عێراق 01:09 - 17/02/2020

ئاڵوگۆڕی بازرگانیی تورکیا و عێراق یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاند

+ -
(سبەى):

قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەنێوان تورکیا و عێراق لەماوەى پێنج ساڵدا ملیارێک دۆلارى تێپەڕاندوە.

ئەمڕۆ دوشەممە، فاتح یەڵدز باڵیۆزى تورکیا لە بەغدا لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان تورکیا و عێراقی ئاشکرا کرد، کە لە ماوەى نێوان ساڵى (2012) بۆ ساڵى (2019) هەردو وڵات بە بڕى ملیارێک دۆلار ئاڵوگۆڕى بازرگانیان ئەنجامداوە.

یەڵدز ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە؛ عێراق لەنێو ئەو پێنج وڵاتەدایە کە تورکیا موڵکى وڵاتەکەى پێ فرۆشتوە و لە کۆنگرەکەشدا چەند دۆکیومێنتێکى کڕینى موڵکى تورکى لەلایەن عێراقییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ ژمارەى سەردانیکەرانى عێراقى بۆ تورکیا لە ساڵى (2014)ەوە بۆ ساڵى (2019).

هەر بەپێى ئەو ئامارانەى لەلایەن باڵیۆزى تورکیاوە خراوەتەڕو، لە ساڵى (2014) تا ساڵى (2019) زیاتر لە (1.374.896) کەس لە عێراقەوە سەردانى تورکیایان کردوە.

پێشتر، دامەزراوەی ئاماری تورکیا بڵاوی کردەوە؛ هاوڵاتیانی عێراق لە ریزبەندی یەکەمی کڕیارانی موڵکن لەو وڵاتە و تەنها ساڵی رابردو (7596) موڵکیان کڕیوە.