 |
|
Wednesday, September 08, 2010 |
|
ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی نیگه‌رانه له چالاكییه ئه‌تۆمیه‌كانی ئێران |
(سبه‌ی):
له‌راپۆرتێكدا سه‌باره‌ت به‌پرۆگرامه ئه‌تۆمیه‌كه‌ی ئێران، یوكیا ئامانۆ، سه‌رۆكی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم رایگه‌یاند، ئێران به پێشێلكردنی بڕیارنامه‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و ئه‌نجومه‌نی بڕیارده‌رانی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم هێشتا له پیتاندنی یورانیۆم به‌رده‌وامه.
له راپۆرته‌كه‌ی ئامانۆدا هاتوه، ئێران له رۆژی 23ی نۆڤه‌مبه‌ری 2009وه تا 6ی ئابی 2010 ، 995 كیلۆگرام یۆرانیۆمی كه‌م پیتێنراوی به‌رهه‌م هێناوه‌و به‌م جۆره رێژه‌ی یورانیۆمی به‌رهه‌م هێنراوی ئێران گه‌یشتۆته 2803 كیلۆ گرام.
ئه‌گه‌رچی یۆرانیۆم به رێژه‌ی كه‌م وه‌كو سوته‌مه‌نی له‌وێستگه‌ی ئه‌تۆمیدا به‌كار ده‌هێنرێت، به‌ڵام وڵاتانی خۆرئاوا نیگه‌رانی ئه‌وه‌ن ئێران به درێژه‌دان به پیتاندنی یۆرانیۆم له ماده ئه‌تۆمیه‌كانی خۆی بۆ به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی به‌كار بهێنێت.
به گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆم، تا رۆژی 20ی ئابی رابردو ئێران 22 كیلۆگرام یۆرانیۆمی به رێژه‌ی 20% به‌رهه‌م هێناوه و پیتاندن به‌و رێژه‌یه‌ش هێشتا به‌رده‌وامه، هه‌روه‌ها له‌وێستگه‌ی نه‌ته‌نزدا یۆرانیۆم به رێژه‌ی 5 بۆ 7% پیتێنراوه ئاژانسی لێ ئاگادار نه‌كراوه‌ته‌وه.
هاوكات عه‌لی ئه‌كبه‌ر ساڵحی سه‌رۆكی ئاژانسی ئه‌تۆمی ئێران رایگه‌یاند، له دوایین راپۆرتی ئاژانسدا هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك به ده‌سته‌وه نیه كه ده‌ریبخات ئێران له رێڕه‌وی ئاشتی خوازانه لایداوه.
ئه‌و وتانه‌ی به‌رپرسانی ئێران له كاتێكدایه، یوكیا ئامانۆ، ته‌ئكید ده‌كاته‌وه ئێران وه‌ك پێویست هاوكاری ئاژانسی نه‌كردوه، بۆیه ئاژانسه‌که‌ی ناتوانێت ئه‌وه پشتڕاست بكاته‌وه كه ته‌واوی چالاكییه ئه‌تۆمیه‌كانی ئێران بۆ ئامانجی ئاشتی خوازانه‌یه. |
|
|
|