له عه‌ره‌بیه‌وه: جیهاد محه‌مه‌د حه‌مه‌که‌ریم
ڵێکۆڵینه‌وه‌ی هه‌مه‌جۆر هه‌ن له‌سه‌ر رچه‌ڵه‌کی کورده فه‌یلیه‌کان و بنه‌مای ناودابڕان و واتای وشه‌که.
هه‌روها له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی که له دێرزه‌مانه‌وه تیا ژیاون و ئێستا تیا ده‌ژین. هه‌مو توێژه‌ره رۆژهه‌ڵاتناس و کورد و فارس و عه‌ره‌به‌کان یه‌ک ده‌ره‌نجامیان هه‌بوه له‌م روه‌وه، ئه‌گه‌رچاوێک بخشێنینه‌وه به په‌رتوکه‌کانیاندا. یه‌کێک له‌و په‌رتوکانه په‌رتوکی "فه‌یلیه‌کان" ی نه‌جم سه‌لمان فه‌یلی کۆچکردوه که جه‌رجیس فه‌تحوڵا پیاچونه‌وه و راڤه‌یه‌کی به که‌ڵکی بۆ کردوه له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه، به شێوازێکی ورده‌کاریه‌وه باسی خێڵه کورده فه‌یلیه‌کان ده‌کات له عێراق و ئێران‌دا{1}. بۆ ئه‌مه‌ش پشت به ژماره‌یه‌کی گه‌وه‌ره له لێکۆله‌ره کۆن و نوێکان ده‌به‌ستێت.
کورده فه‌یلیه‌کانی عێراق به‌شێکن له گه‌لی کورد له عێراقدا، ئه‌مان و هه‌مو کورده‌کانی ناوچه‌کانی تری کوردستان نه‌ته‌وه‌ی کورد له کوردستانی گه‌وه‌ره‌دا پێکده‌هێنن. نه‌وه‌ی کورده فه‌یلیه‌کان هه‌ر وه‌ک کچان و کوڕانی کورده‌کانی تر سه‌ربه چه‌ندین خێله کوردن که له‌ناو یه‌کدا تواونه‌ته‌وه و یه‌کیانگرتوه و دابه‌شبون له روی جیوگرافی و سیاسیه‌وه به‌سه‌ر عێراق و ئێران‌دا.
کورده فه‌یلیه‌کان له ناوچه‌کانی خۆایندا له ژێر ململانێ و کێشمه‌کێشی به‌رده‌وامی نێوان ده‌وڵه‌تی فارسی و ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا ژیاون، پاش تێکشکاندنی ده‌وڵه‌تی عه‌باسی و دروستبونی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و هه‌وڵی فراوانکردنی قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆی به‌ره‌و رۆژهه‌ڵات، زۆر به‌ی شوێنه‌کانی تری کوردستان که‌وه‌ته ژێرپێی ئه‌م ململانێ و جه‌نگانه‌وه و زه‌ره‌رێکی زۆری مرۆیی و مادی لێکه‌وت. له ناو کودرده فه‌یلیه‌کاندا زۆر سه‌رکرده‌ی دیار ده‌رکه‌وت و بۆ سه‌رکردایه‌تی جه‌نگی به‌رگریکردن له ده‌ڤه‌ر و خاک و گه‌له‌که‌یان، ئه‌م توێژه له گه‌لی کورد، هه‌ر وه‌ک هه‌مو گه‌لی کورد له به‌شه‌کانی تری کوردستاندا دڵ و ده‌رونیان له مێژه‌وه تژیه له‌و ره‌وشه‌ی که تیادا ژیانیان به‌سه‌ربردوه و هه‌میشه سنگیان پڕ بوه له‌و ئاوات وهیوایه‌ی که ده‌ربڕی ژیان و ئه‌و خه‌ونه بوه که تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وام له گه‌ڵیاندا ده‌ژی.
چاوچنۆکی و ته‌ماحی هه‌ردو ده‌وڵه‌تی فارسی و عوسمانی بۆ ئه‌و خاکه‌ی که کورد له سه‌ری ده‌ژی بو به رێگر له‌به‌رده‌م پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی کوردی‌دا، هه‌ر وه‌ک چۆن بون به رێگریش له‌به‌رده‌م عه‌ره‌بدا بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی، جارێک به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارێتی عوسمانیه‌کان و جارێکی تر به ده‌ست فارسه‌کانه‌وه ناڵه‌یان ده‌کێشا. تا ساڵی 1639 هه‌وڵێک درا بۆ دانانی سنورێک بۆ جه‌نگی نێوان ئه‌م دو ده‌وڵه‌ته له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی که کێشمه‌کێشیان هه‌بو له‌سه‌ری به پێی رێکه‌وتنامه‌یه‌ک، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه نه‌بو که ئه‌و ناوچانه ئازادبکرێن، به‌ڵکو بۆ دابه‌شکردنیان به سه‌ر ئه‌و دو ده‌وڵه‌ته‌دا بو. دوای نزیکه‌ی سێ سه‌ده، واته له ساڵی 1929 واژۆکرا له‌سه‌ر رێکه‌وتنامه‌ی قه‌سری شیرین(زهاب) له نێوان حکومه‌تی عێراقی به‌و پێیه‌ی که میراتگری ده‌وڵه‌تی عوسمانیه له‌گه‌ل ده‌وڵه‌تی فارسی‌دا، به‌م جۆره ناوچه‌کان دابه‌شکران به‌سه‌ریاندا، هه‌روه‌ها عوسبه‌ت لئومه‌م هه‌مو کوردستانی دابه‌شکرد له نێوان ده‌وڵه‌تانی ناوچکه‌دا، له‌م دابه‌شکردنه‌دا موسڵ به‌ر عێراق که‌وت، به‌شه‌کانی تری کوردستان که‌وته ژێر ده‌ستی ده‌وڵه‌تانی تر. ئه‌وه‌ی سه‌یره له‌م دابشکردنه‌دا به هیچ جۆرێک پرس به کورده فه‌یلیه‌کان نه‌کرا له‌وه‌ی که ده‌یانه‌وێت و خواستیانه، به‌ڵکو رێکه‌وتنامه سه‌پێنرا به سه‌ریاندا هه‌روه‌ک چۆن دابه‌شکردن سه‌پێنرا به‌سه‌ر کوردستاندا له ساڵه‌کانی پێش جه‌نگ و کاتی جه‌نگی یه‌که‌مدا. له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه بو که حاکمه عراقیه عه‌ربه‌کان ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵیاندا و هه‌مو رێگه‌یه‌کی نا مه‌شروعیان گرته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی که کورده فه‌یلیه‌کان به دانیشتوی ئه‌و ناوچانه دانه‌نێن که به‌ر عێراق که‌وتوه به‌ڵکو به ته‌بعیه‌ی ئیڕانیان دانان، ئه‌م توێژه فراوانه‌ی گه‌لی کورد زۆری له ئازار‌و مه‌ینه‌تی ده‌رونی و جه‌سته‌یی چه‌شت و زۆر قوربانی گیانی دا. ئه‌مه لاکاتێکدا که باش ئه‌وه‌یان ده‌زانی که کورده فه‌یلیه‌کان زۆر پێش عه‌ره‌به هاتوه‌کانی کاتی به‌رفراوانبونی قه‌له‌مڕه‌وی ئیسلام له‌م ناوچانه‌دا جێگیر بون. ناهه‌قیه‌کی گه‌وره‌یان ده‌رهه‌ق به‌و گه‌له کرد که له‌سه‌ر خاکی خۆایان مافی هاولاتی بونیان پێنه‌دراو به بێگانه دایاننان وه‌ک له یاسای ره‌گه‌زنامه‌ی عیراقی ساڵی 1924 دا هاتوه .
مێژو شاهیده تا ئه‌مڕۆش که کورده‌کان پێش هاتنی ئیسلام و داگیرکردنه ئیسلامیه‌کان له‌م ناوچانه‌دا هه‌بون، وه به‌شێک بون له ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌وی، پاش روخانی ئه‌مه‌و‌یه‌کان به‌شێک بون له ده‌وڵه‌تی عه‌باسی که به‌رفراوانی سنوری ده‌گیشته فارس و هه‌مو خاکی کوردستانی گرتبوه‌وه. له سه‌رده‌مه جیاوازه‌کاندا پێش هاتنی ئیسلام و دوای روخانی ده‌وڵه‌تی عه‌باسی به‌شه‌کانی کوردستان و کورده فه‌یلیه‌کان به‌شێک بون له ده‌وڵه‌تی فارس، له‌گه‌ڵ بونی ئیماره‌ته‌کانی کورد له کوردستاندا حاکمه فه‌یلیه‌کان حوکمی ناوچه‌کانی خۆیانیان کردوه.
به‌ڵام ئه‌مڕۆ ناوچه کورده فه‌یلیه‌کان، که به‌شێک له کوردستانه، به پێی رێکه‌وتنامه‌ی 1929 دابه‌شبو به سه‌ر هه‌ردو ده‌وڵه‌تی عیراقی و ئێرانی‌دا. هاتوچۆی کورده فه‌یلیه‌کان له ناوچه‌کانی خۆیاندا له نێوان هه‌ردو ده‌وڵتی عوسمانی و فارسی‌دا سروشتی بوه، له کاتێکدا که رێژه‌یه‌کی زۆر له کورده فه‌یلیه‌کان کۆچه‌ر بون، رێژه‌یه‌کیشیان به کشتوکاڵه‌وه خه‌ریک بون و جێگیر بون. رێژه‌یه‌کی که‌مینه‌شیان له شاره‌کاندا بون. جوڵه‌و هاتوچۆی کورده فه‌یلیه‌کان له نێوان عێراق و ئێران‌دا به شێوازێکی سروشتی بوه و هیج رێگریه‌ک له به‌رده‌میاندا نه‌بوه به تایبه‌تی بۆ کۆچه‌ریه‌کان تا رێکه‌وتنامه‌ی قه‌سری شیرین، سنوری عێراق کراوه بوه بۆیان چونکه به‌شێکیان له دابه‌شکردندا به‌ر عێراق که‌وتون، هیچ پیانسه‌یه‌کی دیاری کراو نه‌بوه که رێگریان لێبکات، ئه‌وانه‌ی له عێراقدا ژیاون له‌سه‌ر خاکی خۆیان بون، ئه‌وانه‌ی له ئێرانیشدا ژیاون به هه‌مان شێوه له‌سه‌ر خاکی خۆیان بون، ئه‌م خاکه‌ش که به‌ده‌م یه‌که‌وه بوه و کورده فه‌یلیه‌کان له‌سه‌ری ژیاون، ئه‌م خاکه کوردستان بوه، ئه‌م هه‌سته لای کورده فه‌یلیه‌کان هه‌بوه، هه‌ر ئه‌م هه‌سته‌ش بو که کاریگه‌ری دانابو له‌سه‌ریان که داوای ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی و ئێرانی نه‌که‌ن، چونکه ئه‌مان له راستیدا نه عیراقی بون نه ئێرانی، به‌لکو کوردستانی بون.
کورده فه‌یلیه‌کان له زۆر شاری عێراقیدا بونیان هه‌بوه چونکه به‌شیك بون له پێکهاته‌ی گه‌لی عێراق، به هه‌مو ئاین و نه‌ته‌وه و ئاینزایه‌که‌وه. له شاره‌کانی به‌غدا و به‌صره و عه‌ماره و که‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف و کوفه‌و دیاله و کوت هه‌بون، هه‌روه‌ها له به‌دره و جه‌صان وزرباگیه و خانقین و مه‌ندلی و سلیمانی و هه‌ولێر و دهۆک و که‌رکوک و شاره‌کانی تری کوردستان و عێرقدا هه‌بون. هاولاتی ئاسایی عێراقی جیاکاری نه‌کردوه له نێوان کورده فه‌یلیه‌کان و به‌شه‌کانی تری عێراقیه‌کاندا. چه‌ندین سه‌ده‌یه ئه‌م پێکهاته‌یه به‌شێکن له پێکهاته گشتیه‌که‌ی عیراق و له هه‌مو خۆشی و ناخۆشی و خه‌باتێکدا هاوبه‌شن.
ئه‌م هه‌سته‌ش هێزێکی گه‌وره‌یه بۆ پێکهاته‌ی گه‌لی عێراق، به‌و پێیه‌ی به‌شێکن له عێراقی نوێ. له کاروانی خه‌باتدا ئه‌م به‌شه قوربانیه‌کی زۆر و بێشوماریان پێشکه‌ش کردوه. له شۆڕشی 20 دا هاوبه‌شیان کردوه و ده‌ورێکی به‌رچاویان بینیوه له ناوچه‌کانی خانه‌قین و قه‌سری شیریندا دژ به هێزی به‌ریتانیا له و ناوچانه‌دا. له یاداشتی تشمال مهام شیره له دیمانه‌یه‌کی رۆژنامه‌ییدا له ساڵی 1955 و له په‌رتوکی دکتۆر هادی ملک که تا ئێستا بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه، له هاوبه‌شیکردنی کورده فه‌یلیه‌کان له شۆڕشی 20دا ده‌ڵێت: له ساڵی 1917 تا ده‌گاته ساڵی 1920 و له ژێر سه‌رکردایه‌تی تشمال حاجی فیلمرز و کوڕی خوشکه‌که‌ی ملک، به‌و پێیه‌ی که سه‌رۆکی خێڵی ئه‌لخه‌میس بو، له‌گه‌ڵ خێلی رسول وه‌ند به سه‌رکردایه‌تی حسن عزیز و خێڵی قه‌یتول وه‌ند به سه‌رکردایه‌تی حاج صفر، جه‌نگیك به‌رپا بو دژ به ئنگلیزه‌کان که ماوه‌ی چه‌ند مانگێکی خایاند له ساڵی 1920دا. له کاتێکدا که براکانمان راپه‌ڕینیان ده‌ستدایه له باشوردا دژ به ئنگلیزه‌کان، هه‌واڵێکمان له سه‌ید محمه‌د ه‌وه وه‌رگرت( که له دواجاردا بو به ئیمامی مزگه‌وتی خه‌لانی له به‌غداد)، که پێویسته هێرشبکرێته سه‌ر هێزه‌کانی به‌ریتانیا له ناوچه‌کانی خانه‌قین و نه‌فتخانه که هه‌ندێک جار به قوڵایی ده‌چوینه ناوه‌وه تا نزیک به‌عقوبه. هه‌ندێک جار که چاوم ده‌نوقێنم وێنه‌ی ئه‌و روداوه به‌رجه‌ستکراوه دێته‌وه به‌رچاوم. که ده‌ستێکی پۆلاینمان له دوژمن وه‌شاند. به تایبه‌تی ده‌ستمان له شه‌ر‌یکه‌ی ئه‌لنفت ـ ئه‌نگلو ئیرانیه له ناوچه‌ی نه‌فتخانه وه‌شاند، که ناوچه‌یه‌ک بو له ژێر حه‌راسه‌تی به‌ریتانیه‌کاندا به سه‌رکردایه‌تی کابتن مور. به هێرشی خێرا هه‌ڵده‌ساین به تفه‌نگی "مارتن هنری" . له کاته ترسناکه‌کاندا ده‌کشایه‌نه‌وه بۆ شاخه‌کان. ئامنجمان ره‌میکرن بو له‌و سه‌رانه‌ی که کڵاوی ئنگلیزی له‌سه‌ردا بو یان پێچی ره‌شی سه‌ربازی هندی به‌سه‌ره‌وه بو. زۆر جار ئامنجه‌کانمان ده‌پێكا. زۆر جاریش ته‌قه‌مان له‌وانه ده‌کرد که پۆشاکی خاکیان له‌به‌ردابو، که به کوێرانه وامانداده‌نا که ئه‌مانه سه‌ربازی به‌ریتانین یان هندین، ئه‌مانزانی که زۆربه‌ی سه‌ربازه‌کانی سوپای به‌ریتانی هیندین، خوارده‌مه‌نی پێویستمان له برا خێله‌کیه‌کانی زرباگیه و بدره وملک شاوه یان له براکانمان له قه‌سری شیرین و له‌و خێڵانه‌ی که لێمانه‌وه دوربون وه‌ک عه‌لی شیروان بایرایو به تایبه‌تی له ناوچه‌ی ئارکۆزوه بۆ ده‌هات.
هه‌روه‌ها پشتیوانیان ده‌کردین به هاوبه‌شیکردن له به‌رگریدا. چه‌ندین جار توانیمان هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری به‌عقوبه ـ خانه‌قین تێکبشکێنین. له پایزی ساڵی 1920 ئاگرمان به‌ردایه بنکه‌ی سه‌ربازی خانه‌قین. دوای تێکۆشانێکی زۆر ناچار بوین بکشێینه‌وه، به کاریگه‌ری ئابڵوقه‌دانمان به‌و هێزه‌ی که له کرماشانه‌وه دژمان هاتبون. ئینگلیزه‌کان بنکه‌ی سه‌ربازییان له ئێرانی هاوسێماندا هه‌بو. که ئه‌و بنکانه ده‌ستی یارمه‌تیان بۆ هێزه‌کانی به‌رامبه‌رمان ده‌گه‌یاند، له‌م شه‌ڕ و پێکدانانه‌دا 35 جه‌نگاوه‌رمان لێکوژرا له کۆی 110 جه‌نگاوه‌ر.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ئێمه جه‌نگی پارتیزانیمان ده‌کرد، که به خێرایی په‌لامارمان ده‌داو ده‌ستمانده‌وه‌شاند و ده‌کشاینه‌وه، به‌ڵام ئه‌م شێوازی جه‌نگه‌مان وه‌ستان دوای ئه‌وه‌ی که ده‌ستێکی خیانه‌ت له لایه‌ن (خێڵی که‌ڵهوڕ)ه‌وه له ناوماندا ده‌رکه‌وت. جاشێتی ئه‌م خێڵه له پێناوی پاره‌و سامان و زه‌وی و زارا بو له لایه‌ن به‌ریتانیه‌کانه‌وه په‌یمانیان پێدرابو له‌سه‌ری. ئه‌و شێوازی جه‌نگی پارتیزانیه له ناوچه‌کانی تری ناوه‌ڕاست و باشوری عیرق دا به‌رپاده‌کرا. به پێی زانیاریه‌کانم له هاوبه‌شیکردنی کورده‌کان له پێکدادانه‌کانی ساڵی 1915 له کوت و عه‌ماره، شیعه‌و سونیه‌کانیش وه‌ک یه‌ک هاوبه‌شیان ده‌کرد له‌م به‌رخۆدان و جه‌نگانه‌دا دژ به ئنگلیز. هه‌مو به‌ڵگه‌نامه و روداوه میژویه‌کان جه‌خت له‌سه‌ر راستی هاوبه‌شیکردن له جه‌نگ و به‌رخۆدانی هه‌مو خه‌ڵکی عێراق ده‌که‌نه‌وه به پێچاوانه‌ی ئه‌و ده‌نگه ناسوێنالستیه‌ی که ئه‌م راستیه ره‌تده‌کاته‌وه. هاوبه‌شیکردنی ئێمه‌ی کورد له بواری ژیانه‌وه‌ی بنه‌ماکانی ئابوری و فه‌رهه‌نگی و سیاسی پشکێکی که‌م نه‌بو، هه‌روه‌ها له پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی عێراقی نوێ‌دا {2}.
کورده فه‌یلیه‌کان به ده‌ست چه‌وسانه‌وه و زوڵم و زۆر و جیاکاری ره‌گه‌زی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه زۆریان چه‌شت و زۆریان لێده‌ربه‌ده‌ر کرا بۆ ئێران. زۆرێک له‌وانه‌ی که به زۆره‌ملێ کۆچیان پێده‌کرا بۆ ئێران ئه‌و فه‌یلیه سیاسیانه بون که دژایه‌تی حوکمی پاشایه‌تیان ده‌کرد. به تایبه‌تیش ئه‌وانه‌یان که ئه‌ندامانی حیزبی شیوعی عێراقی و پارتی دیموکراتی کوردستان بون{3}. به‌ڵام ئه‌م سیاسه‌ته‌ی حوکمی پاشایه‌تی که به‌رامبه‌ر به هه‌مو کورد ده‌کرا، کاریگه‌ری زۆری نه‌بو له‌سه‌ر تێکۆشانی به‌رفراوانی کورده فه‌یلیه‌کان. له سه‌رده‌می پاشایه‌تی عێراقدا کورده فه‌یلیه‌کان هاوبه‌شی ژیانی ئابوری و ژیانه‌وه‌ی بنه‌ما ئابوریه‌کان و بازرگانێتی و پیشه‌سازیه نیشتیمانیه‌کانی ده‌کرد به خستنگه‌گه‌ڕی سه‌رمایه‌کانیان. دوای کۆچپێکردنی زۆره‌ملێی جوله‌که‌کانی عێراق بۆ ئیسرائیل که زۆریان خواستیان وابو که بمێننه‌وه له عیراقدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ده‌چه‌وسێنرانه‌وه له لایه‌ن حاکمه‌کانی عێراق و هه‌ندێک له هێزه سیاسیه قه‌ومیه‌کانی عێراقه‌وه، کورده فه‌یلیه‌کان پێگه‌ی به‌هێز و گه‌وه‌ره‌یان په‌یداکرد له بازرگانێتی و بازاره‌کانی به‌غدادا. کورده فه‌یلیه‌کان له روی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه دابه‌ش بون به‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک له توێژ و چینی کۆمه‌ڵگادا، کۆمه‌ڵێکی بچوکیان خاوه‌ن سه‌رمایه بون، هه‌ندێکیشیان خاوه‌ن پیشه و جوتیار و کرێکار و زه‌حمه‌تکێش بو. ئه‌وانه‌شیان که توێژی رۆشنفیکر و سیاسی و ئابوری ناسی عێراقیان پێکده‌هێنا که‌م نه‌بون. کورده فه‌یلیه‌کان شاگه‌شکه بون به شۆڕشی 14ی ته‌موزی 1958، که به‌شێک بون له‌و هێزه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی هاوبه‌شیان ده‌کرد له رازگاربون له ده‌ستی حوکمی پاشایه‌تی، جگه له‌وانه‌یان که سه‌ربه حیزبه سیاسیه‌کان بون، وه‌ک حیزبی شیوعی عێراقی و پارتی دیموکراتی کوردی، هه‌ندێکیشیان له ناو حیزبی نیشتیمانی دیموکراتی دا بون. هه‌شیانبو له حیزبه‌کانی تردا کاریان ده‌کرد وه‌ک حیزبی رزگاری نیشتیمانی و حیزبی گه‌ل. هه‌ندێکی تریان له هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداردا کارایان ده‌کرد، ئه‌و دو حیزبه‌ش له‌و دویانه‌دا دروستبوبون و له به‌رژه‌وه‌ندی سیاسه‌تی حوکمی پاشایه‌تی و به‌ریتانیدا بون، وه‌ک حیزبی ده‌ستوری که نوری سه‌عید سه‌رکردایه‌تی ده‌کرد، هه‌روه‌ها حیزبی ئومه‌ی سوسیالیستی که صالح جه‌به‌ر سه‌رکردایه‌تی ده‌کرد. زۆرێک له کورده فه‌یلیه‌کان بون به که‌سایه‌تی نیشتیمانی دیار و به‌رز، چ له‌وانه‌ی که له حیزبه‌کاندا کاریان ده‌کرد و چ له‌وانه‌ی که چالاکانه له بواره‌کانی ژیانی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسه‌ت و بواری وه‌رزش و ئه‌ده‌بو هونه‌ر و بواره‌کانی تری ژیاندا کاریان ده‌کرد.
سه‌رکرده‌ی شۆرشی 14ی ته‌موزی 1958به تێگه‌یشتنێکی پۆزه‌تیڤانه‌وه ده‌یڕوانیه پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی کورده فه‌یلیه‌کان له کۆمه‌ڵگی عێراق و مێژوی عێراقی کۆندا و ده‌وری کا‌ریگه‌ریان له خه‌باتی سیاسی و دژایه‌تی حوکمی پاشایه‌تی و ناڵه‌یان له ژێر چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌م حوکمه‌دا هۆکار بو بۆ دژایه‌تیکردنی ئه‌م حوکمه. بۆیه هه‌ڵوێستی سه‌رکردایه‌تی شۆرشی 14 ی ته‌موز زۆر به‌رامبه‌ر به‌م به‌شه‌ی گه‌لی کورد جیاوازبو له هه‌ڵوێستی حوکمی پێش شۆرش و دوای روخانی عه‌بدولکه‌ریم قاسم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که زۆرێک له کورده فه‌یلیه‌کان توشی چه‌وسانه‌وه و گرتن و ئه‌شکه‌نجه‌دان و ته‌نانه‌ت کۆچپێکردنیش بون له سه‌ر کارکردنیان له حیزبه سیاسیه نیشتیمانیه‌کاندا و دژایه‌تیکردنیان به‌رامبه‌ر به حوکمی تاکڕه‌وێتی عه‌بدولکه‌ریم قاسم و ئه‌و جه‌نگه‌ی که په‌رپایکرد دژ به جوڵانه‌وه‌ی کورد و داخوازیه‌کانی گه‌لی کورد. که‌واته نابێ له‌بیری بکه‌ین زۆربه‌ی ئاوانه‌ی که له ده‌سگاکانی ئاسایش و هه‌واڵگیری سه‌ربازی و سوپایی عێراقیدا له‌سه‌ر ده‌می قاسم دا کاریان ده‌کرد ئه‌و هێزه شۆڤێنیانه بو که دژایه‌تی کورده فه‌یلیه‌کانیان ده‌کرد.
قاسم سیاسه‌تێکی ژیرانه‌ی پیاده‌ده‌کرد به‌رامبه‌ر به کۆمه‌ڵگای عێراقی. له‌وماوه‌یه‌دا که شاندێکی کورده فیلیه‌کان بۆ پیرۆزبایی سه‌رکه‌وتن سه‌ردانی عه‌بدلکه‌ریم قاسمیان کرد له ساڵی 1378 کۆچی واته 1958 ی زاینی، له کاتی قسه‌کردنیاندا قاسم ئاماژه‌ی به راستیه‌ک دا که : " رۆژهه‌ڵاتی روباری دجله نیشته‌جێی کورده فه‌یلیه‌کانه له دێر زه‌مانه‌وه" {4}. له‌به‌ر ئه‌وه سه‌رۆکی شۆڕشی ته‌موز لایه‌نگیری کورده فه‌یلیه‌کان بو. کورده فه‌یلیه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به هیرشی عه‌بدولکه‌ریم قاسم بۆ سه‌ر کوردستان و دژ به سیاسه‌تی داپلۆسێنه‌ر و تاکڕه‌وێتی و هێنانه‌دی دیموکراتیه‌ت خه‌باتیان ده‌کرد، له کاتێکدا که کۆمه‌ڵێک له قه‌ومیه‌کان و به‌عسیه‌کان له 8ی شوباتدا کوده‌تایان راگه‌یاند به‌رامبه‌ر به قاسم و شۆڕشه‌که‌ی، فه‌یلیه‌کان دژی ئه‌م کوده‌تایه وه‌ستانه‌وه، به‌م هۆیه‌وه کورده فه‌یلیه‌کان توشی هێرشێکی فراوانی وێرانکاری بونه‌وه له لایه‌ن هێزی کوده‌تاییه‌کانه‌وه به گرتن و ده‌ربه‌درکردن. زۆریشیان به زۆره‌ملێ ناردن بۆ ئێران و وڵاتانی تر. ئه‌نجامی سیاسه‌تی تاکڕه‌وێتی قاسم و کوده‌تای خوێناوی قه‌ومیه‌کان و به‌عسیه‌کان و سیاسه‌تێکی مناڵانه و لاوازی تێگه‌یشتنی سیاسه‌ت و دیموکراتیه‌ت له لای هێزه سیاسیه جیاوازه‌کانی عێراق له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌م ره‌وشه‌ی ئێستای گه‌لی عێراقی لێوه هاته به‌رهه‌م.
ته‌نگه‌ژه‌ی کورده فه‌یلیه‌کان له سه‌رده‌می به‌عسیه‌کاندا هه‌ڵکشا که رژێم مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵیاندا له‌سه‌ر بنچینه‌ی ره‌گه‌زنامه‌ی(ێ) و (ب) و جیاکاری له نێوان ته‌بعیه‌ی عوسمانی گروپی(ێ) و ته‌بعیه‌ی بێگانه‌کانی (ب) وه‌ک فارس و ئه‌فغانی و هندی دا ده‌کرد، ئه‌وانه‌ی که ته‌بعیه‌ی عوسمانی بون به عێراقیه‌کی ره‌سه‌ن داده‌نران، ئه‌وانه‌ی که ته‌بعیه‌ی جیایان هه‌بو وه‌ک ته‌به‌عیه‌ی فارسی به بێگانه داده‌نران. رژێم به‌م کاره‌ی بناغه‌یه‌کی ترسناکی جیاکاری له نێوان عێراقیه‌کاندا دروستکرد، ئه‌وانه‌ی که ته‌به‌عیه‌ی عوسمانی بون به هاوڵاتی نمره یه‌ک داده‌نران و ئه‌وه‌ناه‌ی ته‌بعیه‌ی تریان هه‌بو هه‌رچه‌نده عێراقیش بون به‌ڵام به هاوڵاتی نمره دو داده‌نران{5}. له‌گه‌ل ئه‌م جیاکاریه‌شدا رژێمی پاشایه‌تی ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقیه‌کانی له‌سه‌ر بنه‌مای گروپی (ێ) و گروپی(ب) هه‌ڵنه‌ده‌وه‌شانه‌وه به‌ڵکو به هۆکاری سیاسیانه ئه‌م کاره ئه‌نجامده‌درا. دانانی ئه‌م داڕشتن و ده‌ربڕینه له یاسای ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی ژماره 42 ی ساڵی 1924 به جیاکاریه‌کی شۆڤێنیانه و تایه‌فه‌گه‌رێتی داده‌نرێت له یه‌كێتی و مافی هاوڵاتی بوندا، رژێمی پاشایه‌تی و ئینتدابی به‌ریتانی بناغه‌ی جیاکارییه‌کی نامرۆییانه‌یان دامه‌زراند له عیڕاقدا به‌رامبه‌ر به کورد و عه‌ره‌ب که به ئێرانیان ده‌دانه قه‌ڵه‌م. حوکمی پاشایه‌تی هیچ گۆڕانکاریه‌کی له به‌نده‌کانی ئه‌و یاسا جیاکاریه ناعه‌قڵانیه‌دا نه‌ده‌کرد بۆ لابردنی، به‌ڵکو رێگه‌ی دا به هه‌ندێک له گۆڕانکاری که شه‌رعیه‌تی یاسایی ده‌دا به هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ره‌گه‌زنامه‌ی عیراقی بۆ سیاسیه‌کان، به تایبه‌تی شیوعیه‌کان، به پاساوی ئه‌وه‌ی ئه‌مانه روخێنه‌رن، خزمه‌تی بێگانه ده‌که‌ن! کاتێکیش قه‌ومیه‌کان و به‌عسیه‌کان له ساڵی 1963 دا ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست، و دوای ئه‌وانیش ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی که هه‌مان فکر و سیاسه‌تیان هه‌بو هه‌ستان به ده‌رکردنی یاسا‌و بڕیارگه‌لێکی زۆر بۆ به‌رته‌سکردنه‌وه‌ی مافی هاوڵاتی بونی عێراقی، کێشه‌ی هاوڵاتیبونیان گه‌وره‌و ئاڵۆزکرد، جیاکاریه‌کانیان به‌رفراونکرد. له دوای کوده‌تای شوباتی ساڵی 1963 یاسای ره‌گه‌زنامه‌ی ژماره 43 یان ده‌رکرد، له دواجاریشدا یاسای ژماره 206 ساڵی 1964یان ده‌رکرد دوای کوده‌تای قه‌ومیه‌کان به‌سه‌ر به‌عسیه‌کاندا. له ساڵی 1980 دا کۆمه‌ڵێک بڕیاریان ده‌رکرد وه‌ک بڕیاری ژماره 180 و 200، دواجار بڕیاری تایبه‌تی بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی ژماره 666، دیسان هه‌ندێک بڕیاری تر له هه‌مان ساڵدا، واته له‌و ساڵه‌ی که رژێمی عێراق جه‌نگی راگه‌یاند دژ به ئێران. له ساڵی 1990 دا یاسای ژماره‌ی 46ی ده‌رکرد، بڕیاری سه‌رکردایه‌ی ئه‌نجومه‌نی شۆڕشی ژماره 199 له ساڵی 2001 دا ده‌رباره‌ی ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی ده‌رچو. له به دواچونه‌کانی ئه‌م هه‌مو یاسا‌و بڕیار و گۆرانکاریانه له ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقیدا ده‌توانرێت جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م ئامانجانه‌ی خواراوه بکرێته‌وه:
1. به‌رجه‌سته‌کردنی بیری شۆڤێنی له ژیانی بیری سیاسی عێراقیدا. ئه‌مه‌ش ئاراسته‌کردنێک بوه بۆ دژایه‌تی هه‌مو ئه‌و عێراقیانه‌ی که عه‌ره‌ب نه‌بون، به تایبه‌تی دژی کورد، له ناویشیاندا کورده فه‌یلیه‌کان، هه‌روه‌ها ئه‌و عێراقیه به رچه‌ڵه‌ک فارسانه‌ی که سه‌دان ساڵه تواونه‌ته‌وه له ناو گه‌لی عێراقدا.
2. به‌رجه‌سته‌کردنی بیری تایه‌فه‌گه‌ری دژ به ئاینزای شیعی، ئه‌وانه‌ی که به بێگانه دانراون به پێی یاسای ژماره 42ی ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی له ساڵی 1924 دا، ئه‌وانه کۆمه‌ڵه کوردێکی فه‌یلی بون، که زۆربه‌یان سه‌ر به ئاینزای شیعی بون، هه‌روه‌ها ئه‌و کۆمه‌ڵه عێراقیه‌کی به رچڵه‌ک فارسیش ده‌گرته‌وه. دیسان عه‌ره‌به شیعیه ئاینزاکان که هیچ کات بیریان له ته‌به‌عیه بونی خۆیان نه‌کردۆته‌وه بۆ عوسمانیه‌کان، ئه‌مه‌ش یان به کاریگه‌ری ئاینزاییبونیان، یان به هۆکاری پشتگویخستنی گرنگی راگه‌زنامه له ژیانی رۆژانه‌ی هاوڵاتی بونیاندا بوه.
3. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به گوێره‌ی ئایدۆلۆژیه‌ت و سیاسه‌تی پیاده‌کراوی خۆیان ده‌ستوه‌ربده‌نه بریاره‌کان و داننان به عێراقی بون و ناعێراقی بوندا له رێگه‌ی یاساوه له جیاتی کارگێری ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی که له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه مافی بڕیاردانی له ده‌ستدایه پێش یاسا.
4. به‌کارهێنانی ره‌گه‌زنامه وه‌ک چه‌کێک بۆ خۆ رزگارکردن له ده‌ست ژماره‌یه‌کی گه‌وره له‌و عێراقیانه‌ی که دژی رژێم بون و ناویان ده‌بردن به تابوری پێنجه‌م و به‌کرێگیراوی ئێران. ئه‌م هه‌ڵوێسته سیاسیه‌ش بوه هۆی گه‌وره‌ترین زه‌ره‌ردان له ژماره‌یه‌کی گه‌وره‌ی عێراقیه‌کانی که به زۆره‌ملێ کۆچیان پێکردن بۆ ئێران‌و ره‌گه‌زنامه‌کانیان لێسه‌ندنه‌وه و هه‌مو ماڵ و سامانیان داگیرکردن و که‌وتنه به‌ر مه‌ترسی گه‌وره له ئاواره‌یی و رێگه‌ی کۆچکردندا.
5. ئه‌م سیاسه‌ته هه‌وڵێکی جددی بو بۆ گۆڕینی روخساری نه‌ته‌وه‌یی و تایه‌فه‌گه‌ری له هه‌ندێک ناوچه‌ی دیاردا. نابێت له بیرمان بچێت ئه‌وانه‌ی که به زۆره‌ملێ کۆچیان پێکرا و گیران و ده‌ربه‌ده‌رکران و کوژران و بێسه‌روشوێنکران ژماره‌یه‌کی زۆر بون که نزیکه‌ی نیوملوێن مرۆڤ ده‌بون. ئه‌م ژماره‌یه‌ش له به‌رده‌وامی ژیانی ئاساییاندا هاوبه‌شی ده‌وڵه‌مه‌ندی سامانی به‌شه‌ریان زیاتر بۆ گه‌لی عێراق ده‌کرد، ئه‌مه‌ش هۆ کارێک بو که رژێم بیری له خۆ رزگارکردن له‌ده‌ست ئه‌م ژماره زۆره‌و ژماره‌یه‌کی زۆرتریان له ئه‌نجامی زاوزێی سروشتی ئه‌مانه کردبوه‌وه، ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چیت به‌شێک له ئامانجی په‌لاماری ئه‌نفالکردنی کورده‌کان خۆ رزگارکردن له ده‌ست زۆر بون و زاوزێی سروشتیان بو، که رژێم هه‌وڵی دا دیموگرافیای زۆرێک له ناوچه کورد نشینه‌کان بگۆڕێت بۆ نمونه وه‌ک که‌رکوک.
6. ده‌رکردن و داڕشتنی ئه‌م یاسایانه چه‌نده بیرێکی شۆڤێنی چه‌په‌ڵ بو، جێبه‌جێکردن و سه‌پاندنی یاساکه‌ش بۆ خۆی به‌سه‌ر گه‌لی عێراقدا و به تایبه‌تی به‌رامبه‌ر به‌وانه‌ی که ئه‌م یاسایه ده‌یگرتنه‌وه زۆر چه‌په‌ڵتر بو.
7. ده‌رئه‌نجامی ئه‌م یاساگه‌له و پراکتیکه‌کردنی ئه‌و سیاسه‌ت و ئه‌منیه‌ته‌ی به پاساوی یاسای ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقیه‌وه پیاده‌ده‌کرا که له پێشدا به‌رامبه‌ر به گه‌لی کورد ئه‌م هه‌ڵوێسته وه‌رگیرا، له ناویشیاندا کورده فه‌یلیه‌کان، هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێکی گه‌وره له عه‌ره‌به‌کانی باشو‌ر و ناوه‌ڕاستیش گرته‌وه، زۆر ترسناک که‌وته‌وه له‌سه‌ر یه‌کێتی نیشتیمانی عێراقی.
ئاماژه‌ماندا به‌وه‌ی که رژێمی پاشایه‌تی یه‌که‌م یاسای ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی له ساڵی و1924 دا ده‌رکرد، له کاتی خۆ ئاماده‌کردنی یاسا بنچینه‌یه‌کان(ده‌ستور)، که له ساڵی 1925 بڕیاری بۆ درا بۆ یه‌که‌م جار له دوای دروستبونی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه له سالێ 1921دا. که پێویست بو عێراق ئه‌و راستیانه له یاسای بنچینه‌ییدا له به‌رچاو بگرێت که واقعی عێراق بون وه‌ک: رزگاربونی عێراق له هه‌ژمونی عوسمانیه‌کان که چوار سه‌ده‌ی خایاند که وه‌ک سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا و خراپتریش بو بۆ ره‌وشی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له‌و ناوچانه‌دا ده‌ژیان که به‌ده‌ست چه‌وساندنه‌وه و ئازار و ئه‌شکه‌نجه و ده‌رئه‌نجامێکی خراپ له دروستکردنی بۆشاییه‌کی زۆر له نێوان دینه‌کان و نه‌ته‌وه‌کاندا دروستکردبو، به‌ر له‌م چوار سه‌ده‌یه و پاشتریش عێراق ببوه گۆڕه‌پانێکی ململانێی سیاسی و تایه‌فه‌گه‌ری نا عه‌قڵانی له نێوان ده‌وڵه‌تی عوسمانی و فارسی‌دا که درزێکی گه‌وه‌ره‌ی دروستکرد له نێوانیاندا و زه‌ره‌ری له یه‌کێتی عێراق دا، که پێویست بو ئه‌م درزه پڕبکرێته‌وه نه‌ک گه‌وه‌ره بکرێت.
له ژێر کاریگه‌ری ئه‌و بارودۆخه‌دا که کێ سه‌ر به ده‌وڵه‌تی عوسمانیه و کێ سه‌ربه ده‌وڵه‌تی فارسیه له روی ئاینزاییه‌وه، ئینتیمای هاوڵاتی بون که‌م بوبوه‌وه له لای خه‌ڵک بۆ عێراق، چونکه بنه‌ما رۆحیه نیشتیمان په‌روه‌ریه‌کان لاواز و که‌مبون، ئه‌مه‌ش له یه‌کێک له راپۆرته‌کانی مه‌لیک فه‌یسه‌ڵی پاشای عێرقدا به‌دیده‌کرێت که وتویه‌تی: " وڵاتی عێراق له‌و جۆره وڵاتانه‌یه که که‌ماسی هه‌یه له یه‌کێک له بنه‌ما بنچینه‌ییه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئه‌ویش یه‌ک بیروباوه‌ڕی و هه‌واداری و دینیه، ئه‌مه‌ش بۆته هۆی له‌یه‌ک دابڕانی هێزه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و دابه‌ش بونیان، که پێویسته سه‌رکرده سیاسیه‌کان و حاکمه‌کان دانا و ژیربن و به هێزبن و دوربن له حه‌ساسیه‌تی و مه‌به‌ستی شه‌خسی و تایه‌فه‌گه‌رێتی و توندڕه‌وێتی، به‌ڵکو سیاسه‌تێکی به‌رابه‌ری و عه‌دل پیاده‌بکه‌ن، له‌گه‌ڵ رێزی زۆر بۆ کولتوری خه‌ڵکی به‌بێ کاریگه‌ری کۆنه‌په‌رستی و بیری توندڕه‌و‌ی که کاردانه‌وه دروستبکات"{6}.
عێراق له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که موصڵ و کوردستانی خوارو، له روی ره‌گه‌زنامه‌ییه‌وه په‌یوه‌ست نه‌بون به عێراقه‌وه، که تا ئێستاش پێکهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی له عه‌ره‌ب و کورد و تورکمان و ئاشوریه‌کان و مه‌سیحیه‌کان و دینی جوله‌که‌و دینی مندائی و صابئی و ئیزیدی وشه‌بکی و کاکائی و ئاینزای شیعه‌ی تێدایه.
عێراق له‌و سه‌رده‌مه‌دا له ژێر هه‌ژمونی به‌ریتانیادا بو که وه‌ک کۆلۆنیالیه‌ک ته‌ماشای ده‌کرد که بمێنێته‌وه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانیادا. ئه‌مه‌ش بو به هۆی راپه‌ڕینی ساڵه‌کانی 1918 له نه‌جه‌ف و 1919 له سلێمانی و 1920 له هه‌مو عێراقدا. په‌یماننامه‌ی لۆزان که له نێوان تورکیای نوێ و هاوپه‌یانه‌کاندا مۆرکرا یه‌کێک له برگه‌کانی ده‌ڵێت: " ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی که جێنشینن له و به‌شه‌ی که له تورکیا دابڕا ده‌بن به هاوڵاتی ئه‌و هه‌رێمه‌ی که ئه‌و خاکه‌ی خراوه‌ته سه‌ر به پێی یسای ناوچه‌یی" {7}. ئه‌م ده‌قه بێ هیچ ته‌مومژێک ده‌ربڕی واقیعه‌که بو.
له‌ژێر تیشکی ئه‌م راستیانه‌دا، چی پێویست و داخوازی بو بۆ ئه‌وه‌ی که‌تۆڕێکی هاوبه‌شی دروستبکرێت تا پشتیوانی له یه‌کێتی گه‌ل و خاکی عێراق بکات؟ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره ئاسان و بێخه‌وشه ئه‌گه‌ر ته‌نها یه‌ک ده‌ق به‌رجه‌سته‌بکرێت له داڕشتنی یاسادا: هه‌ر ژن و پیاوێک، که بژی له‌و ناوچانه‌دا که بوه به به‌شێک له عێراق مافێکی سروشتی خۆیه‌تی که ببێت به خاوه‌نی ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی و هیچ جۆره جیاکاریه‌ک پیاده‌نه‌کرێت له نێوان عێراقیه‌کاندا.
به‌ڵام دارشتنه یاسایه‌کانی عێرق، له سه‌روشیانه‌وه ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانی، ده‌قێکیان هه‌ڵبژاردبو که کۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی دابه‌شکردبو. ئه‌مه‌ش به ئاگاییه‌وه بۆ شێواندن و دور له به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر به پاشه‌ڕۆژی په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایتیه‌کانی کۆمه‌ڵگای عیراق بو. که ماده‌ی سێهه‌م له یاسای ژماره‌ی 42ی ساڵی 1924 به‌م جۆره بو:" ماده‌ی سێهه‌م ـ له رۆژی شه‌شه‌می ئابی ساڵی 1924 وه کێ خاوه‌ن ره‌گه‌زنامه‌ی عوسمانی و دانیشتوی عێراق بێت، ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی لێده‌سێنرێته‌وه و جارێکی دی ره‌گه‌زنامه‌ی عیراقی پێده‌درێته‌وه"{8}.
ئه‌م ده‌قه یاسایه مانای چی بو؟ ئه‌م داڕشتنی یاسایه به‌و مانایه ده‌هات که یاساکه سێ کۆمه‌ڵی تێپه‌ڕاندبو، ئه‌وانیش:
1ـ کۆمه‌ڵه‌ی یه‌که‌م ئه‌وانه بون که ره‌گه‌زنامه‌ی عوسمانیان نه‌بو، به هه‌رهۆێک بێت به‌بێ ره‌گه‌زنامه مابونه‌وه.
2 ـ کۆمه‌ڵه‌ی دوهه‌م ئه‌وانه‌ی ده‌گرته‌وه که ره‌گه‌زنامه‌ی فارسیان هه‌بو، به‌ڵام له عێراقدا چه‌ندین سه‌ده‌بو نشینگه‌ییان هه‌بو، یان هیچ ره‌گه‌زنامه‌یه‌کیان نه‌بو به‌ڵام ناسراوبون که ئێرانین.
3 ـ کۆمه‌ڵه‌ی سێهه‌م به شێوازێکی تایبه‌ت کۆمه‌ڵێک عه‌ره‌ب و کورده فه‌یلیه‌کانی ده‌گرته‌وه، که بوبون به خاوه‌نی ره‌گه‌زنامه‌ی عوسمانی بۆ ئه‌وه‌ی له خزمه‌تکردنی سه‌ربازی ده‌وڵه‌تی عێراقی و فارسی رزگاریانبێت.
ئه‌وپرسیاره‌ی که وه‌ڵامی خۆی ده‌سه‌پێنێت ئه‌وه بو: بۆچی داڕێژه‌ری یاسای عێراقی ئه‌م میتۆده‌ی پیاده کرد؟ پێویسته راڤه‌کردن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره له بارودۆخی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه هه‌ڵیه‌نجێنرێت، یان بار‌و دۆخی واقیعیانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه له به‌رچاوبگیرێت که ئه‌و یاسایه‌ی تیا هاته به‌رهه‌م، زۆربه‌ی زۆری لێکۆڵه‌ره‌کان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک بیر و ده‌رئه‌نجام یه‌کده‌گرنه‌وه له‌سه‌ر بابه‌ت و مه‌سه‌له‌ی ره‌گه‌زنامه‌ی عێراق، ئه‌ویش ئه‌وه بو که: زۆربه‌ی هه‌ره زۆری دانیشتوانی عێراق له عه‌ره‌ب و کورد به شێوه‌یه‌کی گشتی وابه‌سته‌ی ژیانی جوتیاری و خێڵه‌کی کۆچه‌ر و ناجێگیر بون. زۆربه‌ی ئه‌م خێڵانه له گواستنه‌وه و کۆچی وه‌رزیدا بون له سه‌ر سنوره‌کانی عێراق و سعودیه، عێراق و سوریا، عێراق و ئێران و عێراق و تورکیا. ئه‌مه‌ش زیاتر له ناو کورده فه‌یلیه‌کاندا تێبینی ده‌کرا و هه‌روه‌ها له هه‌ندێک له عه‌ره‌به‌کان و فارسه‌کان که په‌یوه‌ندیه‌کی ئاینزاییان هه‌بو له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا و ژن و ژنخوازی و خزمایه‌تی له نێوانیاندا دروستبو بو. زۆرێک له‌مانه مافی نشینگه‌ییان به‌ده‌ستهێنابو، یان به زیاره‌تی درێژخایان ده‌مانه‌وه له لای یه‌کتری چ له عێراق و چ له ئێران‌دا، به تایبه‌تی له شاره پایه به‌رزو پیرۆزه ئاینیه‌کاندا. داڕێژه‌ری یاسای عێراقی ئه‌م راستیه‌ی ده‌زانی، بۆیه ده‌یویست به یاسایه‌کی ره‌گه‌زنامه‌یی خۆی رزگار بکات له ده‌ست ئه‌مانه به جیکاریه‌کی ره‌گه‌زنامه‌یی و بێبه‌شکردنی زۆرێکیش له‌م کۆمه‌ڵانه له ره‌گه‌زنامه‌ی عیراقی.
عێراقیه‌کان له سه‌رده‌می هه‌ژمونی عوسمانیه‌کاندا به پێویستیان نه‌ده‌زانی که ره‌گه‌زنامه‌یه‌کی تایبه‌تیان هه‌بێت، به‌ڵکو وایان ده‌زانی که خۆ راده‌ستکردن به ئیسلام و گرتنه‌به‌ری رێگه‌ی ئیسلام وه‌ک دینێک به‌سه بۆ مانه‌وه‌یان له چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌دا، پرنسیپی هاوڵاتیبونیش رون نه‌بو له‌م قۆناغه‌ی کۆمه‌ڵگادا، بۆیه بونی ره‌گه‌زنامه که‌ڵکێکی ئه‌وتۆی نه‌بو بۆیان تا داوای بکه‌ن، هه‌ندێکیش له خێزانه عێرقیه‌کان داوای ره‌گه‌زنامه‌ی ئێرانیان کرد‌و به‌ده‌ستیان هێنا تا له خزمه‌تکردنی سه‌ربازی رزگاریان بێت، که له‌سه‌ر ده‌می پاشایه‌تیدا یاسای تایبه‌تی بۆ دانرابو. پێش ئه‌مه‌ش له سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانیه‌کاندا بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان ده‌ربازبکه‌ن له له‌به‌رکردنی به‌رگی سه‌ربازی که ماوه‌ی 25 ساڵی ده‌خایاند، ده‌قی یاسای سه‌ربازی عوسمانیه‌کان ئه‌مه بو" له‌سه‌ر هه‌مو عوسمانیه‌کی ته‌مه‌ن 21 ساڵی موسڵمان و ناموسڵمانه 25 ساڵ سه‌ربازی بکات، سێ ساڵیان نیزامی، 5 یه‌ده‌ک، 12 له‌جیاتی( ره‌دیف)، 5 پارێزگاری، ئه‌مه له سوپای پیاده‌دا، به‌ڵام له سوپای ده‌ر‌یاییدا ماوه‌که‌ی 20 ساڵ بو به لابردنی 9 ساڵی پارێزگاری"{9}. ره‌نگه به سودبێت که ئاماژه بده‌ین به‌وه‌ی مه‌به‌ست له‌م په‌یڕه‌وکردنی یاسایه به زۆری بۆ هه‌موان و به تایبه‌تی بۆ ئاینزا شیعیه‌کان بو، ئه‌مه‌ش هه‌ستیارێتیه‌کی زۆری دروستکرد له لای زۆریك له خه‌ڵکی عێراق به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵات و ره‌فتاره‌کانی.
له له‌یه‌کی تریش به‌ریتانیه‌کان دژ به هه‌ڵوێستی شۆڕشگێران پشتیوانیان له یاساکانی عێرق و ره‌فتاری نابه‌جێ و ناڕه‌وای حوکمی پاشایه‌تی ده‌کرد، له کاتێکدا که له باشو‌ر و ناوه‌ڕاست و له لای زانا شیعیه‌کان و شاره پایه به‌رزو پیرۆزه ئاینیه‌کان و دواجاریش له ناو جه‌رگه‌ی گه‌لی عێراقه‌وه دژایه‌تی شۆرشگێرانه سه‌ریهه‌ڵدابو دژ به به‌ریتانیای کۆلۆنیالیزم. ده‌سه‌ڵاتی پاشایتی به‌ریتانیایه‌کان ده‌یانویست ده‌ستێکی به‌هێز بوه‌شێنن له شۆڕشگێران و گۆشه‌گیریان بکه‌ن و توشی کێشه و ده‌رد‌یسه‌ریان بکه‌ن به پاساوی ته‌به‌عیه‌ت بونیان به ئێران دوریان بخه‌نه‌وه و گیرۆده‌ی حوکمی یاسایان بکه‌ن. کورده فه‌یلیه‌کان توشی جیاکاریه‌کی به‌هێز بون و خراپه‌کاریه‌کی به‌رده‌وامیان له‌گه‌لدا ئه‌نجامدرا، هه‌ر له سه‌رتای دروستبونی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه تا ئه‌م ساته وه‌خته‌ی حوکم له عێراقدا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می عوسمانیه‌کانیشدا توشی هه‌مان کێشه کرابون. خراپه‌کاری و تێپه‌ڕاندن و پێشێلکردنی مافی مۆرڤ له عێراقدا به‌رده‌وام بو به تایه‌به‌ت له‌سه‌ر ده‌می به‌عسیه‌کاندا تا له ساڵی 2003 داکه له لایه‌ن ئامریکا و به‌ریتانیاوه روخینران. به‌عسیه سه‌دامیه‌کان سێ شه‌پۆڵی یه‌ک له دوای یه‌کیان له پرۆسه‌ی کۆچپێکردنی کورده فه‌یلیه‌کان به‌رپاکرد، که ژماره‌یه‌کی زۆری له فه‌یلیه‌کانی به‌غداو ئه‌و شارانه‌ی که له دێرزه‌مانه‌وه تیایدا ده‌ژایان گرته‌وه. شه‌پۆلی کۆچپێکردنی یه‌که‌می کورده فه‌یلیه‌کان له دوای کوده تای شوباتی ساڵی 1963 داب‌و، که زۆریان لێ خستنه به‌ندیخانه‌و گرتوخانه‌کانه‌وه و ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌یان دان. به هۆکاری کورد بونیان و ئه‌ندامبونیان له حیزبی شیوعی عێراقیدا و حیزبی دیموکراتی کوردستاندا، له لای سێهه‌میشه‌وه به هۆکاری شیعه‌یی بونیانه‌وه ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌دان و چه‌وساندنه‌وه‌یان چه‌ند جاره بو. به‌ڵام شه‌پۆلی په‌لاماری دوهه‌می کۆچپێکردن و ده‌ربه‌ده‌رکردنیان له دوای شکستی بزوتنه‌وه‌ی گه‌لی کورد بو له ساڵی 1975 دا له ئه‌نجامی ئه‌و رێکه‌وتنه‌ی جه‌زائیره‌وه له هه‌مان ساڵدا، که رێکه‌وتنێکی کۆنه‌په‌رستانه‌ی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که بو، هه‌ر له دوای ئه‌م رێکه‌وتنه‌وه که ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌کر سه‌رۆک کۆماری عێراق و سه‌رۆکی به ناو ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی شۆرش بو، ده‌ستکرا به کۆچپێکردنی زۆره ملێی کورده فه‌یلیه‌کان و ده‌ربه‌ده‌رکردنیان بۆ ئێران به‌و پاساوه کۆنه‌ی که ئه‌مانه ته‌به‌عیه‌ی ئێرانیان هه‌یه{10}.
شه‌پۆلی په‌لاماری سێهه‌م له خۆ ئاماده‌کردنی رژێــمی عێراقدا بو بۆ جه‌نگی ئێران، واته له ساڵی 1979 و 1980 دا به سه‌رۆکایه‌تی سه‌دام حسه‌ینی سه‌رۆکی کۆماری عێراق و سه‌رۆکایه‌تی به ناو ئه‌نجومه‌نی شۆرش سێ بریاری به دوای یه‌کدا ده‌رکرد، یه‌که‌م بریاری ژماره 180 بو دژبه کورده فه‌یلیه‌کان که بریتی بو له:
1 ـ به‌رده‌وامبونی ئه‌و بۆچونه‌ی که ژماره‌یه‌کی زۆر له عێراقیه کۆنه‌کان که چه‌ندین سه‌ده بو له‌م وڵاته‌دا ژیابون به بێگانه، بۆیه داواکرا لێیان که داوای ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی بکه‌ن، ئه‌مه‌ش داوێک بو بۆیان نرایه‌وه، تا به ئاسانی هێزی ئاسایشی عێراق بتوانێت کۆنترۆڵیان بکات و بیانگرن و کۆچیان پێبکه‌ن.
2 ـ ده‌قی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر به‌خشینی ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی: " ره‌گه‌زنامه به که‌سێک ده‌به‌خشرێت که بونی له عێراقدا زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بێت بۆ ئاسایش و سه‌لامه‌تی کۆماری عیڕاقی". ئه‌مه‌ش به‌و مانایه ده‌هات که هه‌مو کورده فه‌یلیه‌کان که به ته‌به‌عیه‌تی ئێرانی داده‌نران ترسناک بون بۆ عێراق چونکه له هه‌رچ کات و رۆژێکدا بێت ده‌بن به تابوری پێنج بۆ ئێران. ئه‌م بڕیار و حوکمه پێشوه‌خته ره‌گه‌زپه‌رستانه‌یه هیچ به‌هاو نرخێکی بۆ خه‌بات و نیشتیمان په‌روه‌ری کورده فه‌یلیه‌کان به درێژای مێژوی عێراق له به‌رچاونه‌گرتبو.
3 ـ رێگه‌پێدانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و بڕیار‌و ده‌ستێوه‌ردانی له پێدانی ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقیدا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ره‌گه‌زنامه، یان په‌نابردن بۆ یاسا له بڕیاردانی مافی پێدانی ره‌گه‌زنامه و قه‌ده‌غه‌کردنی هه‌ڵوێستێکی ترسناک بو به‌رامبه‌ر به سه‌روه‌ری یاسا.
4 ـ یه‌کێک له بڕیاره‌کانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقی له‌سه‌ر پێدانی ره‌گه‌زنامه به ژنان بو، که مه‌به‌ست لێی ژنانی کورده فه‌یلیه‌کان بو، که به‌فه‌قه‌ره‌ی ئه‌لف له ماده‌ی پێنج ده‌ڵێت: بۆ هیچ ژنێکی بێگانه نیه ره‌گه‌زنامه‌ی عیراقی وه‌ربگرێت. ده‌بێت ژنی بێگانه! شوکردو به عێراقی داوای ره‌گه‌زنامه بکات له‌سه‌ر ره‌گه‌زنامه‌ی مێرده عێراقیه‌که‌ی، یان ده‌بێت عێراق به‌جێبهێڵێت، ئه‌م بڕیاره‌ش بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق خۆی بو.
له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌مو بێمافی و چه‌وساندنه‌وه و ئازاره‌ی که کورده فه‌یلیه‌کان له‌سه‌ر روبه‌ری هه‌مو عێراق و هه‌ندێک له ناو شاره کوردیه‌کانیشدا بینیان ناخۆشترین و چه‌په‌ڵترین بڕیار بڕیاری ژماره 666 بو له به‌رواری7.5.1980 ده‌رچو که ده‌قه‌که‌ی ده‌ڵێت:
1 ـ ره‌گه‌زنامه‌ی عیراقی له هه‌ر عێراقیه‌ک وه‌رده‌گیرێته‌وه ئه‌گه‌ر ده‌رکه‌وت ئه‌و که‌سه ئینتمای نیه بۆ گه‌ل و نیشتیمان و ئامانجه کۆمه‌ڵایه‌تیه به‌رزه‌کانی شۆرش.(مه‌به‌ست له شۆرشی شومی به‌عسه‌یه‌کانه) وه‌رگێر
2 ـ ده‌بێت وه‌زیری ناوخۆ فه‌رمان بدات به ده‌رکردنی هه‌مو ئه‌وانه‌ی که ره‌گه‌زنامه‌یان لێسه‌نراوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر نه‌یانتوانی به یاسا‌و مه‌حکه‌مه دۆکیومێنت بیسه‌لمێنن که مافی مانه‌وه‌یان هه‌یه له عێراقدا.
به گوێره‌ی ئه‌م بڕیاره هه‌مو کورده فه‌یلیه‌کان گومانلێکراوبون به تێڕوانینی رژێم هیچ هه‌ستێکی نیشتیمانی و مۆرالێکی سیاسیان نه‌بو به‌رامبه‌ر به عێراق. له‌سه‌ر ئه‌م تێروانینه ناڕه‌وایه‌ی رژێم کورده فه‌یلیه‌کان ئاواره‌ی وڵاتانی ئیران و ئه‌وروپا و ئامریکا و ئوسترالیا بون، توشی هه‌مو جۆره ناڕه‌حه‌تی و مه‌ینه‌تیه‌کی ده‌ربده‌ری بون، ماڵ و موڵکی گوێزراوه و نه گوێزراوه‌یان لێداگیرکرا، به سه‌دان و هه‌زارانیان لێ بێسه‌روشوێنکرا، جیاوازی نه‌کرا له نێوان ژن و پیاو کوڕ و کچه گه‌نجه‌کانیاندا، به تایبه‌تی کور و کچه گه‌نجه‌کانیان به‌ر شاڵاوی درندانه و چه‌په‌ڵی به‌عسیه‌کان له جه‌نگی عێرق ئێران‌دا که‌وتن و به سه‌دانیان تیاچون. کورده فه‌یلیه‌کان له لایه‌کی تریشه‌وه به‌ر شاڵاوی تاوانی ئه‌نفال که‌وتن و ئه‌م تاوانه نێوده‌وڵه‌تیه ئه‌مانیشی گرته‌وه.
چاره‌سه‌ری عه‌قڵانی بۆ ره‌گه‌زنامه‌ی عێرق و مافی هاوڵاتی بون، ئه‌وه‌یه که جیاوزی نه‌کرێت له نێوان ره‌گه‌ز و تایه‌فه و ئاین و دیندا، عێراقیه‌کان له‌سه‌ر پرنسیپێکی نیشتیمان په‌روه‌ری و مافی هاوڵاتی بون و یه‌کسانی به سیسته‌مێکی دیموکراتی و په‌رله‌مانی که نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی هه‌مو گه‌لی عیراق بێت به‌بێ جیاوازی مافی هه‌مو که‌س بپارێزێت و هیچ جۆره شوناسنامه‌یه‌ک جگه له شوناسنامه‌ی عیراقی بون نه‌خوێنرێته‌وه و له‌به‌رچاو نه‌گیرێت، عێراق ببێت به عێراقێکی دیموکراتی ئیتحادی. داوای به‌رده‌وامی کورده فه‌یلیه‌کان بۆ قه‌ربوکردنه‌وه‌یان له‌و زیانه گه‌وره‌یه‌ی لێیان که‌وتوه جێبه‌جێبکرێت.
پێویسته له سه‌ر ئێمه‌ی عه‌ره‌ب ئه‌وه باش بزانین که کورده فه‌یلیه‌کان به‌شێکن له گه‌لی کورد و گه‌لی کوردیش به‌شێکی گه‌وره و سه‌ره‌کی پێکده‌هێنێت له گه‌لی عێراق، پێویسته له‌سه‌رمان دانبنێین به مافی کورده‌کاندا و هه‌مو مافێک بگێردرێته‌وه بۆ کورده فه‌یلیه‌کان، عه‌ره‌ب کاتێک ده‌توانێت به مافه‌کانی خۆی بگات، که مافی به‌رامبه‌ره‌که‌ی له به‌رچاوبگرێت و دانی پیابنێت و رێزی لێبگرێت، ده‌بێت دژی هه‌مو ئه‌و ره‌فتاره ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی سه‌رده‌می پاشایه‌تی حوکمی عێراق و سه‌رده‌می به‌عسیه فاشیه‌کان بوه‌ستینه‌وه.
سه‌رچاوه‌کان:
{1} فه‌یلی، نجم سلمان مهدی. فه‌یلیه‌کان. پیاچونه‌وه‌ی جه‌رجیس فه‌تحوڵا. دار شمس. ستۆکهۆڵم. سوید. 2001.
21} به ره‌زامه‌ندی هاوڕێم دکتۆر هادی مالک ئه‌م ده‌قه بڵاوبوه‌وه دوای گۆڕینی له زمانی ئه‌ڵمانیه‌وه.
{3} له په‌نجاکاندا زۆرێک له خه‌باتگێرانی کورده فه‌یلیه‌کانم بینی، له کاتی هه‌ڵوێسته‌کانمدا یان له کاتی به‌ندیخانه‌کانی عیراقدا. که زۆرێک له‌م خه‌باتگێرانه توشی پرۆسه‌ی کۆچپێکردن و گواستنه‌وه ببون، له به‌صره‌وه بۆ موحمه‌ره له ئێران. که پۆلیسی عێراقی ده‌یگه‌یاندن و راده‌ستی پۆلیسی ئێرانی ده‌کردن، دواجار پۆلیسی ئێرانی به هه‌ندێک به‌رتیل یان به بێ به‌رامبه‌ر ئازادی ده‌کردن. ئه‌مانیش ده‌ستبه‌جێ ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌صره. هه‌ر له دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان توشی هه‌مان ئه‌و پۆلیسانه ده‌بون که گواستویانه‌ته‌وه بۆ موحه‌مه‌ره له چاخانه‌کانی به‌صره‌دا و پێکه‌وه ده‌ستیان ده‌کرد به چا خواردن و پاره و وێری چاخواردنه‌که‌ش کورده فه‌یلیه‌کان ده‌یاندا و پێکیشه‌وه به شه‌مه‌نده‌فه‌ر ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غداد.به‌م جۆره چیرۆکی و به‌سه‌ر هاتی گواستنه‌وه‌ی خۆیانیان به ده‌گێرامه‌وه. دواجاریش به هۆی کاری سیاسیانه‌وه له حیزبی شیوعی و حیزبی دیموکراتی کوردستاندا زۆر جار ده‌گیران و به‌ند ده‌کران.
{4} فه‌یلی، نه‌جم سه‌لمان مه‌هدی. فه‌یلیه‌کان. پیاچونه‌وه‌ی جه‌رجیس فه‌توڵا. دار شه‌مس. ستۆکهۆڵـ سوید. 2001. ص 20.
{5} شه‌عبان د. عه‌بدولحسه‌ین. ئه‌شکالیه‌تی ره‌گه‌زنامه له هه‌ردو یاسای عێراقی و نێوده‌وڵه‌تیدا. رۆژنامه‌ی زمان له‌نده‌نی. زنجیره‌یه‌ک له ئه‌ڵقه‌ی په‌رتوکی دانه‌ر. ئه‌ڵقه‌ی چوارهه‌م. ژماره 1160. 14 مارت/2002 ص.13
{6}.ئه‌لزری عه‌بدلکه‌ریم، کێشه‌ی حوکم له عێراق دا. چاپی له‌نده‌ن. تشرین یه‌که‌م/ 1991. ص.2.
{7} عنوز محه‌مد، یاسای ره‌گه‌زنامه‌ی عیراقی کێشه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی و چاره‌سه‌کردنی. له گۆڤاری: ماف. کۆمه‌ڵه‌ی مافناسان، له‌نده‌ن. ژماره 4 ساڵی یه‌که‌م حوزه‌یران/ 2001. ص 155.
{8} واقعی عێراقی. ژماره 232 له 21.10.1924
{9} عنوز محه‌مه‌د.کێشه‌ی هه‌میشه‌یی له یاسای ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی دا.. سه‌رچاوه‌ی پێش‌و ص 156.
{10} جابر جابری. پێشێلکردنی مافی کورده فه‌یه‌له‌یاکن له لایه‌ن رژێمی عێراقیه‌وه. رێکخراوی مافی مرۆیی کورده فه‌یلیه‌کان. ڤیینا. 1993. ص 23
سه‌رچاوه: سایتی گلگامیش