ئابوری 08:54 - 06/04/2019

نرخى بەرمیلێک نەوت (70) دۆلارى تێپەڕاند

+ -

(سبەی):
بەهاى جیهانیى نەوت بەردەوامە لە بەرزبونەوە، بەشێوەیەک (1.5%)ى دیکە چوە سەر نرخەکەى وبەوەش نرخى بەرمیلێک نەوت (70) دۆلارى تێپەڕاند کە بەرزترین ئاستیەتى لەمساڵدا.

دواى ئەوەى چوارشەممەى رابردو نرخى جیهانى نەوتى خاوى برێنت نزیکى (70) دۆلار بوەوە و بەوەش بەرزترین نرخى تۆمار کرد لە تشرینى دوەمى ساڵى رابردوەوە، بەڵام ئێستا نرخەکەى لە (70.34) دۆلار جێگیر بوەو پێش ئەوەش دوێنێ گەیشتە (70.46) دۆلار کە ئەوەیان بەرزترین نرخى بوە لەمساڵدا.

هاوکات نرخى خاوى تەکساس نزیکەى (2%) لە بەهاکەى زیادى کرد و گەیشتە (63.24) دۆلار کە ئەوەش بەرزترین ئاستیەتى لە شەشى تشرینى دوەمى ساڵى رابردوەوە.

هەرچەندە نرخى نەوت بەشێوەیەکى رێژەیى بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئەوەى جێى سەرنجە لەماوەى رابردودا بەشێوەى بەردەوام نرخەکەى روى لە هەڵکشان کردوە شارەزایانیش هۆکارەکەى بۆ بڕیارەکانى ئۆپیک و دۆخى لیبیا و سزاکانى ئەمەریکا بۆ سەر ئێران دەگەڕێننە، ئەوە جگە لەوەى نزیکبونەوەى ئەمەریکا و چین بەهەمان شێوە کاریگەى هەیە.