جۆراوجۆر 07:26 - 20/02/2021

نامه‌یه‌ك له‌ژێر ده‌ریاوه‌

+ -

(سبه‌ی):


ئه‌مه‌ریكییه‌كان نامه‌كه‌ی ژێر ده‌ریایان دۆزییەوە كه‌له‌ ساڵی (1941)ـه‌وه‌ نوسراوه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (20/2/2021) رۆژنامه‌ی ئایرش تایمز بڵاوی كرده‌وه‌: زاناكان توانیان ناوه‌رۆكی نامه‌یه‌كی خۆشه‌ویستی كه‌ مێژوه‌كه‌ی بۆ جه‌نگی جیهانی دوه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بگه‌ڕێننه‌وه‌ كه‌ له‌ناو كه‌شتی بارهه‌ڵگری (SS Gairsoppa) به‌دوری چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له‌ كه‌ناراوه‌كانی وڵاتی ئیرله‌ندا نوقوم بوه‌.

رایگه‌یاند‌: به‌هه‌وڵ و كۆششی به‌رده‌وامی زاناكان توانییان پارچه‌ی نامه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ ببه‌ستنه‌وه و له‌ناوه‌رۆك و هێماكانی تێبگه‌ن‌ كه ‌له‌ ساڵی (1941)ـدا له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رێكی نه‌ناسراوه‌وه‌ بۆ ئیریسی خۆشه‌ویستی نوسراوه‌.‌  

له‌نامه‌كه‌دا ئه‌فسه‌ره‌كه‌ بۆ ئیریسی خۆشه‌ویستی نوسیوه‌: ئاگاداری خۆتبه‌ نه‌ك ته‌نها له‌به‌ر خاتری خۆت، به‌ڵكو له‌به‌ر منیش، نوسیویشیه‌تی "به‌توندی له‌باوه‌شت ئه‌گرم و هیوادارم ئه‌م جه‌نگه‌ خوێناویه‌ له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا كۆتایی پێ بێت".

كه‌شتی بارهه‌ڵگری به‌ریتانی (SS Gairsoppa) له‌ كالكۆتای هندستانه‌وه‌ به‌ره‌و شاری لیڤه‌ر پوڵی به‌ریتانیا به‌ڕێكه‌وتوه‌، باره‌كه‌ی له‌ زیو كه‌ بۆ هاوكاری كردنی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان و (717) نامه‌ پێكهاتوه‌‌، به‌ڵام (16ی شوباتی 1941)ـه‌وه‌ له‌لایه‌ن كه‌شتییه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌ڵمانیه‌وه‌ هێرشی ده‌كرێته‌ سه‌ر و دوای تێكشكانی نقوم ده‌بێت، له‌ كۆی (86) سه‌رنشینی كه‌شتییه‌كه‌ ته‌نها یه‌ك كه‌س رزگاری بوه‌.‌

كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ توێژینه‌وه‌ له‌ قوڵاییه‌كانی ده‌ریا ده‌كات، توانیویه‌تی له ساڵی (2010)‌ قوڵایی پێنج كیلۆمه‌تر  كه‌شتییه‌كه‌ به‌ریتانییه‌كه‌ بدۆزێته‌وه‌، دوای رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌ریتانیا (100) تۆن زیو و نامه‌كانیان ده‌رهێناوه‌ته‌وه‌‌ و له‌ساڵی (2018) له‌ پێشانگایه‌كیشدا له‌ له‌نده‌ن نامه‌ دۆزراوه‌كان نمایش كراوه‌. ‌