ئابوری 11:55 - 28/03/2021

عێراق؛ بەرزبونەوەى نرخى دۆلار رێژەى هەژاریی بەرزدەکاتەوە

+ -

(سبەى):

ئەندامێکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق هۆشداریدەدات لە بەرزبونەوەى رێژەى هەژاریی بەهۆى بەرزبونەوەى نرخى دۆلار و دابەزینى بەهاى دینارى عێراقیى.

مەنار عەبدولموتەڵیب شەدیدى، ئەندامى لیژنەى خزمەتگوزاریەکان لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند؛ "رێژەى هەژاریی لە عێراق لە (%30) یەوە بۆ (%70) بەرز دەبێتەوە بەهۆى دابەزینى بەهاى دینارى عێراقیى بەرامبەر دۆلار و نەبونى چارەسەرى پێویست بۆ کۆنترۆڵکردنى دۆخى بازاڕ و نرخى شتومەک، ئەمەش کاریگەریی خراپى کردوەتە سەر چینە هەژارو مامناوەندەکانى کۆمەڵگا و ئەوانەى داهاتیان بەدینارە."

ئەو ئەندام پەرلەمانە جەختدەکاتەوە لەوەى بەردەوام بون لەسەر سیاسەتى دابەزاندنى نرخى دینار بەرامبەر دۆلار حاڵەتەکانى هەژاریی لە وڵاتدا زیاتر دەکات، چونکە بازاڕ کۆنترۆڵ نەکراوە و لەلایەن بازرگانەکانەوە یارى بەنرخ دەکرێت.

مەنار شەدیدى داوا لە حکومەت و بانکى ناوەندى دەکات نرخى دۆلار بەرامبەر دینار بە (130) هەزار دینار بۆ هەر (100$) دیارى بکەن چونکە ئەوەى زیانى لەدابەزاندنى بەهاى دینار کردوە تەنها چینە هەژارو مامناوەندەکەى کۆمەڵگایە.
لەسەرەتاى ئەمساڵ بانکى ناوەندى عێراق لەسەر داواى حکومەتى مستەفا کازمى بەهاى دینارى عێراقیى بەرامبەر دۆلار دابەزاند، بە ئامانجى پڕکردنەوەى کورتهێنانى بودجە و دابینکردنى نەختینەى دینار بۆ دابەشکردنى موچە بەسەر فەرمانبەراندا.