(سبەی):
سزاکانی ئەمەریکا بۆسەر ئێران کەرتی گەشتیاری لە ناوخۆی
ئەو وڵاتە بوژاندوەتەوە، بە جۆرێک ئێستا هاوڵاتیانی ئێران کەمتر دەچنە دەرەوەی
وڵات و زیاتر سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی خۆیان دەکەن.
ئاژانسی بلومبێرگ لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، کەرتی
گەشتیاریی ناوخۆی ئێران بەرەو بوژانەوە دەچێت، بەتایبەت دوای سزاکانی ئەمەریکا و
دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانیی، کە وایکردوە هاوڵاتیانی ئێران بۆ گەشتکردن رو لە
دەرەوەی وڵات نەکەن.
فالی تەیموری، جێگری بەڕێوەبەری کاروباری گەشتیاری لە
رێکخراوی کەلتوری رۆشنبیری و پیشەسازی دەستیی رایگەیاندوە، بەرنامەی گەشتە
نێودەوڵەتییەکان بە رێژەی (60٪) دابەزیوە و بە پێچەوانەوە خواست لەسەر
سەردانیکردنی ناوچە گەشتیارییەکانی ناوخۆی ئێران زیادیکردوە.
هاوکات دەستەی هۆتێلەکانی ئێران ئاماژەی بەوەکردوە، کە
ناوچەکانی باشوری ئێران وەکو (قیشم و کرمان و دورگەی کیش) رێژەیەکی زۆر لە گەشتیار
لەمساڵدا سەردانیان کردوە، بەتایبەتیش دورگەی کیش کە بەهۆی جوانی سروشتەکەیەوە
سەرنجی زۆری گەشتیارانی بەلای خۆیدا راکێشاوە، کە جگە لە گەشتیاری ئێرانی، لە
هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی عێراقیشەوە گەشتیاران روی تێدەکەن.