جیهان 12:08 - 27/03/2021

جەمال کۆچەر: ئیرادەیەک هەیە نایەوێت بودجە تێپەڕیت

+ -

(سبەى)
کۆبونەوەى لیژنەى دارایى ئەنجومەنى نوێنەران و حکومەتى عێراق بەڕێوەدەچێت و ئەندامێکى لیژنەى داراییش رایدەگەیەنێت؛ ئیرادەیەک هەیە نایەوێت بودجەى گشتى لەناو پەرلەمان تێپەڕێت وکێشەى و گرفتى زۆر بێ چارەسەر ماوە.

ئەمڕۆ شەممە، جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند: کۆمەڵێک کێشە و گرفت لەناو بودجەدا ماوە کە هێشتا چارەسەر نەکراون و ئیرادەیەکیش هەیە نایەوێت ئەو کێشانە چارەسەر ببن و پەرلەمان بودجەکە تێپەڕێنێت، لەکاتێکدا پڕۆسەکە زۆر ورد و ئاڵۆزە و پێویستى بە چەندین دانیشتنى دیکە هەیە بۆ هەڵگرتنى کۆسپ و تەگەرەکان.

ئەو پەرلەمانتارە لەو لێدوانەیدا بۆ (سۆمەرییە نیوز) ئاماژە بەوە دەکات کە لایەنەکان هەڵوێستى پێچەوانە نیشان دەدەن، لەلایەک ئیرادەیەک هەیە نایەوێت بودجەکە تێپەرێت لەلایەکى تریش هەر لەسەرەتاوە پڕۆژەیاساى بودجەکە پڕبو لە گرێکوێرە و کێشە و "خاڵى جیاوازیی کە دەمەقاڵێى زۆرى دروستکردوە".

ئەوە لەکاتێکدایە کە ئیستا لیژنەى دارایى و حکومەت بە ئامادەبونى وەزیرانى نەوت و دارایى و پلاندانان لە کۆبونەوەدان بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکان و نەهێشتنى ناکۆکییەکان لەسەر دوا رەشنوسى پڕۆژە یاساکە کە بڕیارە سبەینێ یەکشەمە لە ئەنجومەنى نوێنەران تێپەڕێنرێت.