(سبەی):
لەسەر لێکردنەوەی
گەڵای مێو، پۆلیسی ئەڵمانیا سێ ژنە پەنابەر دەستگیر دەکات.
رادیۆی ئەڵمانیا
بڵاوی کردەوە؛ لە روداویکی نائاساییدا پۆلیسی شارۆچکەی ئەلسباخ لە ویلایەتی هسین
لە ئەڵمانیا، سێ ژنیان دەستگیر کردوە، کە گەڵای مێویان لە یەکێک لە رەزەکانی ئەو
وڵاتە لێکردوەتەوە.
بەپێی هەواڵەکە؛ پۆلیسی ئەو شارە لەناکاو سێ ژنیان بینیوە لەناو باخێکی
گەورەی ترێ کە گەڵای دارەکانیان لێکردوەتەوە و لە زەرفێکی گەورەدا کۆیان
کردوەتەوە، کە بەپێی خەمڵاندنی دەسەڵاتدارانی شارەکە، بەهای ئەو گەڵا مێوانەی
لێیان کردوەتەوە گەیشتوەتە نزیکەی هەزار دۆلار.
دوای لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، پۆلیس ئاشکرای کردوە ئەو ژنانە گەڵاکانیان بۆ
دروستکردنی خواردنێکی تایبەتی رۆژهەڵاتی لێکردوەتەوە کە پێی دەوترێت (مەحشی گەڵای
مێو- یاپراخ).
پۆلیس ئاشکرای کردوە؛ ئەوە جاری یەکەم نییە پەنابەران لەکاتی لێکردنەوەی
گەڵای مێودا لەناو ئەو رەزانە دەستگیر بکەن، پێشتریش بەهەمانشێوە پیاوێکیان
دەستگیرکردوە، کە بڕێکی زۆر گەڵای لە باخێکی ترێ لێکردبوەوە و لە دەفرێکی گەورەدا
لەناو ئۆتۆمبێلەکەی هەڵیگرتبو.
رادیۆی ئەڵمانیا بڵاوی کردەوە؛ بە فەرمیی هۆشداریی دراوەتە دانیشتوانی
ناوچەکە و پەنابەران کە بەهیچ شێوەیەک گەڵای مێوەکان لێنەکەنەوە بە مەبەستی خواردن
دروستکردن، چونکە بە دەرمانی دژە مێرو رژێنراون و مەترسیی لەسەر تەندروستی مرۆڤ
هەیە.
ئاماژەی بەوەکردوە؛ لێکردنەوەی ئەو گەڵایانە مەترسیی بۆ سەر بەروبومی ترێی
کێڵگەکانیش هەیە، چونکە پێویستیان بەو گەڵایانەیە بۆ گەشەکردن و پێگەیشتنی
بەرهەمەکانیان.
تائێستا چارەنوسی ئەو سێ ژنە و پیاوەکەش دیارنییە کە روبەڕوی چی سزایەک
دەبنەوە، بەڵام ئەگەر هەیە بە تۆمەتی دزین و بەهەدەردانی بەروبومی کێڵگەکان سکاڵای
یاساییان لەسەر تۆماربکرێت.