ئابوری 03:48 - 28/03/2021

راوێژکارێکی کازمی: داهاتە نەوتییەکان لە (92٪)ی کۆی گشتی بودجە پێکدەهێنێت

+ -

(سبەی):
راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوپاتی دەکاتەوە کە داهاتی نەوت زیاتر لە (92٪)ی کۆی گشتی بودجە پێکدەهێنێت و دەشڵێت: نرخی نەوت بگاتە (70) دۆلار، عێراق پەنا بۆ قەرزکردن نابات.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند؛ داهاتی نەوتی عێراق رێژەی (92٪)ی کۆی گشتی بودجەی فیدراڵی پێکدەهێنێت و وتی: پێویستە سندوقی سەقامگیری بودجەی گشتی هەبێت هاوشێوەی سندوقێکی سیادی بێت کە رێگری بکات لە داکشانی ئابوری و کەمبونەوەی داهات.

وتیشی:" ئەگەر نرخی نەوت بگاتە (70) دۆلار عێراق پەنا بۆ قەرزکردن نابات بۆ پرکردنەوەی کورتهێنانی گشتی بودجە".

ئەوە لەکاتێکدایە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەهای یەک بەرمیل نەوتی لە بودجەی وڵاتدا لە (42) دۆلارەوە بۆ (45) دۆلار بەرزکردەوە.

بڕیاریشە ئەمشەو سەعات حەوتی سەر لەئێوارە، ئەنجومەنی نوێنەران کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردن و پەسەندکردنی بودجە.