(سبەى):
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی، سەرۆک کۆمار،
محەمەد سودانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت رادەسپێرێت، لەبەرامبەردا شەقام و
خۆپیشاندەران رەتیدەکەنەوە.
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە ژمارەی ئەمڕۆ شەممەیدا بڵاوی
کردوەتەوە، لەنێو ئەو كەسانەی كە ناویان وەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق
هاتوە، تاڕادەیەك لە بەرژەوەندی محەمەد شەیاع سودانی یەكلایی بوەتەوە، کە
لەئێستادا ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقە.
سەرچاوەیەک بە رۆژنامەکەى راگەیاندوە، دوای ئەوەی جۆرێك لە رێککەوتن
لەنێوان هەندێك فراكسیۆنی پەرلەمانیدا دروستبوە، ناڕەزایەتیی لەلایەن فراکسیۆنەکانی
دیكەوە دروست نەبوە لەسەر كاندیدبونی محەمەد شیاع سودانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك
وەزیرانی عێراق.
بەپێی
ئەو سەرچاوانە؛ بڕیارە رۆژی دوشەممە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بە مەرسومی
کۆماری محەمەد شەیاع سودانی رابسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حكومەت.
رۆژی
سێشەممەی داهاتو ئەو وادەیە كۆتایی دێت، كە بەپێى دەستور پێویستە سەرۆك كۆمار
كەسێك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رابسپێرێت.
بڵاوبونەوەى هەواڵى بون بە سەرۆک وەزیرانى داهاتوى
عێراق لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینى، محەمەد شەیاع سودانی لە پەیامێکیدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تویتەر، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی
لە حیزبی دەعوە و فراکسیۆنى هاوپەیمانى دەوڵەتی یاسا راگەیاند.
پێشتریش موقتەدا سەدر،
هەڵوێستی خۆی لەبارەی کاندیدکردنی سوودانی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیاندوە و
ئاماژەی بەوەکردوە، دژی ئەوەیە سودانی ئهو پۆسته وهربگرێت.
هەر ئەمڕۆ، سەباح ساعدی پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سائیرون لە نامەیەکی
کراوەدا بەرپرسیارێتی ئاڵۆزبونی زیاتری دۆخی عێراقی بەهۆی راسپاردنی سودانییەوە
خستە ئەستۆی سەرۆک کۆماری عێراق و رایگەیاند، پێویستە سەرۆک وەزیران لەلایەن
گەلەوە دەستنیشان بکرێت نەک بە رێککەوتنی حیزبی و سیاسی.
لەلایەکی دیکەوە نوێنەرانی خۆپیشاندەران و
گۆڕەپانی تەحریر ئەمڕۆ شەممە، دژی کاندیدکردنی محەمەد شەیاع سودانی وەستانەوە و
پێداگرییان کرد لەسەر ئەوەی ئەو کەسەی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت
رادەسپێردرێت لەلایەن گەلەوە و بە رەزامەندیی شەقام بێت، نەک لەلایەن حیزبەکانەوە.
لە ژێر فشاری خۆپیشاندەراندا، رۆژی (29/11/2019)
عادل عەبدولمەهدی، بە فەرمیی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق
کێشایەوە و رۆژی یەکی ئەم مانگەش پەرلەمانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند کرد
و داوای لە سەرۆک کۆمار کرد لەماوەی (15) رۆژدا کاندیدێک بۆ پێکهێنانی کابینەی
نوێی حکومەت راسپێرێت.
سودانی کییە؟
محەمەد شەیاع سەبار، ناسراو بە محەمەد سودانی، ئەندامی
حیزبی دەعوەی ئیسلامی رێکخستنەکانی عێراقە، ساڵی (1970) لە بەغدا لە دایک بوە، بڕوانامەی
بەکالۆریۆسی لە کشتوکاڵ و ماجستێری لە بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان هەیە.
ساڵی (1980) لەلایەن رژێمی بەعسەوە باوک و پێنج
کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی بە تۆمەتی پەیوەندیی بە حیزبی دەعوەوە لە سێداردراون.
ساڵی (1997) وەک فەرمانبەری دەوڵەت لە
بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی میسان دامەزراوە، تاساڵی (2003) بەردەوام بوە، ماوەیەکیش
هەماهەنگیکاری حکومەتی عێراق و رێکخراوی فاو بوە، ساڵی (2003) بوەتە رێکخەری
کارەکانی پارێزگای میسان و دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان.
ساڵی (2004) بوەتە قائیمقامی عەممارە، (2005-2009)
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای میسان بوە، ساڵی (2009) وەک پارێزگاری میسان
هەڵبژێردراوە.
ساڵی (2010) وەک وەزیری مافی مرۆڤ دەستبەکاربوە،
ساڵی (2011) کراوەتە سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریی (ریشەکێشکردنی بەعس).
ساڵی (2012) وەک وەزیری کشتوکاڵ بە وەکالەت
دەستبەکاربوە، دواتر بوەتە سەرۆکی دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی.
ساڵی (2014) وەک وەزیری کۆچ و کۆچبەران بە وەکالەت
دەستبەکاربوە.
لە کابینە وزارییەکەی حەیدەر عەبادی (2014-2016)،
وەک وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی دەستبەرکابوە و دواتر وەزارەتی دارایی بە وەکالەت
بەڕێوەبردوە، بۆ ماوەیەکیش پۆستی وەزارەتەکانی پیشەسازیی و بازرگانی بە وەکالەت
بەڕێوەبردوە.
لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی (2018) لەسەر
لیستی دەوڵەتی یاسا وەک پەرلەمانتار لە سنوری پارێزگای بەغدا هەڵبژێردراوە.