کوردستان 11:03 - 31/03/2021

نێچیرڤان بارزانى: کێشەى جەوهەرى هەیە لە پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و بەغدا

+ -

(سبەى):
نێچیرڤان بارزانى رایدەگەیەنێت؛ ئیمانوێل ماکرۆن جەختى لە پاڵپشتى هاوکارى فەڕەنسا کردوەتەوە بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان بۆ سەقامگیرى سیاسى و ئابورى و روبەڕوبونەوەى تیرۆر.

پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەمە، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئاماژەى بە ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەى کرد لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکى فەڕەنسا و وتى: پێشتر سەرۆک ماکرۆن کە سەردانى عێراقى کردبو رایگەیاندبو کە ئامادەن هاوکارى عێراق بکەن بۆ بۆ سەقامگیرى سیاسى و ئابورى".

وتیشى: لە کۆبونەوەکەى دوێنێدا، هەڵوەستە کرا لەسەر پشتگیرى بەردەوامى فەڕەنسا بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان، ماکرۆن سەردانەکەى پاپاى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان بە سەرکەوتو ناوبرد و ئامادەیى دەربڕى لەپێناو سەقامگیرى سیاسى و ئابورى لە عێراق و جەختى کردەوە کە فەڕەنسا لە چوارچێوەى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى ئامادەى هاوکارییە، چونکە هێشتا داعش هەڕەشەیەکى جدیە بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان". ئاماژەى بەوەشکرد کە هەر لەو کۆبونەوەیەدا پەیوەندى هەرێمى کوردستان و وڵاتانى دراوسێ بەتایبەت سوریا تاوتوێکرا.

لەبارەى پرسى بودجەى گشتى عێراق و ئەو گرفتانەى ساڵانە لەکاتى پەسەندکردنى پڕۆژە یاساى بودجە دروست دەبێت، نێچیرڤان بارزانى وتى: کێشەیەکى جەوهەرى هەیە لە پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و بەغدا، لە عێراق سیستمێکى فیدراڵیمان هەیە و دەستوریشمان هەیە، بەڵام ئەو مامەڵەیەى بەغدا لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەیکات مامەڵەیەکى سیستمى فیدراڵى و ئەو شێوازە مامەڵەیەنیە کە لە دنیادا هەیە، رەنگە پەیوەندى بەوەوە هەبێت کە ئەم سیستمە تازەیە بۆ عێراق".

وتیشى: "ئەو شێوازە لە مامەڵەکردنى عێراق لەگەڵ هەرێمى کوردستان سەبارەت بە پرسى بودجە دروست نییە، بۆیە ساڵانە لەکاتى پەسەند کردنى بودجە کێشەمان بۆ دروست دەبێت".

 

هەروەک پێیوایە؛ کێشەى عێراق بەوە چارەسەر دەکرێت هەموان لەسەر مێزى گفتوگۆ دابنیشین نەک بەوەى کێ بەهێزە و کێ لاوازە، لەم چوارچێوەیەشدا فەڕەنسا دەتوانێت هاوکارێکى جدیى بێت.