ئابوری 10:00 - 19/03/2021

ئەندامێکى لیژنەى دارایى: ئەمجارە وەفدەکەی هەرێم به‌ده‌ستی به‌تاڵ ناگەڕێنەوە

+ -

(سبەى):
ئەندامێکى کوردى لیژنەى دارایى ئەنجومەنى نوێنەران، دەڵێت: "پێشبینی ده‌كه‌م ئه‌مجاره‌ ئه‌گه‌ر بودجه‌ بێته‌ ناوپه‌رله‌مان هه‌م رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌كرێت هه‌م وه‌فدی هه‌رێمیش له رێككه‌وتنه‌كه‌ سه‌ركه‌وتو ده‌بێت، بۆیە پێشبینی ئه‌وه‌ ناكه‌م ئەمجارە وەفدەکەی هەرێم به‌ده‌ستی به‌تاڵ لەبەغداوە بگه‌ڕێنه‌وه"‌.

شیروان میرزا، ئەندامى کورد لە لیژنەى دارایى ئەنجومەنى نوێنەرانى لەبارەى دواین بەرەوپێشچون و گفتوگۆکانى نێوان شاندى هەرێم و بەغدا و پڕۆژە یاساى بودجە کە بڕیارە ئەمڕۆ هەینى دەنگى لەسەر بدرێت، رایدەگەیەنێت؛ ئەوەى ماوه‌ته‌وه‌ ئێستاوه‌ وه‌كو لیژنه‌ی دارایی دواكۆبونه‌وه‌ی خۆمان بكه‌ین له‌سه‌ر ته‌واوكردنی پڕۆژه‌یاساكه‌ به‌گشتی و به‌تایبه‌تی مادده‌ی (11) كه‌په‌یوه‌ندی به‌پشكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، دو پێشنیار هه‌یه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌پێشنیاری حكومه‌ته‌وه‌ هاتوه‌ ئێمه‌ وه‌كو كورد تائێستا پێداگری له‌سه‌رئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، پێشنیارێكی تر هه‌یه‌ هی كوتله‌ شیعیه‌كانه‌ ئه‌ویش هه‌ركاتێک ئه‌وان به‌ڕه‌سمی بیخه‌نه‌ڕو قسه‌ی خۆمان ده‌بێت، به‌ڵام بۆچونەكانمان زۆر لێک دور نیین واته‌ مه‌جالی زۆری تێدایه‌ كه ‌بگه‌ینه‌ رێككه‌وتنێكی باش و سیغه‌یه‌كی هاوبه‌ش."

ئەو پەرلەمانتارە لەو لێدوانەیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، پێیوایە؛ به‌شی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ناو پڕۆژه‌یاساكه‌دا بچه‌سپێنرێت، "به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ شیعه‌كان بیانه‌وێت هه‌ندێک ده‌ستكاری بكه‌ن، به‌وپێیه‌ی هه‌م ده‌یانه‌وێت زه‌مانه‌تێک له‌ناو پڕۆژه‌یاساكه‌دا دابنێن كه‌ له‌حاڵه‌تی پابه‌ندنه‌بونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ بۆ هه‌رێمی كوردستان نانێرن، وه‌ ده‌یانه‌وێت شتێكی وابێت كه‌ له‌ناو شه‌قامی خۆیاندا قبوڵ كراوبێت به‌وپێیه‌ی ‌هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت له‌پێشه‌، وه‌ هه‌مو هێزه‌ سیاسیه‌كان به‌گشتی موخاته‌به‌ی شه‌قام و جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌ری خۆیان ده‌كه‌ن".

هەروەک بڕوای وایە یاساى بودجە بەشێوەیەک پەسەند بکرێت و تێپەڕێت کە "‌هه‌م ئیلتزامی سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاد ده‌كه‌ن هه‌م به‌شێوه‌یه‌ک ده‌بێت كه‌ بۆ شه‌قامی خۆشیان قبوڵ بێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە له‌ناو پڕۆژه‌یاساكه‌دا گه‌ره‌نتی داده‌نرێت بۆ هه‌ردولا واته‌ چ ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند نه‌بێت به‌غدا هیچ بڕه‌پاره‌یه‌ک نه‌نێرێت، چ ئه‌گه‌ر به‌غدا پابه‌ند نه‌بێت هه‌رێمیش ئیلتزام نه‌كات به راده‌ستكردنی نه‌وته‌وه‌.