ئابوری 05:26 - 26/03/2021

له‌ هه‌ر سه‌عاتێكدا (400) ملیۆن دۆلار زیانی داخستنی نۆكه‌ندی سوێسه‌

+ -

(سبه‌ی):

گیرخواردنی ئه‌و كه‌شتییه‌ی کە نۆكه‌ندی سوێسی داخستوه‌، ته‌نها له‌ یه‌ك سه‌عاتدا‌ نزیكه‌ی (400) ملیۆن دۆلار زیان به‌ بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌گه‌یه‌نێت.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی، كۆمپانیای لوید لیست بڵاویكردوه‌ته‌وه، بەپێی ئامارەکان و‌‌ به‌هۆی گیرخواردنی كه‌شتییه‌ ژاپۆنییه‌كه‌ له‌ نۆكه‌ندی سوێس له‌ میسڕ، ته‌نها له‌ یه‌ك سه‌عاتدا‌ نزیكه‌ی (400) ملیۆن دۆلار زیان به‌ر كه‌رتی بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌وێت،ئەوەش بوەتە هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی ئه‌و كاڵاوشمه‌كانه‌ی له‌رێگه‌ی نۆكه‌نده‌كه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی خستوه‌ته‌رو؛ ئه‌و كاڵاوشمه‌كانه‌ی لەڕێگه‌ی نۆكه‌ندی سوێسه‌وه به‌ ئاڕاسته‌ی رۆژئاوا‌ دەگوازرێتەوە، رۆژانە بەهاکەی دەگاتە زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار و له‌ رۆژهه‌ڵاتیشه‌وه‌ به ‌به‌های (4.5) ملیار دۆلار کاڵاوشمەک ده‌گوازرێنه‌وه‌. ‌

له‌‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ژوری گواستنه‌وه‌ ئاوییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان زیانی رۆژانه‌ی داخستنی نۆكه‌ندی سوێسی به سێ ملیار دۆلار خه‌مڵاندوه‌.

گۆڤاری تایم له‌ راپۆرتێكی ئابوریدا بڵاویکردوەتەوە، به‌هۆی گیرخورادنی كه‌شتی ئیڤه‌ر گیفن، له‌ نۆكه‌ندی سوێس له‌ ماوه‌ی دو رۆژدا و داخستنی نۆكه‌نده‌كه‌ كه‌رتی بازرگانی شه‌ش ملیار دۆرلا زیانی لێكه‌وتوه‌‌.

راپۆرته‌كه‌ ئه‌وه‌شی خستوەتەڕو، به‌هۆی هه‌مه‌جۆری ئه‌و كاڵاوشمه‌كانه‌ی له‌رێگه‌ی نۆكه‌نده‌كه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌، خه‌مڵاندن و دیاریكردنی ژماره‌یه‌كی دیاریكراو بۆ ئه‌و زیانه‌ی به‌هۆی داخستنی نۆكه‌نده‌كه‌وه‌ قورسه.‌

نۆكه‌ندی سوێس یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین رێڕه‌وه‌ ده‌ریاییه‌كان له‌ جیهاندا و به‌ رێژه‌یی له‌ (12%)ـی بازرگانی جیهانی به‌ناویدا تێده‌په‌ڕیت، به‌ڵام به‌هۆی گیرخواردنی كه‌شتی ئیڤه‌ر گیفن-ەوەكه‌ درێژیه‌كه‌ی (400) مه‌تر و پانییه‌كه‌ی (59) مه‌تره‌ و بڕی (224) هه‌زار تۆن كاڵاوشمه‌كی باركردوه‌ و له‌ چینه‌وه‌ به‌ره‌و رۆته‌ردام به‌ نۆكه‌ندی سوێسدا تێپه‌ڕده‌بو، نۆكه‌نده‌كه‌ی داخستوه‌.