8
17 ی 11 ی 03 دوشه‌م:
پاچه‌چی به وه‌كاله‌ت سه‌رۆكایه‌تی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی كرد.
به‌یانی ئه‌مڕۆ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی ده‌وریی م‌ح، له گه‌ڵ وه‌فدی ره‌سمیی عیراق، گه‌یشته تاران. من كه له ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی تاڵه‌بانییدا به ئیجازه گه‌ڕابومه‌وه بۆ سلێمانی، له سه‌ر داوای ئه‌و دیسان بۆ به‌شداری له كۆبونه‌وه‌كانی م‌ح دا هاتمه‌وه بۆ به‌غداد.
له‌به‌ر كوژانه‌وه‌ی كاره‌با و تاریكی هۆڵی كۆبونه‌وه‌كه دانیشتنه‌كه له هۆڵی نانخواردن كرا. زۆری ئه‌ندامانی ئه‌سڵیی به‌شدار نه‌بون چونكه 10 كه‌سیان له گه‌ڵ وه‌فده‌كه‌ی تاڵه‌بانی رۆیشتون له‌وانه: قازی وائیل، قازی دارا، د- موحسین، سه‌لاحه‌دین، محه‌مه‌داوی، د- روبه‌یعی، عیزه‌دین سه‌لیم، یونادم ... نه د- رۆژ و نه هیچ نوێنه‌رێكی پارتی ئاماده‌ی كۆبونه‌وه‌كه نه‌بون.
پێموایه ئه‌م چه‌ند حه‌فته‌یه‌ی كاره‌كانی م‌ح( مجلس الحكم ) (تا كۆتایی مانگی شوبات) گرنگترین قۆناغی ته‌مه‌نێتی. له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌بێ:
- (قانون إداره الدوله العراقیه للفتره الانتقالیه)، وه‌كو له رێككه‌وتنه‌كه‌دا نوسراوه، به راوێژی نزیك له گه‌ڵ سام و به موافه‌قه‌تی ئه‌و، بنوسرێ.
ئه‌م قانونه بایه‌خێكی تایبه‌تی هه‌یه چونكه تا كۆتایی ساڵی 2005 كاری پێئه‌كرێ.
ئه‌شێ ئه‌م قانونه ببێته نمونه‌یه‌كی باشی (عقد) ێكی ئاره‌زومه‌ندانه‌ی قانونی، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی... نێوان نه‌ته‌وه و دین و مه‌زه‌ب و بیروباوه‌ڕه سیاسییه جۆراو جۆره‌كانی عیراق و راگرتنی هاوسه‌نگی نێوان زۆرایه‌تی و كه‌مایه‌تی.
ئه‌شێ ئه‌م قانونه به جۆرێ بنوسرێ كه ویستی هه‌مو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی، دینی، مه‌زهه‌بییه‌كانی خه‌ڵكیی عیراق ده‌رببڕێ و سه‌ره‌تا گشتییه‌كانی هه‌مو لایه‌نه سیاسییه جیاوازه‌كان، بنوێنێته‌وه.
ئه‌شێ سه‌ره‌تا بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژیانی دیمۆكراسی تێدا بچه‌سپێنرێ و ورده‌كاری هه‌مو ئه‌و سه‌ره‌تایانه بگرێته خۆی كه چه‌ندین ساڵه موعاره‌زه‌ی عیراقی به گشتی خه‌باتی بۆ ئه‌كا وه‌كو دیمۆكراسی، رژیمی پارله‌مانی، پلورالیزمی سیاسی – نه‌ته‌وه‌یی – دینی – مه‌زه‌بی، مافی مرۆڤ، فیدرالیزم...
ئه‌و سه‌ره‌تا و بابه‌ت و باسانه‌ی له‌م قانونه‌دا جێگیر ئه‌كرێن ره‌نگه ببنه بناغه بۆ نوسینی ده‌ستور.
- به هاوكاری له گه‌ڵ سام رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی مه‌جلیسی ئینتیقالی دیاری بكا‌و له رێگه‌ی (اللجنه التنظیمیه)وه به‌شداری بكا له سه‌رپه‌رشتی كردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له پارێزگاكاندا. ئه‌ندامانی مه‌جلیسی ئینتیقالی چۆن هه‌ڵئه‌بژێردرێن و چۆن ئه‌بن و كێ ئه‌بن؟ ئه‌وان حكومه‌تی ئینتیقالی دیاریئه‌كه‌ن و زه‌مینه بۆ هه‌ڵبژاردنی گشتی و نوسینی ده‌ستور، خۆش ئه‌كه‌ن. واته ئه‌وان ده‌ورێكی گرنگیان ئه‌بێ له دیاریكردنی سیمای ده‌وڵه‌تی تازه‌ی عیراقدا.
×
باس له رێكه‌وتنه‌كه‌و قانونه‌كه كرا.
وتیان ئه‌نجومه‌ن خۆی قانونه‌كه ئاماده ئه‌كا نه‌ك كۆمیته‌یه‌كی دیاریكراو. من له سه‌ر قانونه‌كه وتم: "له به‌ر گرنگی ئه‌م قانونه پێویسته بایه‌خێكی تایبه‌تی پێبدرێ و ئه‌توانین كه‌ڵك له شاره‌زایانی قانونی ده‌ستوری وه‌ر بگرین، قانونه‌كه دابه‌ش بكه‌ین به سه‌ر چه‌ند بابێكدا: سه‌رۆكایه‌تی ده‌وڵه‌ت، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نی گواستنه‌وه، 3 ده‌سه‌ڵاته‌كه، رێكخستنی مه‌ركه‌زی و لامه‌ركه‌زی نێوان مه‌ركه‌ز و موحافه‌زه‌كان، فیدرالی نێوان مه‌ركه‌ز و ئیقلیمی كوردستان، پێوه‌ندی دین به ده‌وڵه‌ته‌وه... پێویسته ورده‌كاری ئه‌مانه هه‌مو باس بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی میصداقیه‌تی مه‌جلیس بمێنێ ئه‌بێ به پێی ئه‌و زه‌مانبه‌ندی (جدول زمنی) یه‌ی دانراوه كاره‌كان ته‌واو بكرێن".
عادل عه‌بدولمه‌هدی (نوێنه‌ری حه‌کیم) وتی: "نوسینی سه‌ره‌تا بنه‌ڕه‌تیه‌كان و دانانی ئالیات و ته‌وقیتات گرنگه".
چادرچی وتی: "ده‌ستوره تازه‌كانی دنیا ته‌نیا سه‌ره‌تا گشتییه‌كان ئه‌نوسن و رونكردنه‌وه‌ی ورده‌كارییه‌كان به جێئه‌هێڵن بۆ قانون...".
له وه‌ڵامدا وتم: "ده‌ستوره تازه‌كان هه‌مو ورده‌كاریه‌كان به دریژی باس ئه‌كه‌ن" نمونه‌م به ده‌ستوری نوێی سویسرا هێنایه‌وه...
به‌ڕاك وتی: "ده‌ستوری سویسری ئه‌وه‌نده ورده ته‌نانه‌ت باسی جۆری سه‌ربڕینی گاوگۆتاڵ ئه‌كا له به‌ر ئه‌وه‌ی گۆڕینی ئاسانه، ئێمه به هۆی هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی عیراقه‌وه پێویستیمان به ده‌ستورێكی پته‌و هه‌یه كه به ئاسانی گۆڕینی تێدا نه‌كرێ له به‌ر ئه‌وه نه‌چینه ته‌فسیلاته‌وه باشه..".
له سه‌ر پێشنیاری صومه‌یده‌عی و صه‌فاء عه‌بدولره‌سول (نوێنه‌ری روبه‌یعی) لوجنه‌یه‌كی 5 كه‌سی دانرا بۆ دانانی پرۆگرام و ته‌وقیتاتی نوسینی قانونه‌كه له: صومه‌یده‌عی، جه‌عفه‌ری، حاچم حه‌سه‌نی، عادل عه‌بدولمه‌هدی (نوێنه‌ری حه‌کیم)،به‌نده‌ی به‌سزمان. كۆتایی به گفتوگۆ هێنرا.
عه‌بدولمه‌هدی و شیعه دینیه‌كان هه‌ندێ سڵه‌مینه‌وه‌یان له رێكه‌وتنه‌كه ده‌ربڕی.
18 ی 11 ی 03 سێشه‌م:
حه‌كیم به وه‌كاله‌ت سه‌رۆكایه‌تی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی كرد.
ئه‌مڕۆش كه‌سی پارتی ئاماده نه‌بو. عادل موراد له گه‌ڵ من هات.
باسی رێكه‌وتنه‌كه و قانونه‌كه كرایه‌وه. حه‌كیم كه‌وته‌وه منجه منج، وتی: "رێكه‌وتنه‌كه ته‌غییبی شه‌عبی عیراقی و م‌ح ی كردوه. م‌ح ئیعتیرافی عه‌ره‌بی و ئیسلامی و ده‌ولی به ده‌س هێناوه نابێ حه‌زف بكرێ... پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی گواستنه‌وه به‌و جۆره هه‌ڵبژاردنه ئێمه موافیق نین.. له ئیمزاكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌دا په‌له‌په‌ل كراوه...".
له راستیدا تا ئه‌و کاته‌ی رێککه‌وتنه‌که بڵاوکراوه‌ته‌وه له دور و نزیکه‌وه منیش ئاگاداری نه‌بوم. له ده‌زگاکانی راگه‌یاندنه‌وه بیستبوم. به‌ڵام وه‌کو نوێنه‌ری تاڵه‌بانی له مه‌جلیسه‌که‌دا ئه‌بو دیفاعی لێبکه‌م، به تایبه‌تی که خۆیشی له‌وێ نه‌بو.
پاچه‌چی، مه‌حمود عوسمان، حاچم، وتیان رێكه‌وتن ئیمزا كراوه نێردراوه بۆ كوفی ئه‌نان و سه‌رۆك بوش، په‌شیمان بونه‌وه و ته‌راجوع میصداقیه‌تی مه‌جلیس ناهێڵێ. عادل موراد وتی رێكه‌وتنه‌كه به موافه‌قه‌تی هه‌موان له‌وانه نوێنه‌ری ئێوه موافه‌قه‌ت و ئیمزا كراوه.
وه‌كو تێی گه‌یشتوم مه‌جلیس و ده‌عوه و به‌حرولعلوم و هه‌ندێ له شیعه دینیه‌كان ترسیان هه‌یه به ته‌واوبونی كاری م‌ح، كه له رێكه‌وتنه‌كه‌دا باس كراوه، دو شتیان له ده‌س بچێ:
یه‌كه‌میان، ئه‌و نیسبه‌ته‌ی بۆ شیعه، له به‌رامبه‌ر سونه‌ی عه‌ره‌ب و كوردا، له داووده‌زگاكاندا سه‌لمێنراوه.
دوه‌میان، ئه‌و پله و پایه‌یه‌ی چ وه‌كو نه‌فه‌ر بۆ خۆیان و چ وه‌كو رێكخراوی سیاسی بۆ حیزبه‌كانیان دابین كردوه.
مه‌جلیسی به‌له‌دیه‌ی شاره‌كان نفوزی ئه‌مانی تێدا نییه، ئه‌گه‌ر هه‌یشبێ زۆر كه‌مه، چونكه كاتێ دانراون ئه‌مان لاواز بون و جه‌یشی ئه‌مه‌ریكی ده‌وری سه‌ره‌كی هه‌بوه له دانانیاندا. ترسه‌كه‌یان ره‌وا و گومانه‌كه‌یان راسته. من گه‌یشته تینم له حه‌كیمم پرسی: "الی متی یعتبر مجلس الحكم نفسه قیما علی الشعب العراقی؟". خێسه‌یه‌کی توندی لێکردم، وتی: "تا ئه‌و کاته‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتیی ئه‌کرێ".
بڕیار درا رۆژی چوارشه‌مه هر (هیئه الرئاسه) سه‌عات 10 – 11 ئیعتیرازه‌كانی حه‌كیم و ئه‌وان له گه‌ڵ بریمه‌ر باس بكا دوای ئه‌وه درێژه به كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی بدات.
من پرۆژه‌یه‌كم ئاماده كردبو ده‌رباره‌ی پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی گواستنه‌وه عادل موراد چاپی كرد و دابه‌شی كرد به سه‌ر ئه‌ندامه‌كاندا.
لوجنه‌یه‌ك دانرا بۆ سه‌یری نامه‌كه‌ی تاڵه‌بانی بۆ كوفی ئه‌نان ده‌رباره‌ی رێكه‌وتن له گه‌ڵ سام سه‌باره‌ت به گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری بۆ عیراق.
19 ی 11 ی 03 چوارشه‌م:
حه‌كیم به وه‌كاله‌ت سه‌رۆكایه‌تی كۆبونه‌وه‌كه‌ی كرد. تاڵه‌بانی له سه‌فه‌ره.
سه‌عات 10 و 10 ده‌قیقه بریمه‌ر هات بۆ كۆبونه‌وه‌ی حه‌فتانه.
ئاماده‌بوان بریتی بون له ئه‌ندامانی هر (هیئه الرئاسه) و نوێنه‌ره‌كانیان: حه‌كیم، پاچه‌چی، جه‌عفه‌ری، به‌حرولعلوم، هانی ئیدریس (نوێنه‌ری عه‌لاوی)، نه‌بیل موسه‌وی (نوێنه‌ری چه‌له‌بی)، حاچم حه‌سه‌نی (نوێنه‌ری موحسین عه‌بدولحه‌مید)، به‌نده‌ی به‌سزمان (نوێنه‌ری تاڵه‌بانی)، نوێنه‌ری بارزانی نه‌هاتبو.
ئه‌بو باسی ئیعتیرازه‌كانی مه‌جلیس و گروپه شیعه‌كان له سه‌ر رێكه‌وتنه‌كه‌ی بریمه‌ر – تاڵه‌بانی بكرێ. حه‌كیم به ماچوموچ پێشوازی بریمه‌ر و هاورێكانی كرد. له گه‌ڵ بریمه‌ر سه‌فیر ریچمۆند و یه‌كێكی تر هاتبو. كۆبونه‌وه‌كه‌ی ده‌س پێكرد. بریمه‌ر هاوڕێ تازه‌كه‌ی خۆی پێشكه‌ش كرد: "سه‌فیر جۆنز، كه سه‌فیری ئه‌مه‌ریكی بوه له كوێت، یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین دیپلوماته‌كانی شاره‌زای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌بێته یاریده‌ده‌ری ئه‌و بۆ كاروباری سیاسیی".
حه‌كیم كه‌وته منجه منج وتی: "هناك الكثیر من الاشكالات فی الاتفاق...." روی كرده جه‌عفه‌ری و چاوه‌ڕێ بو ئه‌وانی تر ئیشكالاته‌كه باس بكه‌ن به‌ڵام نه جه‌عفه‌ری و نه به‌حرولعلوم هیچیان نه‌وت.
پاچه‌چی بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ری باسه‌كه بكاته‌وه وتی: "له سه‌ر جۆری پێكهێنانی -اللجنه التنظیمیه- قسه‌یان هه‌یه".
جه‌عفه‌ری وتی: "3 مه‌سه‌له هه‌ن پێویستیان به باسكردنه‌وه هه‌یه: 1- اعاده ترتیب مجالس البلدیات بشكل متكافئ فی المراكز وفی الضواحی، 2- تطبیق الشروط علی المرشحین لضمان سلامه الانتخابات، 3- التصویت فی اللجنه التنظیمیه تكون باكثریه 11 صوت من 15. هه‌روه‌ها هه‌مو هاووڵاتیه‌ك كه مه‌رجه‌كانی تێدا بێت هه‌قی خۆ پاڵاوتنی هه‌بێ و هه‌مو هاووڵاتیه‌ك هه‌قی ئیتیهامی پاڵێوراوه‌كانی هه‌بێ...".
توخنی ناڕه‌زایی بنه‌ڕه‌تی نه‌كه‌وتن كه دوێنێ باسیان كرد. من ویستم خۆمی تێهه‌ڵقورتێنم وتم: "ئه‌مانه سه‌باره‌ت به چاره‌نوسی م‌ح نیگه‌رانن چونكه دوای دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی نوێ هه‌ڵئه‌وه‌شێته‌وه".
بڕیار درا بۆ گفتوگۆی زۆرتر له سه‌ر ئه‌م باسانه رۆژی دوایی سه‌عات 14 – 16 له ماڵه‌كه‌ی بریمه‌ر دیسان هر كۆ ببێته‌وه. بریمه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌چێ بۆ به‌ربانگ له صه‌لاحه‌دین له لای بارزانی سبه‌ینێ ئه‌گه‌ڕێته‌وه.
كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی ده‌ستی پێكرد. بریمه‌ر به پێی ئه‌و نامه‌یه‌ی بۆ م‌ح ی ناردبو پرسی بوی كه بۆ نوسینی قانونه‌كه چ ئاماده‌كارییه‌ك كراوه. بۆی ده‌ركه‌ت شتێكی ئه‌وتۆ نه‌كراوه.
نامه‌ی تاڵه‌بانی به ناوی م‌ح ه‌وه بۆ نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان كه ده‌ورو ته‌سلیمی پاشماوه‌ی (پرۆگرامی نه‌وت به خۆراك) بو له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌ریم (عه‌بدولڕه‌زاق عه‌زیز و شه‌فیق قه‌زاز بكه‌ن) دابه‌ش كرا به‌سه‌ر ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ندا. كه‌س لێی نه‌دوا به بێده‌نگی تێپه‌ڕی. ئه‌و چه‌رده پاره‌یه‌ی مابوه‌وه چوار ملیار دۆلار بو.
كۆبونه‌وه‌ی لاوه‌كی:
چه‌ند حه‌فته‌یه‌ك تێپه‌ڕی قانونی جنسییه ده‌نگی نه‌بو. ئه‌ندامانی م‌ح چه‌ند جارێ له چاره‌نوسی قانونه‌كه‌یان پرسی. دیار بو سام ئیعتیرازی له سه‌ری هه‌بو له به‌ر ئه‌وه به فه‌رامۆشكراوی مابوه‌وه. م‌ح داوای له سام كرد چاره‌نوسی قانونه‌كه‌ی بۆ رون بكاته‌وه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئه‌مڕۆ سام تاقمێ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه ئه‌نێرێ. سه‌عات 13 كۆبونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی كۆمیته‌ی نوسینی قانونی جنسیه و شاره‌زایانی سام هه‌بو.
له سام: كارپێنته‌ر، رامۆن، گه‌وره قانونی سام سكۆت كاسل، له گه‌ڵ گه‌نجێكی تر نه‌مناسی.
له م‌ح: چادرچی، ره‌ئوف ده‌یبس، د- عه‌لا جه‌وادی (نوێنه‌ری به‌حرولعلوم)، د- حه‌قی ته‌میمی (نوێنه‌ری وائیل)، سه‌لاح عه‌بدولكه‌ریم (نوێنه‌ری قازی دارا) و من.
چادرچی وتی: "ئه‌م قانونه له لایه‌ن ئه‌ندامانی م‌ح به تێكڕای ده‌نگی هه‌موان په‌سند كراوه و نێردراوه بۆ شوری الدوله، كه به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی یاسایی عیراقه، ئه‌ویش په‌سندی كردوه‌و جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی میلله‌تی عیراقه چونكه زوڵم له‌سه‌ر به‌شێكی گه‌وره‌ی هاووڵاتییانی عیراق لائه‌با، ئێوه كه دواتان خستوه له سه‌ر كام ماده و فه‌قه‌ره‌ی ئه‌م قانونه ئیعتیرازتان هه‌یه؟".
كاسل وتی: "به پێی قانونی ده‌ولی ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ر بۆی نییه جنسییه ببه‌خشێ، هه‌روه‌ها م‌ح یش، كه هێشتا سیاده‌ی نییه، بۆی نییه جنسییه ببه‌خشێ، بۆیه به پێی قانونی ده‌ولی ئه‌م قانونه قابیلی جێبه‌جێكردن نییه".
هه‌ردولا كه‌وتنه گفتوگۆ‌و هه‌ر یه‌كه‌یان به‌هانه‌كانی خۆی باس كرد. ئه‌وانه‌ی ئێمه هه‌مو پشتیوانی به هێزیان له قانونه‌كه كرد. ئێمه وتمان: "ئه‌گونجێ پشت به بڕیاری 1511 ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ببه‌سترێ كه ئه‌ڵێ مه‌جلیسی حوكم و مه‌جلیسی وه‌زیران ته‌جسیدی سیاده ئه‌كه‌ن له عیراقدا...".
پێموایه ئه‌وانه بیانو بون. هۆی راسته‌قینه‌ی په‌سند نه‌كردنی به ئاشكرا باس نه‌كرد. هۆی راسته‌قینه‌ی ئه‌و جیاوازییه بو كه له قانونه‌كه‌دا له گه‌ڵ جوله‌كه كرابو. پێئه‌چێ تا ئه‌وه‌ش بمێنێ بریمه‌ر قانونه‌كه ئیمزا نه‌كا و نه‌یڕوێنێ. بریمه‌ر ده‌سه‌ڵاتی به كارهێنانی‌ڤیتۆی هه‌یه بۆ را‌گرتن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی م‌ح. هه‌روه‌كو خۆی ئه‌ڵێ: "هه‌رچی ئه‌و ئیمزای نه‌كا نابێته قانون".
بڕیار درا سه‌عات 12 ی رۆژی 1 ی 12 ی 03 جارێكی تر بۆ لێدوانی ئه‌م باسه كۆ ببینه‌وه.
×
تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ده‌وریی م‌ح، له‌گه‌ڵ وه‌فدی عیراق گه‌یشتۆته ئه‌نقه‌ره. به‌جیا له‌گه‌ڵ ته‌یب ره‌جه‌ب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی وه‌زیران، تورشاد توزمان، وه‌زیری ده‌ره‌وه به وه‌كاله‌ت، ده‌نیز بایكال، سه‌رۆكی جمهوریه‌ت خه‌لق پارتی سی، كۆبۆته‌وه.
20 ی 11 ی 03 پێنجشه‌م:
سه‌عات 1 و 30 ده‌قیقه له باره‌گای م‌ح كۆبوینه‌وه و سه‌عات 2 به‌ڕێ كه‌وتین بۆ ماڵه‌كه‌ی بریمه‌ر.
عادل موراد و قوباد تاڵه‌بانی و به‌نده‌ی به‌سزمان له یه‌كێتی.
حه‌كیم و عادل عه‌بدولمهدی، به‌حرولعلوم و عه‌لا جه‌وادی، جه‌عفه‌ری و عه‌دنان ئه‌سه‌دی، پاچه‌چی و عه‌تا عه‌بدولوه‌هاب، عه‌لاوی و هانی ئیدریس، چه‌له‌بی و نه‌بیل موسه‌وی، حاچم حه‌سه‌نی، رۆژ شاوه‌یس، ئاماده بون.
بریمه‌ر به خێرهاتنی كردین و وتی: "ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه له سه‌ر داوای حه‌كیم بوه با بفه‌رموێ قسه بكا".
حه‌كیم داوای له ئه‌ندامانی هر كرد قسه بكه‌ن.
به‌حرولعلوم وتی: "من قسه‌كانم بۆ (الغا‌ء) ی رێكه‌وتنه‌كه نییه به‌ڵكو بۆ ته‌حسین و ته‌عدیله... 1. دوای دامه‌زراندنی مه‌جلیسی ئینتیقالی م‌ح ئیلغا ئه‌بێ (ضمان) چییه بۆ ئه‌وه‌ی مه‌جلیسی داهاتو خواسته‌كانی عیراق ئه‌نوێنێ له‌به‌ر ئه‌وه (مجلس الحكم یجب ان یبقی)، 2. (اللجنه التنظیمیه) مه‌جلیسی شاره‌كان (لملوم) ن و نایانناسین، پاشماوه‌ی رژێمیان تیایه، ئه‌بێ ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی له‌و لوجنه‌یه‌دا كه له لایه‌ن م‌ح ه‌وه دائه‌نرێن 8 كه‌س بن (حتی یتعادل العدد)، 3. الاتفاقیه الامنیه، 4. له‌م رێكه‌وتنه‌دا هیچ ده‌ورێك نه‌دراوه به نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، 5. لم یذكر دور عقیده الشعب العراقی و هویته الاسلامیه والعربیه".
جه‌عفه‌ری وتی: "1- عراقیه المشروع، 2- مواطنو الخارج، مشاركتهم فی العملیه، 3- مجالس البلدیات لا یوجد تكافؤ كمی ونوعی، 4- اللجان التنظیمیه، 5- دور الامم المتحده، 6- المساله الامنیه، مع ولاده البرلمان یترك الامن للبرلمان".
پاچه‌چی و چه‌له‌بی و عه‌لاوی و حاچم ته‌ئكیدیان له سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی سیاده كرد كه رێكه‌وتنه‌كه دابینی ئه‌كا.
من وتم: "رێککه‌وتنه‌که ده‌سکه‌وتێکی نیشتمانیی گه‌وره‌یه. م‌ح موته‌هه‌مه به‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ته‌عینی كردوه، ئه‌وه نامێنێ، موته‌هه‌مه به‌وه‌ی تائیفی و عیرقییه ئه‌وه نامێنێ، موته‌هه‌مه به نیزامی موحاصه‌صه ئه‌وه‌ش نامێنێ، هه‌مو ئه‌و ره‌خنانه‌ی له م‌ح ئه‌گیرێن نامێنن. ئه‌و تێبینییانه‌ی به‌حرولعلوم و جه‌عفه‌ری باسیان كرد، ئه‌وی مه‌عقول و مه‌نتیقی بێ، ئه‌گونجێ له قانونی ئیداره‌ی ئینتیقالییدا بنوسرێ".
د- رۆژ پشتیوانی له هه‌مو قسه‌كانی من كرد و ئه‌ویش وتی: "به‌م رێكه‌وتنه سیاده ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ عیراق كه داوای هه‌مو گه‌لی عیراقه".
حه‌كیم وتی: "تا ئیستا رێكه‌وتنه ئیمزا كراوه‌كه‌م نه‌دیوه... 1. تغییب كامل للشعب العراقی واراده الشعب العراقی... 2. مالم یكن هناك ضمان لوجود كیان موثوق به من غیر الصحیح التخلی عن مجلس الحكم الذی حصل علی الاعتراف العربی والاسلامی والدولی.... 3. المسأله الامنیه... التوقیع غیر ملزم لنا.. نحن لا نلتزم بالاتفاق. الاتفاق تجاوز علی مبدأ التوافق... صار اختراق لمبدأ التوافق... نحن لم نخول مام جلال لتوقیع الاتفاق...".
بریمه‌ر وتی: "ئێمه چه‌ند رۆژێ به سه‌ختی كارمان له سه‌ر ئه‌م رێكه‌وتنه كردوه. هه‌موتانم یه‌كه‌یه‌كه بینیوه و گفتوگۆم له گه‌ڵ كردون. سه‌رۆك بوش و سه‌روه‌زیران تۆنی بلێر بینیویانه و هه‌ردو حكومه‌ت به قوڵی ئیلتیزامیان هه‌یه بۆ جێبه‌جێكردنی".
كۆبونه‌وه‌كه ته‌واو بو. هر بڕیاریدا بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌م كێشه‌یه سه‌عات 1 ی رۆژی شه‌مه جارێكی تر كۆ ببێته‌وه. بریمه‌ر ئاگاداری كردن كه ئه‌م قسانه له راگه‌یاندندا باس نه‌كه‌ن و رۆژی شه‌مه له سه‌ر هه‌ر شتێ رێككه‌وتن، به‌رله‌وه‌ی له ده‌زگاكانی راگه‌یاندندا بڵاوی بكه‌نه‌وه، ئه‌وی لێ ئاگادار بكه‌ن.
پێموایه حه‌كیم دیسان بۆ مه‌به‌ستێكی تر ئه‌م بێنه‌و به‌ره‌یه ئه‌كات.
ئه‌مه شتێكی تری به بیر هێنامه‌وه. دوای روخانی صه‌دام كه جای گارنه‌ر بۆ عیراق دانرا، هاته كوردستان له گه‌ڵ تاڵه‌بانی و بارزانی چه‌ند جارێ دانیشت. گفتوگۆی زۆر كرا كه له‌مه‌ودوا چی بكرێ؟ گارنه‌ر داوای له تاڵه‌بانی و بارزانی كرد:
- هه‌ردوكیان بێنه به‌غداد.
- گروپی 5 بۆ ئه‌وه‌ی بنكه‌كه‌ی فراوان بێ، هه‌ندێ له حیزب و رێكخراو و كه‌سایه‌تی نوێی تێكه‌ڵاو بكه‌ن و ژماره‌كه‌ی بكه‌ن به 20 – 25.
گروپی 5 بریتی بو له یه‌کێتی، پارتی، موئته‌مه‌ر، ویفاق، مه‌جلیسی ئه‌علا. ئه‌م 5 رێکخراوه ئه‌مه‌ریکا له قانونی رزگاری عیراقدا به ره‌سمی وه‌کو هێزی موعاره‌زه‌ی عیراقی ناسیبونی.
- كۆنگره‌یه‌كی نیشتمانی رێكبخه‌ن 300 – 500 كه‌سایه‌تی جۆراوجۆری كۆمه‌ڵی عیراقی به‌شداری تێدا بكه‌ن.
- له‌و كۆنگره‌یه‌دا حكومه‌تێكی عیراقی له ژێر سه‌رپه‌رشتی خۆتاندا پێكبهێنن، كاروباری عیراق بگرنه ده‌س.
تاڵه‌بانی و بارزانی، هه‌ردوكیان، هاتنه به‌غداد. به سه‌دان كه‌سایه‌تی جیاوازی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئاكادیمی، خێڵه‌كی، دینیی.. یان بینی و سكرتاریه‌تێكیان بۆ گروپی 5 پێكهێنا. نوێنه‌ری یه‌كێتی له‌و سكرتاریه‌ته‌دا محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم بو.
به درێژایی 3 حه‌فته نوێنه‌ره‌كانی گروپی 5 له به‌غداد خه‌ریكی مشت‌ومڕ و گفتوگۆ بون بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی گروپه‌كه زیاد بكه‌ن بۆ 20 یان 25 لایه‌ن و كه‌س. نوێنه‌ری مه‌جلیس به هیچ جۆرێ قبوڵی نه‌كرد و ئه‌یویست وه‌كو (ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش) هه‌ر به‌و ژماره كه‌مه بمێنێته‌وه و ئیداره‌ی عیراق بكا. به ئه‌نقه‌ست درێژه‌یان دا به گفتوگۆی بیزه‌نتی و به كۆبونه‌وه‌كان. كاروباری عیراق رۆژ به رۆژ زیاتر به‌ره‌و په‌شێوان و ئاڵۆزی ئه‌چو. سه‌ره‌نجام ئه‌مه‌ریكایییه‌كان له‌مانه نا‌ئومێد بون. پرۆژه‌ی بڕیاری 1483 ی 2003 یان برده ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن خۆیان راسته‌وخۆ كاروباری عیراق به‌ڕێوه ببه‌ن خۆیان وه‌كو (ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ر) به ناسین دا. مه‌جلیس ئه‌و هه‌له‌ی له ده‌س دا، ئیستاش ئه‌یانه‌وێ هه‌مان ره‌فتار دوباره بكه‌نه‌وه. بڵێی ئه‌مجاره‌ش بۆیان بچێته سه‌ر؟
21 ی 11 ی 03 هه‌ینی:
سه‌عات 15 له گه‌ڵ م ش دانیشتم رێكه‌وتنه‌كه و به‌یانی رۆژنامه‌وانی و ده‌ستوره‌كانی به‌لچیكا و مالیزیا و ئیماراتم دایه له گه‌ڵ تێبینیه‌كانی خۆم. به‌ڵێنی دا هه‌ندێ بابه‌تمان بۆ قانونی ئیداره‌ی عیراق بۆ ئاماده بكات.
22 ی 11 ی 03 شه‌مه:
حه‌كیم به وه‌كاله‌ت سه‌رۆكایه‌تی كۆبونه‌وه‌كه‌ی كرد.
كۆبونه‌وه‌ی دانی به‌یانی هه‌موی ته‌رخان كرا بۆ رونكردنه‌وه‌ی ئیعتیرازه‌كانی شیعه. سامی عه‌سكه‌ری (نوێنه‌ری به‌حرولعلوم) و عادل عه‌بدولمه‌هدی (نوێنه‌ری حه‌کیم) به درێژی باری سه‌رنجی خۆیان رون كرده‌وه.
هر (هيئة رئاسية) پاش نیوه‌ڕۆ كۆبوه‌وه. حه‌كیم رۆیشت پاچه‌چی سه‌رۆكایه‌تی كرد. بڕیار درا (ملحق: Annex) ێك بۆ رێكه‌وتنه‌كه بنوسرێ و له گه‌ڵ سام مفاوه‌زه‌ی له سه‌ر بكرێ. عادل عه‌بدولمه‌هدی نوسی: ئیحتیرامی هه‌ویه‌ی ئیسلامی دینی زۆرایه‌تی خه‌ڵكی عیراق. ده‌سكاری ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانییه‌كان پێش هه‌ڵبژاردن. دانانی مه‌رج بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌بنه ئه‌ندامی مه‌جلیسی ئینتیقالی. به‌شداری نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان. شێوه‌یه‌ك بدۆزرێته‌وه بۆ مانه‌وه‌ی م‌ح. ریكه‌وتنی ئه‌منی له گه‌ڵ سام بكرێ. عه‌لاوی و چه‌له‌بی و عادل و رۆژ دانران بۆ گفتوگۆ.
به‌حره‌لعلوم له قسه‌كانییدا بۆ پاساوی مانه‌وه‌ی م‌ح وتی: "تردون الصراحه یا اخوان؟ نحن ندافع عن حقوقنا" پێشینان وتویانه: شین بۆ حسه‌ین نییه بۆ هه‌ریسه‌كه‌یه.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ تاڵه‌بانی گه‌یشته‌وه به‌غداد.
23 ی 11 ی 03 یه‌كشه‌م:
تاڵه‌بانی سه‌رۆكایه‌تی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی كرد.
باسی سه‌فه‌ره‌كه‌ی ئێران و توركیای گێڕایه‌وه.
له سه‌ر داوای سام بڕیار درا قه‌ناتی العربیه سزا بدرێ چونكه وتارێكی صه‌دامی بڵاو كردۆته‌وه تێیدا داوای له خه‌ڵك كردوه ئه‌مه‌ریكایی و ئه‌و عیراقییانه‌ی هاوكارییان ئه‌كه‌ن، بكوژن. ئه‌مه‌ش هاندانه بۆ كوشتن و توندوتیژی.
لوجنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له گه‌ڵ ئه‌سكه‌نده‌ر وتوت محافیزی بابل داوای گۆڕینیان كرد.
له سبه‌ینێوه وچانی م‌ح ده‌س پێئه‌كا تا دوای جه‌ژن.
شه‌و هیئه علما‌ء المسلمین كردیان به جه‌ژن. به‌و بۆنه‌یه‌وه له ناو به‌غداد ته‌قه‌یه‌كی زۆر كرا.
24 ی 11 ی 03 دوشه‌م:
له گه‌ڵ ئه‌حمه‌د بامه‌ڕنی گه‌ڕامه‌وه بۆ سلێمانی. له رێگا 3 سه‌عات دوا كه‌وتین چونكه هێزێكی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ریكی گه‌مارۆی عوزێمی داب‌و، رێگای هاتوچۆیان بڕی بو.
سلێمانی له گه‌ڵ هیئه علما‌ء المسلمین كردویانه به جه‌ژن، به‌ڵام هه‌ولێر و كه‌لار نه‌یانكردوه به جه‌ژن.
25 ی 11 ی 03 سێشه‌م:
هه‌ولێر له گه‌ڵ شیعه‌ی موقته‌دا صه‌در كردویانه به جه‌ژن، هه‌روه‌ها میصر و سودان و خه‌لیج.
26 ی 11 ی 03 چوارشه‌م:
سیستانی ئه‌مڕۆ كردی به جه‌ژن.
مه‌لاكانی عیراق، هه‌روه‌ها مه‌لاكانی دنیای ئیسلام، له سه‌ر دیاریكردنی رۆژی جه‌ژن پێك نه‌هاتن! ئه‌مه یه‌كێكه له نیشانه‌كانی دواكه‌وتنی بیری فه‌لسه‌فی زاناکانی ئیسلام كه تا ئیستا نه‌یانتوانیوه له گه‌ڵ پێشكه‌وتنی زانستییدا هه‌نگاو بنێن. له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه زانست ئه‌وه‌نده پێشكه‌وتوه مانگی ده‌سكرد ئه‌نێرێ بۆ ئاسمان، دامه‌زراوه زانستییه‌كان به ئاسانی ئه‌توانن زۆر به وردی كاتی هه‌لهاتن و ئاوابونی مانگ و خۆر دیاری بكه‌ن، كه‌چی تا ئێستا بۆ هه‌ڵهاتنی مانگ پشت به بینینی چاوی مرۆڤ و سوێند خواردن ئه‌به‌ستن.
27 ی 11 ی 03 پێنجشه‌م:
ئه‌مه‌ریكییه‌كان جه‌ژنێكیان هه‌یه تایبه‌ته به خۆیان پێی ئه‌ڵێن: (جه‌ژنی سپاسكردن). دوای دوه‌مین جه‌نگی جیهانی وه‌كو نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتن دایانهێناوه. هه‌مو ساڵ ئه‌مڕۆژه ئه‌كه‌ن به جه‌ژن. سپاسی یه‌زدان ئه‌كه‌ن كه سه‌ریخستون. بۆ به‌شداری سه‌ربازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌و جه‌ژنه‌دا، سه‌رۆك بوش كتوپڕ و بێ ئاگاداری پێشه‌كی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ئێواره گه‌یشته فڕۆكه‌خانه‌ی ناوده‌وڵه‌تی به‌غداد. مه‌راسیمی پێشوازی له فڕۆكه‌خانه بۆ ساز كرابو. له ئه‌ندامانی م‌ح: تاڵه‌بانی سه‌رۆكی نۆره‌یی م‌ح، چه‌له‌بی، روبه‌یعی، د- ره‌جا خوزاعی، له‌و پێشوازییه‌دا ئاماده بون و گفتوگۆیان له گه‌ڵ كردبو. بوش ته‌نیا دو سه‌عات و نیو مابوه‌وه. راسته‌خۆ گه‌ڕابوه‌وه بۆ ئه‌مه‌ریكا.
29 ی 11 ی 03 شه‌مه:
له گه‌ڵ حه‌مه تۆفیق و ئه‌حمه‌د بامه‌ڕنی گه‌ڕاینه‌وه به‌غداد.
به پێی وتارێكی رۆژنامه‌ی (الصباح) ی به‌غدادیی ئه‌مڕۆ كه له (ایلاف)ی دوبه‌یه‌وه وه‌ریگرتوه، حكومه‌تی قه‌ته‌ری، گۆڕینی بنه‌ڕه‌تی له (مجلس الاداره)ی قه‌ناتی الجزیره‌دا كردوه. مه‌جلیسی نوێ پێكهاتوه له: الشیخ حمد بن ناصر ئال سانی ره‌ئیس، خلف احمد المناعی نائیبی ره‌ئیس و ئه‌ندامه‌تی جمیل عبدالله جعفر، عبدالله مبارك الخلیفی، حسن محمد الانصاری، قاسم محمد جعفر، قاسم عبدالله العمادی.
هه‌رچه‌نده به‌پێی زانیارییه‌كانی ئه‌م وتاره بڕیاره‌كه‌ی قه‌ته‌ر بۆ دانانی سنورێكه بۆ نفوز‌و ده‌سه‌ڵاتی اخوان المسلمین له قه‌ناته‌كه‌دا كه یوسف ئه‌لقه‌ره‌زاوی رێكی خستوه، به‌ڵام پێئه‌چێ گوشاری ئه‌مه‌ریكی كاریگه‌ر بوبێ، چونكه به‌ر له‌چه‌ند رۆژێ رامسفیلد له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا به هه‌ڕه‌شه‌وه باسی ده‌وری خراپی الجزیره و العربیه‌ی كرد.
(اكثر من رأی) و (الاتجاه المعاكس) كه دو به‌رنامه‌ی حه‌فتانه‌ن و له بابه‌ته‌كانیاندا لایه‌نگری صه‌دام و ره‌گه‌زپه‌رستی عه‌ره‌بی و دوژمنایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا و رۆژئاوا‌و ئیسرائیل بڵاوئه‌كه‌نه‌وه، یه‌كه‌میان سامی حه‌داد، كه مه‌سیحییه، ئاماده‌ی ئه‌كات و دوه‌میشیان فه‌یصه‌ل ئه‌لقاسم، كه دورزییه، ئه‌م دوانه كه له هه‌ره توندڕه‌وه‌كانن هیچیان ناتوانن اخوان المسلمین بن. ئه‌مه‌یش ئه‌وه ئه‌گه‌یه‌نێ كه رێبازی قه‌ناته‌كه به گشتی وه‌ها بوه.
30 ی 11 ی 03 یه‌كشه‌م:
مام جه‌لال سه‌رۆكایه‌تی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی كرد.
بارزانی و د- رۆژ، دوێنێ و ئه‌مڕۆ له كۆبونه‌وه‌كاندا به‌شدار بون.
باس له هه‌ڵبژاردنی گشتیی كرایه‌وه.
د- موحسین حه‌مید قسه‌ی زۆر گرنگ و كراوه‌ی كرد: "خه‌ڵكی عیراق سیاده و سه‌ربه‌خۆیییان به‌لاوه گرنگتره له هه‌ڵبژاردن. چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن كه له كاتی دیاریكراودا ئیحتیلال ته‌واو ببێ. موجته‌هیدێك چه‌ند گه‌وره‌بێ نابێ بیروڕای فه‌رز بكرێ به سه‌ر هه‌مو میلله‌تدا و هه‌مو جار كه مه‌سه‌له‌یه‌ك هاته پێشه‌وه به بیانوی ئه‌وه‌ی فڵان موجته‌هید وا ئه‌ڵێ دوا بخرێ. سه‌ره‌ڕای رێزی زۆرمان بۆ ئایه‌توڵا سیستانی ئه‌مه شتێكی خه‌ته‌ره ئه‌ترسم سه‌ره‌نجام رامان بكێشێ بۆ ولایه‌تی فه‌قیه". پاش كه‌مێ د- موحسین ئیزنی خواست و رۆیشت. حاچم چوه شوێنی.
د- به‌حره‌لعلوم وتی: "سه‌ره‌ڕای ته‌حه‌فوزاتم له‌سه‌ر قسه‌كانی د- موحسین و نه‌زانینیی فه‌رقی به‌ینی موجته‌هیدو مه‌رجه‌ع، سیستانی مه‌رجه‌ع به‌ڵكو به‌رزترین مه‌رجه‌عی دینییمانه".
×
سیستانی بۆته كۆسپێكی ناقۆڵا له رێگه‌ی پرۆسه‌ی دیمۆكرتیزه‌كردنی عیراقدا. لوتی ژه‌ندۆته كاروباری ناوخۆی عیراقه‌وه. لایه‌نگره‌كانی ئه‌یانه‌وێ بیروڕاكانی به‌سه‌ر هه‌مو گه‌لی عیراقدا بسه‌پێنن. له ناو م‌ح دا جۆرێ له ئیرهابی فیكرییان سه‌پاندوه ئه‌ندامه‌كانی نا‌وێرن بیروبۆچونه‌كانی خۆیان به ئاشكرا ده‌رببڕن.
یه‌كه‌م، سیستانی كابرایه‌كی ئێرانییه، بۆچی ئه‌بێ رێ بدرێ ده‌س وه‌ر بداته مه‌سه‌له چاره‌نوسییه‌كانی عیراق؟
دوه‌م، سیستانی بۆ تائیفه‌ی شیعه مه‌رجه‌عه، بۆچی ئه‌بێ قسه‌كانی به‌سه‌ر سونه و مه‌سیحی و ناموسوڵمانه‌كانی تری عیراقدا بسه‌پێنرێ، كه زۆرایه‌تی هاووڵاتیانی عیراق پێكئه‌هێنن؟
سێیه‌م، سیستانی له ناو شیعه‌كانی دنیادا یه‌كێكه له مه‌رجه‌عه‌كان و ته‌نیا مه‌رجه‌عی ته‌قلیدكراوی هه‌مو شیعه‌ی عیراق و دنیا نییه، ته‌نانه‌ت كه‌سانی وه‌كو موقته‌دا صه‌در به ئاشكرا به‌ربه‌ره‌كانی ئه‌كه‌ن و بۆ جیاكردنه‌وه‌ی خۆیان له‌وان به خۆیان ئه‌ڵێن (الحوزه العلمیه الشریفه) و (الحوزه الناطقه).
چواره‌م، سیستانی، وه‌كو خۆی وتویه‌تی، 12 ساڵه له ماڵه‌كه‌ی خۆی ده‌رنه‌چوه. سه‌یری سه‌ته‌لایت و هه‌واڵه‌كانی ناكاو تێكه‌ڵاوی خه‌ڵك نابێ و گه‌شتی شار‌و ناوچه جیاجیاكانی عیراقی نه‌كردوه و ناكا، به واته‌یه‌كی تر ئاگادارییه‌كی زۆری له سه‌ر هه‌لومه‌رجی عیراق نییه. كابرایه‌كی وه‌ها چۆن ئه‌توانێ له هه‌لومه‌رجی ئاڵوزكاوی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، رۆشنبیری... گه‌لێكی فره- نه‌ته‌وه و فره- دین و فره- مه‌زه‌بی وه‌كو عیراقدا بیروڕای دروست ده‌رببڕێ؟
ئه‌وه یه‌كه‌م جاره یه‌كێ ئازایانه و به ئاشكرا له‌و باره‌یه‌وه هه‌ڵبداتێ.
جارێكیان، چه‌ند حه‌فته‌یه‌ك پێش ئیستا، باسی فتواكه‌ی سیستانی كرا، من وتم: سیستانی ئێرانییه به چ هه‌قێ له چاره‌نوسی عیراقدا موداخه‌له ئه‌كا. به‌حره‌لعلوم و دینییه‌كانی تر هاتنه‌وه به گژمدا خه‌ریك بو بمخۆن.
×
3 لوجنه هه‌ڵبژێردرا بۆ:
1- گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سام له سه‌ر هه‌ڵبژاردن و رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی محافه‌زه‌كانی عیراق، پێكدێ له: جه‌عفه‌ری، چادرچی، حه‌مید مو‌سا، صومه‌یده‌عی، یۆنادم، عادل عه‌بدولمه‌هدی، رۆژ.
2. نوسینی قانونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق، پێك دێ له: حه‌كیم، د- موحسین، دارا، چادرچی، د- مه‌حمود، چه‌له‌بی، یۆنادم، رۆژ، به‌نده‌ی به‌سزمان.
3. دانانی ژێرخانی پێویستی رێكخستن و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن به هاوكاری له گه‌ڵ سام (سلطة الاتلاف المؤقتة) پێكدێ له: جه‌عفه‌ری، به‌حره‌لعلوم، چه‌له‌بی، روبه‌یعی، شێخ غازی، دارا، ره‌جا خوزاعی، سونگول، رۆژ.
×
سه‌عات 13 تاڵه‌بانی، به‌بۆنه‌ی ته‌واوبونی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی، ماڵئاوایی له ئه‌ندامانی م‌ح كرد. بۆ هاوكاری سپاس و بۆ هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر یه‌كێكیان كردبێتی، داوای لێبوردنی لێ‌كردن.
پاشنیوه‌ڕۆ د- مه‌حمود و من چوینه ماڵی مام جه‌لال. بارزانی و مه‌سرور و رۆژ و دارا نوره‌دین و سه‌لاحه‌دین به‌هائه‌دین له‌وێ بون. كۆبونه‌وه‌یه‌كمان كرد ده‌رباره‌ی یه‌كخستنی هه‌ڵوێست له مه‌سه‌له‌كانی ده‌ستور به تایبه‌تی فیدرالیزم.
حه‌كیم و عه‌بدولمه‌هدی هاتن بۆ ماڵی مام جه‌لال بۆ كۆبونه‌وه. ئێمه هه‌ستاین و خواحافیزییمان لێ‌كردن.
×
ئه‌م مانگه سه‌خت بو بۆ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان. زیاتر له 70 ئه‌مه‌ریكایی و 19 ئیتالی و 7 ئه‌فسه‌ری ئیسپانی و 2 كۆری و 2 دیپلۆماتی ژاپۆنی و 1 به‌ڵێنده‌ری كۆلۆمبی، كوژراون.
........