نیگایەک لە جەوهەری ئەو هێزەی ئێستا لە هەناوی کۆمەڵگای ئێمەدا دەجوڵێت
شتێکی گەورە ناوەوەی دونیای ئێمە دەهەژێنێت، هێزێکی خەوتوو و فەرامۆشکراو کە هێدی هێدی دەیەوێت ببزوێت و هەستێت و بێتەدەرێ. سروشتی ئەم هێزە وەک هەموو هێزە مێژووییە بزوێنەکان نادیارە، کۆکردنەوەی لە ژێر یەک ناونیشاندا ئەستەمە و ناونانی بە یەک ناو نەشیاوە، هێزێکە دەجوڵێت و بۆ کردارێکی مێژوویی دەگەڕێت کە هێشتا بە ڕوونی هیچ شتێک لە جەوهەری ئەو کردارە دیار نییە، بەڵام هێزێکە دەیەوێت شتێک بکات کە لە شتەکانی تر ناچێت... لە ئێستادا گرنگ نییە ئەو هێزە چی دەکات، چونکە ئەوەی ئێستا جێگای تێڕامانە ئەوەیە کە ئەم هێزە لێرەیە، دوای غیابێکی مێژوویی گەورە، دوای وەستانێکی گەورە، ئێستا شتێکی نائاسایی لە هەناوی مێژووی ئێمەدا دەجوڵێت، مەخلوقێکی تر لە سەرەتای هاتن و لەدایکبووندایە. دەرکەوتنی ئەم هێزە بەبۆچوونی من کورت ناکرێتەوە بۆ هەندێک کلێشەی سیاسی ڕووت، ئەوەی کە بڵێین گەندەڵی یان توڕەیی لە هەڵە سیاسییە گەورەکانی پەنجا ساڵی ڕابوردوومان بە تەنیا ئەو هێزەی دروستکردوە، کورتکردنەوەیەکی ترسناک و نەپێکانێکی گەورەیە. ئەوەی ئەم هێزە دەجوڵێنێت تەنیا سیاسەتی هەنوکەیی نییە، بەڵکو بۆشاییەکی گەورە و ترسناکی ناو مێژووی ئێمەیە. ئەوەی لە ناکاو هەست بە «بۆشی مێژوو» بە «ڕووتەنی مێژوو» بە «بێحاسڵی چەند سەدەیەک» دەکەین، ئەوە هەموو ترسە دێرینەکانمان تێدا زیندوودەکاتەوە. ترس لە بۆشایی، ترس لەوەی کە لە پرۆسەیەکی مێژوویی گەورە مایەپوچ هاتووینەتە دەرەوە، یەکێکە لە هەرە کوشندەترین ترسەکانی ئەمڕۆمان، ئەوەی لە ناوەوە ئەو هێزە دەجوڵێنێت خودی ئەو هەستە قووڵەیە بە بۆشایی، بە نەبوونی ڕووداو، بە نەقەومانی شتی گەورە، بە دەست پێنەکردنی ژیان لە ناو جەستەی مێژوویی ئێمەدا. دەبێت بڵێم کە وردبوونەوەیەکی قووڵ لە مێژووی ئێمەدا دەمانگەێنێتە ئەو بڕوایەی کە هەڵهاتن لە فەوتان و نەمان وەک پۆڵی دژ و پێچەوانەی مردن کاریانکردوە، مرۆڤ دەتوانێت یان لە مردن هەڵبێت یان بژی. ئێمە بە درێژایی مێژوو لە مردن هەڵدێین، لەو ترسە دەرەکییە گەورانە هەڵدێین کە لە ئاقاری کۆتایی نزیکماندەکەنەوە، بەڵام مانای کۆی پرۆسە مێژووییەکە بۆ ئێمە ئەوەیە بگەینە سەر ژیانی ئاسایی، ژیانێکی لە دۆخی مەترسی و ترسەوە بەرەو ئارامی پەڕیبێتەوە. مەبەست لەو خەباتە دوورودرێژە دژی نەمان ئەوەیە، دواجار لە جێگایەکدا بوەستین و سەیربکەین و ببینین کە ئێمە توانای ژیان و هێز و بەردەوامیمان تێدایە، واتە بتوانین لە مێژووی ترسەوە « واتە لە گووتاری مانەوەوە» بگوازینەوە بۆ مێژووی دڵنیایی. بۆشایی لەو کاتەدا دروستدەبێت کە ترس زۆر لە وزە و هێز و تینی خۆی دەدۆڕێنێت بێئەوەی دڵنیایی ڕاستەقینە ئامادەبێت، بۆشایی مێژوویی ئەو دەلاقە ترسناکەیە کە تێیدا هەستدەکەین ئێمە لە مردن هەڵهاتووین بەڵام پێمان نەخستۆتە ناو دڵنیاییەوە. دڵنیایی ئەوەیە هەستبکەین مێژووی ئێمە چیتر ڕاناکات، چیتر لە ترسی نەمان هەڵنایەت، چیتر فشاری دەرەکی جوڵەی ناوەوەی ڕاناگرێت، بەڵکو ئازادانە دەجوڵێت، دەتوانێت هەناسەبدات و سەیری خۆی بکات و بیر لە خۆی بکاتەوە. دڵنیایی مانای ئەوەی هەستبکەین ئێمە ئیفلیج نین... بەڵام گەر ترسی دەرەکی لاواز بێت و هەستی ئیفلیجیش لە ناوەوە بەهێزبێت، ئا لەویادا قەیرانێکی مێژوویی گەورەی وەک ئەم قەیرانەی ئەمڕۆ دروستدەبێت. دینەمۆی نهێنی مێژووی ئێمەی کورد ئەوەیە بەدوای ڕوداوێکی گەورەدا بگەڕێین کە خۆمان دروستمانکردوە، ئیرادەی خۆمان لە شتێکی تردا تاقیبکەینەوە کە تەنیا ڕاکردن نەبێت لە مردن و هەڵهاتن نەبێت لە دوژمن. ئەم تاقیکردنەوەی ئیرادەیە جێگایەکی سەنتراڵ و نهێنی لە مانای بوونی ئێمەدا هەیە، تەنیا لە ڕێگای ئەم تاقیکردنەوەیەوە دەتوانین لە «ئەگەری بوون»ـەوە بەرەو «بوون» خۆی بگوازینەوە، لە «بوون وەک پڕۆژەیەکەوە» بۆ «بوون وەک واقعێک» بپەڕینەوە... ئیفلیجی درێژبوونەوەی مردنە، ئەوەی شتێکی گەورە ڕوونەدات درێژبوونەوەی مردنە، ئەوەی هەست نەکەیت مێژووییەک دوای بەستنەوەیەکی درێژ خێرا کۆتەکانی خۆی دەشکێنێت و هەڵدەستێتە سەرپێ درێژبوونەوەی مردنە... ئەوەی لە ناوەوە بۆتە دینەمۆی ئەم ساتەی ئەمڕۆمان ئەو هەست نەکردنەیە بە ژیان لە جەستەی کوردیدا، ئەو هەست نەکردنەیە بە بوونی جوڵەیەکی ناوەکی گەورە لە ناو ئەم مێژووەدا، ترسە لە ئیفلیجییەکی وجودی، ترسە لەوەی کە هەموو ئەو کارەساتانەی بەسەر ئێمەدا هاتوون پەیوەندیان بە ئیفلیجی ئێمەوە هەبێت وەک نەتەوەیەک، نەوەک پەیوەندیان بە دەرەوە و داگیرکەرانەوە هەبێت، ئەو ترسە هێندە ناوەکی و نهێنی و کارایە لە ناوەوە بوونەوەرێکی نائومێد و توڕەی دروستکردوە.
ئەمجۆرە ساتانە لە مێژوودا تەنیا بە سیاسەت ناخوێنرێنەوە، سیاسەت هەمیشە گەمەی دەسەڵات و دۆڕان و بردنەوە دەکات، ڕۆشنبیر بەبڕوای من دەبێت دیمەنەکە لە ئاستێکی دیکەوە سەیربکات، لە جێگایەکی دیکەوە تەماشایبکات. لە بەرئەوەی ڕۆشنبیر کەسێکە پێش سیاسەت و دوای سیاسەت دەبینێت، هەڵوێست و تێگەیشتنی ڕۆشنبیر دەبێت تێپەڕاندن بێت لە هەڵوێست و تێگەیشتنی سیاسی، بۆئەوەی ئەگەر و ئاسۆ مێژووییەکان لە پشت ستراکتور و پێکهاتی ئەمڕۆوە بدۆزێتەوە. بۆئەوەی لەم ساتە تێبگەین دەبێت لە چەمکێکی گرنگی تر تێبگەین، چەمکێک کە ئێمە هەرگیز قسەمان لەسەر نەکردوە، بەڵام قووڵ لە هەناوی بوونی ئێمەدا دانیشتووە، چەمکێک بەچەمکی «بۆشایی ـ فراغ» ناویدەبەم، ئەم چەمکە جیاوازە لە چەمکی فەراغی سیاسی یان فەراغی ڕۆحی کە هەردووکیان لە دونیای ئێمەدا باون و لە قسەی ڕۆژانەماندا زۆر بەکاریدەهێنن. مەبەست لە بۆشایی لێرەدا «نەبوونی مانایە بۆ مێژوو». مەبەست ئەو ساتی دەرکەوتن و موکاشەفەیەیە کە تێیدا تێدەگەین کە پڕۆژەیەکی مێژووییمان هەیە مانای نەبووە. ڕەنگە یەکێک بپرسێت. ئایا دەبێت مانای پڕۆژەی مێژوویی ئێمە چی بووبێت کە ئێستا لە ناکاو هەست بە بێمانایی دەکەین؟. وەڵامی ئەم پرسیارە گەلێک درێژ و ئاڵۆزە، بەڵام بەبێ وەڵامی ئەم پرسیارەش ناتوانین بگەینە هیچ جێگایەکی دیکە، وەک گووتم ئیدیالەکانی «گووتاری مانەوە» لە مێژووی ئێمە تەنیا ئەوە نییە ژیان و مانەوەی ئێمە بپارێزێت و هەڵیبگرێت، بەڵکو ئەوەشە «گەشە بە مانەوە بدات» «مانەوە بگۆڕێت بۆ ژیانێکی ئازاد و کراوە» «ژیان بگۆڕێت بۆ چالاکییەکی ستاتیکی، بۆ بوونێکی کراوە بۆ ئەگەری گەلێک ژیانی دی» ، واتە ستراتیژی خەباتی ئێمە بۆ مانەوە، ئەوەیە هەموو مانا ڕاستەقینەکانی ژیان تاقیبکەینەوە، ئازادیش لەسەروو لیستی هەموو ئەو مانایانەوەیە. مێژووی ئێمە لەو ساتەدا دەگاتە یەقین و دڵنیایی کە بزانێت لە بازنەی «خۆپاراستنەوە» گواستوێتییەوە بۆ بازنەی «خۆگۆڕین و گەشەکردن»، واتە لە بازنەی «شەڕی مێژووییەوە لەگەڵ دەرەوەدا» بۆ بازنەی «بزواندنی مێژووی ناوەکی خۆی»، بە مانایەکی تر لە جوغزی «ناچاریی»ـەوە چۆتە سەر سەرزەمینی «ئازادی». گەر بڕوانین لە پشت چینە سەتحییەکانی هوشیاری سیاسی ئێمەوە هەمیشە «یۆتۆپیایەکی نهێنی» ئامادەبووە، خەونێکی گەورە کە بزاوتی ناسیونالیزمی و بزاوتی سوسیالیستی کوردیش لە هەموو سەدەی بیستدا کاری لەسەر کردوە، خەونی سەربەخۆیی و عەدالەت، واتە ڕاستە جەوهەری گووتاری مانەوە پاراستنی مادییانە و فیزیکی بوونی ئێمەیە وەک نەتەوە، بەڵام ئەم گووتارە هەرگیز بێ ئەو خەون و یۆتۆپیا نهێنییەی خۆی نەیتوانیوە بژی، واتە ڕزگارکردنی مانای بوون لە بوونێکی فیزیکی ڕووتەوە بۆ بوونێکی مەعنەوی و ڕۆحیش. لە دوای ڕاپەڕین سیاسەتی کوردی کە بنەمای بوونی خۆی لەسەر ئەم دروشم و خەونە گەورانە دروستکردوە، دەگاتە ساتەوەختێکی مێژوویی تێیدا دەبێت بەدەر لە فشاری دەرەکی وە بەدەر لە کۆمەکی دەرەکی، ناوەوەی کۆمەڵگای خۆی بجوڵێنێت. واتە دەگەینە ئەو ساتەی لە ئاستی نزمی خیتابی مانەوەوە، لەوەوە کە تەنیا بە «ژیانی ڕووت» ڕازیبین، بگوازینەوە بۆ ئاستێکی دیکەی ئەم خیتابە کە تێیدا « بوونی دڵنیا» « کاری دڵنیا» «ئیرادەی دڵنیا» تیا سەروەرە. بەڵام چەمکی «بۆشایی» بەبڕوای من بریتییە لەو ساتەی کە تێیدا شەڕی مانەوە ناتوانێت لە ئاستە نزم و سادەکەوە بگوازێتەوە بۆ ئاستە بڵند و ئەکتیڤ و داهێنەرەکەی. بۆشایی ئەوەیە کە لەساتێک لە ساتەکاندا تێدەگەین میللەتێک ناتوانێت مێژووی خۆی بجوڵێنێت و دروستیبکات یاخود میللەتێک دەتوانێت لەناونەچێت، بەڵام ناتوانێت لە بوونی سادە و سەرەتاییەوە یاخود لە بوونێکی ناکامڵ و کرچ و کاڵەوە بگوازێتەوە بۆ بوونێکی کارا و دروستکەر و داهێنەر. واتە «بۆشایی» نوشوستییە لە گواستنەوە لە پاراستنی جەستەوە بۆ هەستانەوەی ڕۆح، نوشوستییە لە گوزتنەوەدا لە ئیشکردن بە ئیرادەی هێز و جەستەوە بەرەو ئیشکردن بە ئیرادەی عەقڵ.
بە کورتی هەستکردن بە بۆشایی دوو بنەمای سەرەکی هەیە، یەکەمیان نەبوونی هیچ ڕوداوێکی گرنگ لە ئێستادا، واتە مێژووی ئێمە لە جەوهەریدا بۆتە مێژوویەکی بێڕوداو، مێژووییەکی سست لە ناوەوە، مێژووییەکی خاڵی لە هەر جوڵەیەکی ڕاستەقینە. دووەمیان: هەرەسی ڕابوردوو و ماناکانێتی، بێئەوەی هیچ ڕێگایەک لە بەردەم پاشەڕۆژدا کرابێتەوە. ئەم دوو بنەما سەرەکییە ئەم ساتەوەختی ئێمە لە ناوەوە دەجوڵێنێت، تەواوی دیاردەکانی تر دەرکەوتەی ئەو هەرەسە گەورەیە و ئەو ئیفلیجییە ناوەکییەن.
هیچ بزاوتێکی سیاسی بێ هەستێکی مێژوویی قووڵ ناتوانێت بژی، مێژووی ئێمەش لە دوای ڕاپەڕینەوە موکاشەفەی ئەو ڕاستییەیە کە ئەوەی ڕابوردوو وەک ئامانج و مانا تەماشایدەکرد، نە هاتەدی و نە مانای خۆشی بەدەستهێنا، واتە هیچ یەک لە ئیدیالەکانی شەڕی مانەوە نەگەیشتنە جێگا و شوێنی خۆیان، پڕۆژەی مانەوە وەک پڕۆژەیەکی پڕ لاوازی و ڕاڕایی لە جێگایەکی دیاریکراودا وەستا و ناتوانێت بچێتە پێشێ... ئەوەی مێژووی سەد ساڵی ڕابوردووی ئێمە کتوپڕ و بەجۆرێکی تراژیدی مانا و ئیدیالەکانی خۆی لە دەستدا، ئێمەی خستۆتە بەردەم دوو دووڕیان، یەکەم : یان ئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ ڕابوردوو و بەهاکانی و نرخەکانی زیندووبکەینەوە و هەوڵبدەین دووبارە ڕۆح و ماناکانی هەستێنینەوە. دووەمیش: یاخود لەم چرکەساتەوە سەرەتایەکی تازە دەستپێبکەین. دیارە هەر هێزێکی سیاسی لە ئێستادا دەجوڵێت دەبێت بە ڕوونی لە نێوان ئەم دوو ستراتیژەدا یەکێک هەڵبژێرێت، وە هێزێکیش کە چاوی لەسەر نوێکردنەوە بێت، هەمیشە ڕێگای دووەم هەڵدەبژێرێت.
گرنگترین خاڵێک کە نابێت لە بەرچاومان ونبێت ئەوەیە، لە مێژووی ئێمەدا سیاسەت هەستی مێژوویی کوشتوە، ئەو هەستەی سڕکردوە کە ساتەکان لە جەرەیانی خۆیاندا ببینین. پەیوەندی مرۆڤی ئێمە لەگەڵ مێژوودا، لەوە کەوتووە تێڕامان بێت لە پێوانەکردنی شێوە و لۆژیکی گۆڕان لە مێژوودا و بووە بە نوقمبوونێکی ترسناک لە ڕۆژانە و تێپەڕ و خێرادا، مەترسییەکی گەورەش هەیە چەمکی گۆڕان لە چەمکێکی ستراتیژیی و فیکرییەوە وەرگەڕێتە سەر چەمکێکی کڵێشەیی کە ماناکانی دیارنەبن و ببێتە وشەیەک کە دەبێت بە ژێر تەپۆتۆزی ژیانی سیاسی ڕۆژانەوە. لێرەوە ئەرکی گەورەی ڕۆشنبیرە بەرگری لە گۆڕان بکات، بەڵام بەرگری لە مانا قووڵەکانی گۆڕان بکات و هەمیشە قووڵایی وشەکە و قووڵایی پرۆسەکەی لەبەرچاوبێت. دیارە ئەمە بەو مانایە نییە کە خەباتی سیاسی بۆ گۆڕان ڕابوەستێت، یاخود بڵێین ئەو خەباتە نرخێکی نییە، بەڵکو بەو مانایەیە کە بەشێکی گرنگی پرۆسەی گۆڕان دەکەوێتە ئەستۆی دروستکەرانی فیکر و بیریارە ستراتیژییەکانی کۆمەڵگا و ئەو سیستمە گووتارە نوێیانە کە لە هەناوی مێژووی ئێستاوە دێنەدەرێ، ئەمە بەو مانایەش نییە کە دەبێت فیکرێک هەبێت پێش پرۆسەی گۆڕان بکەوێت، بەڵکو بەو مانایەی کە گۆڕان لە یەککاتدا ئەزمونێکی پراکتیکی و ئەزمونێکی تیوری هاوشانیشە، تیوریزەکردنی گۆڕان بێپراکتیزەکردنی وە پراکتیزەکردنی بێتیوریزەکردنی دەمانگێڕێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا. لێرەوە بەبۆچوونی من چەمکی گۆڕان، تەحەدا و تاقیکردنەوەیەکی هەم پراکتیکی و هەم تیورییە، هەم سیاسی و هەم فیکرییە، بۆیە لەقووڵایدا توند گرێدراوی ئیرادەیەکی گەورەیە کە بشێت بە هەموو لایەکدا کاربکات، پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی هەمە لایەنە و فرە هێزە کە تێیدا نوخبەی کۆمەلایەتی جیاواز جیاواز بە زیاد لە مەبەستێک و بە زیاد لە ئامانجێکەوە ئیرادەی خۆیانی تێدا تاقیدەکەنەوە ... بەڵام چ جۆرە ئیرادەیەک؟. لەسەدەی بیستدا سنووری مانەوەی ئێمە، بە ئەندازەی ئەو سنوورەیە کە هێزمان پێمان دەبەخشێت، واتە ئیرادەمان ئیرادەیەکی جەستەیی ڕووت و هێزمان هێزێکی سەربازی ڕووت و شەڕمان پێکدادانێکی فیزیکی ڕووتە. گەورەترین هەڵەی مێژوویی ئێمە ئەوەیە کە هەمیشە دوژمنەکانمان بانگهێشتی شەڕی سەربازی دەکەین، تەماحی زۆرانبازییان دەخەینە بەردەم، تەحەدای ئەوەیان دەکەین لە جەنگدا بیانشکێنین... ئەم تەحەدایەش ئەنفالی لێکەوتەوە... لێرەدا جەوهەری گۆڕان دەبێت ئیشکردن بێت لەسەر ستراتیژێکی دیکە، لەسەرەتایەکی دیکەوە، لە جێگایەکەوە کە دابڕانێکی ستراتیژی لە مێژووی ئێمەدا دروستبکات. دیارە ئەمە نابێت لەگەڵ خەون و خولیای گروپە سیاسی و هێزە سیاسییەکاندا تێکەڵبکرێت، ئەم دابڕانە شتێکە لە مۆراڵی سیاسی گشتی و نیگاکردنی کۆمەڵگا بۆ چارەنوسی خۆی و لە هوشیاری مێژوویدا بەرجەستەدەبێت، بۆیە ئەرکەکە لە ڕاستیدا بۆ هێزێک و گروپێک و ساتێکی مێژوویی دیاریكراو نییە، بەڵکو ئەرکەکە پرۆسەیەکی ئاڵۆز و پڕ ململانێیە کە دواجار دەبێت بە بەگەڕخستنی ئیرادەی گۆڕان لە ئێستادا و بەبەگەرخستنی بەردەوامی ئیرادەی گۆڕان لە مێژووی داهاتوودا تەواو بێت، بۆیە هەڵەیەکی مێژوویی گەورەیە تەواوی ئەرکەکە «کە هەڵبەت ئەرکێکە تەواوبوونی نییە» بخەینە سەرشانی یەک هێزی کۆمەڵایەتی یان فیکری یاخود سیاسی... بۆیە هەموو بکەرێک و هەموو نوخبەیەکی کۆمەڵایەتی بەجۆرێکی تایبەت بە خۆی و بە شێوەیەک کە لە سروشتی خۆیەوە هاتووە، لەو پڕۆسەیەدا بەشداریدەکات.
بەڵام سەبارەت بەو هێزەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا دەجوڵێت، بە بڕوای من دوو ئەرکی سەرەکی و دوو ئاسۆی گرنگی بۆ داهاتوو لە بەردەمدایە:
یەکەمیان: دەبێت هەوڵبدات سنووری تێڕوانین و بیرکردنەوەی لە سنووری ململانێی ناو سیاسەتی هەنوکەیی تێپەڕێت بۆئەوەی وەک هێزێکی مێژوویی نوێ شوناسێکی نوێ بۆ خۆی دروستبکات؟. دووەم: تادەتوانێت خۆی لە ڕۆحی پۆپۆلیستی بپارێزێت و عەقڵ بکاتەوە بە بنەمای سەرەکی سیاسەت؟.
هێزی نوێ تەنیا لە ڕێگای دەرککردنییەوە بە خۆی وەک شوناسێکی نوێ دروستدەبێت. دیارە ساوایی و دەرکەوتنی کتوپڕی ئەو هێزە هێشتا ڕێگرە لەوەی بتوانێت سروشتی شوناسی راستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە، ئەوەی تا ئێستا هەیە جوڵەیەکی ناوەکییە لە هەناوی کۆمەڵگا و مێژووی ئێمەدا کە لەگەلێک ئاڕاستە و هێز دروستبووە، بەبڕوای من شوناسی سیاسی نوێ تەنیا لەسەر چەمکی دژایەتی دۆخی هەنوکەیی سیاسەت دروست ناکرێت، بەڵکو لەسەر دیدێکی ڕەخنەیی بۆ هەموو بنەما کۆمەڵایەتی و زیهنییەکانی پێشوو بەڕێوەدەچێت. بە بۆچوونی من جەوهەری ئەم بزاوتە لە ئێستادا تەنیا ئەوە نییە کە ئاخۆ چەند لە خەریتەی سیاسی کوردی دەگۆڕێت «کە هەڵبەت گۆڕینی خەریتەی سیاسی خۆی لە خۆیدا زۆر گرنگە». بەڵکو ئەوەیە چەند لە عەقڵییەتی سیاسی وە شێوەی کاری سیاسی دەگۆرێت، وە چەند لە لەمپەرەکانی بەردەم خۆی تێدەگات و تا چەندیش دەیەوێت بیانشکێنێت. بۆیە مانای گۆڕان نابێت تەنیا لە ئاستی ڕەخنەکردن لە پارتی و یەکێتیدا تەواوبێت، بەڵکو دەبێت بگوازێتەوە و ببێتە ڕەخنە لەو بنەمایانە کۆی مێژووی سیاسی ئێمەی لەسەر وەستاوە، واتە ڕووبکاتە ئەو ژێرخانە سیاسی و کولتوورییەی کە یەکەم: بزاوتی ناسیونالی گۆڕی بۆ بزاوتێکی هەرێمی و لۆکاڵ. دووەم: شەڕی چەکداری کرد بە هۆکاری سەرەکی گۆڕان. سێهەم: شێوازی بەلشەفیانەی حیزبی کرد بە شێوازی سەرەکی سیاسی. چوارەم: چەمکی سۆسیالیزمی خستە بری چەمکی ئازادی و عەدالەت. ئەو کارەساتەی ئەمڕۆ تێیدا دەژین درێژکراوەی ئەو چوار هەڵە سەرەکی و کوشندەیەیە. بە کورتی گۆڕان لە رەخنەکردنێکی قووڵی ئەو چوار بنەما سەرەکییەوە دەست پێدەکات کە کۆی «مۆدێرنەی سیاسی» ئێمەی لەسەر بونیادنراوە.
مەترسی دووەمیش کە مەترسییەکی کەم نییە ئەوەیە ئەم هێزە دەبێت خۆی لەوە بەدووربگرێت ببێتە هێزێکی پۆپۆلیستی، کە لەسەر شێوازی پارتی و یەکێتی تەسلیمی ڕۆح و زیهنییەتی مێگەل بێت و لەسەر سۆز و عەواتیفی سادە ئیشبکات و مەبەستی گەیشتنێکی کوێرانە بێت بە زۆرایەتی و لە پێناوی ئەوەدا هەڵوێستەکانی کورتبکاتەوە بۆ هەڵوێستی پۆپۆلیستی ڕووت. دیارە ئەمە بەو مانایە نییە کە دەبێت ئەم هێزە قەناعەتی گروپ و هێزە کۆمەڵایەتییەکانی تر فەرامۆشبکات، بەڵکو بەو مانایەیە کە دۆزینەوەی شوناسێکی سیاسی و جیهانبینییەکی مێژوویی نوێ نەکرێت بە قوربانی گەورەبوونێکی خێرا .
پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە ئەم هێزە چۆن خۆی پێناسەبکات و چۆن ئەو بەتاڵی و بۆشاییە مێژووییە تێبپەڕێنێت؟ چی پێویستە و دەبێت چ مۆراڵێک بگرێتەبەر. کێشەی گەورەی ئێمە دوای ڕاپەڕین ئەوەیە کە هیچ هێزێکی کۆمەڵایەتیمان نییە پڕۆژەیەکی تایبەتی هەبێت، هیچ هێزێکی کۆمەڵایەتیشمان نییە شوناسی ڕوونی هەبێت، ئەمە جگە لەوەی شتێک نییە ناوی دیالۆگی ناوەکی بێت لەم کۆمەڵگایەدا، دیالۆگ هەتا لەناو یەک گروپ و یەک هێز و یەک کەسیشدا نییە، یەکێک لە هەرە ڕووبەرە گەورەکانی بۆشایی لەم کۆمەڵگایەدا نەبوونی ئەو دیالۆگەیە، کە عەقڵ لەگەڵ خۆی و لەگەڵ ئەویتر و لەگەڵ کۆدا نەچووە دیالۆگەوە، شوناس دروست نابێت. شوناس بەرەنجامی دیالۆگێکی ناوەکییە، دەرەنجامی قسەکردنی مرۆڤە لەگەڵ خۆی و دەرەوەدا، دەرەنجامی قسەکردنی گروپە لەگەڵ خۆی و دەرەوەدا و دەرەنجامی قسەکردنی کۆمەڵگایە لەگەڵ خۆی و دەرەوەدا. ئەم هێزەی کە ئێستا دەجوڵێت دەبێت هێزێک بێت بیربکاتەوە، دەبێت بیبیستین لە ساتی بیرکردنەوەدا، دەبێت گوێمان لە دەنگی بێت کاتێک لەگەڵ خۆی و دەرەوەدا دەدوێت. واتە سەرەتا مەرج نییە ئەم هێزە شوێنی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی پڕبکاتەوە، بەڵکو دەبێت دیالۆگێکی فیکری لە ناو خۆیدا دامەزرێنێت، چونکە تەنیا لە ڕێگای دیالۆگ و بیرکردنەوەی عەقڵانییەوە دەشێت دەسەڵاتێک سەرهەڵبدات لەو دەسەڵاتە دیکەی خۆرهەڵات نەچێت. واتە ئەوەی لای من زۆر گرنگە تەنیا ئەو پرسیارە نییە: گەر ئەم هێزە نوێیە دەسەڵاتی هەبێت لە سیاسەتدا چی دەکات، بەڵکو ئەو پرسیارەش زۆر گرنگە ئەم هێزە لە ناو مێژوودا چی دەکات، سەرەتای چ کولتوورێک دادەڕێژێت، واتە ئەو زنجیرە گووتارە گرنگە کە لە داهاتوودا جیهانبینی خۆی لەسەر دادەمەزرێنێت، ئەو خاڵانە گرنگن کە دابڕان و جیاوازی خۆی لەسەر دروستدەکات، ئەو کولتوورە فیکری و ئەخلاقییە گرنگە کە وەک ڕوخساری جیاکەرەوە دەیبەخشێتە خۆی. بە مانایەکی دی، چەندە گرنگە ئەم هێزە لە هێزەکانی دی نەچێت، هێندەش گرنگە لەگەڵ مۆراڵی ناسیونالیزمی کوردی سەدەی بیستدا دابڕان دروستبکات، چونکە کوردستانی سەدەی بیست و یەک پێویستی بە مۆراڵێکی سیاسی دیکەیە کە سەر بەم سەدەیە بێت.
بەدەر لە هەموو ڕوکارە وێرانکارەکانی ناو مۆراڵی ناسیونالیزمی کوردی، لێرەدا هەوڵدەدەم، هەندێ جەمسەری زۆر گرنگ دیاریبکەم کە پێموایە دروستبوونی کولتوورێکی سیاسی نوێی پێوەی گرێدراون. سێ تەوەری سەرەتایی و سەرەکی بە کورتی دەستنیشانیاندەکەم کە پێموایە لە داهاتووی دوور و نزیکدا ڕووبەڕووی هەموو ئەوانە دەبێتەوە کە دەیانەوێت لە ئاستی فیکری و سیاسیدا شتێک بگۆڕن.
1. گۆڕینی سروشتی توڕەیی:
هەڵبەت ئەوەی بزاوتێک بێت تەنیا لەسەر دژایەتی دروستبووبێت، لەسەر توڕەیی دروست بووبێت بەس نییە بۆئەوەی وەک دیاردەیەکی مێژوویی نوێ سەیریبکەین، توڕەیی دیاردەی سیاسی تێپەڕ و ڕاگوزەر دروستدەکات، توڕەیی دەشێت سەرەتا هێزێک ببزوێنێت، بەڵام ناتوانێت پاشەڕۆژ و شوناسی بداتێ. توڕەیی ڕووت توندڕەوی دروستدەکات نەوەک گۆڕان، توڕەیی ڕاستەقینە دیاردەیەکە نامانباتەوە سەر جەنگ، بەڵکو دەمانباتەوە سەر بیرکردنەوە، بۆیە توڕەیی تەنیا کاتێک مانای هەیە کە بتوانێت بیربکاتەوە و کاری هێمن بکات، بێئەوەی سنوری ڕێزی مرۆڤ ببڕێت و ببێتە هێزێکی وێرانکار، گەورەترین تراژیدیای مێژووی مرۆڤ ئەوەیە کە توڕەیی زۆرجار دەبێتە هێزێکی وێرانکار، هێزێک بەدەر لە کۆنترۆڵ، هیچ بزاوتێکی سیاسی ناتوانێت ببێتە بزاوتێکی ئینسانی گەر نەتوانێت توڕەیی لە رەهەندە وێرانکارەکانی پاکبکاتەوە، مێژووی ئێمە مێژووی توڕەبوونە تێکدەر و کاولکارەکانە. شەڕە ناوخۆییەکانمان پێکڕا دەرەنجامی ئەو دیوە ترسناکەی توڕەییە کە لە ناوەوە عەقڵی سیاسی ئێمە دەخوات. سیاسەت لە دونیای ئێمەدا جۆرێکە لە کینەی ڕێکخراو، لە بوغزی وێرانکار، قووڵ بە مەرگدۆستی و خۆوێرانکردنەوە گرێدراوە. کێشەی هەرە گەورەی سیاسەت لە کولتووری کوردی و خۆرهەڵاتیدا ئەوەیە کە دینەمۆ بنەڕەتییەکەی بوغزە. توڕەیی دیاردەیەکی سروشتی دونیای مرۆڤە، بەڵام ئەوەی توڕەیی ببێتە ئارەزووی وێرانکردن و سڕینەوەی رەها و تێکشکاندنی بێچەندوچونی بەرامبەر، ئەوە وادەکات ماشێنێکی فاشستیانە ببێتە دینەمۆی سیاسەت. بۆیە زۆر دوور ناڕۆم کە بڵێم شتێک لە ڕۆحی فاشییەت لە ناو کۆی ستراکتوری سیاسی لە خۆرهەڵاتدا ئیشدەکات، ئەو مەیلە گەورەیە بۆ وێرانکردنی ئەوی دی، ئەو ئارەزووە کوێرە بۆ دەرکردنی، نانبڕینی، بێموچەکردنی، زەلیلکردنی، شکاندنی شەرەفی بەردەوام لە سیاسەتی کوردیدا ئیشدەکات، لە شەڕی ناوخۆدا ئیشیدەکرد، لە ئێستاشدا بەردەوامە. ڕیشەکانی ئەم بوغزە زۆر و بەکارن، ڕەگێکی لە چەمکی «بوغزی چینایەتییەوە» دێت کە مارکسییەکان هێنایان، ڕەگێکی دیکەشی لە چەمکی «توڕەیی پیرۆزی نەتەوە» وە دێت کە ناسیونالیستەکان کاریان پێدەکرد، ڕەگێکی دیکەشی لە بنەمای «تۆڵەی ئیلاهی» ئاینییەوە دێت... بەڵام ڕیشەکانی هەرچییەک بن ئەم بوغزە هێزێکی ترسناکە بۆ لەکارخستنی هەموو ڕەوتێکی مێژوویی. بەبێ لەکارخستنی ئەو مەکینەی بوغزە، هەمیشە مەترسی ئەوە هەیە، هەموو هێزێکی سیاسی ببێتەوە بە هێزێکی وێرانکار. ئەم توڕەییە دروستکەرێکی گەورەی بۆشاییە، لە دۆخی بوغزدا تەنیا پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ناپچڕێن، بەڵکو زەمان دەوەستێت، هەموو هێزێک چاوەڕێی وێرانبوون و کۆتایی ئەوی دییە. لە حەفتا و هەشتاکاندا خەونەکانی یەکێتی نیشتیمانی پێکڕا لەسەر مردنی پارتی دیموکرات و کۆتایهێنان بەم پارتە دروستبووبوو. لای ئەوان جوڵەی مێژوویی و بۆ پێشەوەچوون گرێدراوی مردنی پارتی بوو، دۆخێک بوو وەک ئەوەی مێژوو لەگەڵ کۆتایی و مردنی پارتیدا دەست پێبکات. یەکێتییەکان هەموو شتێکیان کرد بۆئەوەی پارتی بمرێت، ئەوە نەبێت ئەلتەرناتیڤێکی ئەخلاقی و سیاسی و مێژوویی لەبری مۆدێلی پارتی پێشکەشبکەن و کۆی پرۆسەکەیان بە هەرەسێکی مێژوویی بێوێنە کۆتاییهات. لە ئێستادا هاوکێشەکە پێچەوانە بۆتەوە، ئەوەی پارتی چاوەڕوانی مردنی تاڵەبانی و لێکترازانی یەکێتییە، پلانێکی هێمن و بێدەنگی ئەم چەند ساڵەی دوایی پارتی بووە، ئاخۆ چارەنوسی ئەو خەونەش بە کوێ دەگات، لە ئێستادا شتێکی ڕوون نابینین، بەتایبەت پارتیش بە هەمان هەڵەی مێژوویی یەکێتیدا دەڕواتەوە و لەبری پێشکەشکردنی مۆدێلێکی مێژوویی ئەلتەرناتیڤ، سیاسەتی ئەوەی گرتووە «کە چاوەڕوان دەبم تا دەمریت». خەون بە مردنی ئەوی دییەوە، بەشێکی گەورەی خەیاڵدانی سیاسی ئێمەیە. ئەوەی چاوەڕوانی مردنی ئەوی بەرامبەربین، ئەوەی بوون و مانای بوونی خۆمان لەسەر ئەو چاوەڕوانییە دروستبکەین، لە ژێرەوە تەواوی مۆراڵی سیاسی ئێمەی داگیرکردوە. «ئارەزووی مردنی ئەوی تر» لەژێرەوەڕا هەموو پرۆسەی سیاسی کوردی کۆنترۆڵکردوە، ئەم ئارەزووە بە ئاشکرا و نهێینی لە شەڕ و ئاشتیدا ئیشدەکات، لە ساتی پێویستیشدا دەبێتە هۆکاری توندتیژی. هەڵبەت هاتنی ئەمریکا لەوسەری زەمینەوە بۆ ڕوخاندنی سەدام حوسەین «کە لە مێژبوو سیاسەتی کوردی لەسەر چاوەڕوانکردنی ڕوخان و مردنی بیناکرابوو» ئەو ڕۆحە قەدەرییەی لە سیاسەتی ئێمەدا بەهێزترکرد.
ئەوەی لەم دیاردەیەدا زۆر ترسناکە، ئەو بۆشاییە مێژووییە دوورودرێژانەیە. ئەوەی هەر هێزە و چاوەڕوانی مردنی ئەوی دی دەکات، هەموو پێکەوە ژیانەکان دەگۆڕێت بۆ بۆشایی گەورە و قۆناغی بێسوودی چاوەڕوانی. لێرەدا هەموو شتەکان دەوەستێت، سیاسەت پێکڕا دەبێت بە شانۆگەرییەکی دوورودرێژی بێ تێکست و نواندنێکی ناکامڵ کە کۆمەڵێک ئەکتەر دەیکەن کە پێکڕا چاوەڕوانی مردنی یەکدی دەکەن. لەم دۆخەدا سیاسەتی ڕاستەقینە ڕزگارکردنی کۆی دیمەنەکەیە لەم ڕۆحە نمایشکارە درۆزنە و گێڕانەوەی کردارە بۆ مێژوو، ڕزگارکردنی خودە لە بوغز و چاوەڕوانی مردنی ئەوانی دی. ئۆپزیسیۆن بوون تەنیا هەڵوێستێکی ئەخلاقی نییە لە سیاسەتی ئەم ساتە، بەڵکو هەڵوێستێکی ئەخلاقییە لە مێژوو، واتە لە کۆی ئەو بنەما فیکری و ئەخلاقیانەی سیاسەتی پێشووی لەسەر بونیادنراوە. ئەم جیاوازییە جەوهەری هەموو جیاوازییەکانە و دەبێت هەر هێزێکی نوێ لەسەر ئەو ژێیانە بژەنێت و لەسەر ئەو گرێیانە ئیشبکات. توڕەیی وێرانکار، توڕەییەک کە ئەوی دی تەنیا وەک مردوویەک یان پڕۆژەی مردوویەک دەبینێت. ئەمجۆرە توڕەییە ناتوانێت سیاسەتبکات، بەڵکو هەمیشە لە دۆخی جەنگێکی دواخراودایە، ناتوانێت دونیا بگۆڕێت، چونکە خەیاڵی لای گۆڕینی دونیا نییە، بەڵکو خەیاڵی لای مردنی نەیارەکانێتی. هەر هێزێک بیەوێت بە شوناسێکی نوێوە بێتە کایە، دەبێت لە مردنی ئەوانی دییەوە دەست پێ نەکات، بەڵکو لە چۆنێتی گێڕانەوەی جوڵە بۆ پرۆسە مێژووییەکەوە دەست پێبکات.
2. لابردنی دەمامک و کۆتایهێنان بە ئەفسانەکانی دوای ڕاپەڕین
لە مێژووی نوێی ئێمەدا گەمەیەک کە زۆر زاڵە گەمەی دەمامکە، بۆ نمونە گەورەترین دەمامکی ئەمڕۆی دونیای ئێمە ئەوەیە کە یەکێتی و پارتی ئازادی لەدەست بەعس وەک دەمامکێک بەکاردەهێنن بۆ شاردنەوەی جۆرێکی تر لە نائازادیی کە لەم هەژدە ساڵەدا دروستبووە، کێشەی عەقڵییەتی پارتی و یەکێتی لێرەدا ئەوەیە، ئەو ئازادییە یەکەمە بە موتڵەق وەردەگرن... ئازادی لای ئەوان دراوێکی یەکجارییە، ڕاپەڕین بۆتە میتاحەقیقەتێک کە کۆتایی بە مێژوو هێناوە، ڕاپەڕین ئەو سەرکەوتنە ڕەهایەیە کە دواتر ئەوان لە هەموو گوناهێکی ویژدانی و ئەخلاقی پاکدەکاتەوە، ئەخلاقی یەکێتی و پارتی لە دوای ڕاپەڕینەوە لەسەر ئەو بنەمایە دروستبووە «لەدوای سەرکەوتنی شۆڕش و ڕاپەڕین، هەموو گوناهێک ڕێگاپێدراوە»، ڕاپەڕین ئەو جوانییە ئەفسانەییەیە کە پێویستمان پێیەتی بۆئەوەی بیدەین بەسەر ناشیرینییەکانی واقیعدا، لەگەڵ ڕاپەڕیندا سیاسەتی کوردی ئەفسانەیەکی هەیە، سەرکەوتنێکی میتۆلۆگی هەیە کە دەتوانێت بەرامبەر هەموو دیاردەکانی تر ڕایبگرێت، خودی گەندەڵی لە هەناوی ئەم ڕەهەندە میتۆلۆگییەی ناو ڕاپەڕینەوە هاتۆتەدەرەوە، لەدوای ڕاپەڕینەوە سیاسەتی کوردی حاڵی لە حاڵی دۆریان گرای ناو ڕۆمانە بەناوبانگەکەی ئۆسکار وایلدا دەچێت. جوانی دۆریان گرای دەمامکێکی گەورەیە کە لە ژێریدا دەتوانێت ناشیرینترین شت ئەنجامبدات. جوانی دۆریان گرای دەمامکە، دەمامکێکی نەگۆڕ، ئاماژەیە بۆ وەستانی زەمەن لە ئاستێکدا و بۆ ڕزین و گەندەڵ بوونیشی لە ئاستێکی تردا. ڕاپەڕینیش ئەو جوانییە میتۆلۆگییەیە کە دەرگا لەسەر هەموو گوناهەکان دەکاتەوە، ئەو جوانییەیە کە هەموو گوناهبارێک پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی خۆی وەک بوونەوەرێکی تایبەتی و خاوەن هەق لە خراپەدا نیشانبدات. بەپێچەوانەی زۆربەی نوسەران و برادەرانێکەوە کە بیردەکەنەوە، من پێموایە ئەوەی لە دوای ڕاپەڕین ڕویدا شێواندن و لادان نەبوو لە خەتی ڕاپەڕین. ڕاپەڕین هەر لەسەرەتاوە نەبووە ساتی سەرکەوتنی ئازادی بەسەر کۆیلەیدا، بەڵکو بووە ساتی سەرکەوتنی ڕەهەندە میتۆلۆگی و ئەفسانەییەکەی ناو بزاوتی سیاسی کوردی بەسەر ڕەهەندە واقعییەکاندا، لەدوای ڕاپەڕینەوە سیاسەتی کوردی بەگشتی ئەفسانەیەکی هەیە ئیشی پێبکات، ئەفسانەیەک لە هەموو ساتێکدا دەتوانێت بگەڕێتەوە سەری و دیوە واقعییەکانی خۆی پێبشارێتەوە. بەرزکردنەوەی ڕاپەرین بۆ ئاستی دەمامکێکی هەمیشەیی، بۆ ئاستی ئەو جوانییە ئەفسانەییەی کە لەدوایەوە هەموو گوناهێک شەرعییە، وایکرد مێژووی دوای ڕاپەڕین پڕبێت لە گوناهی گەورە، لە دوای ڕاپەڕینەوە گوناهـ و توندوتیژی، شەڕ و گەندەڵی لە هەموو لایەکەوە سەرهەڵدەدەن و هەڵدەقوڵێن. کۆی سیستمی سیاسی ئێستامان، شەرعییەتی خۆی لە ڕاپەڕینەوە وەرگرتوە، گۆڕینی ڕاپەڕین بۆ مەرجەعێکی ئەفسانەیی وایکردوە بە ناوی بەهاکان و خاوەندارێتی ئەو چرکە ئەفسانەییەوە هەر هێزە بتوانێت درێژە بە خەونی کوشتنی ئەوی دی و درێژە بە دۆخی خۆنەبینین و خۆتەماشانەکردن بدات، بەجۆرێک مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، بڕی هەرە زۆری توندوتیژی دوای ڕاپەڕین لەو شەرعییەتەوە دروستدەبێت کە لە موجەڕدکردنەوەی چەمکی ڕاپەڕینەوە کەوتۆتەوە. ڕاپەڕین بووە بەو پێوەرە ئەبەدییە، بەو دەمامکە هەمیشەییە، بەو ڕەمزە موتڵەقەی کە کۆی مێژووی دوای خۆی خەساندوە. سلاڤۆ ژیژیک لە جێگایەکدا کە باس لە کوبا دەکات، گەلێک قەشەنگ دەنوسێت «هەر کات ئەبەدییەت پەلاماری زەمانی دا، ئیدی زەمان دەوەستێت». ئەم ڕستەیەی ژیژیک، باس لەو ڕوداوانە دەکات کە بۆ سنووری ئەبەدییەت و نەمری بەرزدەکرێنەوە، ئەو ڕوداوانەی کە وەک موتڵەقێکی مێژووی سەیردەکرێن و هەموو ئەو شتانەی کە دواتر دێن لەبەردەمیدا کاراکتەری خۆیان وندەکەن. ڕاپەرین کراوەتە ئەو دەمامکەی کە ویژدانی سیاسی لە ئێستادا لە دەموچاوی دەکات، دەمامکێکە کە هەموو جوڵەیەکی دیکەی ژێر خۆی دەشارێتەوە. بەڵام هەمیشە مەترسییەکی گەورە هەیە کە گەمەی دەمامکەکان بەردەوام بێت، بۆئەوەی سیحری دەمامکەکان بەتاڵ بێتەوە، هیچ چارێکمان نییە جگە لەوەی کە قورساییەکی مێژوویی بگێڕینەوە بۆ ئەم چرکەساتەی تێیدا دەژین. هەر هێزێکی سیاسی نوێ دەبێت جەوهەری کارکردنی لە ئێستا و پاشەڕۆژەوە وەربگرێت، نەوەک لە ڕابوردووەوە. سیاسەت لە جەوهەریدا بریتییە لە هێزی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کێشانەی کە لەم ساتەدا هەیە، وەڵامی ئەو پرسیارانەی کە مێژووی ئەمڕۆ لێماندەکات، ڕابوردوو و داهاتووش دەبێت لەو ڕوانگەیەوە سەیربکرێن. بە یۆتۆپیکردنی داهاتوو بە چەشنێکی بێبنەما و ئەفسانەسازیش بۆ ڕابوردوو هەردووکیان دوو دەمامکن بۆ ڕاکردن لە ئێستا، بۆ خۆشاردنەوە و دونیاشاردنەوە، خۆنەبینین و دونیانەبینین. لێرەوە دەتوانم بڵێم کە دروستکردنی سمبولی زیادسالار «تۆتالیتار»، دروستکردنی دەمامکی ئەفسانەیی و دەمامکی یۆتۆپی گەرچی بڕێک لە ستاتیکا دەبەخشنە سیاسەت، گەرچی سیاسەت جواندەکەن، گەرچی ڕوونتر و قووڵتر لەگەڵ هەستی سادە و هێما خەوتووەکانی ناو نەستی مرۆڤدا دەدوێن، بەڵام زۆر لە ڕەهەندە پراکتیکی و پراگماتییەکان لە سیاسەت دەستێننەوە و دەشبن بە بەهانەیەکی گەورە بۆ توندوتیژی. هەریەک لە کۆمۆنیزم و فاشیزم دوو سیستمبوون زۆر لەسەر «ئەفسانەسازی» و «یوتۆپیاسازی» ئیشیاندەکرد. سیاسەت ناتوانێت پراگماتی و پراکتیکی نەبێت بەمانا عەقڵانییەکەی، چونکە گەر وانەبوو جیهانیش لەگەڵ خۆیدا فڕێدەداتە ناو دۆزەخەوە . سیاسەتی کوردی لەسەدەی بیستدا لە «ئێستا» دا ئیشی نەکردوە، بەردەوام باس لە ڕابوردوو و داهاتوو دەکات، بۆیە ئەم سیاسەتە بەردەوام بۆشایی گەورە جێدەهێڵێت، لەسەر ستایشی ڕابوردوو و چاوەڕوانکردنی داهاتوو دروست بووە، لەبەرئەوە بەردەوام بێئیشە، بەردەوام نمایشی ئەوەدەکات کە شتێک دەکات، بێئەوەی هیچ بکات. ڕەنگە کێشەی کەرکوک، کێشەی یەک نەگرتنەوەی وەزارەتەکان، دوو نمونەی گەورەی ئەو خواستی بێئیشییە ئەزەلییە بێت کە لە سیاسەتی کوردیدا خەوتووە، ئەوەی هەمیشە لە ئێستادا ئیفلیج بیت و ڕۆژ دوای ڕۆژ کێشەکان دوابخەیت بۆ قۆناغێکی دی، نیشانەی ئەو ترسە قووڵەیە لە ئێستا. هەر هێزێک ئەمڕۆ نوێ بێت و بجوڵێت و بیەوێت شتێک بگۆڕێت دەبێت لەگەڵ ئەم ساتەدا، لەگەڵ کێشەکانی ئێستا و پرسەکانی ئەمڕۆدا دەرگیربێت، دەبێت هەوڵی گەورەبدات سیحری ڕابوردوو بەتاڵبکاتەوە. هێزگەلێکی گەورە لە کۆمەڵگای ئێمەدا کوڕی ئەو بۆشایی و بەتاڵییەی ناو مێژوون، ئەو وەستان و سڕبوون و چاوەڕوانییە هەمیشەییە بەختەوەریاندەکات. مێژوویەکی بە ئەفسانە بارکراو، دەرگا لەسەر واقعێکی بە گوناهـ بارکراو دەکاتەوە، تا لە جوانکردنی ڕابوردوودا توندڕەوی بنوێنین ئێستا ناشیرینتردەکەین. تاکە ڕێگا بۆ بەتاڵكردنەوەی ئەو سیحرە، دادگاییکردنی بەردەوامی ڕابوردووە. ڕابوردووی ئێمە ڕووبەرێکی گەورە و شوێنێکی گرنگە بۆ دادگاییکردنی هوشیاریمان، نەوەک لالەزار و باغێکی بەرین بێت بۆ پیاهەڵدان و پشوو و پیاسەکردن. هەموو کونجێک و ساتێکی رابوردووی ئێمە بەرەو دوودڵی و گومان و پرسیارمان دەباتەوە، نەوەک بەرەو کڕکەوتن و ستایش و پیاهەڵدان. گەر ئەم هێزە نوێیەی ئێستا لە هەناوی کۆمەڵگای ئێمەدا دەجوڵێت ئەو دەمامکە ئەفسانەییانە لە سەر ڕابوردوو دانەکەنێت، مامەڵەیەکی فیکری و عەقلانی لەگەڵ ئەو ڕابوردووەدا نەکات، وەک جێگایەک سەیری نەکات کە تێیدا دەبێت مێژووی ئێمەی دادگاییبکرێت ئەستەمە مانایەک بە بوونی خۆی ببەخشێت. هەڵبەت لێرەدا مەبەستم لە دادگایی سیاسی نییە، مەبەستم نییە سیاسییەکان بکەونە گیانی یەک و یەک یەکدی دادگاییبکەن، بەڵکو مەبەستم دادگاییکردنی کۆی جیهانبینی سیاسی ئێمەیە، مەبەستم لە بە فەلسەفیکردنی ڕەخنە و ڕزگارکردنێتی لە ڕۆحی ناکامڵ و کوێری سیاسەت.
3. لە نێوان «واقیعی بوون» و «تەریببوون بە واقیع» دا
شێوەی نیگاکردن بۆ داهاتوو، ڕۆڵێکی گەورە لە داڕشتنی شوناسی هەر هێزێکدا دەگێڕێت. لە هیح کات و زەمانێکدا سیاسەت بەبێ وەعدێکی گەورە ناکرێت، هەموو سیاسەتێک بە جۆرێک لە جۆرەکان شێوەیەکە لە وەعد، جۆرێکە لە پەیمان کە دەدرێت بە کۆمەڵگا و جۆرێکە لە پلان بۆ داهاتوو، لێرەوە سیاسەتیش وەک ئەدەب ناتوانێت خۆی لە ڕۆحی یۆتۆپی پاکبکاتەوە، چونکە لە بنەڕەتدا مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت خۆی لە فەنتازیا پاکبکاتەوە، ئێمە لە مێژە لە لاکانەوە دەزانین «فەنتازیا» دروستکەرێکی سەرەکی سوبێکتیڤیتەیتی تاکە، بەپێی زاراوە لاکانییەکە «فەنتازما» لە بونیادی سوبێکت «خود» جیاناکرێتەوە، واتە تاک بێ «فەنتازما» ناخولقێت و بوونی نییە. ئەوەی لە ئێستادا زۆرجار فەیلەسوفێکی وەک ژیژیک دەیکات، گواستنەوەی چەمکە لاکانییەکانە بۆ بواری مێژوو و میدیا و سیاسەتی ڕۆژانە، بە چەشنێک دەتوانین بڵێین فەنتازما زاراوەیەکی هەرە گرنگی تێگەیشتنیشە لە ڕۆحی مێژوویی ئەم ساتەی ئێستامان.
سەرەتا دەبێت باوەڕ بەوە بهێنین کە داهاتوو شتێکە دروستدەکرێت، واتە دەستکردێکی مرۆڤانەیە و دەرەنجامی ئەو هێز و کار و خواستانەیە کە ئەمڕۆ ئێمە هەمانە، سیاسەتیش هونەری دروستکردنی داهاتووە. هەر کات سیاسەتێک کەوتە بۆشاییەکی بەرین و گەورەوە و توانای دروستکردنی داهاتووی نەما، یان لاسەنگییەکی کۆمەڵایەتی گەورەی دروستکرد، سیفەتی سەرەکی سیاسەت دەدۆڕێنێت. مەترسیترین چاڵێک سیاسەت تێیبکەوێت ئەوەیە نەتوانێت بە فەنتازیاکانی خۆی قەناعەت بەوانی دی بهێنێت، یاخود واقعێکی تاڵ دروستبکات و نەشتوانێت پڕۆژەی خەونێکی پێبێت. لە دونیای ئێمەدا، بۆئەوەی لە ئاسۆکانی بیرکردنەوەی هێزێک تێبگەین دەبێت ئەو هێزە جۆرێک لە خەونمان پێشکەشبکات، بەبێ ئەو خەونە ناتوانین هیچ هێزێک بناسینەوە یاخود بایەخ و گرنگی پێبدەین. بەگشتیش بەبێ بوونی هەناسەیەکی یۆتۆپی لە سیاسەتدا، بەبێ چاندنی خەونێکی دوورتر، سیاسەت ناکرێت. بەوەشدا مۆدێرنە لەم کۆمەڵگایانەدا کۆمەڵێک هێزی نوێی دروستکردوە، بەوەدا لە ناو مۆدێرنەدا هێزە تەقلیدیی و سونەتییەکانیش خۆیان لە فەزای تازەدا دەبیننەوە، لێرەوە هیچ پرۆژەیەکی سیاسی لە دونیای ئێمەدا خاڵی نییە لە ڕۆحی یۆتۆپی، بەڵام ئەو هێزە کۆمەڵایەتیانەی یۆتۆپیا دروستدەکەن وەزیفەی جیاوازیش دەبەخشنە یۆتۆپیا، تا بیست ساڵ لەمەوبەر حیزبە ناسیونالیستەکانی کورد خەونیان بەوەوە دەبینی دەوڵەتی نەتەوەیی دروستبکەن و چوار پارچەکەی کوردستان یەکبخەن، ئەوە خەونی دووریان بوو، بەڵام ئێستا خەونەکەیان گۆڕاوە بۆ ئەوەی هەولێر بکەن بە دوبەی، هەر یەک لەم دوو خەونەش دوو جۆری جیاواز لە ڕەفتار و دووجۆری جیاواز لە بەکارهێنانی توندوتیژی پێویستە. بەڵام لە ئێستادا یۆتۆپیا تەنیا کاتێک دەتوانێت شەرعی بێت کە لە نێوان فەنتازیا و واقیعدا درزێکی وەها ترسناک دروست نەبێت، کە هەڵگرانی فەنتازیا بکەونە سەر زەمینێک و ئەوانەی لە واقیعدا دەژین بکەونە سەر زەمینێکی تر. لە ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا، خەونی ئەو نوخبە ئەرستۆکراتییە نوێیەی لە هەناوی ئەم دوو هێزەوە هاتۆتە دەرەوە لەسەر دووکەرتکردنێکی قووڵی کۆمەڵگای ئێمە ئیشیکردوە، ئیشکردن بۆ مۆدێلی دوبەی هەموو بەها ئەخلاقییەکانی لەو نوخبەیە سەندەوە، ئەوەی فەنتازیای ژیانێکی لوکسۆس و ستایلێکی بەهەشتی و خۆشگوزەرانییەکی خەیاڵئامێز پێشکەش بە نوخبەیەکی دیاریکراو بکەیت، ئەوەی ئەو هەستەیان پێببەخشێت کە ئەوان زۆر لە پێش هەمووانەوە گەیشتوونەتە پاشەڕۆژ و پێیان خستۆتە ئەو سەر زەمینە فەنتازی و یۆتۆپییە، کۆمەڵگا لە ناوەوەڕا هەڵدەتەکێنێت. زەمانێکی ڕاستەقینە و هاوبەشی کۆمەڵایەتی هەیە لە ژێر هیچ هەلومەرجێکدا نابێت هەرەس بهێنێت، ئەوەی کە «ئێستایەکی هاوبەش» هەیە نابێت لە یادبکرێت و بیربچێتەوە.
لەم چەند ساڵەدا ستراتیژی ئیشکردنی پارتی و یەکێتی ئیشکردن لەسەر واقیع نەبووە، بەڵکو خولقاندنی واقیعێکی دیکەی تەریب بووە بە واقیعی ڕاستەقینە. ئەوەی واقیع بگۆڕیت جیایە لەوەی واقعێکی تر دروستبکەیت. ئەو نوخبە ئەرستۆکراتییەی کە لە کوردستاندا سەریهەڵداوە ئارەزوویەکی نییە سەیری واقیع بکات و تێیدا بژی، بە پێچەوانەوە شوناسی خۆی لەوەوە وەرگرتووە کە سەر بەو واقیعە نەبێت کە ئەوانی دی تێیدا دەژین. لە دە ساڵی ڕابوردوودا لە هەناوی ئەرستۆکراتییەتی نوێی کوردیدا ئەو مەیلە ترسناکە دروستبووە کە جیهانێک دروستبکات جیاواز و دابڕاو و دووربێت لە ژیانی ئەوانی تر.
بۆیە لەسەرەتاوە زۆر باسم لە فەنتازیای کۆمەڵایەتی و یۆتۆپیا کرد، چونکە ئەم واقیعە تەریبە مۆنۆپۆڵکردن و دەست بەسەردا گرتنی ئەو خەونە گشتییەی هەمووانە، واتە لەسەر بنەمای تێکشکاندنی ئەو یۆتۆپیا دەستەجەمعییە دروستبووە. ئێستا لە نێوان واقیعی تەریب و واقیعی ڕاستەقینەدا ناکۆکییەکی قووڵ خولقاوە، لە یەکێکیاندا فەنتازیا کۆمەڵایەتییەکان و خەونەکانی خۆشگوزەرانی هاتوونەتەدی و لەوی دییاندا هێشتا خواستی ژیانی باشتر، هێشتا خواستی دڵنیایی و ڕۆحی دروستکردنی یۆتۆپیا و گۆڕان لە برەودایە. کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ئێستا هوشیارییەک دروستبووە دەرک بەوە دەکات کە هۆی سەرەکی نەگۆڕینی دونیای ئێمە، هۆی سەرەکی باش نەبوونی مەرجە وجودییەکانی بوونی ئێمە وەک نەتەوەیەک، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو واقیعە تەریبە. ئەوەی دەسەڵاتێکی کوردی هەیە، ئەوەی سەرۆک کۆمارێکی کورد هەیە، ئەوەی نەوت دەردەهێنرێت، ئەوەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکاندا دەکرێت، ئەوەی گوندی ئینگلیزی و ئەڵمانی دروستدەکرێت، بە کۆ واقیعێکی تەریبن کە لە دونیای ڕاستەقینەی مرۆڤی کورددا دەنگدانەوەیان نییە، نە دڵنیایی دروستدەکەن، نە کۆمەك بە گۆڕینێکی ستراتیژی دۆخی نەتەوەیی و نە یارمەتی خۆشگوزەرانی مرۆڤی کورد دەدەن، سایکۆلۆژیای مرۆڤی ئێمە تا ئێستاش هەر لە ترسی بوون و لە هەراسی نەماندا دەژی. ئەم کەرتبوونەی واقیع، ئەوەی واقیعێک و دەرە واقیعێک دروستبووە، وایکردوە لە واقعی ڕاستەقینەدا هیچ روونەدات، بووە بە هۆکاری دروستبوونی ئەو بۆشاییە مێژووییە ترسناکە کە ئەمڕۆ دەیبینین. چونکە ئەو واقیعە بچوک و تەریبە، یەکەم: تەواو چۆتە بری واقیعی ڕاستەقینە و تەواو واقیعی ڕاستەقینەی گۆڕیوە بۆ واقیعێکی ئیفلیج و بێکار و بێڕووداو، بۆ بۆشی و بەتاڵییەکی گەورە، بۆ بوویەکی سێبەرئاسا. دووەم: هێڵێکی زۆر ئەستووری لە نێوان خۆی و واقیعدا کێشاوە کە وایکردوە ئەمدیوەودیوکردن لە نێوان واقیع و واقیعی تەریبدا نامومکین بێت. ئەوەی ئێستا لە هەناوی ئێمەدا دەجوڵێت، ئەوەیە واقیعی ڕاستەقینە لە دۆخی ناڕێکی «دستۆپیا یان ئەنتی یۆتۆپیا» دا دەژی و واقیعی تەریب وێنەیەکی وەرگرتووە نزیکە لە دۆخی یۆتۆپی. لە واقیعی تەریبدا سیاسەتمەدارەکان و ئەرستۆکراتەکان و ڕۆژنامەنوسەکانی ئەم نوخبە ئەرستۆکراتە نوێیە، دونیا وا وێنادەکەن وەک ئەوەی مێژووی کوردی لە خەتی کۆتایی و لە شوێنی گەیشتن بە ئومێد نزیک بووبێتەوە، لە واقیعی ڕاستەقینەشدا مێژووی کورد لەم هەژدە ساڵەدا سەحرایەکی گەورە و جوڵەیەکی ترە بە ئاڕاستەی کارەسات. لە واقیعی تەریبدا هێزەکان خۆیان بە کۆمەکی دەرەکی و پەیمانی دەرەکی و هێزی دەرەکی و عەقدی گەورەوە سەرقاڵکردوە، لە واقعی ڕاستەقینەدا مرۆڤی کورد هەست بە لاوازی و ترس و جێهێشتن و نەبوونی دڵنیایی و نەبوونی دۆست دەکات. لە واقیعی تەریبدا سیاسییەکان لەگەڵ سیاسییە گەورەکان و دەوڵەمەندەکان لەگەڵ ملیاردێرە گەورەکان و ستایلی ژیان لەگەڵ ستایلی ژیانی باڵای وڵاتە پیشەسازی و نەوتییەکاندا بەراورددەکرێت، لە واقیعی ڕاستەقینەدا مرۆڤی کورد هەست بە کەمی و بچوکی و بێبایەخی و ڕیسوایی و نەبوونی قەڵغان بۆ کەرامەتی دەکات. کێشەکە ئەوەیە کە واقیعی ڕاستەقینە تا ئەبەد بەرگەی ئەو فەرامۆشییە ناگرێت، ئەوەی دەمامکێکی زۆر زل بکرێتە سەری واقیع، ئەوەی واقیعێکی سەد دەر سەد نمایشی لە جیاتی واقیعی ڕاستەقینە دروستبکرێت، لە توانای کەرەستە تەکنیکی و مادی و فیکرییەکانی ئەرستۆکراتییەتی کوردیدا نییە، لێرەوە توانای لەسەر ئەوەی بتوانێت تەواو واقیعی ڕاستەقینە و وێنەکان و هەستەکان و هێزەکانی بکوژێت پرۆسەیەکی تەکنیکی ئاڵۆزترە لەوەی ئەم ئەرستۆکراتییەتە دەرەقەتی بێت... ئەمەش قەیرانی کۆمەڵایەتی ئێمە قووڵتردەکاتەوە.
ئەرکێکی ئەخلاقی ئەو هێزە نوێیە ئەوەیە کە سیاسەت بگێڕێتەوە بۆ ناو واقیعی ڕاستەقینە، یاخود لایەنی کەم هێزە زیندوەکانی ناو ئەم واقیعە کە تەواو لە ژیانی سیاسی کراونەتە دەرەوە، چالاکبکاتەوە. ئەم دۆخەی ئێستا تەواوی هێزە کۆمەڵایەتییە ڕاستەقینەکانی ئیفلیجکردوە، هەموو ئەو هێزانەی کە دەتوانن لە مێژوودا شتێک بکەن کراونەتە دەرەوەی هاوکێشەی سیاسی و وەک کەرەستەی خاو و مەتریالی یەدەک بۆ شەڕە چاوەڕوان نەکراوەکانی ئەو نوخبە ئەرستۆکراتییە نوێیە تەماشادەکرێن، بۆیە شوناسی ئەو هێزە نوێیە بەوەوە بەستراوە چۆن مامەڵە لەگەڵ واقیعی ڕاستەقینەدا دەکات، چۆن گیان بە فەنتازیاکانیدا دەکاتەوە، چۆن نرخ دەگێڕێتەوە بۆ ئەو بەها سیاسیانەی لە ناو خودی ئەو واقیعەوە دێنەدەرێ، چۆن ڕێگا لە هەر جۆرە کەرتبوونێکی دیکەی ناو واقیع دەگرێت. چۆن کۆتایی بە خورافەتی مۆدێلی دوبەی دەهێنێت، بۆئەوەی کۆمەڵگایەک دروست بێت هاوشان و چوونیەک گەشەبکات.