(سبەی):
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە
یەکگرتوەکان ئاشکرای دەکات، تەنها لەساڵی رابردودا (2276) کەس لەکاتی هەوڵدانیان
بۆ گەیشتن بە ئەوروپا لەرێگەی ئاوییەوە، خنکاون.
لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ هەینی
(26/3/2021) بڵاوکراوەتەوە، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان
ئاماژەی بەوەکردوە، بەپێی ئامارەکانیان تەنها لە ساڵی رابردودا (86) هەزار و (448)
کۆچبەر لەرێگەی ئاوەوە گەیشتونەتە کیشوەری ئەوروپا و رێگریش لە (52) هەزار کۆچبەر
کراوە لە هەمان رێگەوە.
وتیشی: (2276) کۆچبەر لەکاتی گەیشتن بۆ
ئەوروپا لە دەریادا خنکاون کە زۆربەیان لە نزیک دورگەی (کەناری) ئیسپانیا بوە.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دەڵێت: ژمارەی
کۆچبەرە خنکاوەکان لەوە زیاترە کە ئاماژەی پێکراوە و چەندین حاڵەتی نقومبونی کەشتی
کۆچبەر هەبون، کە نەتوانراوە هیچ تەرمێک تێیدا بدۆزرێنەوە.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ساڵی
(2014)ەوە تائێستا و بەپێی ژمارە فەرمییەکان، (22) هەزار کۆچبەر لە چوار رێگای
سەرەکییەوە کە هەوڵی گەیشتن بە ئەروپایان داوە، خنکاون.