(سبەی):
وەزیری ناوخۆ راگەیاند: سبەینێ کارەکانی رەگەزنامە و رۆژی دوشەممەش
کاروبارەکانی پاسپۆرت بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەست پێدەکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی
کردەوە؛ بەڕێوەبەرایەتیەکانی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگە ئاگادارکراونەتەوە لە
سبەینێ یەکشەممەوە دەست بە کاروبارەکانی دەرهێنانی کارتی نیشتەجێ بون بکەن، رۆژی
دوشەممەش کاروبارەکانی پاسپۆرت بەشێوەی ئەلیکتۆرنی دەست پێدەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەکردوە؛ کاروبارەکانی دەرهێنانی سورەت قەید و پشتگیریی و مامەڵەکانی
دیکەش هەفتەی داهاتو دەست پێدەکەنەوە.
لاى خۆیەوە، شێرکۆ ئەحمەد، بەڕێوەبەرى کارتى نیشتمانى پارێزگاى سلێمانى بە (سبەى) وت: دو هەفتەیە لە هەرێمى کوردستان کاروبارەکانى دەرهێنانى سورەت قەیدى وەرەقى و ئەلیکترۆنى، راستى و دروستى نوسراوى دەزگاکان، پشتگیرى قەسام شەرعى، لەگەڵ سورەت قەید بۆ وەرگێران دەستى پێکردۆتەوە، بەڵام مامەڵەى کارتى نیشتمانى وەستاوە تا ئەو کاتەى رێنماى نوێ لە عێراقەوە دەردەچێت.