جیهان 06:42 - 28/03/2021

ئه‌مه‌ریكا: په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ چین له‌ پێگه‌ی هێزه‌وه‌ ده‌بێت

+ -

(سبه‌ی):

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا جه‌ختده‌كاته‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه‌‌ له‌ پێگه‌ی هێزه‌وه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ چین دروستبكات. 

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، ئه‌نتۆنی بیلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ لێدوانێكیدا به‌ (CNN) راگه‌یاند: په‌یوه‌ندی نێوان وڵاته‌كه‌ی و چین، له‌ رویه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌یندییه‌كان له‌ ئاستی دژایه‌تی یه‌كتریدایه‌ و به‌رده‌وام رو له‌ زیادبونه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ له‌ كێبڕكێدان و هاوكاری له‌نێوان هه‌ردو وڵاتدا هه‌یه‌.

وتیشی:"له‌ كۆتایدا ده‌بێت په‌یوه‌ندیی له ‌پێگه‌ی ‌هێزه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چین دروستبكه‌ین".

ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كرد، بۆ دروستكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پشتی به‌ هاوپه‌یمانه‌كانی به‌ستوه‌ و ده‌شڵێت:"ئه‌گه‌ر بتوانین روبه‌ڕوی ئاڵنگارییه‌كانی چین بنه‌وه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی چالاكتر ده‌توانن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ چین بكه‌ن".

پێشوتر و له‌ چوارچێوه‌ی كۆبونه‌وه‌ی په‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی له‌ برۆكسل ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌روه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند؛ روسیا و ئێران و چین و كۆریای باكور بونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی دروستكردنی ترس و دڵه‌راوكێ له‌سه‌ر وڵاتانی رۆژئاوا.