هه‌موو كه‌س نابێت به ئه‌ستێره، كه بووشیت به ئه‌ستێره، هه‌موو كه‌س له -گه‌وره‌ییت- ناگات..
- هه‌یه ده‌یان ساڵ ده‌خوێنێت، له عیلم و مه‌عریفه‌دا سه‌ر سپی ده‌كات، چاوی هێنده كزده‌بێت یه‌ك دوو عه‌ینه‌ك به‌كارده‌هێنێت، كه‌چی نابێت به ئه‌ستێره!!
- هه‌یه هه‌موو عومری خۆی به هونه‌ر و هونهرسازییهوه به‌سه‌رده‌بات، ده‌یان شاكار و داهێنانی ده‌بێت، كه‌چی نابێت به ئه‌ستێره!!
- هه‌یه له شاخ و كێوه‌كاندا هێنده پێشمه‌رگایه‌تی كردووه، ئه‌وه‌نده‌ی نه‌مابوو خۆی ببێت به "بزنه كێوی" ئازاش بوو، داشنهبڕاو، سڵی له پۆستاڵ له‌پێ نه‌كردۆته‌وه، كه‌چی هه‌ر نه‌بوو به ئه‌ستێره!!
- هه‌یه بۆ بوون به - ئه‌ستێره- چه‌ندین جار ئه‌ملاوئه‌ولای كردووه و كه‌م -ئایدۆلۆژیا- هه‌یه ئه‌م لافیته‌یه‌ی بۆ نه‌نووسیبێت، هه‌موو شه‌وێك خه‌وی به ئه‌ستێره‌وه دیووه، كه‌چی هه‌ر نه‌بوو به ئه‌ستێره!!
لێره‌دا نهێنی گه‌وره‌یی ئه‌ستێره به‌دیارده‌كه‌وێت، كه بۆئه‌وه‌ی به ئه‌ستێره ناوببرێت، ده‌بێت شان و شه‌وكه‌ت و ئه‌قڵ و ئیدراكت له‌ئاست ئه‌و گه‌وره‌ییه‌دا بێت.
" سوڵتان هاشم " گه‌وره‌یه بۆیه ده‌بێت به ئه‌ستێره، ئه‌و نه‌ك هه‌ر به له‌ش به بیركردنه‌وه‌ش گه‌وره‌یه، بۆیه كاری گه‌وره‌ی ئه‌نجامداوه، ئه‌ی ئه‌نفال گه‌وره نییه!
" سوڵتان هاشم " به ناوه‌كه‌شیا گه‌وره‌یه، ناوێكی ئهستێراوی هه‌یه، سوڵتان چییه؟ سوڵتان له "سوڵته"وه هاتووه واتا "ده‌سه‌ڵات"، ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیی نه‌بوایه چۆن ده‌یتوانی كاری گه‌وره‌ی ئه‌فسه‌ری خۆی جێبه‌جێ بكات و پاشتر ببێت به "ئه‌ستێره"؟!
- سوڵتان هاشم به‌شوشه، له -به‌شوشه-یشدا هێنده گه‌وره‌یه سه‌رنجی خه‌ڵكانی تر به‌لای خۆیدا راده‌كێشێت، ئه‌ی ئه‌وه نییه سوڵته‌ی كوردی ئه‌و سوڵته‌یه به ئه‌فسه‌رێكی "ممتاز" ناوده‌بات و "ممتاز" بوونیش سیفه‌تێكی دیاری كه‌سێكی ئه‌ستێره‌یه..
- كه‌سی ئه‌ستێره ئه‌وه‌یه كه له كار‌و وه‌زیفه‌كه‌یدا، پابه‌ندی فه‌رمانی "سه‌روو"ی خۆیه‌وه بێت، وه‌ك "سوڵتان هاشم " كه به موو، به مسقاڵ، به زه‌ڕه، به گرام له فه‌رمانی سه‌رووی خۆی لاینه‌داوه و هه‌موو فه‌رمانه‌كانی به وردی، جێبه‌جێكردووه، ره‌وشتی به‌رزی -التزام- بوونی خۆی پاراستووه و مه‌رجێكی بناغه‌یی ئه‌ستێره‌یه، بوونیشی هێناوه‌ته دی...
- نه‌ترسی و راستگۆیش له‌و سیفه‌تانه‌ن، كه‌سی گه‌وره ده‌كه‌ن به ئه‌ستێره وه‌ك سوڵتان، ئه‌ستێره‌ی مه‌زنی سوپای عێراق و عروبه، كه به‌بێ هیچ دوودڵییه‌ك دان ده‌نێت به مێژووه پڕ له شانازییه‌كه‌ی خۆی و وه‌ك -ئه‌فسه‌رێك- ده‌ڵێت هه‌رچیم كردووه پابه‌ندبوونم بووه به‌و وڵات و ده‌سه‌ڵاته‌وه، بۆیه به‌م راستگۆییه‌ی نه‌ك هه‌ر ئه‌ستێره‌یه، ئه‌ستێره‌یه‌كی راستگۆیه!!
- بۆئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌ستێره زیاتر پرشنگدارتربێت و شه‌وقت زۆر به فراوانی ئه‌ملاولات رووناك بكاته‌وه، ده‌بێت وه‌ك - سوڵتان هاشم - وردبین بیت، بوون به ئه‌ستێره بێ وردبینی، كه‌مێك لار ده‌بێت بۆیه كاكه هاشم به وردی، هه‌موو كاره‌كانی خۆی له سوپادا به‌جێگه‌یاندووه، دێڕ به‌دێڕ "خاڵ به خاڵ" فه‌رمان به فه‌رمان نه هیچی به‌جێهێشتووه و نه -باز- ی به‌سه‌ر هیچدا داوه، بۆیه هاشم سوڵتان به پڕی و چڕی ئه‌ستێره‌یه..
- له جیاوازی نه‌كردن له جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كاندا "بڕیاره‌كانی سه‌روو" سیفه‌تێكه هه‌موو ئه‌فسه‌رێك ناگرێته‌وه، ته‌نها ئه‌وانه نه‌بێت كه ئه‌ستێره‌ن وه‌ك هاشم سوڵتان، ئه‌و له جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كانی سه‌روو خۆی و به فه‌رمانی خۆی بۆ ئه‌وانه‌ی له‌و -بچوكتر- بوون، هیچ جیاوازییه‌كی نه‌كردووه له‌نێوان ژن، پیاو، پیر، منداڵ، په‌ككه‌وته... ته‌نانه‌ت حه‌یوان و كانیا و ره‌ز و شتی تریش.. له جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی سه‌روو خۆیه‌وه به یه‌ك -چاو- سه‌یری هه‌موویانی كردووه‌و ورده‌كاری فه‌رمانه‌كانی پێ گهیاندوونو به‌م سیفه‌ته‌ش، خۆی كرد به ئه‌ستێره‌یه‌كی دیارتر له‌وانه‌ی پێش خۆی.
- ئه‌ستێره ده‌بێت به "پیشه" فه‌رمانبه‌ر بێت واته "پیشه‌یی" بێت، عه‌یبه پیاوی ناشی چۆن ده‌بێت به ئه‌ستێره، هاشم سوڵتان به پیشه ئه‌فسه‌ر بوو، كه‌واته هه‌رچی كردووه، هه‌چ خزمه‌تێكی كردبێت له دیدی پیشه‌كه‌یه‌وه كردوونی، واته "پروفس" بووه، خه‌ڵكانی پیشه‌یش دڵسۆزن، هه‌ر ئه‌م دڵسۆزییه‌ی هاشم له كاره‌كانیدا وه‌ك ئه‌فسه‌رێكی به‌توانا رێگای خۆشكرد بۆ گه‌یشتنی به پله‌ی ئه‌ستێره.
دڵسۆزی ئه‌فسه‌رانی پیشه‌یی له‌ناو سوپادا ده‌بێته مایه‌ی نزیكبوونه‌وه له بوون به ئه‌ستێره، به‌ڵام كام له‌و ئه‌فسه‌ره پیشه‌ییانه‌ی ناو سوپا وه‌ك هاشم "دڵسۆز" بوون و كامیان بوون به ئه‌ستێره‌یه‌ك به‌و شه‌وق و رووناكییه‌وه؟!!
- خه‌ڵكی دڵڕه‌ق و داخ له‌دڵ نابن به ئه‌ستێره، ئه‌وكه‌سه گه‌ورانه‌ی ده‌بن به "ئه‌ستێره" دڵ و ده‌روونیان پڕه له خۆشه‌ویستی له مه‌حیبه‌ت، له به‌زه‌یی و سۆز، ئه‌ی ئه‌وه نییه هاشم سوڵتانی ئه‌ستێره‌كه‌ی سوپای -وحده و حریه و اشتراكیه- له خۆشه‌ویستی خۆی بۆ كاره مه‌زنه‌كانی و له سۆزی خۆی بۆ مناڵه‌كان:
كچێكی خۆی ناوناوه -ئه‌نفال-.
كێ هه‌یه ئه‌وه‌نده شانازی به كاره پیشه‌ییه‌كانی خۆیه‌وه كردبێت؟
كێ هێنده وه‌زیفه‌كه‌ی خۆی خۆشده‌وێت؟
- كه‌سانی نه‌ته‌وه‌په‌رست و شۆڤێنی نابن به ئه‌ستێره، ئه‌وكه‌سه‌ی ده‌بێت به ئه‌ستێره ده‌بێت ئینسانێ بێت و بڕوای به پێكه‌وه ژیانی هه‌موو گه‌لان هه‌بێت و بڕواشی به برایه‌تی نێوان گه‌لان هه‌بێت كه دیاره سوڵتان هاشم نزیكترین ئه‌ستێره‌یه بۆ ئێمه كه ئه‌و بیسه‌لمێنێت ئه‌و چه‌ند عه‌ره‌بی خۆشویستووه، ره‌نگه دوو هێنده و زیاتریش كوردی خۆشویستبێت، ئه‌ی خۆ له خۆڕایی نییه كورد و عه‌ره‌ب وه‌ك یه‌ك خۆشیانده‌وێت و له "میحنه‌ت" دا به‌رگری لێده‌كه‌ن.
- هه‌ندێك جار -به‌خت- یش ده‌وری خۆی هه‌یه له‌وه‌ی كه‌سێك نه‌بێت به ئه‌ستێره، له‌و به‌ختانه: خێزان، ناوچه‌وان، عه‌شیره‌ت، مه‌زهه‌ب، ره‌گه‌ز...، ئه‌گه‌رنا ئه‌ی خۆ -عه‌لی كیمیاوی- هاوپیشه و هاوبیروباوهڕی -سوڵتان- گه‌ر له‌و زیاتری نه‌كردبێت، كه‌متری نه‌كردووه، كه‌چی به‌خت یاوه‌ری نه‌بوو، نه‌بوو به -ئه‌ستێره-یه‌كی پرشنگداری سوپای عێراق!! چونكه ئه‌و مێژووناسانه‌ی پله‌ی -
ئه‌ستێره- ده‌به‌خشنه ئه‌فسه‌ره گه‌وره‌كان، پێیان وایه -عه‌لی- وه‌ك –سوڵتان- ئه‌فسه‌رێكی پیشه‌یی نه‌بووه و به -واسته- پله‌ی وه‌رگرتووه، واته مه‌رجێكی سه‌ره‌كیی ئه‌ستێره‌بوونی تیادا نییه كه ئه‌فسه‌ر ده‌بێت به "پیشه" نه‌ك به "ئاره‌زوو -هوایه" ئه‌فسه‌ر بێت... دیاره له ئهستێرهبوونیشدا غهدرلێكردن هه‌یه‌و به‌هیواین یه‌كسانی بچه‌سپێت له ئه‌ستێره‌بوونی ئه‌فسه‌ره پاڵه‌وانه‌كانی سوپای "البوابه الشرقیه للوگن العربی".
- له‌دواجاردا، مه‌رج نییه كه‌سانی گه‌وره‌ی وه‌ك - سوڵتان هاشم -ی ئه‌ستێره، ته‌نها له‌كاری سوپاییدا ئه‌ستێره بووبن، له‌وانه‌یه له بواری هونه‌ریشدا هه‌ر ئه‌ستێره بن، بۆیه حه‌قی خۆیه‌تی به‌رنامه‌ی "ئه‌ستێره‌ی كورد Kurdstar" میوانداری ئه‌و ئه‌فسه‌ره، ئه‌و ئه‌ستێره‌یه بكات، تا ئه‌ستێره‌بوونی خۆی له گۆرانیدا تاقیبكاته‌وه، به گه‌ره‌نتییه‌وه یه‌كه‌م ده‌بێت، ئه‌ی چۆن؟
ئه‌ی كێ ده‌توانێت له‌و زیاتر –سه‌د و هه‌شتا و دوو هه‌زار- خاڵ به‌ده‌ستبهێنێت؟!