جۆراوجۆر 09:56 - 14/02/2021

بادەم بخۆ؛ تەندروستبە و گەنج بمێنەرەوە

+ -

(سبەی):
لێکۆڵینەوەیەکى زانستى رێگایەکى ئاسان ئاشکرا دەکات بۆ کەمکردنەوەى کۆلیسترۆڵى زیان بەخش لە خوێندا، کە تەنها بەماوەى شەش هەفتە ئەنجامەکان دەردەکەون بە مەرجێک بە شێوەیەکى زانستیانە بەکار بهێنرێت.

زاناکانى زانکۆى پەنسیلڤینیاى ئەمەریکى لە لێکۆڵینەوەیەکى زانستیى نوێدا ئاشکراى دەکەن، خواردنى چەند دەنکێک بادەم رۆژانە بەسە بۆ دابەزینى ئاستى کۆلسترۆڵ لە لەشدا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بادەم یارمەتیی دەرە لە گواستنەوەى کۆلسترۆڵى زیان بەخشى ناو لەش بۆ جگەر و لەوێوە فڕێ دەدرێتە دەرەوە. کۆرسترۆڵى زیان بەخش بەرپرسە لە بەرزکردنەوەى فشارى خوێن.

ئەو لێکۆڵەرەوانە دەڵێن: خواردنى بادەم یارمەتیدەریشە بۆ چڕبونەوەى کۆلسترۆڵى سودبەخش لە لەشدا، ئەمەش مەترسیی توشبون بە نەخۆشیی (بیرچونەوە، زەهایمەر) لە پیریدا کەم دەکاتەوە، بەراورد بەو کەسانەى رێژەى کۆلسترۆڵ لە لەشیاندا مام ناوەندە.

سین تیاساس پسپۆڕى خۆراک جەخت دەکاتەوە "خواردنى (40) گرام بادەم لە رۆژێکدا ئاستى کۆلسترۆڵى زیان بەخش لە لەشدا دادەبەزێنێت و یارمەتى دەرە بۆ رێککردنەوەى فشارى خوێن و یارمەتیی حەوانەوەى دەمارە خوێنەکان دەدات".

خواردنى بادەم دەکرێ وەک "رێجیمیش" بەکار بهێنرێت، لێکۆڵەرەکان دەڵێن خواردنى بادەم یارمەتی دەرە بۆ کەمکردنەوەى قەڵەویەکانى لەش و بچوککردنەوەی کەمەر، چونکە هەستکردن بە تێریی دروستدەکات و هەستى برسێتى دوا ئەخات.
بەڕاى ئەو لێکۆڵەرانە سودى بادەم تەنها لە خوێندا نیە بەڵکو  سودى بۆ درەنگ دەرکەوتنى نیشانەکانى پیریی هەیە و چرچیی دەم و چاویش کەم دەکاتەوە.