(سبەی):
دو توێژەری
عێراق، دەرەنجامی توێژینەوەیەکی هاوبەشیان ئاشکرا دەکەن، کە لە رێگەی گوشراوی
هەنارەوە چارەسەری قۆناغی سەرەتایی شێرپەنجە دەکەن.
فەرمانگەی توێژینەوەی سەر بە وەزارەتی زانست و تەکنەلۆجیا بە هاوبەشی لەگەڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، دەرەنجامی توێژینەوەی دو پسپۆڕی
عێراقییان ئاشکرای کرد؛ کە لە رێگەی گوشراوی چەوری هەنارەوە، چارەسەری قۆناغی
سەرەتای شێرپەنجە دەکرێت، لەبری بەکارهێنانی چارەسەری کیمیایی.
بەپێی
بەیاننامەیەکی وەزارەتی خوێندنی باڵا؛ توێژینەوەکە لەلایەن هەریەک لە دکتۆر فازڵ
موحسین عەبد و توێژەر ئیمان حسێن ئامادەکراوە؛ بە سورد وەرگرتن لە ترشی لاجیک
دەرهێنراو لە چەوری بەرگی ناوەوەی هەناری سپی، لەگەڵ ژمارەیەک ڤیتامین و روەک و
کانزا کە ترشی ئەمینی تێدایە، دەتوانرێت سیستمی بەرگریی لەش بەهێزبکرێت و قەرەبوی
کەمی پێکهاتە سەرەکییەکانی وەک (زینک، مەگنسیۆم، سیلینیۆن) بکرێت و چالاکی دژە
ئۆکسان زیادبکرێت و کە بە هۆکاری سەرەکی کەمبونەوەی بەرگری لەش بەرامبەر نەخۆشی
شێرپەنجە دادەنرێن.
بەپێی
توێژینەوەکە، پێکهاتەی ترشی لاجیک، پەیوەندی هەیە بە ناچالاکردنی خانەکانی
شێرپەنجە بە تایبەتی لە قۆناغی سەرەتاییدا و دوای دیاریکردنی نەخۆشییەکە پێش
تەشەنەسەندنی، ئەو پێکهاتەیەش دەتوانرێت وەک تەواوکاری خۆراک و بەرگری دژی نەخۆشی
شێرپەنجە دابنرێت.
توێژەرە
عێراقییەکان، دوای چەندین تاقیکردنەوە لە تاقیگەکاندا و تاقیکردنەوە لەسەر خانە
شێرپەنجەییەکان لە دەرەوەی لەشی مرۆڤ، گەیشتونەتە ئەو دەرەنجامەی کە ترشی لاجیکی
دەرهێنراو لە چەوری توێکڵی ناوەوەی هەنار، دەتوانێت لە قۆناغی سەرەتایی نەخۆشی
شێرپەنجەدا رێگریی لە تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە بکات و بەرگری لەش بەرامبەر ئەو
نەخۆشییە زیاد بکات.