(سبەی):
ئامادەكردنی: وریا فەتاح
توتن چیە؟
توتن، یەكێكە لە بەرهەمە كشتوكاڵیەكان، لە رابردودا بە تایبەت لە كۆتاییەكانی سەدەی بیستەم، زۆربەی گوندنشین و جوتیارانی هەرێم توتنیان دەكرد، بەشێوەیەك لە نەوەدەكانی سەدەی رابردو توتن سەرچاوەی بژێوی و ژیانی بەشێكی زۆر لە هاوڵاتیان و جوتیارانی هەرێم بو
توتن، سەرەتا لە (گۆل)ێكدا بەتۆ و دادەچێنرێت تا دەگات بە (شەتڵ)، دواتر زەوییەكی كێڵدراو دەستەك دەستەك و دێراو دێراوی بۆ ئامادە دەكرێت و شەتڵەكانی تێدا دەچێنرێت.
لە هەرێمی كوردستاندا، توتن بە دیاریكراوی لە مانگی شەش دەست بە چاندنی دەكرێت و لە كۆتایی مانگی ئاب لەگەڵ دەركەوتنی پایزیش وردە وردە بەرەو هەڵگرتنەوە دەچێت.
توتن چۆن بەرهەمدەهێنرێت؟
توتن چەند جارێك پێویستی بە ئاودان و بژاركردن هەیە تا گەڵاكانی پان دەبن و دەگات بە (سەرچن)، كە ئەمە دەكەوێتە پێش ئەنگوتنی گەلاوێژ كە گەڵاكانی توتن هێواش هێواش بەرەو زەردبون دەچن، دواتریش كە گەلاوێژ ئەنگوت، ئامادە دەبێت بۆ پێوەكردن كە بە گشتی بە سێ شێواز گەڵاكانی لێدەكرێتەوە (بنپەل، ناوپەل، سەرپەل)، پاشان لە رێگەی سوژنێكەوە بە داوێكی بەنەوە دەكرێت، یان لە رێگەی دارێكەوە لەشیش دەدرێت.
بنپەل، هەنگاوی یەكەمی لێكردنەوەی گەڵاكانە كە چەند گەڵایەكی ژێرەوە دەگرێتەوە كە زوتر پێگەشتون.
ناوپەل، مەبەست لێی گەڵاكانی ناوەڕاستە و دوای بنپەل پڕۆسەی لێكردنەوەی ناوپەل دەست پێدەكات.
سەرپەل، گەڵاكانی سەرەوەیە و هەنگاوی كۆتاییە لە لێكردنەوەی گەڵاكان، بەڵام هەندێ زەوی بەپیت و هەراشە دوای لێكردنەوەی هەرسێ جۆرەكە جارێكی تر توتنەكە گەڵا دەگرێتەوە كە بەم گەڵایانە دەوترێت (وەچە).
كاتێك گەڵاكان یاخود پەلكەكان لێدەكرێنەوە و پێوە دەكرێن، دەبێت بۆ ماوەی چەند رۆژێك بە (چوارداخ)ێكەوە هەڵبواسرێت تا گەڵاكانی وشك و زەرد دەبن و پاشان بۆ ماوەیە بخرێتە بەر هەتاو، كە هەمو ئەو پڕۆسانە پێویستە بە سەلیقەیەكی باش و وریاییەوە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی گەڵاكان نەوەرن.
چوارداخ، جاران جوتیارەكان چونكە بە رێژەیەكی زۆر توتنیان دەكرد، پێویست بو لەو رێگەیەوە توتنەكە وشك بكرێتەوە، كە دو داری درێژ لە رێگەی چەند كۆڵەكەیەكەوە دەبەسترێنەوە و چەند بزمارێك لە دارەكان دەدرێن و داوی توتنەكەی پێوە دەكرێت، تا بە كاریگەری تیشكی خۆر وشك دەبێتەوە.
لە كۆتایدا توتنەكە دەخرێتە ناو (چاڵاو)ێكەوە، یان بە دەست توتنەكە تەڕ دەكرێت بۆ داگرتن و كۆكردنەوەی.
چاڵاو، چاڵێكە كە بە قەبارەی جیاواز جیاواز هەڵدەكەنرێت و توتنەكە بە شێوەیەكی رێك و پێك دەخرێتە ناویەوە و دواتر سەری چاڵاوەكە دەگیرێت تا هیچ هەوایەك دزە نەكاتە ناوەوە بۆ ئەوەی توتنەكە خاو ببێتەوەو لە كاتی داگرتندا پەلكەكانی نەشكێن و ورد نەبن.
توتن لە ئێستادا
بەڵام ئێستا چونكە توتن بە شێوەیەكی كەم دەكرێت، نە بە سوژن پێوە دەكرێت و نە دەخرێتە چاڵاوەوە و نە پێویستی بە چوارداخە.
جۆرەكانی توتن و نرخەكانی
لە كوردستاندا چەند جۆرێكی توتن دەچێنرێت كە گرنگترینیان ئەمانەن (بۆنداری خاڵخاڵ و گرژە و قوچە)، لە ئێستاشدا نرخی یەک کیلۆ توتنی نمرە یەک بڕی (100) هەزار و نمرە دو (75) هەزار و نمرە سێ (50) هەزار دینار دەکات.
مێژوی توتن
توتن بۆ یەكەمجار لە هەرد ئەمەریكای باكور و باشور گەشەی كردوە، تا دوای دۆزینەوەی جیهانە نوێیەكەی كۆلۆمبۆس، ئینجا گەلانی جیهان پێی ئاشنابون.
توتن، لە دەرمانەوە بۆ دەرد
توتن لەسەرەتاوە وەك چارەسەرێكی سروشتی بۆ كێشە تەندروستییەكان بەكارهێنراوە، بەڵام ئێستا بوەتە یەكێك لە كوشندەترین روەكەكانی سەرزەوی، بەشێوەیەك ساڵانە بەهۆی كێشانی جگەرەوە كە لە توتن بەرهەم دەهێندرێت (سێ) ملیۆن كەس لە سەرتاسەری جیهاندا گیان لەدەست دەدەن و دەبێتە هۆی چەندین كێشەی تەندروستی دیكە بۆ مرۆڤ.
فۆتۆ/ شەماڵ سیانی