عێراق 07:58 - 29/11/2019

سەرۆکایەتی کۆمار داوای کۆبونەوەی بەپەلەی سەرکردە سیاسییەکان دەکات

+ -

(سبەی):
دوای راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆک وەزیران، لە کۆشکی کۆماری کۆبونەوەی سەرۆک کۆمار لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەدەچێت.

بەپێی زانیارییەکانی (سبەی) ئەمڕۆ هەینی دوای ئەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند کە دەست لەکار کێشانەوەکەی ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق دەکات، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق گەڕاوەتەوە بەغدا و ئاگاداری سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی کردوە کە ئەمشەو لە کۆشکی کۆماری کۆبونەوەیەک بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ هەینی، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا دەست لەکار کێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆک وەزیران راگەیاند و وتی: لەماوەی دو مانگی رابردودا لایەنە پەیوەندیدارەکان نەیانتوانی وەک پێویست لەگەڵ دۆخەکەدا مامەڵە بکەن.

وتیشی: دەستلەکارکێشانەوەکەم پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەم و دەخوازم پەرلەمان کارێک بکات کە لەبەرژەوەندی هەموان بێت.

سلێمانی - بڕیار نامیق