(سبەی):
ماڵی (سوزبی) بۆ زیادکردنی ئاشکرا رایگەیاندوە، تابلۆیەک کە لەلایەن هونەرمەند بەریتانی (بانکسی) کێشراوە بە (12) ملیۆن دۆلار فرۆشرا.
تابلۆکە وێنەی کۆمەڵێک مەیمونە کە لەجێی ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا دانیشتون و بە نرخی (12) ملیۆن دۆلار فرۆشرا، ئەمەش یەکەم جارە کاری هونەرمەندێکی نادیار بەو نرخە زۆرە بفرۆشرێت.
ئەو شوێنەی کە کاری زیادکردنە ئاشکراکەی تێدا کراوە رایگەیاندوە، وێنەی "پەرلەمانی دواکەوتو" کە تییدا مەیمونی شامپانزی لەجێی سیاسییەکانی بەریتانیا دانیشتون، چۆتە نێو زیادکردنی ئاشکراوە و لە (1.5) ملیۆن پاوەندەوە زیادکردنەکە دەستی پێکردوە و لەکاتی زیادکردنە ئاشکراکەدا کە نزیکەی (13) خولەک بەردەوام بوە، نرخەکەی گەیشتۆتە (8.5) ملیۆن پاوەند و لەگەڵ کۆمەڵێک باجدا کە خراوەتە سەری، ئەم وێنەیە لە کۆتاییدا بە نرخی (12.2) ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی فرۆشراوە.
بانکسی، هونەرمەندێکی بەریتانییە و لە شاری بریستۆڵ لەدایک بوە، ئەم هونەرمەندە کەسایەتییەکی شاراوەی هەیە و کارەکانی زیاتر دەربڕینێکە لەسەر کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا.