جۆراوجۆر 11:04 - 17/01/2019

بۆ رزگاربونی زەوی خواردنی گۆشت کەم بکەنەوە

+ -

(سبەی):
زانایانی جیهان داوا لە دانیشتوانی گۆی زەوی دەکەن بۆ دەربازبون لە مەترسییەکانی گۆڕانکاریی کەش و هەوا و گەرمبونی، گۆڕانکاریی لە خۆراکەکانیاندا بکەن و گۆشتخواردن کەم بکەنەوە.

گۆڤاری زانستیی (The Lancet) بڵاوی کردوەتەوە، (37) زانا و پسپۆڕی بواری ژینگە و خۆراک، لە توێژینەوەیەکدا ئاشکرایان کردوە کە خواردن و بەکارهێنانی گۆشت لەلایەن مرۆڤەوە زیان بە گۆی زەوی دەگەیەنێت و داوا لە دانیشتوانی گۆی زەوی دەکەن شێوازی خواردنەکانیان لە گۆشتەوە بۆ روەک و دانەوێڵەکان بگۆڕن.

ئاماژەیان بەوەکردوە؛ دەبێت خواردنی گۆشت و شەکر و شیرەمەنیییەکان لەلایەن دانیشتوانی گۆی زەویەوە بە تەواوەتی کەم بکرێتەوە و لە بەرامبەردا خواردنی میوە و سەوزە و چەرەسات زیاد بکرێت.

ئەو زانایانە ئاشکرایان کردوە نزیکەی یەک ملیار مرۆڤ لە برسێتیی تەواودا دەژین و لە بەرامبەردا دو ملیار مرۆڤی دیکە بەهۆی زۆر خواردن و خراپ خواردنەوە توشی نەخۆشییەکانی قەڵەوی و شەکرە و دڵ بون.

توێژینەوەکە لەلایەن (37) زانا و توێژەری (16) وڵاتی جیهانەوە ئەنجامدراوەو ماوەی سێ ساڵی خایاندوە، ئەو توێژەرانەش بە راشکاوی رایانگەیاندوە گۆی زەوی لە دۆخێکی مەترسیداردایە بەهۆی شێوازی خواردن و جۆری خۆراکی مرۆڤەکانەوە کە زیاتر لە گۆشت پێکهاتون.