(سبەی):
هەڵبژاردەی عێراق لە دواین خولەکەکاندا سەرکەوتنی بەسەر
ئێراندا بەدەستهێنا و توانی سێ خاڵی گرنگ لە یارییەکانی پاڵاوتنی جامی جیهانی (2022)
بەدەست بهێنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە میانی بەڕێوەچونی یارییەکانی جەولەی پێنجەم
لە قۆناغی دوەمی پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی (2022)، هەڵبژاردەی عێراق و ئێران
روبەڕوی یەکبونەوە.
هەڵبژاردەی عێراق لە سەرەتای یارییەکەوە بە بەهێزی
دەرکەوت و تەنها دوای (10) خولەک لە دەستپێکردنی تایمی یەکەم، لەلایەن موهەند
عەلیەوە توانی گۆڵی پێشکەوتن تۆمار بکات، بەڵام زۆری نەبرد هەڵبژاردەی ئێران لە
خولەی (25) توانی ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە و تایمی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
لە تایمی دوەمی یارییەکە هێرشەکانی هەردولا بۆسەر گۆڵی
یەکتر بەردەوامی هەبو، دواجار فشارەکانی عێراق جێگەی خۆیان گرت و لە خولەکی (90)
عەلا عەباس توانی گۆڵی دوەم و سەرکەوتنی هەڵبژاردەی عێراق تۆمار بکات و یارییەکە
لە بەژەوەندی شێرەکانی رافیدەین کۆتایی پێبهێنێت.
بەو ئەنجامەش هەڵبژاردەی عێراق بە کۆکردنەوەی (10) خاڵ
لەسەرو ریزبەندی کۆمەڵەکەی دێت و هەڵبژاردەی ئێرانیش بە کۆکردنەوەی شەش خاڵ لە
ریزبەندی سێیەمی کۆمەڵەکەدایە.