جیهان 06:02 - 27/03/2021

یونسکۆ هۆشدارى لەبارەى پڕۆسەى خوێندنەوە دەدات

+ -

(سبەى):

رێکخراوى نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەرورەردە و فێربون (یونسکۆ) هۆشدارى لە بێبەش بونى مناڵانى جیهان لە خوێندن و فێربونى بنەرەتیی دەدات و رایگەیاند؛"رێژەى ئەو مناڵانەى لە ساڵى (2020) بەهۆى کۆرۆنا و رێوشوێنەکانى داخستن و قەدەغەى هاتوچۆ سودیان لە فێربون لە وانە بنەرەتیەکاندا نەبینوە بۆ (%20) بەرزبوەتەوە."

لە راپۆرتێکى رێکخراوەکەدا هاتوە؛" زیاتر لە (100) ملیۆن منداڵ لە جیهاندا بەهۆى ئەو بارودۆخەى کۆرۆنا سەپاندویەتى بێبەش بون لە ئاستى یەکەمى فێربون بۆ خوێندنەوە و نوسین."

یونسکۆ رونیکردوەتەوە کە پێش پەتاکە چاوەرێ دەکرا لە ساڵى (2020)  ژمارەى ئەو مناڵانەى لە فێربونى بنەڕەتى بێبەشن لە (483) ملیۆنەوە بۆ (460) ملیۆن دابەزێت، بەڵام بەهۆى کۆرۆنا ئەمە روى نەداو هەوڵى پێشخستنى خوێندن سستیی تێکەوت."

هەروەک هۆشدارى دەدات لەوە بەهۆى بەردەوامیی کۆرۆنا خوێندن و فێربونى بنەرەتیی لێدانێکى گەورەى بەرکەوتوە و دەڵێت:"ئەوەى رودەدات کارەساتى نەوەکانە"

پێوەرى یونسکۆ بۆ فێربونى بنەرەتى پۆلەکانى (دو) و (سێى) بنەڕەتیە کە لەم دو پۆلەدا قوتابى فێرى زانیاریە بنەرەتیەکان دەبێت کە لەماوەى درێژەدان بەخوێندن پێویستى پێیەتى.

رێکخراوى یونسکۆ دوا دەکات هەوڵەکان بۆ بەرگرتن بەم "کارەساتە پەروەردەییە" بگیرێتە بەر و بۆ ئەمەش پێشنیازى وتنەوەى وانەى زیادە وەک قەرەبو بۆ قوتابیانى بنەڕەتى دەکات لەکاتى گونجاودا.