عێراق 02:12 - 29/12/2019

دو دادوەر وەک نوێنەری هەرێم بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دیاری کران

+ -

(سبەی):
بە تیروپشک دو دادوەر وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان، بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دیاری کران.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بڵاوی کردەوە؛ ئەمڕۆ یەکشەممە تیروپشک بۆ هەلبژاردن دو دادوەری سەر بە ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەرێم کراوە بۆ ئەندامێتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و هەریەک لە دەهام ئەکرەم و عومەر ئەحمەد محەمەد هەڵبژێردراون وەک کۆمیسیاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق.

بەپێی بەیاننامەکە، بە ئامادەبونی نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان و ژمارەیەک لە کەناڵەکانی راگەیاندن تیروپشکەکە کراوە، لەسەر پشکی هەولێر و دهۆک دادوەر دەهام ئەکرەم عومەر دیاریکراوە، لەسەر پشکی سلێمانیش دادوەر عومەر ئەحمەد محەمەد دیاری کراوە.

پێشتر ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەرێم، ناوی شەش دادوەری لە هەرسێ پارێزگاکە بۆ ئەنجومەنی دادوەری عێراق ناردبو بۆ ئەوەی دو کەسیان بە تیروپشک وەک کۆمیسیاری باڵای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دیاری بکات، لە هەر پارێزگایەک دو کاندید و دابەشکرا بون بەسەر دو بازنەدا، هەولێر و دهۆک بازنەیەک و سلێمانییش بازنەیەک.

رۆژی دوشەممەی رابردو، لە باڵەخانەی ئەنجومەنی دادوەریی و بە چاودێریی نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق و دەزگاکانی راگەیاندن، تیروپشک بۆ ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کرا و پێنج دادوەر بە ناوەکانی (عەباس فەرحان حەسەن، جەلیل عەدنان خەڵەف، عامر موسا محەمەد، فەیاز حسێن یاسین و عەلی رەشید) لەگەڵ دو راویژکاری دەوڵەت لە ئەنجومەنی شورا بە ناوەکانی (ئەنعام یاسین محەمەد و فەتاح محەمەد یاسین) بۆ ئەنجومەنی کۆمیسیاران هەڵبژێردران.

رۆژی پێنجی کانونی یەکەم، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی پەسەندکرد، بەپێی یاساکە ئەنجومەنی کۆمیسیۆن لە حەوت دادوەری سەربەخۆ و دو راوێژکاری دەوڵەت پێکدێت و لە رێگەی تیروپشکەوە دیاریی دەکرێن، دو دادوەریشیان لەناو کاندیدەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەرێمەوە دیاری دەکرێن.