(سبەى):
رۆژى جیهانى چا ساڵانە لە (15/12) یادى دەکرێتەوە و ئەم یادە بە تایبەتى لەو وڵاتانەدا دەکرێتەوە کە بەرهەمهێنێکى گەورەى چا-ن، وەک هیندستان و سیریلانکا و نیپاڵ و ڤێتنام و بەنگلادیش و مالیزیا و
تانزانیا، ئەم یادە زیاتر بۆ ئەوەیە کە سەرنجى حکومەتەکان و بازرگانانى چا
رابکێشرێت لە کاریگەریى چا لەسەر ژیانى جوتیارەکان و ئەو کەسانەى لەم کەرتەدا
کاردەکەن و ئەم یادە لە ساڵى (2005) دانراوە.
چا، ناوێکى چینییە و لەو گەڵایانە نراوە
کە دەتوانرێت خواردنەوەى لێ دروست بکرێت و گەڵاکانى هەمیشە سەوزن و شوێنى سەرەکى
چا رۆژهەڵاتى ئاسیایە، لە وڵاتەکەى خۆیدا کە سەرەتا لێى رواوە و لێى دۆزراوەتەوە
نۆ مەتر بەرز دەبیتەوە، بەڵام لەو شوێنانەى کە دەیڕوێنن بەرزییەکەى لە (90) بۆ (150) سانتیمەتر بەرزتر نابێتەوە، گەڵاکانى سەوزێکى تاریکە و
گوڵەکانى بۆنێکى خۆشى هەیە.
لە هەر (100) گرام چا-دا تەنها یەک کالۆرى هەیە جگە لەوەش چوار میلیگرام
سۆدیۆم و (18) میلیگرام پۆتاسیۆم و (11) میلیگرام کافایین هەیە.
چا زۆر جۆرى هەیە و هەر وڵات و شارێک
بە تایبەتمەندى تایبەت ئەم خواردنەوەیە ئامادە دەکەن، ئەمەش وایکردوە ئەم خواردنەوەیە
یەک شێوەى نەبێت و جۆراوجۆر بێت، بەڵام سەرەکیترین جۆرەکانى چا دەگاتە حەوت جۆر ئەوانیش:
Pu'er tea: ئەم جۆرە چایە لە ژمارەیەکى جیاواز چاى جۆراوجۆر دروست
دەکرێت و لە ناوچەى یوننانى چین بەرهەمدێت و زیاتر بەکاردێت، بەڵام ئەم چایە
بەناوبانگ بوە و لە زۆرینەى ناوچەکانى جیهاندا دەخورێتەوە و لە چین بە چاى تۆخ
ناودەبرێت.
Herbal Tea: ئەم جۆرە چایە بە تێکەڵکردنى بڕێکى زۆر بەرهەمى گیایی
دروست دەکرێت و چەند جۆرێکى گیا لە دروستکردنیدا بەکاردێت، کافایینى تێدا نییە.
Mate Tea: ئەم چایە بۆ بەئاگا هێنانەوەى لەشى مرۆڤ زۆر بەسودە و
چەند جۆرێک مادەى تیدایە وادەکات مرۆڤ بەئاگابێتەوە و هیلاکى کەم ببێتەوە و وزە
وەربگرێت، یەکەمجار ئەم چایە لە ئەمەریکاى باشور بەرهەمهات و لە رۆژهەڵاتى
ناوەڕاستیشدا بڵاوبوەتەوە بە تایبەتى سوریا و لوبنان.
Oolong Tea: ئەم چایە بە "ئەژدیهاى بچوک" ناسراوە بەهۆى شێوەى دەنکەکانییەوە، ئەم جۆرە چایە چینییە و بە شێوەیەکى
کەم دەچێتە پڕۆسەى ئۆکسانەوە کەمێک لە تایبەتمەندى هەریەکە لە چاى رەش و چاى سەوزى
هەیە.
White Tea: ئەم جۆرە چایە کە بە چاى سپى ناسراوە یەکێکە لە
ناوازەترین و دەگمەنترین چایەکان، تامێکى سوکى هەیە، رەنگەکەى هاوشێوەى ناوەکەى
نییە و سپى نییە و رەنگێکى زەردى کاڵى هەیە و یەکێکە لە گرانترین جۆرەکانى چا.
Green tea: چاى سەوز سەرەتا لە چین بەرهەمهاتوە و دواتر بە زۆرینەى
ناوچەکانى جیهاندا بڵاوبوەتەوە و بەناوبانگ بوە و چەندان سودى زۆرى بۆ لەشى مرۆڤ
هەیە.
Black tea: ئە جۆرە چایە لە جۆرێکى تایبەتى گەڵاى چا بەرهەمدێت و
شێوازى بەرهەمهێنانەکەى لە چایەکانى دیکە زۆرتری پێویستە و ئەم جۆرە چایە سادەترین
جۆرە، بۆ دروستکردنى پێویست ناکات لەگەڵ هیچ شتێکى دیکەدا تێکەڵ بکرێت و لە
کوردستانیشدا زۆرترین خواست و بەکارهێنان لەسەر ئەم چایەیە.
سەرەڕای ئەوانە، بە گشتى چا چەند
سودێکى هەیە و دیارترینیان پێنج سودە لەوانەش:
کەمکردنەوەى مەترسى توشبون بە
شێرپەنجە
توێژەرەکان ئەوەیان ئاشکرا کردوە ئەو
پێکهاتە و مادە دژە ئۆکسانانەى لە چادا هەیە پەیوەندیان هەیە بە کەمکردنەوەی
مەترسیی توشبون بە نەخۆشى شێرپەنجە.
بەوتەى پزیشکێکی پسپۆڕی خۆراک لە
زانکۆى هارڤارد: خواردنەوەى چا سودێکى زۆرى هەیە بۆ رێگریکردن لە توشبون
بە شێرپەنجەى پێست و پرۆستات و سییەکان و مەمک، ئاماژەی بەوەکردوە خواردنەوەى چا
تەنها هۆکارێکى سادەیە بۆ رێگریکردن لەو نەخۆشییە، نەک بنەبڕکردنی بە تەواوەتی.
پێستێکی تەندروست
توێژینەوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن
کە خواردنەوەى چاى رەش بە شێوەیەکى دیار ئەگەرى توشبون بە شێرپەنجەى پێست
کەمدەکاتەوە، لەگەڵئەوەش شێوازەکانى ئامادەکردنى چا کاریگەریى هەیە لەسەر
تەندروستى مرۆڤ و چاى گەرم سودێکى زۆرترى هەیە بەراورد بە چاى سارد.
دورخستنەوەی شەکرە
لەپاڵ سودەکانى بۆ پێست و بەرگریکردن
لە توشبونى لەش بە شیرپەنجە، خواردنەوەى چا رێگر دەبێت لە توشبون بە نەخۆشى شەکرە
لە جۆرى دو ئەوەش لەرێگەى کۆنتڕۆڵکردنى رێژەى شەکر، خواردنەوەى چا لە دوای نان
خواردن هاوکارى رێکخستنى شەکر لە خوێندا دەکات بەتایبەت دوای ئەو خۆراکانەى کە
مادەى شەکرۆزیان بە رێژەیەکى زۆر تێدایە.
ددان بەهێز دەکات
هەرچەندە زۆر خواردنەوەى چا ددانەکان
زەرد دەکات، بەڵام سودێکى زۆریشى هەیە لە بەهێزکردنى دداندا، بەپێى لێکۆڵینەوەیەک
چاى سەوز کاریگەرییەکى زۆرى هەیە لە نەهێشتنى بەکتریاى ناو دەم و ئەو بەکتریایانە
کەمدەکەنەوە کە دەبێتە هۆى کلۆربونى ددان.
رێکخستنى خەو
ئەو کەسانەى بە شێوەیەکى قورس خەویان
لێدەکەوێت پێویستە پێش خەوتن کوپێک چا بخۆنەوە، توێژینەوەکان دەریانخستوە
خواردنەوەى چا دەکرێت کاریگەرى لەسەر باشکردنى خەو هەبێت و چارەسەرى کەمخەویى
دەکات.
یەکێکى دیکە لە سودەکانى خواردنەوەى چا بەهێزکردنى سەرنجدانى مرۆڤە.
بونى ئەم سودە زۆرانەى چا ماناى ئەوە
نییە خواردنەوەى چا هیچ زیانێکى نەبێت، خواردنەوەى چا دەبێتە هۆى کەمبونەوەى ئاسن
لە خوێندا و ئەگەرى خوێنبەربون زیاد دەکات ئەگەر بڕێکى زۆر بخورێتەوە لە رۆژێکدا
بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەى کە نەخۆشییەکانى دڵ و فشارى خوێنیان هەیە.