زۆربەی ئەو وەبەرهێنەرانەی لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا وەبەرهێنانیان كردوە، لە دوای ساڵی (٢٠٠٣)وە هەرچی سوتەمەنی وەك نەوتی سپی و گاز و بەنزین لە عێراقەوە هێنرابێتە سلێمانی بە نرخێكی كەم لە حكومەتی عێراقی وەرگرتوە و بە نرخێكی زۆر لە بازاڕدا فرۆشتویەتیەوە، حكومەت بە سەدان پڕۆژەی گرنگی داوەتە ئەو كۆمپانیایە.

پاڵاوتگەی بازیانیش لە سەدا (51)ی پشكی نۆكانە و لەسەدا (49)كەی دیكەشی پشكی قەیوانە، كە بەشێك لە بەرپرسانی یەكێتی لە كۆمپانیای قەیوانیشدا پشكیان هەیە.

پاراستنی سیكیوریتی كێڵگە نەوتییەكان و گواستنەوەی نەوت بە تانكەر و هەمو خزمەتگوزارییەكانی دیكەی نەوت هەر سەر بە كۆمپانیای نۆكانە، نۆكان لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا بازرگانی جگەرەی تا رادەیەكی زۆر بۆ خۆی قۆرخ كردوە، تەنانەت خۆی جگەرە بەرهەم دەهێنێت، سەرباری هەمو ئەمانەش باج بە حكومەت نادات.

لە سنوری دەسەڵاتی پارتیشدا كۆمپانیاكانی كار و سەڵاحەدین هۆڵدینگ و سیدارئەیجێنسی و كارگروپ دەستیان بەسەر هەمو شتێكدا گرتوە. خاوەنە ئەسڵییەكانی ئەم كۆمپانیایانە كوڕەكانی بنەماڵەی بارزانی و بەرپرسانی پارتین، بەڵام بە هەمان شێوەی سلێمانی كۆمپانیاكانیان بە ناوی كەسانی ترەوەیە.

كۆمپانیای كار كە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی دو خاوەنە سەرەكییەكەین، چەندین بلۆكی نەوتی بۆ خۆی قۆرخ كردوە وەك خورمەڵە و پێشتریش بای حەسەن و هاڤانا، تا (١٦)ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردو رۆژانە (300) هەزار بەرمیل نەوتی لەم سێ كێڵگەیەدا بەرهەم دەهێنا.


لە چەندین بواردا لەوانە بازرگانی گشتی، بیناسازی، دروستكردنی بۆری نەوت و گاز و راكێشانی هێڵی بۆری، كارەبا، نەوت و بەنزین، گواستنەوە و گەیاندن و دابینكردنی ئاسایشی نەوت و دڵنیایی جۆریدا كار دەكات.

لە ساڵی (1999)وە تا ئێستا نزیكەی (24) هەزار پرۆژەی لە حكومەتی هەرێم وەرگرتوە، چەندین پڕۆژەی گەورەشی لە حكومەتی عێراق وەرگرتوە، بۆ نمونە نەوت لە حكومەتی عێراق وەردەگرێت و لە بەرامبەردا بەنزین و كارەبایان پێ دەفرۆشێت، بە هەمان شێوە نەوت لە حكومەتی هەرێمیش وەردەگرێت و بەنزین و كارەباش بە هەرێم دەفرۆشێت، بەو جیاوازییەوە، حكومەتی عێراق نەوتی بە نرخی جیهانی پێ دەدات و كۆمپانیاكەش لیترێك بەنزین بە (450) دینار دەفرۆشێتەوە بە عێراق، بەڵام حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی بەرمیلێك نەوت بە ١٧ دۆلار دەداتە كۆمپانیای كار، لە بەرامبەریشدا كۆمپانیاكە لیترێك بەنزین بەزیاتر لە (600) دینار دەفرۆشێت بە حكومەتی هەرێم.

هەرچی نەوتی سنوری دەسەڵاتی پارتیە لەلایەن ئەم كۆمپانیاوە دەفرۆشرێت، لە توركیا عەمباری نەوت و كەشتی گواستنەوەی نەوتی هەیە، لە سەرەتای ئەمساڵدا هەمو كارەبای موسڵی لە حكومەتی عێراق وەرگرتوە، هەر لە نۆژەنكرنەوەی هێڵەكان تا دەگاتە بەرهەمهێنانی كارەبا، هەمو كارەبای سنوری دەسەڵاتی پارتی لەلایەن كۆمپانیای كار و بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای ماس بەرهەم دەهێنرێت.

كۆمپانیاكانی پارتی و یەكێتی دەستیان بەسەر هەمو سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی هەرێمدا گرتوە، ئەو كۆمپانیایانە جگە لەوەی بە شێوەی نایاسایی دەوڵەمەندبون، باجیش بە حكومەت نادەن، راستیەكەی ئەوەیە لە جیاتی ئەوەی حكومەت چاودێر بێت بەسەر ئەوانەوە، ئەوا حكومەت خۆی بوەتە كۆمپانیایەك بۆ كارئاسانی كردن بۆ كۆمپانیا حیزبیەكانی پارتی و یەكێتی.