پیرۆزیی ده‌ستوور:
ده‌ستوورێکی شارستانیی، ته‌نها ده‌قێکی نووسراوه، که پێویسته هێنده روون‌و ژیانویستو دادپهروهرو فرهئالو یه‌کسانیخوازو یه‌کلاکه‌ره‌وه بنووسرێت، پرینسیپه‌کانی هێنده گرده‌بڕ ده‌ستنیشان بکرێن؛ که نه‌ك ته‌نها ژیان‌و ژینگه‌ی مرۆڤێکی کۆمه‌ڵگه؛ ته‌نانه‌ت هینی ئاژه‌ڵێك، دره‌ختێك، بنجهگیایهك له‌بیر نه‌که‌ن...
ده‌ستوور، نابێت به ساده‌یی گه‌ڵاڵه بکرێت، چونکه پیرۆزیی خۆی هه‌یه. لێ گه‌ر به سه‌لیقه‌ش هه‌موار کرا، ده‌بێت پێشتر گه‌ره‌نتی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ لای خۆی کێش کردبێت، هه‌تا له هه‌موارکردنیدا ببێته تاکه ده‌قی پیرۆزی هه‌مووان. له‌سه‌رووی هه‌موو پارادایم‌و باوه‌ڕو پیرۆزییه تایبهتو به‌رته‌سك‌و که‌سییه‌کانه‌وه بێت. له‌کاتی جێبه‌جێکردنی رۆژانه‌ی به‌ندو بڕگه‌کانیدا دژیه‌كی تێدا نه‌بێت؛ بیانوو گڕنه بۆ گه‌نگه‌شه‌و ورهوورو حانهحهپهشیو ناڕهزاییو شێوانشێویی نه‌هێڵێته‌وه...
ده‌شێت رۆژێك له رۆژان، ده‌ستوور ئاتاجی به گۆڕانکاریی‌و پێداچوونه‌وه‌و ده‌ستکاریی هه‌بێت. چوونکه ئاستی چه‌ندێتی‌و چۆنێتی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگه دهگۆڕێتو پێداویستییه‌کان زیاد دهکهنو ئاوه‌زی مرۆڤ به‌رده‌وام فراوانتر ده‌بێت. به‌ڵام راست وایه، ئه‌و رۆژه‌ی ده‌ستووری تێدا ده‌نووسرێت، باشترین‌و بهسهلیقهترین ئاوه‌زو ئاستی هزراندنی تێدا به‌کاربێت؛ تا ئاستێك، که له‌وه باشتر ده‌ست نهداتو به‌رزترین ئاستی رۆشنبیریی جڤاك شادکام (قانع) بکات.
دۆکترینو په‌یامی یاسایی‌و مۆرالیی نادیاری ده‌ستوور (ئوتیلیتاریزم)ه؛ واته ئه‌و ته‌نها یاساگه‌لێکی کڕۆك (جامد) نییه؛ به‌ڵکو رهههندو ئاسۆی به‌خته‌وه‌رییه‌کانی "گشت" دیاریی ده‌کات... له‌وێوه هه‌ڵه نابێت گه‌ر بڵێین: مه‌زنترین که‌سێتی یاسایی مینۆکیی (مه‌عنه‌وی) ده‌وڵه‌تێك ده‌ستووره‌که‌یه‌تی.
ده‌ستوور پرینسیپه نه‌گۆڕه‌کان ده‌چه‌سپێنێت؛ مافه بنه‌ڕه‌تییه‌کان له خه‌م ده‌ڕه‌خسێنێت؛ یاسا‌و رێکخستن‌و سه‌قامگیریی دهوڵهتو کۆمه‌ڵگه به‌رقه‌رار ده‌کات؛ سنوور بۆ ده‌سه‌ڵاتی میریی دادهنێتو ده‌بێته مه‌زنترین سیمبۆلی یه‌کێتی نیشتیمان.
دواجار، ده‌ستووری شارستانیی، به‌ناوی خاك‌و گهلو ئاڵا‌و سروودی نیشتیمانیی‌و دێمۆکراسیی‌و په‌یامه مرۆییه‌کانه‌وه ده‌ئاخڤێت؛ هه‌ربۆیه پیرۆزه.
رۆنانی ده‌ستوور:
گه‌ر پڕۆژه‌ی ده‌ستوور، له‌لایه‌ن سه‌رکرده‌یه‌که‌وه که خۆی به نیشتیمانپه‌روه‌رو خودانی گه‌ل بزانێت پێشنیار بکرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی (عه‌بدولکه‌ریم قاسم) له ساڵی ١٩٥٨... یاخود ده‌سته یان جڤاتێکی دامه‌زراندن گه‌ڵاڵه‌ی بکات؛ ئینجا گه‌ر ئه‌و ده‌سته یان جڤاته، له‌لایه‌ن شالیاری داد‌و ئه‌نجوومه‌نی شالیاران یان پارله‌مان، داوای لێکرابێت بۆ داڕشتنی ئه‌و ده‌ستووره‌و پاشانیش بچێته‌وه به‌رده‌می پارله‌مان... یانژی خودی پارله‌مان هه‌مواری بکات... دواجار هه‌ر راست وایه به‌مه‌به‌ستی وه‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی ره‌های ده‌نگی گه‌ل بخرێته راپرسیی.
بۆ رێکخستنی یه‌که‌م په‌یوه‌ندیی مرۆڤ‌و مرۆڤ، ره‌وشت په‌یدابووه. له‌گه‌ڵ گه‌شه‌کردنی راده‌ی تێکهڵاوبوونو به‌رینبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی مرۆڤه‌کان به یه‌کدییه‌وه ره‌وشتیش په‌ره‌ی سه‌ندووه... یاسا په‌یدابوو بۆئه‌وه‌ی ئه‌و ره‌وشته گشتییه رێکبخات‌و ته‌ته‌ڵه‌و گشتگیریی بکات‌و بیچه‌سپێنێت... ده‌ستووری کۆمه‌ڵگه‌یه‌کیش گه‌ر زاده‌ی بۆیهرهکانی بێت، به‌هاو فه‌ڕی پاشخانه کۆن‌و نوێکانی مێژووی ئاکار‌و ره‌وشتی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه له‌خۆ ده‌گرێت...
به‌گشتیی له جیهاندا ده‌وڵه‌ت ده‌ستوور داده‌ڕێژێت. واته پێش چێ‌بوونی ده‌ستوور یاساگه‌لێك به مێژوودا گوزه‌ر دهکهنو پێدا پێدا فراوان ده‌بن. به‌وشێوه‌یه ده‌ستوور ده‌بێته به‌ره‌نجامی مهرجو پێدراوه مێژووییه‌کان... کۆدیکسو یاساکانی میزۆپۆتامیاو میسری کۆن‌و چین‌و گریك به‌وشێوه‌یه گوزه‌ریان کردووه.
باشترین پێشینه‌ی مێژوویی ده‌ستووره مرۆڤویستهکانی ئه‌مڕۆی ئه‌وروپا، (یاسای دوازده تاتی رۆم/ ٤٥٠ پ.ز) که یه‌کسانیی به‌رده‌م یاسای ده‌ستنیشان کرد؛ هه‌روه‌ها (جاڕی مافه سڤێلو مرۆییه‌کان/ ١٧٨٩)ی به‌رهه‌می شۆڕشی بۆرژوای فره‌نسی بوون...
به‌ڵام ده‌شکرێت "گه‌ل"ێك پێش ئه‌وه‌ی مێژووی نوێی به‌رهه‌ڤ بکات، ده‌ستوور گه‌ڵاڵه بکات؛ له نموونه‌ی (گه‌لی ئه‌مه‌ریکا) له ساڵی١٧٨٨. یاخود (ئه‌لبانه‌کانی کۆسۆڤۆ) له ٢٠٠٨، که چوارمانگ پاش جاڕی سه‌ربه‌خۆیی ده‌ستووریان راگه‌یاند... که‌واته ئاماده‌یی مێژوویی ده‌وڵه‌تێك نابێته مه‌رج بۆ سازدانی ده‌ستوور... "گه‌ل"ێك ده‌توانێت ده‌ستوور بڕیار بدات‌و پێشباسی مێژووی خۆی بنووسێته‌وه؛ لێ له هه‌ردوو ره‌وشه‌که‌دا، هه‌ژموونی ده‌ستوور ده‌وڵه‌ت ده‌خاته ژێر رکێفی خۆی.
کورد‌و ده‌ستوور:
کورد ده‌یتوانی به‌پێی مادده‌ی ٥٦ی ساڵی ١٩٩٢ی یاسای هه‌رێم، ده‌ستوور بۆ هه‌رێمی کوردستان هه‌موار بکات. گه‌ر ئه‌و کات ئه‌و کاره بکرایه، کوردیش وه‌ك (ئه‌مه‌ریکا) ((به‌ر له کۆسۆڤۆ)) مێژووی خۆی به ده‌ستوور ده‌ست پێده‌کرد. ده‌یتوانی سه‌ره‌ڕای چه‌وساندنه‌وه‌و ئازارچه‌شتنی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر، نموونه‌ی باشترین ده‌ستووری دێمۆکراسیی لێبورده‌و شارستانییو نائایینیی (سێکولار) نیشانی جیهان بدات که مانه‌ندی نه‌بێت... ئاخر له ناوچه‌که (ئیسرائیل) به‌هۆی هه‌ڵوێستی ئۆرسۆدۆکسه "تهوراتخواز"هکانو ئارێشه‌ی رامیارییه‌وه هه‌تا ئێستا ده‌ستووری نییه. "تورك"یش فاشییتریینو نهژادپهرستتریین ده‌ستووری نیشان دا. ده‌وڵه‌تانی تریش هیچ...
(جۆن ئێف کێنێدی/ ١٩١٧- ١٩٦٣) ده‌ڵێت: «به‌بێ باوه‌ڕبوون به پاشه‌ڕۆژ پێشکه‌وتن به دیی نایه‌ت»...
ئه‌وکات کورد به زۆر پاساوی نابهجێو دژوێژ ئه‌و کاره‌ی نه‌کرد... لێ ئێستاش "نه‌چووه بچێ"و گه‌ر بتوانێت ده‌ستوورێکی شارستانیی مرۆڤدۆستی دێمۆکراسی سێکولار رۆ بنێت، به‌جارێك خۆی ده‌کاته خاوه‌نی جوانترین جیهانبینیی ده‌ستوریی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست...
گه‌لی کوردستان مافی خۆیه‌تی، سه‌ره‌ڕای گشت نه‌هامه‌تییه‌کانی، له پێناوی گه‌شبینیی به‌ره‌و ژیانێکی مرۆڤانه، خهونو خه‌یاڵی خۆش له‌سه‌ر ده‌ستوور هه‌ڵبچنێت... هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك بۆ باری گهندهڵو شێواوی ناوخۆی، هێنده‌ی کورد پێویستی به ده‌ستوور نییه!
دیاره هه‌رێمی کوردستان وه‌ك پارچه‌یه‌کی فیدرال له یه‌که‌ی فیدرالیی ئێراق، دوای چێ‌بوونی ده‌ستوورێکی ناوه‌ندیی پڕ له پارادۆکس، ئه‌و کاره‌ی به بێ سه‌رئێشه بۆ ناچێته سه‌ر، به تایبه‌تیی له‌ژێر باری مادده‌ی ١٣ی ده‌ستووری ئێراقدا... لێ ده‌توانێت به ئه‌رگومێنتی مادده‌ی ١١٥ بۆ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌کان؛ هه‌روه‌ها پاساوی پێشێلکارییه ده‌ستوورییه‌کانی وه‌ك مادده‌ی ١٤٠و ده‌نگدانی ناده‌ستووریی پارله‌مانی ئێراق له ٢٢/٧/٢٠٠٨ سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاکان؛ هه‌روه‌ها بۆشایی‌و دژیه‌کیی به‌نده‌کانی نێو خودی ده‌ستووری ئێراق ئه‌و کاره بکات.
ده‌ستوور به زمانی کوردیی:
کورد زۆرجار له مێژوودا به ره‌وشێکدا تێپه‌ڕیوه، که ته‌نها زمانه‌که‌ی له له‌ناوچوون پاراستوویه‌تی... کورد له مێژوودا سوودی له هیچ کارتێکی (جوگرافی- رامیاریی- ئابووریی- فه‌رهه‌نگیی- کۆمه‌ڵایه‌تی- شهڕزانیی) بۆ چێ‌بوونی ناسیۆنالیزمی خۆی نه‌بینیوه؛ چوونکه ویست‌و خوازی پێویستی بۆ سازاندنی سایکۆلۆژیای هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بووه. به‌خۆم بڕوام وانییه له ئه‌مڕۆی جیهانی پاشنهتهوهدا که زۆربه‌ی میلله‌تانی جیهان ئه‌و قۆناخه‌یان تێپه‌ڕاندووه، کورد بتوانێت چیی دی گیانی نه‌ته‌وه‌خوازیی بسازێنیت... به‌ڵام سهختییو ئاڵۆزیی‌و دڕیی تۆپۆگرافیا، ئه‌و سووده‌ی به کورد گه‌یاند که زمانه‌که‌ی له‌ناو نه‌چێت... ئه‌وه زمانی کورده چیاییه‌کان بوو، که له تورکیا کوردی له توانه‌وه پاراست... ئه‌وه پانتایی بهکارهێنانو خوێندن به زمانی کوردیی بوو له ئێراق، که کورده‌کانی ئه‌و پارچه‌یه‌ی گه‌یانده ئاستێکی به‌رزتر له بهرخۆدانو شۆڕش به‌راورد به پارچه‌کانی دیکه... ئه‌وه رامیاریی عهرهباندنو خۆدوورخستنه‌وه‌ی کورده‌کانی هه‌ندێك ناوچه‌ی وێککهوتوو (ته‌ماس)ی باشووری کوردستان بوو له زمانه‌که‌یان، که ئه‌مڕۆ هه‌رێمی کوردستان خه‌ریکه ناوچه‌گه‌لێك له‌ده‌ست ده‌دات...
جووه‌کانی جیهان به سه‌دان زمانی جوداتر له زمانی مێژوویی خۆیان (هێبریی) چوونه‌وه ئیسرائیل؛ له‌وێ زمانه‌که‌یان زیندوو کرده‌وه. به‌ڵام کورد ته‌نها زمانه‌که‌ی له له‌ناوچوونی ته‌واوه‌تی پاراستوویه‌تی. گه‌ر زمانه‌که‌ی نه‌بوایه، په‌ی به هیچ جۆرێکی دیکه‌ی خه‌بات نه‌ده‌برد... خۆ تورکاندنو عهرهباندنو فارساندن به هه‌وانته نه‌بوون.
ده‌ستوور له هه‌رێمی کوردستان، پێویسته به جوانترین شێوه بۆ زمانی گه‌لانی دیکه‌ی هاوژیانی کورد وه‌ربگێڕرێت... به‌ڵام یه‌که‌م ده‌ستووری (کورد) هه‌ر راست وایه به (کوردیی) بنووسرێت.
تائێستاش، ده‌ستنووس (مانوسکریپت)ی (جاڕی مافه سڤێلو مرۆییه‌کان/ ١٧٨٩)ی فره‌نسا؛ ده‌ستنووسی (قه‌واڵه‌ی مافه‌کان Bill of Rights/ ١٧٩١)ی ئه‌مه‌ریکا؛ لاپه‌ڕه‌کانی واژۆی سهرۆكو سه‌رۆکی پارله‌مان‌و سه‌رۆکی یه‌که فیدرالییه‌کان له‌نێو (ده‌ستووری ئه‌ڵمانیا/ ١٩٤٩)، کۆپی دهکرێنو دهفرۆشرێنو ده‌ستاوده‌ست ده‌که‌ن... به‌ڵگه‌یه‌کی مێژوویی وه‌ك ده‌ستووری هه‌رێم پێویسته به کوردییه‌کی به‌رز له‌ڕووی وێژه‌و رێزمان‌و رستهسازییو وشهوانیی بنووسرێته‌وه. ئه‌وه جگه له‌وه‌ی وه‌ك وتم پرێستیژو به‌های مێژوویی رامیاریی مه‌زنی ده‌بێت؛ هه‌روا نرخی بهرزڕاگرتنو رهچاوکردنو خواستی خوێندنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن تاکه‌کانه‌وه مه‌زنتر ده‌کات ((نموونه: کاریگه‌ریی زمانی به‌هێزی "قورئان"ی پیرۆز له‌سه‌ر هه‌وادارانی ئایینی ئیسلام!)).
زمانه‌وانیی له ره‌شنووسی پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمدا:
ئه‌ز له کۆندا ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمم یه‌که‌مجار به کوردیی خوێنده‌وه... که گه‌شتمه ئه‌وه‌ی له دیباچهکهدا ده‌ڵێت: «...دوای جه‌نگی جیهانیی دووه‌م، پشت به چوارده بنه‌ماکه‌ی سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکی ئه‌وده‌م ویدرۆ نیلسۆن...» تووشی راچه‌نین بووم... ئاخر گه‌ر بیانییه‌ك ئه‌و ده‌قه‌ی بچێته به‌رده‌ست چیی ده‌ڵێت؟! ته‌نانه‌ت پێش نه‌وه‌د ساڵ له‌گه‌ڵ کۆتاییهاتنی جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م، شێخی نه‌مر بۆ داوای مافی سه‌ربه‌خۆیی، سوودی له به‌ندێکی راگه‌یاندنه‌که‌ی (وودرۆ ویلسن/ ١٨٥٦- ١٩٢٤) وه‌رگرت. خۆشبه‌ختانه له ده‌قه عه‌ره‌بییه‌که‌دا هه‌ڵه نه‌بوو... یاخود له ده‌قه کوردییه‌که‌دا ده‌ڵێت: «...به درێژایی هه‌شتا ساڵ...»؛ لێ له بری ئه‌وه ده‌قه عه‌ره‌بییه‌که ده‌ڵێت: «...به درێژایی سه‌ده‌ی بیست...»... له یه‌کێکیان ده‌ڵێت: «...حوزه‌یرانی ساڵی ١٩٦٦...»؛ له‌وی دی ده‌ڵێت«...٢٩/ حزیران ١٩٦٦...»... له مادده‌ی دووی ده‌قێکدا دووجار ساڵی ١٩٦٨ی به مه‌به‌ستی جیاواز تێدایه؛ له ئه‌وی تردا یه‌ك جار... له ده‌قه کوردییه‌که‌دا دوو مادده ناونراون (٤٤)، ده‌بێت به ده‌قه عه‌ره‌بییه‌که دڵنیابین کامیان مادده‌ی (٤٥)ه... یاخود ئه‌و هه‌ڵانه‌ی له نموونه‌ی: (باب)ی ده‌قه عه‌ره‌بییه‌که که وه‌ك وه‌رگێڕانی "پیتبه‌پیت" وه‌ك (بوابه) کراوه‌ته (ده‌روازه)؛ ئه‌مه له کاتێکدا له کوردییدا ده‌یان وشه‌ی گونجاوتر هه‌یه. ((لێره‌دا ته‌نها له چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌کی تێکست‌و ده‌ربڕین دووام نه‌ك هه‌ڵه ڕێزمانییه‌کانی هه‌ردوو ده‌قه‌که)).
له داهاتوودا ده‌بێت ئه‌وه بزانرێت که وه‌رگێڕانی ده‌قی ده‌ستوور به ده‌قاوده‌قیی له گشت روویه‌کی زمانه‌وانییه‌وه هێنده‌ی نووسینی ده‌ستووره‌که به زمانی دایك گرنگه؛ به تایبه‌تیی بۆ کورد که له‌گه‌ڵ که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌دا له‌سه‌ر ئه‌و خاکه ده‌ژێ... "ترانسکریپت"کردنیشی بۆ ره‌نووسی لاتینیی به هه‌مان شێوه.
دیباچه‌ی ده‌ستوور:
دیباچه (پریمبل/ پرهیمبولارهی لاتینیی)یه. زۆربه‌ی وڵاتان ناوی دیباچهیان له‌و ناوه‌وه ((پرهیمبولار)) له‌نێو زمانی خۆیان گونجاندووه...
زۆربه‌ی زۆری ده‌ستووره‌کانی جیهان "دیباچه"یان هه‌یه. ده‌ستووری (هۆلاند/ ١٨١٥) له‌و وڵاته ده‌گمه‌نانه‌یه که "دیباچه"ی نییه. له‌وێ باوه‌ڕیان وایه: له‌وانه‌یه ده‌سته‌واژه‌کانی نێو "دیباچه" ئاماژه به ئایدۆلۆژیا یان دۆکترینێکی یاسایی بکات‌و بێلایه‌نیی له‌ده‌ست بدات.
به گشتیی، دیباچه به ناوی گه‌له‌وه ده‌چێته نێو به‌نده‌کانی ده‌ستووره‌وه. دیباچه به کۆمه‌ڵێك وشه‌ی وێژه‌یی به‌هێزی روون‌و یهکدیوو یه‌ك واتا، به‌رهه‌ڤی ئه‌و وزه‌یه ده‌کات که "گه‌ل" به‌و ده‌ستووره‌ی دهبهخشێتو پاشان پیاده ده‌کرێت... هه‌ندێك وڵات ته‌نها بۆ دیباچهکه له‌نێو رۆشنبیران پێشبڕکێی تایبه‌تیان رێك ده‌خست...
له‌ڕووی ناوپێوهوه بۆ نموونه: دیباچه‌ی ده‌ستووری (فره‌نسا/ ١٩٥٨)، ٩٠ وشه‌یه؛ هینی ده‌ستووری (ئه‌ڵمانیا/ ١٩٤٩)، ٧٩ وشه‌یه؛ له ده‌ستووری (ئه‌مه‌ریکا/ ١٧٨٨)، ٥٢ وشه‌یه؛ هینی (هیندستان/ ١٩٥٠)، ٦٥ وشه‌یه... ته‌نها ده‌ستووری (تورکیا/ ١٩٨٢) به پێچه‌وانه‌ی نه‌ریتی ده‌ستووره‌کانی جیهان ٤٣٢ وشه‌یه؛ پارچه‌یه‌ك نهژادپهرستییو فاشیزمه‌و پاش دهستکارییکردنیش به راشکاویی قسه له‌سه‌ر (ناسیۆنالیزمه‌که‌ی رابه‌ری نه‌مرو پاڵه‌وانی بێ وێنه ئه‌تاتورك/ تورکچێتیو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نه‌ژادی تورك/ خۆشییه‌کانی وڵات بۆ خزمه‌تی هاووڵاتییانی تورك...تد) ده‌کات...
دیباچه‌که‌ی ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان زۆر درێژدادڕه، به عه‌ره‌بیی ٩٠٨ وشه‌و به کوردیی ٩٨٠ وشه‌یه‌و هه‌ر وه‌ك ناوه‌رۆکیش بۆ دیباچه ده‌ست نادات.
ئایین له ده‌ستووردا:
پێویسته ئیسلام وه‌ك دۆکترینی ئایینیی زۆربه‌ی زۆری دانیشتووانی کوردستان رێزی لێبگیرێت؛ ئازادیی په‌یڕه‌وکردنی ئایینه‌که له خواستی تاکه‌که‌سه‌کاندا پارێزراوو دوور له لهمپهڕو ته‌شه‌رو بیانووپێگرتن بێت؛ ئه‌و مافه به راشکاویی له ده‌ستووردا ئاماژه‌ی پێبکرێت.
به‌ڵام ده‌ستووری یه‌کسانیخواز، که بکارێت بۆ هه‌مووان بێت؛ پێویسته ده‌ستوورێکی دنیایی (لایکیی) بێت... له‌بری ناوی خودا له‌سه‌ره‌وه‌ی ده‌ستوور، راستوایه ناوی گه‌ل دابنرێت. گه‌ر له کوردستان ته‌نها (له‌سه‌دا پێنجی) دانیشتووانیش باوه‌ڕیان به ناوی خودا، یان به‌و جۆره خودایه‌ی ئیسلام، یانژی به‌و شێوازی ناوهێنانه‌ی ئیسلام بۆ خودا‌ش نه‌بێت؛ له کۆگرددا ده‌کاته زیاتر له "دووسه‌دهه‌زار که‌س". ناکرێت ده‌ستوورێك ئازادیی "دووسه‌دهه‌زار که‌س" پێشێل بکات‌و ئه‌وانیش هیچ ههستو رێزێکیان بۆ ده‌ستووره‌که‌یان نه‌بێت...
ده‌ستووری ئێراق له مادده‌ی ٢ بڕگه‌ی یه‌ك ده‌ڵێت: «...ئیسلام سه‌رچاوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تییه بۆ یاسادانان...». له مادده‌ی ٧ی ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمدا ده‌ڵێت: «...بنه‌ماكانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام یه‌كێكن له سه‌رچاوه سه‌ره‌كیه‌كانی یاسادانان...»... ئه‌وه جیاوازییه‌کی پۆزیتیڤه؛ به‌ڵام چاره‌سه‌ر نییه. هه‌رگیز ناتوانرێت باوه‌ڕ به‌وه بهێنرێت که ده‌ستوورێك له یه‌ك کاتدا بتوانێت یاساکانی ئایین‌و یاساکانی پێڕۆیه‌کی ساخڵه‌می دێمۆکراسیی پێکه‌وه بگونجێنێت. ئه‌و کاره خۆدژو به‌یه‌کتر پارادۆکسهو ده‌ستوورێکی ئیفلییجو مڤرۆی لێده‌که‌وێته‌وه... ئایینی ئیسلام بۆ به‌ڕێوه‌بردنی دهوڵهتو کۆمه‌ڵگه یاسای رامیاریی خۆی هه‌یه... پاشان یاساکانی ئایین له‌نێو یاساکانی ده‌ستووردا به ده‌ردی (ده‌وڵه‌ت له‌نێو ده‌وڵه‌ت) ده‌که‌ونه‌وه... گه‌ر ئایین له‌نێو ده‌ستووردا وه‌ك سه‌رچاوه‌ی یان سه‌رچاوه‌یه‌کی یاسادانان بچه‌سپێت، ئیدی ده‌بێت دێمۆکراسیی‌و مافه شارستانییهکانو یاسا زه‌مینییه‌کان چۆك دابده‌ن. ده‌بێت ژماره‌یه‌کی زۆر بۆشایی یاسایی له ده‌ستووردا بمێننه‌وه هه‌تا ئایین له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستوور به یاساکانی خۆی چاره‌سه‌ریان بکات... ده‌ستوور له‌و ره‌وشه‌دا وه‌ك ده‌ستووره‌کانی زۆربه‌ی وڵاته دواکه‌وتووه‌کانی لێدێت‌و ده‌بێته پارێزه‌ر بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی یاسایی‌و دواجار هه‌موو به‌هاکانی له‌ده‌ست ده‌دات.
سوێندی یاسایی:
سه‌باره‌ت به سوێنده یاساییه‌کانیش که به هه‌مان شێوه به ناوی خودا ده‌ست پێده‌که‌ن... گه‌ر که‌سێك خودانه‌ناس (ئاتایست) بێت باوه‌ڕی به‌و سوێنده نهبێتو به‌زۆر سوێندی پێ بخوات، ده‌کاته چه‌وساندنه‌وه... هه‌روه‌ها ده‌شێت ئه‌و که‌سه سوێندی درۆی پێ بخوات‌و له‌نێو خۆیدا رێزی پێویستی بۆ سوێنده‌که نه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی باوه‌ڕی پێی نییه... ئه‌و، ئه‌و کاته رووگیرو شه‌رمه‌زاری سوێنده‌که‌ی نابێت بۆئه‌وه‌ی دڵسۆزبێت... هه‌روه‌ها له روانگه‌ی ئایینی ئیسلامه‌وه؛ ئه‌وه ته‌شه‌ره به خودی ئایینه‌که، گه‌ر که‌سێك به ناخاوێنیی ((بۆ نموونه: به له‌شی پیسه‌وه)) ده‌ست بخاته سه‌ر په‌ڕتوکی پیرۆز‌و سوێندی پێ بخوات...
من بڕوام وایه، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رکه‌س باوهڕزایهکی له‌خۆدا پیرۆزی هه‌یه که باوه‌ڕی پێیه‌تی. هه‌روه‌ها هێشتا رۆمه‌ت (شه‌ره‌ف) جێگایه‌کی هه‌ستیاری له رۆژهه‌ڵاتدا هه‌یه؛ جگه له‌وه‌ش هه‌رکه‌س لای خۆی پێناسه‌یه‌کی بۆ دهکاتو شه‌ره‌ف به هه‌رشتێك بزانێت، هه‌ر هه‌ست ده‌کات که هه‌یه‌تی؛ ئه‌وا وا باشه ئه‌و سوێنده به‌م شێوه‌یه ده‌ست پێ‌بکات: «سوێند به باوه‌ڕه‌کانم، به شه‌ره‌فم، به خاك‌و گه‌لی کوردستان...تد». به‌وشێوه‌یه کاریگه‌ریی سوێنده‌که له‌هه‌موو روویه‌که‌وه زیاتر دهبێتو ئازادیی هیچ بیروباوه‌ڕێکیش پێشێل ناکات‌و ئایینیش به رێزلێگیراویی ده‌مێنێته‌وه.
پرینسیپی دێمۆکراسیی:
پێویسته له ده‌ستووردا به به‌ندێکی نه‌گۆڕ بنه‌ماکانی دێمۆکراسیی بچه‌سپێنرێن؛ به شێوه‌یه‌ك که هه‌موو پارته رامیارییه‌کان، به تایبه‌تیی هه‌ڵگرانی "ئیدۆلۆژیا" له نموونه‌ی (ئیسلامیی و کۆمۆنست) له کۆنفرانس‌و پێڕۆی ناوخۆ‌و رێکاری خۆیاندا به باوه‌ڕه‌وه ئه‌وه بچه‌سپێنن، کاتێك ده‌گه‌نه ده‌سه‌ڵات، باوه‌ڕیان به پلورالیزم‌و ئاڵوگۆڕی دیمۆکراسییانه‌ی ده‌سه‌ڵات، به شێوازی رهواو به‌پێی پرینسیپه‌کانی هه‌ڵبژاردن ههبێتو پیاده‌ی بکه‌ن. گه‌ر ئه‌وه نه‌که‌ن ئهوتۆماتیك ره‌واییبوون (شه‌رعیه‌ت) له ده‌ست ده‌ده‌ن...
ئێمه نامانه‌وێت ئه‌زموونه‌کانی جهزائیرو فه‌له‌ستین لێره بڵاو ببنه‌وه... گه‌ر سبه‌ی پارتێکی ئیسلامیی یان کۆمۆنستیی، به مافی خۆی ده‌نگی هێناو بووه زۆرینه‌ی پارله‌مان‌و میریی پێکهێنا؛ ناشێت بۆیکۆت بکرێت‌و بهێنرێته خوار... به‌رانبه‌ری ئه‌وه‌ش بۆی نه‌بێت له‌ژێر ناوی (شه‌رعی ئیسلام) یان (دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا) ده‌ستکاری پێڕۆی دیمۆکراسیی بکات. به‌ناوی زۆرینه‌وه قۆرخی ده‌سه‌ڵات‌و ئازادییه‌کان بکات‌و ده‌وڵه‌ت رووه‌و تۆتالیتاریزم به‌رێت... واته هه‌میشه که‌شی ساخڵه‌می ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات‌و زه‌مینه‌ی پلورالیزم‌و پاراستنی مافه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن له‌گۆڕێدا بن.
ده‌ستوورو ئافره‌ت:
ئه‌وانه بڕیاری زۆر باشن، کاتێك مادده‌ی ٢١ ده‌ڵێت: «ئافره‌ت یه‌کسانه له‌گه‌ڵ پیاو...»؛ یان وه‌ك له مادده‌ی ٤٩ بڕگه‌ی شه‌شه‌م ده‌ڵێت: «...حكومه‌تی هه‌رێم دامه‌زراندنی خانه‌ی تایبه‌ت به چاودێریكردن‌و پاراستنی ئه‌و ئافره‌تانه ده‌سته‌به‌ر ده‌كات كه به‌هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ئارامیی خێزانییان له‌ده‌ست داوه»... هه‌رچه‌نده له مادده‌ی ٤٩ بڕگه‌ی یه‌که‌م باسی ئازادیی هه‌ڵبژاردنی هاوژین ده‌کات؛ به‌ڵام مادده‌ی ١١٤ بۆ یاسای ئایینه‌کان، ناراسته‌وخۆ هاودژی ئه‌و ماددهیهیهو نهبهکاری ده‌کات... بۆیه پێویسته له ده‌ستووردا به به‌ندو بڕگه‌ی یاسایی گردهبڕو نه‌گۆڕ یه‌کسانیی ته‌واو له بواره ناته‌واوه‌کانی وه‌ك (ئازادیی ژنمێریی/ چاودیتیی/ میراتیی/ جیابوونه‌وه/ فره‌ژنیی/ خه‌ته‌نه‌ی کچان/ مافی گهشتو گه‌ڕان به‌بێ پیاو/ سه‌ربه‌ستیی پۆشاك) بچهسپێنرێنو ئه‌و به‌ندو بڕگانه‌ی هاودژی ئه‌و مادده‌یه‌ن بگۆڕرێنو هیچ بۆشاییه‌ك بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی دیکه‌ی جودا له ده‌ستوور نه‌هێڵرێته‌وه.
ئه‌وه‌ی که له ماددهی٢٣ بڕگه‌ی دووه‌م ده‌ڵێت: «...رێژه‌یه‌ك بۆ ژنان ته‌رخان ده‌كرێت كه له ٢٥%ی كورسییه‌كان كه‌متر نه‌بێت...» له روواڵه‌تدا زۆر جوانه‌و ده‌چێته چوارچێوه‌ی هه‌ڵاواردنی پۆزیتیڤ؛ چوونکه ژنان له‌و بارودۆخه‌دا ٢٥% ی کورسییه‌کانیان مسۆگه‌ر کردووه‌و گه‌ر هه‌وڵ بده‌ن زیاتریش ده‌بێت... به‌ڵام له راستییدا، ئه‌وه هه‌ر وه‌ك دیتانه جوانه‌و له پراکتیکدا خه‌وشێکی مه‌زنی تێدایه... من له‌و بڕوایه‌دام، گه‌ر بیست ساڵی دیکه‌ش ره‌وشه‌که به‌و شێوه‌یه بێت، له‌و رێژه‌یه زیاتر به‌ده‌ست ناهێنن که پیاوان به پیاوه‌تی ده‌یان ده‌نێ... به‌پێچه‌وانه‌وه له‌و بڕوایه‌دام گه‌ر ئه‌وه نه‌بێت، له که‌شێکی رامیاریی تهندروستو ساخڵهمدا، ئافره‌تی چالاکی کورد به‌خه‌باتی دروست‌و ژنانه‌ی خۆی له ماوه‌ی ده ساڵدا له‌و رێژه‌یه تێده‌په‌ڕێنێت.
ئه‌و رێژه مسۆگه‌ره‌ی ئه‌ندامانی پارله‌مان‌و ئه‌نجوومه‌نه خۆجێی‌و شاره‌وانییه‌کان که له ده‌ستووری ئێراق‌و ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمدا دیاریی کراوه، کاتێك هاریکاریی تێکۆشانی ئافره‌تان دهکاتو کاریگه‌ریی له‌سه‌ر پێشڤه‌چوونی خواسته‌کانیان داده‌نێت، که بۆخۆیان له جه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه‌و رێکخراوه ژنانهکانیانهوه ئه‌ندامه‌کانی دیاریی بکه‌ن؛ نه‌ك پارته‌کان ته‌نها بۆ ریکلام‌و خۆڵلهچاوکردن له‌و جێگایانه‌یان دابنێن. ئه‌وه راسته که ئه‌وانیش جێنده‌ره نهرمو ناسکه‌که‌ی پارتن، به‌ڵام زۆربه‌یان ژنه پیاوانهکانن ((ئه‌وانه‌ی به جه‌سته ژنن‌و وه‌ك پیاو بیر ده‌که‌نه‌وه))؛ یاخود ته‌نها هێنده بۆ مافی ئافره‌ت تێده‌کۆشن که "پارته باوكه" داوای ده‌کات... که‌واته راست وایه ئه‌و پرسه به هه‌ند وه‌ربگیرێت‌و له‌نێو ئه‌و مادده بهسوودهدا، شێوازی ده‌ستنیشانکردنی ژنانه‌ی ئافره‌ته‌کان بچه‌سپێنرێت... جگه‌له‌وه‌ش به مادده‌یه‌کی تایبه‌ت هێزی پلارلێدان به هاوێرده (ئیستیسنائی) بدرێته ئه‌و (٢٥%)ه، بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ر مادده‌یه‌ك که دژی مافه‌کانیان بێت... گه‌ر وه‌ها نه‌بێت، ئه‌وا ئاماده‌بوونیان له پارله‌مان، وه‌ك بووکه‌ڵه‌ی نمایشی ئاکسێسۆیری جامخانه‌کانی لێدێت!
رێکارێکی پێویست:
گه‌ر بمانه‌وێت دێمۆکراسییه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان، وه‌ك ژێرخانی رامیاریی وڵات دهستو پێی خۆی بناسێت‌و هاوته‌ریبێکی ئابووریی بۆ گه‌شه‌کردن هه‌بێت، باشتر وایه کار له‌سه‌ر رۆنانی پێڕۆیه‌کی ئابووریی بکه‌ین؛ که له ده‌ستووردا وه‌ك پرینسیپ ئاماژه‌ی پێبکرێت. ئه‌و سیستمه ئابوورییه سیستمی ئۆردۆلیبرالیزم (Ordoliberalism)ه.
بۆ ئه‌وه‌ی سیستمێکی ئابووریی ئازادی پشتبه‌ستوو به ململانێی رهواو سهربهخۆو راوه‌ستاو له‌سه‌ر دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی بونیاد بنێین. هه‌تا ئابووریی بازاڕ‌و رێکخستنی بازاڕ، گه‌ره‌نتی مافی خاوهنموڵكیی، بواری به‌رفراوانی کۆنتراکت، مافی هاوشانی ململانێ، سه‌قامگیریی به‌های دراو، هاومافیی کۆمه‌ڵایه‌تی، میرییه‌کی چاودێر‌و بێلایه‌ن بکات؛ باش وایه کار به سیستمی ئابووریی (ئۆردۆلیبرالیزم)، که پێڕۆیه‌کی ئابووریی پێشکه‌وتووتری نیۆلیبرالیزم (Neoliberalism)هو داهێنانی بیری سۆسیۆئیکۆنۆمیكی ئه‌ڵمانه بکه‌ین. ((له وتاری "گه‌نده‌ڵیی هه‌رێم- کۆماری مۆز، به‌شی شه‌شه‌م"، که له ئه‌رشیفی سایتی "سبه‌ی"دایه ئاماژه‌م پێداوه)).
چه‌ند سه‌رنجێکی گرنگی دیکه بۆ ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان:
_ دیاریی نه‌کراوه ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان کاتیی ده‌بێت یان هه‌میشه‌یی؛ گه‌ر دیاریی بکرێت باشتره...
_ وه‌ك ئاماژه‌ی پێکرا، ئه‌وه دروستتره، که له‌بری ناوی خودا به (به ناوی گه‌ل) ده‌ستووره‌که ده‌ست پێ‌بکات...
_ ٧٣ جار ناوی (العراق) هاتووه، که ته‌نها له سێ جێگادا پێویسته...
_ ده‌بوایه له مادده‌ی ١دا بنووسرایه یه‌کێتی ئاره‌زوومه‌ندانه به ئێراقه‌وه...
_ مادده‌ی ١٧ هه‌روه‌ك مادده‌ی ١١١ی ده‌ستووری ئێراق له سامانه سروشتییه‌کان ده‌دوێت، به‌ڵام هیچ باسی باربۆی ئه‌و جێگایانه ناکات که پڕۆژه‌کانی (نهوتو کانهکانو کارگه‌ی مهزنو...تد)یان تێدا ئه‌نجام دهدرێتو تووشی زۆر کێشه‌ی ژینگه‌و پشووی ژیان‌و تهندروستییو بێزارکردن ده‌بن...
_ مادده‌ی ٢٢ی ره‌شنووسه‌که باسی خوێندنی خۆڕایی له زۆر قۆناخ‌و بواری خوێندن ده‌کات؛ لێ مادده‌ی ٣٤ی ده‌ستووری ئێراق گردهبڕتر داڕێژراوه، که به یه‌کجار ده‌ڵێت: له گشت قۆناخه‌کان، خوێندن خۆڕاییه. پێویسته وه‌ك ئه‌وی لێبکرێت...
_ سه‌باره‌ت به پشکنینی شتوومه‌ك‌و جێگای نیشته‌جێ‌و چوونه سهرماڵانو...تد، له ده‌ستووری ئێراقدا باسی فه‌رمانی دادوه‌ر ده‌کات؛ لێ له مادده‌ی ٣٥ی ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمدا باسی فه‌رمانی دادوه‌ر ناکرێت، که ئه‌وه زۆر مه‌ترسیی داره. پێویسته ته‌نها له بازگه‌کاندا به‌پێی یاسای سه‌رده‌مییانه دوور له فه‌رمانی دادوه‌ر به‌ڕێوه بچێت...
_ مادده‌ی ٢١ی ده‌ستووری ئێراق، قه‌ده‌خه‌ی ده‌کات په‌ناهه‌نده به‌زۆر بدرێته‌وه به وڵاته‌که‌ی؛ به‌ڵام مادده‌ی ٤٠ی ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێم ته‌نها ده‌نووسێت ناگونجێت (لایجوز)، که ئه‌وه مه‌ترسیداره...
_ مادده‌ی ٤٩ مادده‌یه‌کی جوانه، له پاماڵکردنی ئابووریی منداڵان ده‌دوێت؛ به‌ڵام به روونیی باسی قه‌ده‌خه‌کردنی کاری منداڵان ناکرێت. ئه‌وه که‌مو کورتییه...
_ مادده‌ی ٥٧ باسی پاراستن‌و زیان پێنه‌گه‌یاندنی ژینگه: (زه‌وی، ئاو، هه‌وا، گیا، زینده‌وه‌ران) ده‌کات؛ به‌ڵام باسی قه‌ده‌خه‌کردنی ئازاردانی ئاژه‌ڵ ناکات. پێویسته بکرێت...
_ مادده‌کانی ٥٩ و ٦٥ سه‌باره‌ت به سه‌ربه‌ستیی هزرو باوه‌ڕو ئایین زۆر جوانن، به‌ڵام ده‌بوایه به روونی باسی ئازادیی خودانهناسیی (ئاتاییزم/ إلحاد) بکرایه...
_ مادده‌ی ٦٤ مادده‌یه‌کی زۆر گرنگه‌و له مافه‌کانی دامه‌زراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی سڤێل ده‌دوێت؛ به‌ڵام له‌وێشدا مافی چاودێریی کاره‌کانی میرییو خستنه به‌رده‌ستی زانیاری‌یان پێ ره‌وا نه‌بینراوه، که ئه‌وه نهبهکارو مجرۆو نڤرۆیان ده‌کات...
_ له مادده‌ی ٦٧ به درێژیی باسی ماف‌و ئه‌ركی دامهزراندنو هه‌ڵسوورانی کۆمه‌ڵه‌و رێکخراوو پارت ده‌کات؛ لێ ئه‌و پرسانه‌ی لێی نادوێت: گه‌ره‌نتی دادپه‌روه‌ریی له هاریکارییه داراییه‌کانی ده‌وڵه‌ت بۆ هه‌مووان/ یاساخیی هه‌بوون یان رۆنانی ده‌زگای هه‌واڵگریی ناده‌وڵه‌تیی تایبه‌ت به کۆمه‌ڵه‌و رێکخراوو پارت/ یاساخکردنی په‌یوه‌ندیی دیپلۆماسییو کۆبوونه‌وه‌ی ناده‌وڵه‌تیی هه‌ر لایه‌نێك به ده‌ستگا فه‌رمییه‌کانی ده‌وڵه‌تانی بێگانه. که ئه‌وانه خه‌وشی گه‌وره‌ن...
_ مادده‌ی ٧٤ سه‌باره‌ت به پیرۆزڕاگرتنی سه‌رکرده‌و سیمبۆله‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تیی؛ ئه‌و ماده‌یه له‌گه‌ڵ ژیربێژ، مافی مرۆڤ، شارستانیی، دێمۆکراسیی، دادپه‌روه‌ریی، ئازادی بیروڕا نایه‌ته‌وه‌و پێچه‌وانه‌ی خودی ده‌ستووره‌که‌یه، پێویسته نه‌مێنیت...
_ مادده‌ی ٧٦ له باج‌و داهاتانه ده‌دوێت؛ لێ باسی کارکردن به باجی هه‌ڵکشاو (زه‌ریبه‌ی ته‌ساعودی) ناکات، که پێویسته هاونیشتیمانیی، هه‌تا داهاتی زیاتر بێت بڕی سهدپێو (له سه‌دا)ی داهاتانه (باجی داهات) زیاتر بدات...
_ مادده‌ی ١٠٣ بۆ ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم که چوارساڵه‌و ده‌کرێت بۆ جاری دووه‌م هه‌ڵبژێررێته‌وه، پێویسته به روونیی بنووسرێت: که ته‌نها یه‌کجاری تر مافی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی هه‌یه...
_ مادده‌ی ١٠٤یش بۆ ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆك چه‌ند ناڕوونییو خه‌وشێکی تێدایه: پێویسته ده‌سه‌ڵاتی لێبووردنی گشتیی هه‌مووکه‌س نه‌گرێته‌وه، واته وه‌ك مادده‌ی ٧٣ی ده‌ستووری ئێراق، که ده‌ڵێت: مافی کهسییو تاوانی نێودهوڵهتییو تیرۆر‌و گه‌نده‌ڵیی ناگرێته‌وه. هه‌روه‌ها تاوانی کوشتن‌و لاقه‌کردن گه‌ر مافی کهسییشیان له‌سه‌ر نه‌بێت نه‌گرێته‌وه ((بۆ نموونه گه‌ر ئافره‌تێکی بێکه‌س لاقه بکرێت‌و بکوژرێتو خاوه‌نی نه‌بێت))...
پێویسته ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش وه‌ك مادده‌ی ٧٦ی ده‌ستووری ئێراقی لێبکریت، که سه‌رۆکی هه‌رێم که‌سێك دووجار راده‌سپێرێت بۆ سازدانی (کابینه‌ی حکومی)و گه‌ر سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو خۆی که‌سێك ده‌ستنیشان ده‌کات، جا ئه‌و که‌سه له ناوه‌وه‌ی پارله‌مان بێت یان ده‌ره‌وه‌ی. ئه‌و بڕگه‌یه به‌و شێوه‌یه‌ی نێو ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان، بواری ته‌قله‌ی رامیاریی زۆر تێدایه...
ده‌سه‌ڵاتی به‌خشینی پله‌ی سهربازییو پۆلیسییو خانهنشینکردنو ده‌رکردن...تد، راست وایه له ده‌سه‌ڵاتی یاساکانی شالیارداری بهرگرییو ناوخۆدا بێت...
بڕگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پارله‌مانی کوردستان به فه‌رمانی سه‌رۆك به‌و شێوه‌یه ناڕوونه‌و پێویسته روون بکرێته‌وه‌و زه‌مینه‌و ههنجهتو هۆکاره‌کان دیاریی بکرێن‌و سه‌روه‌ریی پارله‌مان بریندار نه‌که‌ن...
_ به پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری ئێراق، له ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمدا، به ته‌نها وشه‌یه‌کیش باسی گه‌نده‌ڵیی/ ده‌سته‌به‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی/ بیمه‌ی بێکاریی ناکرێت، که ئه‌وه بۆخۆی شتێکی ناوازه‌و سه‌یره. پێویسته ئه‌رکه‌کانی میریی له‌و باره‌یه‌وه له ده‌ستووردا دیاریی بکرێن...
_ باسی ئایینی یاریی (کاکه‌یی) له ده‌ستووردا نه‌کراوه؛ که ئه‌وه ناڕه‌وایه...
_ ده‌بوایه بۆ پشتیوانیی کوردی پارچه‌کانی دیکه‌و کورده فه‌یلییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئێراق، به‌شێوه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییانه‌و مرۆییانه‌ی به‌رپرسیارانه‌تر، مافه‌کانی په‌ناهه‌نده‌یی بخرێنه ره‌شنووسی ده‌ستوور...
_ پێویسته په‌ره‌گرافی تایبه‌ت به ده‌ستواڵایی له توێژینه‌وه‌ی زانستیی‌و رێنهگرتنی ئایین له هه‌وڵه زانستییه‌کان بخرێته ده‌ستووره‌وه.
هیوادارم کورد به‌م زووانه بگاته ده‌ستووری شایسته به خۆی‌و ببێته نموونه‌ی دێمۆکراسیی بۆ گه‌لانی ده‌ڤه‌ره‌که!